شوبات 16, 2023 Diyako Hashemi

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک

دیمانە لەگەڵ دیاکۆ هاشمی لەسەر ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک PDF

دیاریی ئەکادیمیای کوردی بۆ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ٢٠٢٤/٠٢/٢١

ئامادەکردن: دیاکۆ هاشمی

کاتیەتی لەو وڵاتانەدا کە بە زۆرەملێ یەک زمان بەسەر نەتەوەکانی تری ناو ئەو وڵاتەدا دەسەپێنن، بەپێی بڕیاری یونسکۆ، داوای پەروەردە و خوێندنی فرەزمانی بکرێت:
***

تەوەری ساڵی ٢٠٢٣ی یونسکۆ بۆ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک:

International Mother Language Day
Multilingual education a necessity to transform education.
***

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک
پەروەردەی فرەزمانی پێویستییەک بۆ گۆڕینی پەروەردە.
***
روز جهانی زبان مادری
آموزش چند زبانه ضرورتی برای تغییر آموزش

***

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک پیرۆز بێت

دەتوانن ئەم پەیامەی خوارەوە لێرەش بە دەنگ گوێ بگرن، ماوەی وتن: 03:45 خولەک:

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە هەموو مامۆستایان و فێرخوازانی زمانی کوردی پیرۆز بێت.
سوپاس بۆ هەموو ئێوەی هێژا کە شەووڕۆژ لە هەوڵ و کۆششدان بۆ فێرکردن و فێربوون و گەشەپێدان و جێگیربوونی زمانی کوردی.
با بەردەوام پێکەوە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێت بکەینە قوتابخانەیەک کە هیچ شتێک نەتوانێت پێشی پێ بگرێت.

سوپاس بۆ هەموو مامۆستایان و فێرخوازانی فێرگە جۆربەجۆرەکانی زمانی کوردی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی وەک:

 تێلێگرام، ئینستاگرام، فەیسبووک و ماڵپەڕەکان و تەنانەت یوتووب و هتد.

زۆر زۆر سوپاس بۆ ئەو مامۆستایانەی کە لە قوتابخانەکانی باشووردا ڕۆژانە خەریکی وانەوتنەوەی زمانی کوردین، بەتایبەت ئەوانەی کە مامۆستای ڕێزمانن و بەو شێوەیە زمانی کوردی بە گەشەسەندوویی دەهێڵنەوە. هەر بژین و دەستتان خۆش بێت.

با لە قوتابخانەکاندا بایەخ بە زمانی کوردی بدەین و هەموو هەڵەیەکی ڕێنووسی، ڕێزمانی و تایپۆلۆجی ڕاست بکەینەوە. با قوتابی لە بنەڕەتەوە فێری زمانێکی پاراوی بێهەڵە بکەین.
با تابلۆی شەقامەکان و فەرمانگەکان ڕاست بکرێنەوە.

با لە ڕۆژهەڵات هەوڵ بدرێت زمانی کوردی خاوێنتر بکرێتەوە. با وشەی ناکوردی کە بەرانبەریان بە کوردی هەیە، لاببرێن و بە وشەی کوردی جێگیر بکرێن.

با خوێندەوارەکانمان کە بە فارسی زانکۆیان خوێندووە و لە بابەتێکدا پسپۆڕییان بەدەست هێناوە، هەوڵ بدەن کە چەمک، وشە و زاراوە زانستییەکانی ئەو بوارە بە کوردی فێر بن. با لە کاتی لێدوان و قسەکردن لەو بوارانەدا بە کوردییەکی پاراو بدوێن نەک بە وشەی ناکوردی.
با هەوڵ بدەین زمانەکەمان بکەینە بنەمایەک بۆ زمانێکی دیجیتاڵی، تا بکرێت لە کۆمەڵێک پرۆگرامی جۆربەجۆر بەکار بهێنرێت.
پێشتر زمانەکەمان خرایە لیستی وەرگێڕانی گووگڵەوە. ئەمە شۆڕشێکی گەورە بووە بۆ زمانەکەمان. کوردی بە جیهانی دەرەوە زۆر نزیکتر کردەوە. دەستی ئەوانە خۆش بێت کە لەو پڕۆژەیەدا بەشدار بوون و ماندوو بوون.

هیوادارم زمانی کوردی لە داهاتوودا بە شێوەی دەنگیش ئامادە بکرێت، تا هەموو دەقێک بە کرتەیەک بە دەنگ بخوێنرێتەوە، یان بە قسەکردن وتەکانمان بگۆڕدرێت بۆ دەنگ، تا بکرێتە بنەمای بۆ نموونە وەرگێڕانی ژێرنووسی فیلم بە خۆکار (ئۆتۆماتیک) و دەیان پرۆگرامی تر.
با لە دووبەرەکی خۆمان بپارێزین، هەڵەی یەکتر نەکەینە هۆکارێک بۆ شکاندنەوەی یەکتر، بەڵکوو بیکەینە پردێک بۆ لێکبەستنەوەمان و کۆکردنەوەمان لە دەوری یەکتر.
پێکەوە بەهێزین و بێ یەکتر وەک پەتێکی پسۆک و پچڕۆکین.
با پێکەوە زمانێکی پتەوی جێگیر دروست بکەین. زمان سامانی هەموومانە، ئەرکی ڕاژەکردنی بە ئەستۆی هەموومانە. بە هەموومانەوە دەتوانین ڕاژەی بکەین.
دڵمان لای ئەوانەیە کە پێنووسیان لێ سەنراوەتەوە و لەبەر وانەوتنەوەی کوردی کۆت و زنجیر کراون و لە جێی قوتابخانە لە بەندیخانەدان.
ڕۆژێک دێت هەر فێرخوازێک دەبێتە مامۆستایەک.
ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکتان لێ پیرۆز بێت.


پێناسەی زمان، دیاکۆ هاشمی:

  1. ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک
  2. دەتوانن ئەو وتارەی سەرەوە لێرە بە دەنگ گوێ بگرن:
  3. دیمانە زمانی دایک، دیاکۆ:
  4. ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، ئاسۆسات، دیاکۆ:
  5. ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، دیاکۆ، نەجمەی غوڵامی، دەنگ:
  6. ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، دیمانە ڕۆنان دیاکۆ:
  7. ناسری ڕەزازی، تەلەفۆن:
  8. ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، دیاکۆ: