بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە
له‌و رۆژه‌وه خۆنیا (طبیعت) بووه به هێڵانه‌ی مرۆڤ، ده‌یان تیره و هۆز و خێڵ و بنه‌ماڵه، سه‌ریان هەڵداوه و، له درێژه‌ی ژیانی خۆیاندا، له‌گه‌ڵ ئاڵوگۆڕه‌كانی كات و سه‌رده‌م، به لووتكه‌ی گه‌شه و شارستانییه‌ت گه‌ییشتوون و ناویان هه‌موو دنیای داگرتووه و شتی وایان ساز كردووه و داهێناوه، كه مرۆڤایه‌تی سه‌ری لێ سووڕماوه، به‌ڵام ئه‌مانه هیچیان به بوومه‌له‌رزه و ڕه‌گه‌زه سەرسووڕێنەكانی خۆنیای خۆڕسك تێدا نه‌چوونه و، به نه‌خۆشی و قاتوقڕیش سۆلانیان نه‌بڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵكوو ته‌نیا شتێك كه بووه به هۆی ئه‌وه ئه‌م نه‌ته‌وه‌گه‌له له‌ناو بچن و تۆرهمهیان ببڕێته‌وه، كپكردنی ده‌نگیان و قه‌ده‌خه‌كردنی زمانیان بووه، كه نه‌یانتوانیوه پێی بدوێن. زمان كه‌ره‌سه‌ی ده‌ربڕینی هه‌ستی هه‌ر مرۆڤێكه، به‌ڵام كاتێ كه نه‌توانێ قسه‌ی پێ بكا، هه‌ست به كه‌موكووڕی و ناته‌واوی ده‌كات و، خۆی له به‌رانبه‌ر ئه‌و نهتهوهباڵادهستهی زاڵه به سه‌ریدا، به كه‌م ده‌زانێ و، بڕوای به فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر و ئەدهب و بوونی خۆشی نامێنێت.
دوكتۆر سماییل بێشكچی، گهورهمرۆدۆستی تورك، له کۆپه‌ڕی: (كوردستان كۆڵۆنییێکی نێودەوڵەتی)دا ده‌ڵێ: (ئه‌گه‌ر بته‌وێ نه‌ته‌وه‌یێك سه‌رشۆڕ و كۆیله و بێناسنامه بێت، ئه‌گه‌ر بته‌وێ له ناوچهیێك یان وڵاتێك، كۆڵۆنیالیزم، به باڵاده‌ستی بمێنێته‌وه، پێویسته ئه‌لفبای ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه له‌ناو ببرێ و، ڕێگا نه‌درێ ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه به زمانی دایكیی خۆی بدوێ و، ببیته ڕێگر له نێوان خۆی و فەرهەنگەكەیدا! واته ڕێگا نه‌درێ وشیاریی نه‌ته‌وایه‌تیی ئه‌و گه‌له گه‌شه بكا! چونكه نه‌ته‌وه‌یێك وشیاریی نه‌ته‌وایه‌تی په‌یدا بكات، له ژیانی خۆی ڕاده‌مێنێ و مێژووی خۆی درووست ده‌كا و له دواییشدا دژی چهوسێنهرهكانی، شۆڕش هه‌ڵده‌گیرسێنێ.)
بنەمای ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک
ڕۆژی ٢١ ی فێبریوەری ڕۆژی زمانی دایکه. ئه‌م ڕۆژه، به پێشنیازی وڵاتی به‌نگلادێش و به پشتگیریی ئه‌نجومه‌نی لایه‌نگری له زمانی دایک، ساڵی ١٩٩٩، له لایه‌ن ڕێکخراوی یونێسکۆوه، ڕێکخراوی زانستی و فه‌رهه‌نگیی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان (یوو ئێن)، به ناوی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ناسراوه. له‌و کاته‌وه، له به‌شێکی زۆری وڵاتانی جیهاندا، ئه‌م ڕۆژه دەکرێ بە جەژن.
