شوبات 24, 2021 Diyako Hashemi

ئەم بابەتە بە PDF

نووسینی: دیاکۆ هاشمی

تا چ ڕادەیەک وشە بکرێتە کوردی؟

هەر زمانێک بۆ نەتەوەیەکی دیاریکراو دروست بووە. ئەو زمانە لەسەر بنەمای زمانی لەمێژینەی خۆی گۆڕانی بەسەر دێت و گەشە دەستێنێت. هەم داڕشتن و ڕێزمانەکەی و هەمیش هەنبانەی وشەکانی.

هەر وشەیەک، لە هەمان کاتدا یان لە داهاتوودا دەیان وشەی تری لێ دەکەوێتەوە، چونکە وشە هەمیشە سەر بە کۆمەڵە وشەیەکی هاوخێزانی ترە. ئەگەر بکرێت بەرانبەر بە وشەیەکی بیانی وشەیەکی کوردیمان هەبێت، ئەوە زۆر باشترە، چونکە دەتوانین بەو وشەیە زمانەکەمان دەوڵەمەند بکەین.

با نموونەیەک بهێنینەوە:

هەندێ کەس دەڵێن بۆ مووشەک بگۆڕین و لە باتیی بڵێین هاژەک؟ هەندێ کەس دەڵێن ئەوە هەر کوردییە بۆ بیگۆڕین؟ هەندێ کەس جارێ هیچ نەبووە چەندان وشەی تر پێشنیار دەکەن.

مووشەک هەمان موشکی فارسییە کە پێک هاتووە لە دوو بەش: (موش) واتە (مشک) + (ک) کە پیتی بچووککردنەوەیە. واتە: (موش + ک = موشک، واتە مشکۆڵە، مشکی بچووک). جا فارس بڕیاریان داوە بۆ صاروخ بەکاری بهێنن.

لەبەر چی فارس بۆیان هەبێت بەرانبەر بە صاروخ وشە دابڕێژن، بەڵام بۆ ئێمە بڤە بێت؟

ڕەنگە هەندێ کەس بەس وشەی مووشەک ببینن و بڵێن جا ئەوە خۆ بەس وشەیەکە، قەیدی چییە با بمێنێتەوە؟

دەبێت بزانین فەرهەنگستانی فارسی بەو وشەیە دەیان وشەی تریان دروست کردووە و بەڵنیاییشەوە هەمتری لێ دروست دەکەن.

دەیان ساڵ پێش لە ئێستە هەم لە فەرهەنگی خاڵ و هەمیش لە هەنبانەبۆرینەی مامۆستا هەژاردا وشەی هاژەک بەرانبەر بە صاروخ و موشک دانراوە و هیچ کێشەیەکیشی لە ڕووی زمانەوانییەوە نییە.

ئەگەر هاژەک بەرانبەر بە موشک بەکار بهێنین ئەو کاتە زۆر وشەی تریش بە هاژەک دروست دەکەین، وەک ئەوەی فارس لێرە کردوویەتی، بۆ نموونە:

(موشک = موشک آزاد rocket)،

(موشک آزاد rocket)،

(موشک انداز rocket launcher)،

(موشک پرسرعت hypervelocity missile)،

(موشک دورایست stand-off missile)،

(موشک شناسی rocketry)،

(موشک پرتابشی بینابرد intermediate-range ballistic missile)،

(موشک پرتابشی قارەپیما intercontinental ballistic missile, ICBM)،

(موشک پرتابشی کوتاەبرد short-range ballistic missile, SRBM)،

(موشک پرتابشی میانبرد medium-range ballistic missile, MRBM)،

(موشک پرسەزن loitering missile, hovering missile)،

(موشک پسفکن retro-rocket, retrorocket)

(موشک هدایت شونده missile)،

(موشک ضد موشک antiballistic missile)،

(موشک ضدرادار anti-radiation missile, ARM)،

(پرتابەها missilery, missilry)،

(موشکفریب missile magnet)،

هەروەها دەیان وشەی تری وەک:

ارابه موشک، خیزش موشک، افکندن موشک، پراندن موشک، پرتابگاه موشک، انداختن موشک، محفظه احتراق موشک، جستوجوگر موشک و هتد.

هاژەک: صاروخ. سەرچاوە: هەنبانەبۆرینە، فەرهەنگی خاڵ پ‌دی‌ئێف لاپەڕەی 500

کێ یان چ پێوەرێک بڕیار دەدات چ وشەیەک بکرێتە کوردی؟
هیچ کەس، حەز و چێژی هیچ تاکەکەسێک بڕیار نادات چ وشەیەک بکرێتە کوردی یان نەکرێتە کوردی، چونکە ئەگەر وا بێت، لەوانەیە یەکێک حەز بکات وشەیەکی دیاریکراو بکرێتە کوردی، یەکێکی تر حەز نەکات هەمان وشە بکرێتە کوردی.

