Skip to content
به کافر بم که بڕوانم به گوڵدا
به کافر بم که بیچێنم له گڵ‌دا
به کافر بم ئه‌گه‌ر ناوی به‌رم، ناو
که دووسه‌د داغی لاله‌م وا له دڵدا
دڵم شه‌یدایه، وێڵی ده‌شتوده‌ر ما
به بای عیشقت، نه باڵم ما، نه په‌ڕ ما
به من ئێژی سه‌بووریت بێ سه‌بووری
سه‌بووری کردی ئه‌م هه‌ڕگه به سه‌رما
که دڵ گریا، زمان ناڵه‌ی نه‌هێنا
موژه‌م ته‌ڕ بوو، به‌ڵام ژاڵه‌ی نه‌هێنا
شه‌وێک یار نایێ بیبینم به خه‌ونیش
له به‌ختم چاوی من لاله‌ی نه‌هێنا
به‌ڵا، – ئه‌ی جوانێ!- ڕه‌مزێکه له باڵات،
جنوون وه‌سفێکی سه‌رپایی له سه‌ودات
گومانی وهم له سه‌نعه‌تکاری تۆیه
به په‌نهان چاوی ده‌بڕێته ته‌ماشات
که بمکووژی، به پهیکانت، چ په‌روات؟
ده‌رم که‌ی گه‌ر له کۆڵانت، چ په‌روات؟
له‌تێکم دڵ هه‌یه، قه‌ت نیمه په‌روا
دڵی عاله‌م له دامانت، چ په‌روات؟
ئه‌رێ ده‌ردی من و ده‌رمانی من، دۆست!
ئه‌رێ وه‌سڵی من و هیجرانی من، دۆست!
چه‌قۆ بێنن که‌وڵ که‌ن گه‌ر له‌شی من
جودا نابێ ئه‌به‌د له گیانی من، دۆست!
به‌هار هات، گوڵ به‌خێر دێنێ به بای وه‌شت
سه‌رت خۆش بێ، سه‌رێک هه‌ڵبێنه بۆ گه‌شت
گه‌لێک چوون و گه‌لێک ماون، گه‌لێک دێن
هه‌مان کێوه، هه‌مان سه‌حرا، هه‌مان ده‌شت!
دڵێکم هه‌س ده‌مێ بێغهم نه‌بوو قه‌ت
غهمێکم هه‌س به زه‌ڕڕه که‌م نه‌بوو قه‌ت
هه‌موو جوانی جیهان دادم ده‌پرسن
که یاری بێوه‌فام هاوده‌م نه‌بوو قه‌ت
به گیانمدا گه‌ڕا سێ ده‌رد به یه‌کجار
غه‌ریبی بوو، ئه‌سیری بوو، غه‌می یار
غه‌ریبی و ئه‌سیری چاره‌یان دێ
غه‌می یار و غه‌می یار و غه‌می یار!
خودا بیباته‌وه بۆ خۆی دڵی زار،
له ده‌ستم نایێ من تیماری بیمار
ئه‌من نه‌مزانی له‌علی لێوی بۆچی
به خوێنم تینووه خۆی هێنده ئاودار
هه‌ڵاڵه‌ی کۆهسارانم ئه‌تۆی یار
وه‌نه‌وشه‌ی جۆکهنارانم ئه‌تۆی یار
هه‌ڵاڵه‌ی کۆهسار وا هه‌فته‌یه‌ک بوو
ئومێدی ڕۆژگارانم ئه‌تۆی یار
له دڵ نه‌خشی جه‌ماڵت لا نه‌چێ یار!
خه‌یاڵی خه‌تت و خاڵت لا نه‌چێ یار!
له ده‌وری چاو، موژه‌م کردووه به په‌رژین
له به‌رچاوم خه‌یاڵت لا نه‌چێ یار!