هۆی ئه‌وه‌ی، که ڕاست ئه‌م ڕۆژه به ناوی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ناسراوه، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ڕووداوێک که له وڵاتی به‌نگلادێشی ئێستادا هاته ئاراوه. ساڵی ١٩٤٧، وڵاتی پاکستان له دوو به‌شی ڕۆژاوا و ڕۆژهه‌ڵات پێک هاتبوو. محه‌مه‌د عه‌لی جیناح، که خاوهندهستهڵاتی ئه‌وکاته بوو، هه‌وڵی دا که هه‌موو بنه‌ماکانی زمان، فه‌رهه‌نگ و مێژووی به‌شی ڕۆژهه‌لات، که به‌نگالی بوو، له‌ناو ببات. زمانی (ئوردوو)ی، که زمانی به‌شی ڕۆژاوا بوو، وه‌ک زمانی ڕه‌سمی ڕاگه‌یاند. ئه‌وه له کاتێکدا هاته ئاراوه که زمان، وێژه و فه‌رهه‌نگی به‌نگالی، مێژوویه‌کی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌یان هه‌بوو و ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه به مافی خۆیان ده‌زانی، که وه‌ک به‌شه‌که‌ی تری پاکستان، گه‌شه به زمانه‌که‌یان بده‌ن. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه، خه‌ڵکی پاکستانی ڕۆژهه‌ڵات، به‌تایبه‌تی خوێندکاران و ڕۆشنبیران، هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌کان و ناڕه‌زاییی خۆیان دژ به‌م سیاسه‌ته، که به هیوای له‌ناوبردنی زمانی به‌نگالی بوو، ده‌ڕبڕی. هێزه چه‌کداره‌کانی حکوومه‌ت هێرشیان کرده سه‌ر ئه‌م ڕێپێوانه هێمنانه‌یه و له ئاکامدا چه‌ند که‌سێک کوژران و بریندار بوون. له ساڵی ١٩٥٢ وه، که به‌شی ڕۆژهه‌ڵات به ناوی بهنگلادێشەوە، سه‌ربه‌خۆیی به ده‌ست هێنا، ئه‌م ڕوژه‌ی کرده ڕۆژی نه‌ته‌وه‌ییی خۆی.
له وڵاتانی فره‌نه‌ته‌وه و فرهزماندا، هه‌موو کاتێک، زمان و فه‌رهه‌نگ و وێژه‌ی که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کان، له‌ژێر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیدایه و، که‌مبایه‌خ یان بێبایه‌خ ده‌کرێن. به هه‌موو چه‌شنێک، رێگای پێشکه‌وتن و گەشهکردنیان لێ ده‌گیرێت. ته‌نانه‌ت، ئه‌و که‌سانه‌ی که خاوه‌نی زمانه ناوارەیی (غیر رسمی)یەکانن، له ده‌ره‌وه‌ی شوێنی ژیانیان، به کهمڕوویی، یان به‌شه‌رمه‌وه، زمانی دایکییان له ئاخاوتن له‌گه‌ڵ یه‌کدا به‌کار دێنن، هه‌ر ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه بڕوای به خۆی نه‌مێنێ و، خۆی به‌که‌م بزانێ. ڕاستییەکەشی وایه، مرۆڤێك كه خۆی نه‌ناسێ و زمان و وێژه و هونه‌ر و دیاردهخۆڕسكهكانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی خۆش نه‌وێ، ئه‌و مرۆڤه ناتوانێ به‌رگری له بوون و مانی خۆی بكا، چونكه باوه‌ڕی به خۆی نییه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه كۆیله و بنده‌ست بووه و له‌ژێر كارتێكه‌ریی زمان و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌ی داگیركه‌ر و باڵاده‌ستدا په‌روه‌رده بووه، قێز و بێزی له هه‌موو شتێكی خۆی دێته‌وه.
هه‌ستی ناسک و پاکی دایکێک، که کۆرپه‌که‌ی ده‌لاوێنێته‌وه، هه‌ستی منداڵێکی ساوا که تازه زمانی گرتووه و له‌کاتی برسییه‌تیدا هاوار ده‌با بۆ دایکه‌که‌ی، هه‌ستی ئه‌ویندارێک که به به‌ژن و باڵای خۆشه‌ویسته‌که‌یدا هه‌ڵده‌ڵێ، هه‌ستی دایکێکی جه‌رگسووتاو، که به‌سه‌ر لاوی لهدهستچوویدا شین و ڕۆڕۆ دەکا، هه‌ستی دووربوون له خۆشه‌ویستێک که به ساڵان نه‌یدیوه و ده‌یلاوێنێته‌وه، هیچ زمانێک، جگه له زمانی دایک، ناتوانێت ئه‌م سۆزه دهروونیییه، به شێوازێکی پاراو و جوان، ئه‌و جۆره‌ی که پێویسته، ده‌رببڕێت. ئه‌گه‌ر که‌سێک گومانی هه‌بێ له‌م پاودانه، له‌گه‌ڵ هه‌ست و سۆز و بوونی خۆیدا ناڕاسته و خۆی فریو ده‌دات. ئه‌و که‌سانه‌ی که بواری خوێندن و نووسین به زمانی کوردی‌یان نه‌بووه، یان بندەستن و نه‌یانتوانیوه به‌و زمانه بخوێنن و بنووسن، له کاتێکدا که نووسراوێکی کوردی‌یان له بەردەستە و توانای خوێندنه‌وه‌یان نییه، یان ئه‌وه‌ی که ناتوانن بیرکردنه‌وه‌ی سیاسی و هه‌ستی دەروونیی خۆیانی پێ ده‌رببڕن، له ناخی خۆیاندا ده‌ڕووخێن و، له‌باری ڕه‌وانییه‌وه تووشی کێشه‌ی گەورە ده‌بن. نموونه‌ی به‌رچاوی ئه‌م کێشه‌یه، ئه‌و که‌سانه‌ن که په‌ڕیوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان بوونه و، به ساڵانه له (هه‌نده‌ران) ده‌ژین، که‌چی هه‌ست به‌وه ده‌که‌ن ناتوانن به زمانی ئه‌و وڵاته‌ی لێی نیشتەجێن، قسه‌ی دڵی خۆیان بکه‌ن و ئه‌و جۆره‌ی که دڵیان ده‌یه‌وێ، ناتوانن هه‌ستی ده‌روونی خۆیان ده‌رببڕن. که‌وابوو هه‌رشتێک پێوه‌ندیی به هەستەوە هه‌بێت، ته‌نیا زمانی دایک ده‌توانێ ده‌ری ببڕێ و هیچی دیکه.
ئه‌م پاودانه، ده‌ری ده‌خا که: زمانێک ئه‌گه‌ر زمانی دایک نه‌بێت، له‌مپه‌ری گه‌وره درووست ده‌کا و، کاردانه‌وه‌ی نەرێنی (نیگاتیڤ) له مرۆڤدا به‌جێ ده‌هێڵێ. کاتێک که زمان له گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یێک قه‌ده‌خه کرا و نه‌یان هێشت پێی بدوێ، له کاتی قسه‌کردن و نووسین به‌و زمانه، که زمانی ئه‌و نییه و، به ئارەزووی خۆی فێری نه‌بووه و، به زۆر به سه‌ریاندا سه‌پاندووه، هه‌میشه بۆ وشه داده‌مێنێ و ناتوانێ مه‌به‌ستی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی به‌و زمانه ده‌ر ببڕی، ئه‌و زمانه ئیتر نابێ به زمانێکی خۆکار (ئۆتۆماتیک) که هه‌موو کاتێ بتوانێ ڕه‌وان قسه‌ی پێ بکا. نموونه‌شمان زۆره و نموونه‌ی هەرە بەرچاویش نه‌ته‌وه‌ی کورده له چوارپارچه‌ی کوردستان.
ئامرازی پێوەندی و شێوەپێدانی کەسایەتی
گومان له‌وه‌دا نییه، که زمان ئامرازێکه بۆ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر، به‌ڵام، ئه‌گه‌ر ته‌نیا تا ئه‌م ئاسته بڕوانینه زمان، له ڕاستیدا زمانمان قه‌تیس ڕاگرتووه. زمان، سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ی که ئامرازێکه بۆ پێوەندیگرتن، هاوکاتیش، ئامرازێکه بۆ بیرکردنه‌وه، بۆ شێوەپێدان به پێکهاته‌ی بیرکردنه‌وه‌ی منداڵ و فێربوونی، هه‌روه‌ها ئامرازێکه بۆ پێناسه‌کردنی ناسنامه‌ی مرۆڤ.