بۆ نموونە، لەوانەیە یەکێک بڵێت: من پێم باشە قلم بکەینە کوردی و پێی بڵێین پێنووس، یەکێکی تر بڵێت: بەڕای من باش نییە و پێویست ناکات و هەر باشترە پێی بڵێین قەڵەم.

لەوانەیە یەکێک بڵێت: با ضغط بکەینە کوردی، یەکێک بڵێت: نا، پێویست نییە، با هەر بڵێین زەخت و بۆ نموونە بڵێین زەختی خوێن. یەکێکی تر بڵێت بۆ بڵێین زەخت؟ ئەی بۆ نەڵێین فشار؟ با بڵێین فشاری خوێن.

ئەمە مشتومڕێکی گەورەی لێ دەکەوێتەوە، باشترە زمانەکە بکەینە پێوەر.

ئاخۆ ئەمە وشەیەکی نێونەتەوەیییە؟ هەموو دنیا دەڵێن زەخت؟ هەموو دنیا دەڵێن فشار؟ نە؟ کەوا بێت با بزانین ئەو وشەیە لە زمانەکەماندا هەیە یان نا، ئەگەر هەیە با بەکاری بهێنین، ئەگەریش نییە هەوڵ بدەین بەپێی هەموو پێوەرێکی وشەسازی، وشەیەکی لەباری کوردیی بۆ ساز بکەین. ئەگەر وشەیەکی گونجاو بوو، با جێگیری بکەین، ئەگەر نەبوو وازی لێ بهێنین.

کە چاو لە زمانەکەمان دەکەین دەبینین بەرانبەر بە ضغط وشەی ڕەسەنی کوردیمان هەیە: پەستان، پاڵەپەستۆ، تەوژم. جا ئەگەر هەموومان ڕێک بکەوین و بۆ نموونە بڵێین: پەستانی خوێن چ کێشەیەکی هەیە؟ پاش ماوەیەک هەموومان پێی ڕادێین.

دەرەنجام:

کەوا بێت، ئەگەر وشەیەک نێونەتەوەیی بوو و زۆربەی زمانەکانی تر هەمان وشەیان بۆی بەکار هێنابێت، وەک ڕادیۆ، ڕادار، تەلەفۆن، تەلەفزیۆن، ڤیدیۆ، ئەوە پێویست ناکات ئێمەش وشەی بۆ دابنێین. بەڵام ئەگەر هەر وڵاتێک بۆ وشەیەکی دیاریکراو وشەیەکی تایبەت بە خۆیان دانابوو، ئەوە ئێمەش دەتوانین بیکەینە کوردی.

هەموو خەڵکانی دنیا خەریکی ڕاژەی زمانەکەیانن، بە دەیان کۆڕ و کۆمەڵ و ئەکادیمیای زاراوەسازییان داناوە، ئەگینا زمانەکەیان وردەوردە دەمرێت، ئەگەریش زمان بمرێت، نەتەوە دەمرێت.

یونسکۆ دەڵێت زیاتر لە ٧٠٠٠ زمان لە دنیادا هەن، وا دەخەمڵێنرێت هەتا کۆتاییی ئەم سەدەیە نزیکەی ٩٠٪ی ئەو زمانانە لەنێو بچن.

 (توورە یانسۆن) کە پرۆفیسۆرێکی سویدییە دەڵێت:

زۆر پێش لە ئێستە زمانی سویدی لە ئارادا نەبوو، ئێستە بوونی هەیە، بەڵام ڕۆژێک لە ڕۆژان لە داهاتوودا ئیتر لە ئارادا نامێنێت. هەموو زمانەکان بەو شێوەیەن: سەرهەڵدەدەن، ماوەیەک بەکار دەهێنرێن و دەتوێنەوە.

ئەگەر زمانی سویدی بەو هەموو ڕاژەیە ئەو مەترسییەی لەسەر بێت، ئاخۆ چارەنووسی زمانی کوردی چۆن دەبێت؟ باشترە بەردەوام کار بکەین بۆ پتەوکردنی زمانەکەمان، بۆ ئەوەی لە بەردەم داهاتوویەکی پڕمەترسیی نادیاردا بیبووژێنینەوە. ڕاژەی زمان ئەرکی هەموومانە.