من ئه‌و ڕه‌نده‌م که پێم ئێژن قه‌له‌نده‌ر
نه ماڵم هه‌س، نه حاڵم هه‌س، نه له‌نگه‌ر
که ڕۆژ دادێ له ده‌وری ماڵه‌که‌ی تۆم
که شه‌و دادێ وه خشتێکی ده‌که‌م سه‌ر
سپێده‌ی زوو که گورگان دێنه سه‌ر مێش
که‌زێکانت په‌رێشان که! وه‌ره پێش
بده ماچێک له کونجی لێوه‌کانت
بڵێ: ”خێر بوو، له ڕێی خوا دامه ده‌روێش!“
مه‌لێکم من له‌نێو گڕدام سه‌روماڵ
ده‌سووتێ عاله‌مێک گه‌ر لێک بده‌م باڵ
نیگارکێش گه‌ر بکا نه‌خشم له دیوار
له ته‌ئسیرم ده‌بێ گوڵشه‌ن به زووخاڵ
خودایه خه‌سته و زارم له ده‌ست دڵ
شه‌و و ڕۆژ گیان به‌ئازارم له ده‌ست دڵ
له ده‌ست دڵ من، له ده‌ست من دڵ ده‌ناڵێ
نه‌بێ یاڕه‌ب! که بێزارم له ده‌س دڵ
که شه‌و دادێ، من ئهستێرهژمارم
له چه‌شنی شه‌و درێژه ئینتیزارم
له پاشی نیوه‌شه‌و گه‌ر تۆ نه‌هاتی
هه‌ور دێنم، ده‌گرمێنم، ده‌بارم
من ئه‌و زامداره‌که‌ی بێ‌ماڵ وحاڵم
من ئه‌و مارانگهزی ڕۆژگاری تاڵم
ئه‌من ئه‌و دڕکوداڵی وشکی ده‌م ”با“م
به ده‌م زریانه‌وه سه‌حرا ده‌ماڵم
له عیشقت ئاگرێ به‌ر بۆته ماڵم
له ئاگردا په‌رێش و زاره حاڵم
سه‌گت گه‌ر پێ بنێته چاوم _ ئه‌ی یار!_
به برژانگ خۆڵی ڕێگاکه‌ی ده‌ماڵم
شه‌وان ناڵه، شه‌وی شه‌وگیر ده‌ناڵم
له ده‌ستی یاری بێتهگبیر ده‌ناڵم
ده‌مێ چه‌شنی پڵنگی تازهپێکراو
ده‌مێ وه‌ک شێری ناو زنجیر ده‌ناڵم
په‌رێشانه که حاڵم، چۆن نه‌ناڵم
شکاوه پهڕڕ و باڵم، چۆن نه‌ناڵم
خه‌ڵک ئێژن فڵانی به‌سییه ناڵین
که تۆ دێیه خه‌یاڵم، چۆن نه‌ناڵم؟
له خێڵ سووتهدڵانم چۆن نه‌ناڵم
له هۆز بێحاسڵانم چۆن نه‌ناڵم
له‌سه‌ر گوڵ نیشتووه بولبول ده‌ناڵێ
که لێم دوورن گوڵانم، چۆن نه‌ناڵم
قه‌ڵه‌م داده‌م له سه‌خته‌ی ئێسکه‌کانم
مهرهککهب بێ له خوێنی نێو ڕهگانم
له په‌رده‌ی دڵ په‌ڕی کاغه‌ز ده‌هێنم
که بینووسم له یاری میهره‌بانم
گوڵستان جێگه‌ته ئه‌ی نازه‌نینم
له گوڵخهندام و خاکستهرنشینم
چ گوڵشه‌ن بێ، چ گوڵخهن بێ، چ سه‌حرا
که ده‌ڕوانم، ئه‌من هه‌ر تۆ ده‌بینم
له خۆشاوی ترێ خۆشه هه‌ناوم
له یاری نازه‌نین بۆ هه‌ڵبراوم؟
که من بێبه‌ش له تینی ئاگرت بم
ئه‌دی بۆ دووکه‌ڵی ده‌رد بێته چاوم؟
غه‌مم هه‌ر غه‌م بوو، غه‌مخۆری دڵم غه‌م
غه‌مم، هه‌م موونس و هه‌م یار و هه‌مده‌م
به‌جێم ناهێڵێ غه‌م هه‌رگیز به‌ته‌نیا
بژی، هه‌ی باره‌که‌ڵڵا، مه‌رحه‌با غه‌م!