کاریگه‌ریی زمانی دایک له‌سه‌ر فێربوون و گه‌شه‌ی بیرکردنه‌وه و شێوەپێدان به که‌سایه‌تیی منداڵانی خوێندکار، به‌تایبه‌تی له‌م سی ساڵه‌ی دواییدا، جێگای سه‌رنجی زۆربه‌ی زمان‌ناسان بووه. هه‌موو ئه‌و لێکۆڵینهوهگهلهی که له‌م باره‌وه کراوه، به تێکرایی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ن، ڕۆڵ و ده‌وری زمانی دایک بۆ فێربوون و گه‌شه‌ی بیر و مێشکی منداڵ، له هه‌موو شتێک گرنگتره! به ڕاشکاوییەوە، ده‌توانم بڵێم: هیچ لێکۆڵینهوهیەکی زانستی نییه که جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌کا: ده‌ور و نه‌خشی زمانی دایک له فێربوونی منداڵدا گرنگ و بنه‌ڕه‌تییه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش بووبێت، پێویسته دایک و باوکان سوور و پێ‌داگر بن له‌سه‌ر خوێندنی منداڵانیان به زمانی دایکیی خۆیان. له لایێکی دیکه‌شه‌وه، سه‌ره‌تاییترین مافی مرۆڤ ئه‌وه‌یه که منداڵ به زمانی دایکیی خۆی بخوێنێت. نکوولیکردن له‌م مافه، پێشێلکردنی مافه سه‌ره‌تایییه‌کانی مرۆڤه.
ئێمه‌ی كوردی بنده‌ست و چه‌وساوه، زمانه‌كه‌مان لێ قه‌ده‌خه‌كراوه، بۆمان نییه وه‌كوو ئینسان بیروڕای خۆمان به زمانی دایکیی خۆمان ده‌رببڕین، له هه‌موو مافێكی ئینسانی بێبه‌شین و، زمانەکەمان له ئێران‌دا به زمانی غه‌یری ره‌سمی (ناوارهیی) دانراوه، واته قه‌ده‌خه‌یه قسه‌ی پێ بکه‌ین!! منداڵی کوردی بنده‌ست، که دایکه‌که‌ی به لایه‌لایه‌ی کوردی و ناز و لاواندنه‌وه و حاواندنه‌وه‌ی دایکانه بەخێوی ده‌کا، دوای شه‌ش ساڵ که ده‌چێته قوتابخانه، به زمانێکی دیکه په‌روه‌رده‌ی ده‌که‌ن و، ئه‌و شتانه‌ی که له دایکیه‌وه له مێشکیدا پاشهنیای کردووه و، به تۆمارکراوی ماوه‌ته‌وه، لێی تێک ده‌درێ و، مافی ئه‌وه‌ی نییه وه‌كوو ئینسان له زمانه‌که‌ی خۆی که‌ڵک وه‌ربگرێ و، زمان و فه‌رهه‌نگێكی دیکەی له‌سه‌ر زاڵ ده‌که‌ن و، بنده‌ست و ژێرچهپۆكه باری دێنن! واته ئه‌و منداڵه وا بیر ده‌کاته‌وه که ئه‌و زمانه‌ی دایکی بێبایه‌خه و که‌ڵکی ئه‌وه‌ی نییه له‌ناو کۆمه‌ڵگادا وه‌ک ئامرازێک بۆ پێشکه‌وتنی خۆی و ژیان به‌کاری بێنێت، ئه‌مه وا ده‌کات که مێشکی ئه‌و منداڵه گۆت ببێ و هه‌موو شتێکی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی له‌لا بێبایه‌خ بێت.
ئه‌م پاودانه ده‌گاته راده‌یێک، که زمانه‌که‌ی، له به‌رچاو ده‌خه‌ن و وای لێ دێ، هه‌موو شتێکی خۆی له به‌رچاو ده‌که‌وێ و، بوونی خۆشی له‌لا وه‌کوو کوردێک، بێ‌نرخ و بێبایه‌خ دێته به‌رچاو! کاره‌سات ئه‌و کاته‌یه که ئیتر ئه‌و منداڵه، پێی لۆمه و شووره‌یییه بڵێ کوردم: به‌كورتی، زمان و فه‌رهه‌نگ و وێژه و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست و داگیركه‌ر، ئه‌وه‌نده به سه‌ریدا زاڵ ده‌بێ، که هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیی تێدا کوێر ده‌بێته‌وه و ناتوانێ بوونی خۆی بسه‌لمێنێ.
