ئامادەکردنی: دیاکۆ هاشمی

بڵاوکردنەوە: 06-06-2018 

نوێکردنەوە: 06-06-2023

 

ڕێزمان:

دۆزینەوەی قەد، ڕەگ و جێناوە لکاوەکان:

لەم پەڕەیدا بەکورتترین شێوە باس لە دۆزینەوە قەدی کار، ڕەگی کار و چۆنیەتیی بەکارهێنانی هەر چوار کۆمەڵە جێناوە لکاوەکان دەکەین. ئەمانە بۆ گەردانکردنی کار بەپێی ڕێزمانی کوردی، گرنگیی تایبەتییان هەیە.

 

چاوگ: پێنج جۆر چاوگمان هەیە: (ئەلفی، تایی، دالی، واوی، یایی):

١. ئەلفی: ان، وەک: هێنان

٢. تایی: تن، وەک: کەوتن

٣. دالی: دن، وەک: بردن

٤. واوی: وون، وەک: چوون

٥. یایی: ین، وەک: پژمین 

 

تێبینی:

چاوگ بە پیتی “ن” کۆتاییی پێ دێت. نیشانەکانی چاوگ بریتین لە (ا، ت، د، وو، ی).

***

چاوگ سەرچاوەیە بۆ:

١. گەردانکردنی کار: دەبینم، بینیم، بینیومە، بینیبووم.
٢. ڕەگی کار: “بین“.

٣. قەدی چاوگ: “بینی“.

***

“ڕەگ” سەرچاوەیە بۆ دروستکردنی:

١. کاری ڕانەبردوو:  دە + بین + م = دەبینم.

٢. کاری داخوازی: ب + بین + ە = ببینە.

٣. وشەی لێکدراو: کورت + بین = کورتبین.

٤. بکەرنادیار، ڕانەبردوو: دە + بین + رێ = دەبینرێ. 

٥. بکەرنادیار، ڕابردوو: بین + را = بینرا.

٦. وشەی داڕێژراو: بین + ەر = بینەر

***

دۆزینەوەی قەدی چاوگ:

نیشانەی چاوگ لە “چاوگ”دا لادەبەین، ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێتە قەدی چاوگ.

چاوگ

قەدی چاوگ
کێڵان کێڵا
خوێندن خوێند
چوون چوو

***

دۆزینەوەی ڕەگی کار:

هەر کارێکمان هەبێت بۆ نموونە لە دۆخی چاوگدا، دەیکەینە دۆخی ڕانەبردووی یەکەم کەسی سادە:
نموونە:

“خواردن”، دەکەینە دۆخی ڕانەبردووی یەکەم کەسی سادە، واتە: (خواردن) دەکەینە (دەخۆم).

دە + خۆ + م = دەخۆم.

پاشان ئەگەر “دە” … “م” لابەرین، ئەوە ڕەگی کار دەمێنێتەوە: “خۆ“.

کەوا بێت ڕەگی کاری “خواردن” دەبێتە: “خۆ“.

***

لەم خشتانەی خوارەوەدا دەبینن کە “قەد” (ڕەگی ڕابردووی نزیک) و “ڕەگی کار” (ڕەگی ڕانەبردوو) چۆن بەدەست دێن: 

١. چاوگی ئەلفی: “ان” قەد ڕەگ
تێپەڕ:   چاوگ – ان = ڕەگ
کێشان کێشا دە کێش م
نان نا دە نێ م
بێژان (بێژتن، دابێژتن) بێژا دە بێژ م
وێژان (بێژتن، دابێژتن) وێژا دە وێژ م
هێنان هێنا دە هێن م
کێڵان کێڵا دە کێڵ م
تێنەپەڕ   (ا)ی قەد دەگۆڕین بۆ (ێ)
سووتان سووتا دە سووتێ م
برژان برژا دە برژێ م
خنکان خنکا دە خنکێ م
زان زا دە زێ م
دڕان دڕا دە دڕێ م
فەوتان فەوتا دە دەفەوتێ م
سڕان سڕا دە سڕێ م
ئاوارتە:    ئاوارتە:
مان ما دە مێن م
شیان شیا دە شێ م
ژیان ژیا دە ژی م
گریان گریا دە گری م

 

 

 

 

***

 

