ئاوڕێک لە یاسای بنەڕەتیی ئێران

شوبات 10, 2021 Narges Hashemi

ئاوڕێک لە یاسای بنەڕەتیی ئێران

نووسین: نەرگس هاشمی

ئایین (دین) لە جیهاندا جۆربەجۆرن، لە هەر ئایینێکیشدا کۆمەڵێک ئایینزا (مذهب)ی جۆربەجۆر هەن. تەنانەت لق و پۆپ (فرقه)ی تریش هەن کە خاوەنی بۆچوونی جیاوازترن. خەڵکانێکی زۆر زۆریش هەن کە بڕوایان بە هیچ ئایین یان ئایینزا و لقێک نییە.

دیارە لایەنگرانی هەر ئایینێک، ئایینزایەک یان لقێک یان تەنانەت ئەوانەش بێئایینن، ڕێبازی خۆیان بە هەق دەزانن.

بڕگەکانی مافی مرۆڤ بە هەموو ئەو جۆرە خەڵکە جیاوازانە بە یەک چاو دەڕوانێت و گوێ ناداتە شێوەی بیرکردنەوەی مرۆڤەکان. واتە حکوومەتێک بە گونجاو دەزانێت کە خۆی دوور بگرێت لەوانە، باشتر بڵێم حکوومەتێکی سکوولار (نائایینی) بە باشترین بژارە دەزانێت، هەرچەند ڕاستەوخۆ ئاماژەی بەو خاڵە نەکردووە.

هەڵبژاردنی تەنیا یەکێک لەوانە دەبێتە هۆی هەڵاواردن (تبعیض) بەرانبەر بە شوێنکەوتووان (پیروان)ی ئەوانی تر و هەروەها بەرانبەر بەوانەش کە سەر بە هیچ ئایینێک نین.

یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبەر گرێدانی بە ئایین و ئایینزاوە، کۆمەڵێک مافی لە مرۆڤەکانی تری ناو ئەو کۆمەڵگایە کە سەر بەو ئایین و ئایینزایە نین سەندووەتەوە کە بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ هەژمار دەکرێت.

یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران:

لە بنەمای دوازدەیەم (اصل دوازدهم)دا دەڵێت:

دین رسمی ایران، اسلام و مذهب جعفری اثنیعشری است و این اصل الی الابد غیرقابل تغییر است.

واتە:

ئایینی فەرمیی ئێران، ئیسلام و ئایینزای جەعفەریی ئەسنا عەشەرییە و ئەم بنەمایە بۆ هەتاهەتایە نەگۆڕە.

کەوا بێت هەر لێرەەوە هەڵاواردن بەرانبەر بە بیروبۆچوونی تر دەست پێ دەکات، چونکە تاکە ئایینێک و تاکە ئایینزایەک هەڵدەبژێردرێت وەک ئایین و ئایینزای فەرمیی وڵاتەکە.

ئاخۆ ئەم فەرمیبوونە چ مافێکیان دەداتێ و چ مافێک لەوانی تر دەستێنێتەوە؟

وەڵامی ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوانەی لەناو ئێراندا ژیاون و بە کردەوە تەجروبەی ئەوەیان کردووە کە چ هەڵاواردنێک ڕووبەڕوویان بووەتەوە. بۆ نموونە سوننیەکان، بە هەر چوار ڕێبازەکەیەوە، مەسیحییەکان، جووەکان، بەهاییەکان، یارسانەکان، بڕوانەداران و هتد. بێگومان سەدان و هەزاران بەڵگە هەن کە مافی ئەوانە پێشێل کراوە و دەشکرێت.

لە بنەمای سێزدەیەم (اصل سیزدهم) دەڵێت: ئێرانییە زەرتەشتی، کەلیمی و مەسیحییەکان بە تەنیا کەمینە دینییەکان دەناسرێن و لە چوارچێوەی یاسا لە جێبەجێکردنی دینی خۆیان سەربەستن

لە بنەمای چواردەیەمدا دەڵێت:

دولت جمهوری اسلامی ایران و مسلمانان موظفند نسبت به افراد غیرمسلمان با اخلاق حسنه و قسط و عدل اسلامی عمل نمایند و حقوق انسانی آنان را رعایت كنند. این اصل در حق كسانی اعتبار دارد كه بر ضد اسلام و جمهوری اسلامی ایران توطئه و اقدام نكنند.

واتە:

حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و موسڵمانان پابەندن بەرانبەر بە ناموسڵمانەکان بە ئاکاری باش و داد و دادپەروەریی ئیسلامی هەڵسوکەوت بکەن و مافە مرۆڤییەکانیان ڕەچاو بکەن. ئەم بنەمایە لە ئاستی ئەو کەسانەدا بەبایەخە کە لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا پیلان و هەڵسوکەوت نەکەن.

لێرە ڕوون نەکراوەتەوە کە لە ناموسڵمان مەبەست کێیە، هەموو ئەوانەی کە سەر بە ئایینی دیکەی وەک مەسیحی و زەرتەشتی و کەلیمین کە پێشتر ئاماژەی پێ کردوون؟ یان هەموو ئەوانەی تریش کە  ئایینی دیکەیان هەیە وەک بوودایی و هەروەها لقی وەک بەهایی و یارسان و نابڕواداران؟

هەر لە کۆتاییی ئەو بنەمایەدا دەڵێت:

ئەم بنەمایە لە ئاستی ئەو کەسانەدا بەبایەخە کە لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا پیلان و هەڵسوکەوت نەکەن.

ئێمە زۆر باش دەزانین کە هەر لە دەستپێکی شۆڕشی ٥٧ی ئێرانەوە، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە هەموو ئەو ئێرانییانەی کە داوای مافی دیاریکراوی خۆیان کردووە، یەکسەر مۆری ضد انقلاب، ضد اسلام، کافر، نوکر صهیونیزم، ضد نظام و هتدیان داوە. بۆ نموونە دەیان هەزار لایەنگرانی دیمۆکرات، کۆمەڵە، حزبی کۆمۆنیست، ڕێکخراوی فەداییانی گەل (سازمان فداییان خلق (اکثریت، اقلیت)، موجاهدین

لە باتیی ئەوەی گوێیان لێ بگرن هەموویانیان یا ئەشکەنجە کرد یان تیرباران. حیزبەکانیشیان بە نایاسایی و هەڵوەشێنراو ڕاگەیاند. ناچاریان کردن پەڕیوەی شاخ و کوێستانەکانی کوردستان ببن یان بەرە بەرە لە سنووری ئێران بەدەر کران. واتە بەپێی کۆتادێڕی ئەو بڕگەیە هەموو ئەوانەی بۆچوونی جیاوازیان هەبووە و هەیە لەنێو بردووە. بێگومان ئەم تاوانە لە داهاتووشدا هەر بەردەوام دەبێت.

نووسین: نەرگس هاشمی، سوید 10-02-2021