خه‌ڵکی کورد له کوردستان خوازیاری ئه‌وه‌یه گیروگرفتی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و فەرهەنگیی خۆی، خۆی چاره‌سه‌ری بکا و، که‌س ڕاوێن (تصمیم)ی بۆ نه‌گرێ و بڕیاری بۆ نه‌دا، به‌ڵام هه‌میشه به چه‌ک و فیشه‌ک وه‌ڵامی دراوه‌ته‌وه و، به هاووڵاتیی پله‌دوو و سێش دانه‌نراوه و، هیچ ئەژمارێکی بۆ نەکراوە و، له هه‌موو بوارێک‌دا ڕاچاو (کۆنترۆڵ) کراوه و، له‌ژێر چاوه‌دێریی قورس و قاییمدا بووه! ئه‌م بنده‌ستیی و نابه‌رابه‌ری و سته‌مکاری و زۆربێژییه، خه‌ڵکی کوردی به‌ره‌و خه‌بات و تێکۆشان هان داوه و، تووشی کێشه‌ی گه‌وره و سامناکی کردووه.
وه‌ک له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ کرد، گومان له‌وه‌دا نییه که زمان که‌ره‌سه‌ی ئاخافتنه بۆ پێوه‌ندی و تێکەڵاوبوون، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر ته‌نیا له‌م ئاسته‌دا قه‌تیسی بکه‌ینه‌وه، خۆخه‌ڵه‌تاندنه. زمان که‌ره‌سه‌ی بیرکردنه‌وه و تێگه‌ییشتن و پێگهییشتنه، زمان شکڵ ده‌دا به چوارچێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی هه‌موو مرۆڤێک و، پێناسه‌ی ههبوونیهتی و، له‌مانه‌ش گرینگتر، کۆڵه‌که‌ی مانه‌وه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یێک، زمانەکەیەتی، به‌تایبه‌ت بۆ ئێمه‌ی کوردی بنده‌ست، که زمانه‌که‌مان یاساغ و قه‌ده‌خه‌یه. که زمانت له نەتەوەیێک قه‌ده‌خه کرد، به‌مانای ئه‌وه‌یه ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه، به‌ره‌و فه‌وتان و له‌ناوچوون ده‌ڕوا و وای لێ دێ که خۆی به که‌م و به هیچ بزانێت. که وابوو: یه‌کێ له بناغه‌کانی مانه‌وه‌ی هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یێک، زمانه! ئه‌گه‌ر زمان له نه‌ته‌وه‌یێک پاوان بکرێ و، نه‌توانێ قسه‌ی پێ بکا و، بۆی نه‌بێ پێی بخوێنێ و پێی بنووسێ، له‌مانه خراپتر به تۆپزی به‌سه‌ریدا داسه‌پێنن که به زمانێکی دیکه باخێوێ و هەڵسوکەوتی له ته‌کا بکا، ئه‌وه هیچ زمانه‌که‌ی له‌بیر ده‌چێته‌وه، به‌ڵکوو زۆر شتی دیکه‌شی که به زمانه‌که‌وه به‌نده، له‌کیس ده‌چێ!
من له‌و باوه‌ڕه‌دام، هه‌ر کوردێک خۆی ناسیبێ و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیی هه‌بێ و، له‌وه گه‌ییشتبێ که بنده‌ست و چه‌وساوه‌یه، ده‌بێ نەهێڵێت منداڵه‌کانی کوردی‌یان لەبیر بچێتەوە. هه‌ر که‌سێکیش خۆی به دێمۆکرات و ئازادیخواز و پێشکه‌وتنخواز بزانێت، ئه‌رکی سه‌رشانیه‌تی، له‌م مافه سه‌ره‌تایییانه: (مافی خوێندن به زمانی دایک، ناونانی منداڵانی کورد به کوردی، که‌ڵکوه‌رگرتن له فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وایه‌تی و دیارده باش و خۆڕسکه‌کانی)، داکۆکی و پشتیوانی بکات، چونکه ئه‌و هه‌نگاوه، پێوه‌ری ئازادیخوازی و پێشکه‌وتنه.
ناسری ڕەزازی– کوردستان – شارۆچکەی دووکان