هەڵەی باو

كانونی یه‌كه‌م 23, 2011 Diyako

هەڵە باوەکانی زمانی کوردی

دیاکۆ هاشمی

لە هەموو زمانێکدا گەلێک هەڵەی باو هەن کە لای خەڵک جێ کەوتوون و ڕەنگە هەرگیزیش نەکرێت بەتەواوی بسڕێردرێنەوە. لێرەدا ئاماژە بە هەندێک لەوانە دەکەین کە هیوادارین بەرە بەرە دروستەکانیان جێگیر بکرێن:

  • هەستا بە گێڕانی ئاهەنگێک. (لێردا هەستا بەپێی تایپۆلۆجیی عەرەبی داڕێژراوە) دەبێت بوترێت:
  • ئاهەنگێکی گێڕا.

***

  • فڕۆکەخانەی هەوڵیری نێودەوڵەتی. (ئەمە بەپێی داڕشتنی عەرەبی داڕێژراوە) دەبێت بوترێت:
  • فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر

***

  • زانکۆی هەولێری پزیشکی (ئەمە داڕشتنێکی کوردی نییە) دەبێت بوترێت:
  • زانکۆی پزیشکیی هەولێر

***

  • قوتابخانەی زەڵمی بنەڕەتی تێکەڵاو (داڕشتنێکی ناکوردییە) دەبێت بوترێت:
  • قوتابخانەی بنەڕەتیی تێکەڵاوی زەڵم

***

  • سەنتەری کوردستانی نێودەوڵەتی. (داڕشتنێکی ناکوردییە)، دەبێت بوترێت:
  • سەنتەری نێودەوڵەتیی کوردستان. 

***

  • ئەمریکی (داڕشتنێکی عەرەبییە). وڵاتەکە ناوی ئەمریکایە، کەوا بێت دەبێت بوترێت:
  • ئەمریکایی

***  

  • فەرەنسی (داڕشتنێکی عەرەبییە). وڵاتەکە ناوی فەرەنسایە، کەوا بێت دەبێت بوترێت:
  • فەرەنسایی

***

  • ئەلفوبێ، ئەلفبێ باشترە بنووسرێت:
  • ئەلفبێ چونکە وشەی لێکدراو هەتا بکرێت باشترە بەبێ ناوبەند بنووسرێت.

***

  • بەتوانا، (هەڵەیە، چونکە توانا خۆی واتاکە دەگەیەنێت و پێویست بە پێشگری بە ناکات. واتە:
  • توانا دروستە. وەک چۆن دەوترێت زانا و کەس ناڵێت بەزانا.

شێوەی پێکهاتن:

توانا: ڕەگی توانین (توان) + پاشگری ا: توانا.

زانا: ڕەگی زانین (زان) + پاشگری ا: زانا.

***

  • بەروار هەڵەیە چونکە ناوی ناوچەیەکە. دروستەکەی دەبێتە:
  • ڕێکەوت

***

مەسعوودمحەمەد:

جێناو، نەک ڕاناو.

***

بەرهەمە زمانەوانییەکانی ئەوڕەحمانی حاجی مارف:

بەرانبەر، نەک بەرامبەر.

سەرپەرشت، نەک سەرپەرشتیار.

سەرنجڕاکێش، نەک سەرنجڕاکێشەر.

پێوەندی، نەک پەیوەندی.

پێڕۆ، نەک پەیڕەو. 

***

ناوە ئینگلیزییەکان بەپێی عەرەبی و فارسی نەنووسینەوە، چونکە ئێمە پیتی خۆمان هەیە بۆ دەنگە ئینگلیزییەکان. لە عەرەبیدا (ڕیچارد) بە (ریتشارد) دەنووسنەوە. ئێمە پیتی چمان هەیە. بۆیە دەبێت بنووسین: ڕیچارد.

هەروەها:
(ئەرشیف/ آرشیو) بە (ئەرشیڤ) دەبێت بنووسرێت.

(بانق) بە (بانک)،

(صین) بە (چین)،

(یابان) بە (ژاپۆن)،

(غوستاف) بە (گوستاڤ)،

(مارغاریتا) بە (مارگاریتا)،

(غابرییل غارسیا) بە (گابریەل گارسیا)،

(غاندی) بە (گاندی) بنووسرێنەوە.
سەدان ناوی تر هەن کە لە فارسی و بەتایبەت لە عەرەبیدا نووسینەوەیان گۆڕانیان بەسەر هاتووە و دەبێت هەوڵ بدەین بە ڕێنووسی کوردی بیاننووسینەوە.

***