٢. چاوگی تایی: “تن” قەد ڕەگ
تێنەپەڕ:   چاوگ – تن = ڕەگ
کەوتن کەوت دە کەو م
خەوتن خەوت دە خەو م
سرەوتن سرەوت دە سرەو م
نیشتن نیشت دە نیش م
بزووتن بزووت دە بزوو م
تێپەڕ:    
گرتن گرت دە گر م
بێژتن (دابێژتن) بێژت دە بێژ م
فرۆشتن فرۆشت دە فرۆش م
لێستن لێست دە لێس م
    (ا، ە) دەگۆڕین بۆ (ێ) پاشان نیشانەی چاوگ (تن، دن) لادەبەین:
ڤەشارتن ڤەشارت دە ڤەشێر م
پاڵاوتن پاڵاوت دە پاڵێو م
ئاوارتە   ئاوارتە:
دیتن دیت دە بین م
وتن وت دە ڵێ م
گوتن گوت دە ڵێ م
هێشتن هێشت دە هێڵ م
هاتن هات د ێ م / دە هێ م
هاوێشتن هاوێشت دە هاوێ م
خستن خست دە خە م
ڕستن ڕست دە ڕێس م
گەستن گەست دە گەز م
پشکووتن پشکووت دە پشکوێ م
گواستن گواست دە گوێز م / دە گواز م
نوستن نووست دە نوو م
بیستن بیست دە بیست م / دە بیس م
ناشتن ناشت دە نێژ م
ڕشتن ڕشت دە ڕێژ م
خواستن خواست دە خواز م
هاژووتن هاژووت دە هاژۆ م
کڕۆشتن کڕۆشت دە کڕۆژ م
کوشتن کوشت دە کوژ م
گەیشتن گەیشت دە گە م
ویستن ویست دەمـ ەوێ ت
شووشتن شووشت دە شۆ م

***

٣. چاوگی دالی: “دن” قەد ڕەگ
    (ا، ە)ی قەد دەکەینە (ێ) – دن = ڕەگ
ناردن نارد دە نێر م
ژماردن ژمارد دە ژمێر م
سپاردن سپارد دە سپێر م
چاندن چاند دە چێن م
برژاندن برژاند دە برژێن م
ستاندن ستاند دە ستێن م
سەندن سەند دە سێن م
    چاوگ – دن = ڕەگ
شۆردن شۆرد دە شۆر م
ئاوارتە:    ئاوارتە:
کردن کرد دە کە م
بردن برد دە بە م
خواردن خوارد دە خۆ م
داڕێژراو:    
لێبووردن لێبوورد لێبوور
     

***

٤. چاوگی واوی: “وون” قەد ڕەگ
تێپەڕ:   چاوگ – ن = ڕەگ
دروون دروو دە دروو م
سوون سوو دە سوو م
جوون جوو دە جوو م
تێپنەڕ:   چاوگ – وون = ڕەگ
چوون چوو دە چ م
بوون بوو دە ب م

***

٥. چاوگی یائی: “ین” قەد ڕەگ
تێپەڕ:   چاوگ – ین = ڕەگ
پرسین پرسی دە پرس م
دزین دزی دە دز م
ماڵین ماڵی دە ماڵ م
سڕین سڕی دە سڕ م
تێنەپەڕ:    
فڕین فڕی دە فڕ م
شنین شنی دە شنێ م 
بارین باری دە بار م

***

تێبینی: هەندێک چاوگ هەن کە جاروبار پاشگری “…ەوە” وەردەگرن و بەکار دەهێنرێن: سووڕانەوە، شنینەوە. شەکانەوە، سڕینەوە.

ئاوارتە: ناوازە، ڕیزپەڕ، نائاسایی، لەیاسابەدەر = (استثناء).

تاقیکاری:

ئەگەر پێتان وایە ئەو بابەتە باش فێر بوون فەرموون لەم تاقیکارییەدا کە لەسەر دۆزینەوەی ڕەگی کار ئامادە کراوە بەشداری بکەن:

تاقیکاریی دۆزینەوەی ڕەگی کار

***

جێناوە لکاوەکان:

بۆ گەردانکردنی کار لە دۆخە جۆربەجۆرەکاندا، پێویستە “قەد” و “ڕەگ“ی کار و “جێناوە لکاوەکان” بەباشی بناسین. “جێناوە لکاوەکان” دابەش دەبنە سەر چوار کۆمەڵەی جۆربەجۆرەوە کە بریتین لە:

 

 

نموونە:
“فرۆشتن” کارێکی تێپەڕە، واتە لە ڕستەدا پێویستی بە بەرکارە. کەوا بێت لە کاتی گەردانکردندا لە دۆخی ڕابردوو تەنها بەپێی کۆمەڵەی ١ گەردان دەکرێت: (قەدی فرۆشتن + جێناوی لکاو): فرۆشت + م = فرۆشتم.
فرۆشتن: فرۆشتم، فرۆشتت، فرۆشتی، فرۆشتمان، فرۆشتتان، فرۆشتیان.

بەڵام “فڕین” کارێکی تێنەپەڕە واتە پێویستی بە بەرکار نییە. کەوا بێت بەپێی کۆمەڵەی ٢ گەردان دەکرێت: (قەد + جێناوی لکاو): فڕی + م = فڕیم.
فڕیم، فڕییت، فڕی. فڕیین، فڕین، فڕین.

لە دۆخی ڕانەبردوو هەم فرۆشتن و هەم فڕین بەپێی کۆمەڵەی ٣ گەردان دەکرێن:

(دە + ڕەگ + جێناوی لکاو).

فڕین: دەفڕم، دەفڕیت، دەفڕێت، دەفڕین، دەفڕن، دەفڕن.

فرۆشتن: دەفرۆشم، دەفرۆشیت، دەفرۆشێت، دەفرۆشین، دەفرۆشن، دەفرۆشن.

