تا چ ڕادەیەک پێویستە وشە یان زاراوەی نوێ لە زمانێکدا ڕۆ بنرێت؟
دیاکۆ هاشمی
ڕادەی ئەو وشە نوێیانەی کە پێویستە لە زمانێکدا بنیات بنرێن، گرێ دراوە بە چەند هۆکارێکەوە، بۆ نموونە پێویستی و گەشەسەندنی زمانەکە. لێرەدا چەند هۆکارێک دەخەینە ڕوو کە دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر پێویستیی بنیاتنانی وشەی نوێ لە زمانێکدا:
١. گەشەسەندنی تەکنۆلۆژیا:
تەکنەلۆجیای نوێ و پێشکەوتنی زانستی ڕەنگە پێویستی بە دروستکردنی وشەی نوێ هەبێت بۆ ڕاڤەکردن و ڕوونکردنەوەی چەمک و دیاردە نوێیەکان. بۆ نموونە وشەی وەک “ئینتەرنێت”، “سمارتفۆن” و “بلۆگ” بە هۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و پەیوەندیکردن لە زۆر زماندا باو بوون و پێویست ناکات بەرانبەریان بۆ دابنرێت. بەڵام چەمک و زاراوەی دیکە هەن کە لە زۆربەی زمانەکاندا زاراوەیان بۆ داناوە یان وەرگێڕانیان بۆ کردووە. کوردیش لەم بوارەدا چالاک بووە. بۆ نموونە لە بواری ئایتیدا ئەم زاراوانەی داناوە و بەجوانی جێگیر بوون:
(ماڵپەڕ homepage)، (شەکرۆکە cookie)، (وێبخشۆک crawler)، (پەڕگە file)، (ڕوومێز desktop)، (ڕەنووس digit)، (ناوی پاوان domain name)، (ڕاژە service)، (ڕاژەکار server)، (نەرمەواڵە software)، (ڕەقەواڵە hardware) و سەدان زاراوەی تر کە لێرە جێی نابێتەوە باسیان بکەین. بۆ زانیاریی زیاتر چاو لە فەرهەنگی ئایتی بکەن.
٢. گۆڕانکاریی کولتووری:
گۆڕانکاری و ڕەوتی کولتوورییش دەتوانێت ببێتە هۆکار و پێویستیی چێکردنی وشەی نوێ. بیرۆکە و مۆدە و ژانرە مۆسیقییەکان و دیاردە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان ڕەنگە پێویستیان بە هێنانەکایەی زاراوەی نوێ هەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی کاریگەرانە لەسەر ئەم بابەتانە پەیوەندی بکەن. بۆ نموونە تار، گیتار، ڤیۆلۆن، سەمفۆنیا و هتد.
لە هەموو بوارەکاندا بەردەوام زاراوەی نوێ پێویستن:
(تاکخوازی monism)، (پاوانخوازی monopolism)، (دەسەڵاتخوازێتی authority)، (لێهات productivity) و دەیان و سەدان زاراوەی تر.
٣. جیهانگیری globalism:
جیهانگیری بووەتە هۆی زیادبوونی کارلێک لەنێوان کولتوور و زمانە جیاوازەکاندا. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی ناساندنی وشەی قەرز و وشەی نوێ بۆ دەربڕینی چەمک و بیرۆکەکانی زمان و کولتوورە جیاوازەکان. یان وشەی وا هەیە لە هەموو جیهاندا بە ناوێک بڵاو دەبێتەوە: کۆرۆنا، مەلاریا، سێلفی، ئینتەرنێت، بلووتووس، ئاڤاتار، وێب، وێبسمینار و هتد.
٤. زانست و تەکنەلۆجیا:
لە زانست و تەکنەلۆجیادا بەردەوام دۆزینەوە و داهێنانی نوێ دروست دەبێت. بۆ گەیاندنی ئەم پێشکەوتنانە، هەندێک جار وشەی نوێ یان زاراوەی تایبەتمەند پێویستە.
(بارگە charge)، (کارەبادۆز electroscope)، (ژمێرە = حساب = arithmetic)، (ژمێرەر = حاسب = calculator)، (بزۆک dynamic).
٥. نەرمونیانیی زمان:
زمان بەردەوام لە گۆڕاندایە و خۆی لەگەڵ پێداویستی و بارودۆخی نوێدا دەگونجێنێت. دەتوانرێت لەڕێی گۆڕانی وشە کۆنەکان، یان تێکەڵکردنیان. یان بە یارمەتیی پێشگر و پاشگر و هتد وشە و زاراوەی نوێ ڕۆ بنرێت.
کورد هاتووە لە وشەی خشۆک (خزنده) زاراوەی نوێی (وێبخشۆک Web crawler)ی چێ کردووە. وێبخشۆک بەرنامەیەکی کۆمپیوتەرییە کە بۆ گەڕان و ئیندێکسکردنی خۆکاری ناوەڕۆکی ماڵپەڕ و زانیارییەکانی تر لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەکار دێت.
لە وشەی ماڵ و پەڕە وشەی “ماڵپەڕ homepage” درست کرا. لە بیرم دێت یەکەم ڕۆژەکان کاتێک ئەو وشەیە بەکار هێنرا، کەسانێکی زۆر دژی وەستان و دەیانوت ئەم وشەیە زۆر سەیرە و بۆ هەر ئینگلیزییەکەی بەکار نەهێنین. تەنانەت کەسانێکی دیکە بوون کە دژی دەوەستان و دەیانوت وشەی “ماڵپەڕ” دەمانخاتە بیری “دەستپەڕ”! کەچی پاش تێپەڕینی کات هەموومان دەبینین کە بووە بە وشەیەکی جێگرتوو و سەقامگیر.
کورد جاری وایە بە چێکردنی وشەیەک یان بەکارهێنانی وشەیەکی زمانەکەی بۆ چەمکێکی نوێ، کاراسانیی بۆ چەندان وشەی تریش کردووە.
بۆ نموونە کورد لە بواری بانکداریدا وشەی “پاڵپشتە”ی بەرانبەر بە (احتیاطی reserve) دیاری کردووە. هەر ئەوە بووەتە بنەما بۆ چەندان زاراوەی تری وەک:
پاڵپشتەی سەرەتایی = احتیاطی الولی، initial reserve
پاڵپشتەی ئاڵوگۆڕی دەرەکی = احتیاطیات التحویل الخارجی، Foreign exchange reserve
پاڵپشتەی هێزی ڕەنجکێش = احتیاطی القوی العاملة، Laboure Force Reserve
گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە هەموو زمانەکان پێویستیان بە هەمان ڕادە وشەی نوێ نییە. هەندێک زمان پێکهاتەیەکی نەرمتریان هەیە کە ڕێگە دەدات وشەی نوێ بەئاسانی دروست بکرێن بە گۆڕین یان تێکەڵکردنی وشەی هەبوو، لە کاتێکدا زمانەکانی تر ڕەنگە یاسای توندتریان هەبێت بۆ پێکهێنانی وشە. تەنانەت هەڵوێستی کۆمەڵگەی بەکارهێنەری زمانێکیش بەرانبەر بە پەژراندن (قبووڵکردن) و بەکارهێنانی وشەی نوێ ڕۆڵی هەیە لەوەی کە چەندە وشەی نوێ لە ڕاستیدا تێکەڵ بە زمانێک بکرێن.
***
بابەتی جۆربەجۆر لەسەر زمانی کوردی