ئەمن بێدۆست و ته‌نها ڕوو له کوێ که‌م؟
ئه‌من بێ‌ماڵ و مه‌ئوا ڕوو له کوێ که‌م؟
له هه‌ر جێیێ ده‌رم که‌ن دێمه لای تۆ
که تۆ ڕامنهگری ئه‌وسا ڕوو له کوێ که‌م؟
قه‌ده‌ر وا بوو نه سه‌ر بێنم نه سامان
په‌رێشان هاتمه دنیاوه، په‌رێشان
په‌رێشانی جیهان گشت چوونه ژێر خاک
له خۆڵی وان قوڕی من هاته شێلان
په‌شیمانم، په‌شیمانم، په‌شیمان
ده‌ڵێم هه‌ستم بڕۆم بار که‌م له‌لاتان
نه‌بوو ئه‌م که‌ونه دنیا قه‌ت به هاوڕێم
هه‌تا هات کۆڵی تازه‌ی خستمه سه‌رشان
موحیببه‌ت وا گڕی به‌ردایه نێو گیان
هه‌تا مه‌حشه‌ر بڵێسه‌ی بێ لهدامان
عه‌جه‌ب به‌رگێک ئه‌تۆ ده‌بڕی به باڵام
که خه‌ییاتی ئه‌جه‌ل بیکا دروومان
به‌وان خۆزگه‌م که پێ و سه‌ر نه‌پرسن
وه‌کوو شوعله له وشک و ته‌ڕ نه‌پرسن
که‌نشت و که‌عبه وو بوتخانه و ده‌یر
چ جێ بێ، غه‌یری دڵبه‌ر هه‌ر نه‌پرسن
زه‌لیل بێ یاڕه‌بی! هه‌ر که‌سته دوژمن
له سینه‌ی هه‌ڵچه‌قێ، خه‌نجه‌ر هه‌تا بن
سه‌ری شه‌و بێمه لای، ئه‌حواڵی پرسم
سبه‌ی بێنن له قه‌برانی بنێژن
دوو چاوی تۆ پیاڵه‌ی پڕ له مه‌ی بوون
که‌زێکانت خه‌راجی مڵکی ”ڕه‌ی“ بوون
هه‌ر ئه‌مڕۆ بۆ سبه‌ینێ بوو به‌ڵێنیت
”سبه‌ینێ“ی تۆ گوڵم نه‌مزانی که‌ی بوون!
که شه‌و بێ تۆ سه‌رم باوێمه باڵین
وه‌کوو نه‌ی ئێسکه‌کانم دێنه ناڵین
شه‌وی دووری، له جێی ئه‌سرین ده‌بینی
له برژانگم بڵێسه‌ی گه‌رمی پڕتین
وه‌رن سووته‌دڵان هه‌روا بناڵین
له ده‌ستی یاری بێپه‌روا بناڵین
له‌گه‌ڵ بولبول بچینه سه‌یری گوڵشه‌ن
چلۆن بوڵبوڵ ده‌ناڵێ وا بناڵین
چ دڵ چه‌شنی دڵی پڕژانی من نین
چ غه‌م چه‌شنی غه‌می هیجرانی من نین
ئه‌گه‌ر ده‌ریایه، گه‌ر هه‌وری به‌هاران
حه‌ریفی چاوی پڕگریانی من نین
هه‌ڵاڵه‌ی شاخ و کۆ هه‌ر هه‌فته‌یه‌ک بوو
وه‌نه‌وشه‌ی لێوی جۆ، هه‌ر هه‌فته‌یه‌ک بوو
ده‌ڕۆم هاوار ده‌که‌م ئه‌مشار و ئه‌وشار
قه‌رار و عه‌هدی تۆ هه‌ر هه‌فته‌یه‌ک بوو
دڵم بولبولسفهت حه‌یرانی گوڵ بوو
ده‌روونم وه‌ک دره‌ختی پێبهگڵ بوو
له چه‌شنی ئه‌رخه‌وان خوێنینه بارم
دره‌ختی ناڵه، باری خوێنی دڵ بوو
جیهانی بێوه‌فا زیندانی من بوو
گوڵی غه‌م قسمه‌تی دامانی من بوو
غه‌می یه‌عقووب و، ژان و ده‌ردی ئه‌ییووب
هه‌موو گۆیا نه‌سیبی گیانی من بوو
دڵم دایم ئه‌سیری ماته‌می تۆ
به زنجیربهستهیی ده‌رد و غه‌می تۆ
ده‌پرسی: _”بۆچی وا پشتت چه‌میوه؟“
_ چه‌می پشتم له‌به‌ر پێچ و خه‌می تۆ
به وه‌ڵڵاهی په‌ڕه‌ی گیانم ئه‌تۆی، تۆ
سه‌رم بێ، یا که سامانم، ئه‌تۆی، تۆ
نییه ئاگام که چۆنم، یا که چه‌ندم
ئه‌وه‌م زانی که ده‌رمانم ئه‌تۆی، تۆ!
