هێمن ژاڵە

شوبات 3, 2023 Narges Hashemi

هێمن ژاڵە

ئەشکەنجە پێش لە دادگاییکردن

نووسین: نەرگس هاشمی

لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، گرنگ نییە یاسا چی بڵێت. چونکە یاسا تەنیا بۆ سەر کاغەزە. بە کردەوە زۆر لە یاساکان هەرگیز جێبەجێ ناکرێن و بەتەواوی پشتگوێ دەخرێن.

بۆ نموونە لە مادەی ٢٩ یاسای بنەڕەتیی ئێراندا دەڵێت:

(تعذيب انسان ممنوع است هيچ شخص نمى تواند حتى به مقصد کشف حقايق از شخص ديگر اگر چه تحت تعقيب، گرفتارى يا توقيف و يا محکوم به جزاء باشد به تعذيب او اقدام کند يا امر بدهد.)

واتە:

(ئەشکەنجەدانی مرۆڤ ڕێپێنەدراوە، هیچ کەس ناتوانێت تەنانەت بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، کەسێکی تر ئەگەرچی داواکراو بێت، تووشبوو بێت، دەستبەسەر بێت و یان سزای بەسەردا سەپێنرابێت، ئەشکەنجە بدات یان فەرمانی بەسەردا بدات.)

کەچی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە کردەوە ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون، بە دڕندەترین شێوە ئەشکەنجە دەدەن، سەر و شان و قۆڵ و دەست و لاق و ئەژنۆ و پێیان ورد دەکەن و دەیشکێنن. وەک دڕندە و ئاژەڵ هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکەن و بێڕێزی و سووکایەتییان پێ دەکەن.

لە ماددەی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا نووسراوە:

(اظهار ، اقرار و يا شهادتى که از متهم يا شخص ديگرى به وسيله اکراه بدست آورده شود اعتبار ندارد.

اقرار بجرم عبارت است از اعتراف متهم با رضايت کامل و در حالت صحت ادراک عقل درحضور محکمه با صلاحيت.)

واتە:

(لێدوان، دانپێدانان، یان ئیفادەیەک کە لە تۆمەتبار یان کەسێکی دیکە بە زۆرەملێ بەدەست بێت، بایەخی نییە.

دانپێدانان بە تاوان بریتییە لە دانپێدانانی تۆمەتبار بە ڕەزامەندیی تەواو و لە دۆخی تێگەیشتنی ئاوەز لە بەردەم دادگای شیاودا.)

هەزاران دیلی دەستی کۆماری ئیسلامی بەڵگەی تەواون بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئەو یاسا بنەڕەتییە بەهیچ شێوەیەک جێبەجێ ناکرێت. بەڵکوو پێچەوانەکەی، واتە سزا و ئەشکەنجەی دڕندانە چاوەڕێی دەستبەسەرکراوەکان دەکات.

نموونەی ئەوانە هێمن ژاڵەیە کە خەڵکی شاری کرماشانە. لە خۆپیشاندانەکانی کرماشاندا دەستبەسەر کرا و پێش لە دادگاییکردن سەر و قۆڵ و دەست و لاق و پێیان لە چەند لاوە شکاند و ئەو پەڕی بێڕێزییان پێ کردووە. هەروەها بەزۆر و لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانە بەڵگەیان پێ واژۆ کردووە کە گوایە پارەی لە باشوور وەرگرتووە بۆ ئەوەی بێت و لەناو ئێراندا خۆپیشاندان وەڕێ بخات.

ناوبراو بە دانی بارمتە بۆ ماوەیەکی کاتی بەریان دا تا دوایی بچێت بۆ دادگا، بۆ دادگاییکردن. ئەویش کە دەیزانی بەزۆر و ئەشکەنجە زۆر شتیان پێ واژۆ کردووە و ئەگەر پێی بگاتە دادگا یەکسەر لەبەر ئەو دانپێدانانە قورسترین و مەرگبارترین سزای بەسەردا دەسەپێنرێت، یەکسەر هەڵات و بە برینداری خۆی شاردووەتەوە.

لەم ڤیدیۆیەدا ئەو کارەساتە پڕ لە ئەشکەنجە و مەرگاوییە بە دەنگ و ڕەنگی هێمن ژاڵە دەبینن:

نووسین: نەرگس هاشمی سوید 03-02-2023