نیسان 6, 2023 Narges Hashemi

شەرمەزارکردنی حکوومەتی ئێران

نووسین: نەرگس هاشمی

کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕژێمێکی ملهوڕە کە لەلایەن زۆربەی وڵاتانی دنیا و خەڵکی جیهانەوە بەردەوام شەرمەزار دەکرێت. هەموو وڵاتان ویستوویانە و دەیانەوێت پاڵەپەستۆ بخەنە سەر حکوومەتی ئێران و پێیان ڕابگەیەنن کە ئەم وڵاتانە دژی ئەو هەڵسوکەوتانەی حکوومەتی ئێرانن. بۆ نموونە هەندێک لە ئەندامانی پەرلەمانی سوید لە ساڵی ٢٠٢٢ لەژێر ناونیشانی

Åtgärder mot regimen i Iran = ڕێوشوێنی دژ بە ڕژێم لە ئێران

پێشنیارێکیان ئاراستەی پەرلەمان سوید کردبوو بۆ بڕیاری پەرلەمان و لە پێنج خاڵدا ئاماژەیان کردبوو کە:

١. پەرلەمانی سوید پشتگیری لەوە دەکات کە لە پێشنیازی زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێراندا هاتووە و ئەمە بە حکومەت ڕادەگەیەنێت.

٢. پەرلەمانی سوید پشتیوانی لەوە دەکات کە لە پێشنیازی شەرمەزارکردنی توندوتیژیی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەدا هاتووە و ئەمە بە حکوومەت ڕادەگەیەنێت.

٣. پەرلەمانی سوید پشتگیری لەوە دەکات کە لە پێشنیازی پێداچوونەوە بە سیاسەتی سوید بەرانبەر بە ئێراندا هاتووە و ئەوەش بە حکومەت ڕادەگەیەنێت.

٤. پەرلەمانی سوید پشتگیری لەوە دەکات کە لە پێشنیازی زیادکردنی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێراندا هاتووە و ئەمە بە حکومەت ڕادەگەیەنێت.

٥. پەرلەمانی سوید پشتگیری لەوە دەکات کە لە پێشنیازی پێداچوونەوە بە چالاکییە دژە دیموکراسیەکانی ڕێژیمی ئێران لە سویددا هاتووە و ئەمە بە حکوومەت ڕادەگەیەنێت.

ئەو ئەندام پەرلەمانانە هۆکاری ئەو پێشنیارەیان وا باس کردبوو کە چارەنووسی ژینا مەهسا ئەمینی بۆتە هێمای زوڵم و زۆرداریی دیکتاتۆریی ئیسلامی، بەڵام چارەنووسی ئەویش کاتالیزەری شەپۆلی ناڕەزایەتیی ملیۆنان کەسە کە ئێستا لە ئێران بۆ ئازادی خۆپیشاندان دەکەن.

هەروەها لە بەشێکی تردا دەڵێن:
ئێستا ٤٣ ساڵە دەستی ئاسنینی دیکتاتۆری و ئیسلامی بە ژیانی خەڵک لە ئێراندا تێپەڕیوە. لە سۆشیال میدیا، وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکانی ناڕەزایەتییە گشتییە کیلۆمەترییەکان، فڕێدانی سەرپۆشی خوێندکاران لە قوتابخانە، ئەو ژنانەی کە گۆڕەپانەکان و شوێنە گشتییەکان دەگرنەوە بڵاودەکرێنەوە هەروەها وێنەی توندوتیژییە زیادەڕۆییەکانی سەربازی، تۆپباران، زیندانیکردن، ئەشکەنجەدان و تەرمی مردووەکان بڵاودەکرێنەوە.

***

نەرگس هاشمی

2023-04-06