له ڕووی تۆدا هه‌تاو بێنوور و تاره
له ئه‌برۆت مانگی یهکشهو شه‌رمه‌زاره
له چۆڵ و ئاوه‌دانی هه‌رچی دیتم
ئه‌وه‌ی دڵگه‌رمه ناوی تۆی له زاره
دڵم بێ‌تۆ هه‌ژار و بێقهراره
به ده‌ستێوه ژیانم ژه‌هری ماره
به‌سه‌ر خۆیدا ده‌دا وه‌ک تفڵی به‌دخوو
له تاو تۆ چاره‌ڕه‌ش به‌م ڕۆژگاره
غه‌مم بێحهدد و ده‌ردم بێژماره
فه‌غان ئه‌م ده‌رده هه‌رگیز نه‌یبوو چاره
ده‌ڵێن ”ئارام به“! لێ نازانن، ئه‌فسووس
که هاواری دڵم بێئیختیاره
دڵم ئێژی مه‌لێکی پاشکاوه
گه‌میی که‌ونه، به لای ده‌ریاوه ماوه
ده‌ڵێن: _”تاهیر، سه‌دای بۆ نایه سازت؟“
_ سه‌دای چۆن بێ؟ که ژێتاری پساوه!
غه‌می عاله‌م له‌سه‌ر شانم قه‌ڵایه
به ده‌ردی من، فه‌راغه‌ت کیمیایه
هه‌موو ده‌ردێک، ده‌بێ ده‌رمانی ڕۆژێک
دڵی من نا! که ده‌رمانی به‌ڵایه
غوبار گرتوویه ئه‌م هه‌رده، بڵێم چی؟
که دڵ که‌یلی غه‌م و ده‌رده، بڵێم چی ؟
گوڵێکم چاند له به‌ر دامانی ئه‌ڵوه‌ند
له به‌ختی من ئه‌ویش زه‌رده، بڵێم چی؟
فه‌له‌ک! ئه‌م گشته ژهنگوژاره بۆچی؟
گوڵم گه‌ر نیی، چزووی ئه‌م خاره بۆچی؟
که سووک ناکه‌ی له‌سه‌ر شانم چ بارێک
ئه‌دی بارت له من سه‌رباره بۆچی؟
قه‌زا ڕه‌مزێ له چاوانی خوماری
قه‌ده‌ر چه‌پکێ له زولفی موشگباری
مه‌ھ و میهر ئایه‌تێ له‌و ڕوومه‌تی جوان
هه‌موو جوانی جیهان ئاوێنه‌داری
غه‌ریبی ژه‌هره، ژانی تیره بۆ خۆی
له‌سه‌ر ئه‌ستۆم، فه‌له‌ک زنجیره بۆ خۆی
فه‌له‌ک تۆ هه‌ڵگره زنجیر له ئه‌ستۆم
که غوربه‌ت، خاکی دامهنگیره بۆ خۆی!
دڵێکم هه‌س، بریندار ماوه بۆ خۆی
که په‌ندی داده‌ده‌م، سوودی نییه بۆی
به ده‌م بایدا ده‌ده‌م، زریانێ نایبا
به ئاگریدا ده‌ده‌م هه‌ر نایێ بۆسۆی
سیابهختم، به‌خت وێرانه‌ماڵ بێ!
سیاچارهم، ڕه‌بی هه‌ر کۆی زووخاڵ بێ!
ئه‌من مهینهتبهشی ده‌ستی دڵم بووم
چ دڵ، _یاڕه‌ب!_ له‌نێو خوێندا شه‌ڵاڵ بێ!
مه‌لێکم من، سه‌ری شاخم وه‌ته‌ن بێ
له سه‌یرانم، له هه‌رجێیه‌ک چه‌مه‌ن بێ
نه ماڵێکه، نه حاڵێکه، نه سامان
ده‌می مردن، په‌ڕوباڵم که‌فه‌ن بێ
شه‌ماڵ ئه‌وده‌م که عه‌تری بسکی تۆی بێ
له سونبول خۆشتره بۆنی که ده‌ڕژێ
که شه‌و ده‌گرم خه‌یاڵی تۆ له ئامێز
به‌یانی بۆنی گوڵ له‌و جێگه‌یه‌م دێ
ئه‌وا شه‌و هاته‌وه گیانم بسووتێ
گریبان تا به دامانم بسووتێ
له‌سه‌ر کفری که‌زیی تۆ ئه‌ی په‌ریڕوو
ده‌ترسم من که ئیمانم بسووتێ
که دڵ ده‌گری، ده‌ڵێی ناڵه‌ی له نه‌ی دێ
به دایم ده‌ردی هیجرانم له په‌ی دێ،
به‌شم سووتانه تا ڕۆژی قیامه‌ت
بڵێی خوایه قیامه‌ت تاکوو که‌ی بێ؟
گڕی عیشقت له گیانم سه‌ر ده‌رێنێ
له جه‌سته‌م خۆڵه‌مێشێ جێ ده‌مێنێ
نه‌مامی میهری تۆ ببڕن له جه‌رگم
له سه‌د لاوه په‌لی تازه ده‌هێنێ