دۆخی داخوازی: بفڕە، بفڕن. بفرۆشە، بفرۆشن. بۆ کەسەکانی تر “داخوازی” بەکار ناهێنرێت.

 

کاری نائاسایی: هەندێ چاوگ هەن گەردانکردنیان ئاسایی نییە و ئاوارتە (ڕیزپەڕ)ن، وەک:

“ژیان”، “گریان”، “شیان” و هتد.

‘ژیان” تێنەپەڕە، لە دۆخی ڕابردوو، کۆمەڵەی ٢: (قەد + جێناوی لکاو):  (ژیا + م، یت، -، ین، ن، ن):

ژیام، ژیایت، ژیا. ژیاین، ژیان، ژیان.

ڕانەبردوو:

(دە + ڕەگ + جێناوی لکاو): (دە + ژی + جێناوی لکاو):

دە ژی م، دە ژی یت، دە ژی + ێت: (دەژیم، دەژییت، دژیێت)، لێرەدا دەبینن کە لە سێیەم کەسی تاک (دەژیێت) وشەیەکی سەیرە، چونکە دوو بزوێن بەدوای یەکتردا هاتوون و بێژەکردنیی قورس کردووە. لە کوردیدا دوو بزوێن بەدوای یەکتردا نانووسرێن، یان دەبێت بڵێین دەژی، یان دەبێت “ی“ی ڕەگی کار لابەرین و بڵێین “دەژێت“. هەر بۆیە کارێکی وەک “ژیان” لە کاتی ڕانەبردوودا لە سێیەم کەسی تاک کێشەی هەیە و مرۆڤ دوودڵ دەبێت ئاخۆ بڵێت “دەژیــــێـــت، دەژێت، یان دەژی“؟ (دەژیــێــت) هەڵەیە چونکە دوو بزوێن بەدوای یەکتردا هاتووە، مەگەر بێین “یـ”ی ناوبەند بخەینە نێوانی دوو بزوێنەکە و بنووسین “دەژیــیــــێــت”، کەو ئەویش بێژەکردنەکە زۆر قورس دەکات. باشترە هەر وازی لێ بهێنین و یەکێک لەو دوو شێوازەکەی تر (دەژێت، دەژی) بەکار بهێنین.

ئەو دەژی / ئەو دەژێت. 

لە دۆخی کۆدا کێشەی نییە: دەژیین، دەژین، دەژین.

نموونەی تر:

کڕین، تێپەڕە، بەپێی کۆمەڵەی ١: کڕیم، کڕیت، کڕیی، کڕیمان کڕیتان، کڕییان.

گریان، تێنەپەڕە، بەپێی کۆمەلەی ٢: گریام، گریایت، گریا، گریاین، گریان، گریان.

شیان، تێنەپەڕە، بەپێی کۆمەڵەی ٢: شیام، شیایت، شیا، شیاین، شیان، شیان.

 

***

ئاوارتە:

هەندێک کاری لێکدراو هەن کە ناکرێت بەپێی ئەو خشتەیە تێپەڕ و تێنەپەڕی دەستنیشان بکەیت. بۆ نموونە:

١. (ڕاکردن):  بەپێی کۆمەڵەی یەک (م، ت، ی، مان، تان، یان) کە بۆ تێپەڕە، گەردان دەکرێت کەچی بە پێوانەی سیمانتیکی تێنەپەڕە.

٢. (تێگەیشتن): بەپێی کۆمەڵەی دوو (م، یت، -، ین، ن، ن) کە بۆ تێنەپەڕە، گەردان دەکرێت کەچی بە پێوانەی سیمانتیکی تێپەڕە.

٣. هەموو ئە کارانەی کە لە دەنگە سروشتییەکانەوە وەرئەگیرێن بەهۆی پاشگری (اند – ێن) تێنەپەڕن، کەچی هەموویان لە ڕابردوودا کۆمەڵەی یەکەم (م، ت، ی، مان، تان، یان) وەرئەگرن:
چریکاندن: من چریکاندم، تۆ چریکاندنت، ئەو چریکاندی، ئێمە چریکاندمان، ئێوە چریکاندتان، ئەوان چریکاندیان.

٤. دەستەی (م، یت، -، ین، ین، ن) واتە کۆمەڵەی دوو، لەگەڵ تێپەڕیشدا لە ڕابردوو دەردەکەوێت، وەک:
(ئەو بۆی هێنام – من بۆم هێنایت – ئەو بۆی هێنا – تۆ بۆت هێناین – ئەو بۆی هێناین – من بۆم هێنان).

جیاکردنەوەی تێپەڕ و تێنەپەڕ لە زمانا بەگشتی کێشەیەکی ئاڵۆزە و هەر ڕێبازەش بۆچوونی تایبەتی خۆی هەیە.


بۆ زانیاریی زۆرتر بڕوانە: 

پیتۆکەکانی زمانی کوردی، پ. وریا عومەر ئەمین، ل. ٥١).

***

 

تەواو