ئاوڕێک لە سەروا

كانونی دووه‌م 30, 2023 Diyako Hashemi

ئاوڕێک لە سەروا (قافیه)

نووسین: دیاکۆ هاشمی

ئاخۆ چۆن شیعرێکی سەروادار بناسینەوە؟

زۆر جار بەناو شاعیرانەوە شتێک بڵاو دەکرێتەوە، یان کەسێک شیعرێکی کرچ و کاڵ دەهۆنێت، ڕەنگە کۆتایییەکانی وەک یەک بن، بەڵام لە دیدی هۆنراوەزانییەوە چەند پیتی وەک یەک مەرج نییە بە سەروا هەژمار بکرێن. لێرە ئاوڕێکی خێرا لەوە دەدەینەوە:

بەگشتی، دەکرێت بوترێت کە ئاخرین بزوێن و هەموو پیتەکانی پاش بزوێن لە وشەی سەروادا دەبێت وەکوو یەک بن تا بتوانن سەروا دروست بکەن.

بۆ نموونە ئەگەر شیعرێکمان هەبێت کە بەم جۆرە کۆتاییی هاتبێت:

. دەست
هەست

(دەست / هەست)، لێرەدا ەست لە هەر دوو وشەکاندا وەکوو یەکن و هەر کامیشیان بەشێکن لە وشەکان، کەوا بێت:

١. وشەکانی (دەست/هەست) هەردووکیان وشەی سەروادارن.

٢. لە (دەست/هەست) سەروا بریتییە لە ەست.

ئاخرین پیتی هاوبەشی ئەو وشانەش پێی دەوترێت: (ڕەوی)، کەوا بێت لە وشەکانی (دەست / هەست)،

٢. ت کە دوایین پیتی هاوبەشیانە، پێی دەوترێت ڕەوی.

ئەگەر پیتی تر بە (ڕەوی)ەوە بلکێن کە دووپات ببنەوە و بۆ نموونە جێناوی لکاو بن، ئیتر ئەوانە بە سەروا هەژمار ناکرێن، چونکە ئەوانە بەشێک لە وشە سەرەکییەکان نین. واتە ئەگەر هۆنراوەکە وا بێت:
. دەستمان
هەستمان

لە (دەستمان / هەستمان)دا، مان تەنیا پیتەلکاون کە لکێنراون بە (ڕەوی) واتە لکاون بە ت. کەوا بێت:

٣. مان بەشێک لە وشەی سەروا نین و لە هەر دووکیشیاندا دووپات بوونەتەوە.

دەرەنجام:

ئەگەر کەسێک بۆ نموونە هۆنراوەیەکی وا بهۆنێت:

. دایک
ماڵ

یەکسەر دەزانین کە دوو وشەی (دایک / ماڵ) پێکەوە سەروایان نییە.

دوابزوێنی وشەی (دایک)، بریتییە لە ا. دوابەشی دوای ئەو بزوێنە بریتییە لە یک.

دوابزوێنی وشەی (ماڵ) بریتییە لە ا. دوابەشی دوای ئەو بزوێنە بریتییە لە ڵ.

چونکە دوابەشی پاش بزوێنەکانیان هاوبەش نین (یک/ڵ). کەوا بێت پێکەوە سەروا دروست ناکەن. هەروەها دوا پیتیشیان وەک یەک نییە، کەوا بێت (ڕەوی)شیان نییە. ئەگەریش بێت و بنووسین:

. دایکمان
ماڵمان

بە زیادکردنی جێناوی لکاوی مان هێشتا هەر سەروا دروست نابێت،  چونکە (مان) بەشێک لە وشە سەرەکییەکان نین تا سەروا دروست بکەن، بەڵکوو پیتی لکاون کە لکێنراون بە  ک و ڵ کە دواپیتی وشەکانن.

دوو پیتی ک و ڵ تەنانەت ڕەوییش نین، چونکە بەشێک لە وشەسەرەکییەکە نین.

مان جێناوی لکاون، لە هەردووکیاندا وەکوو یەک دووپات بوونەتەوە و ناتوانن سەروا دروست بکەن.

***

ئەگەر چاو لەم هۆنراوەیە بکەین کە بە ناوی مامۆستا فایەق بێکەسەوە بڵاو بووەتەوە دەبینین کە  سەروای نییە، ڕەویی نییە. کەوا بێت دوورە لە هونەری هۆنراوەسازییەوە:

ئێمە مناڵین، وەتەن دایکمانە

مامۆستا باوکە، مەکتەب ماڵمانە

قوتابی هەموو وەک برامانە

کوردی خۆشەویست نووری چاومانە

هەروەها لە (برا مانە/چاو مانە)شدا وەک دەبینن سەروا بەدی ناکرێت. واتە ئەم شیعرە دوورە لە ڕێساکانی شیعرێکی سادەی سەروادار.

***

پرسیار و وەڵام:

لەم هۆنراوەیەی خوارەوەدا وشەی سەروادار، سەروا، ڕەوی کامانەن؟

عومرێکە بە میزانی ئەدەب توحفە فرۆشم

زۆرم وت و کەس تێی نەگەیی، ئێستە خەمۆشم

وەڵام:

وشە سەروادارەکان بریتین لە: فرۆش، خەمۆش،

هەڵبەت ئەگەر توحفە فرۆش پێکەوە بنووسین و وەک وشەیەکی لێکدراو چاوی لێ بکەین دەبێتە توحفەفرۆش، کە لە ڕاستیدا ڕێنووسەکەی پێکەوە دروستە، چونکە وشەی لێکدراوە. لەو کاتەدا بەو جۆرە سەروایانە کە بەشێکی لە وشەیەکی لێکدراودایە پێی دەوترێت: (ایطا جلی). لە ڕاستیدا ئەوانە عیوب قافیهیان هەیە.

سەروا بریتییە لە: ۆش.

ڕەوی: ش دواپیتی سەروایە کە لە هەر دووکیاندا دووپات بووەتەوە. 

لێرەدا م پیتەلکاوە.

کەوا بێت:

وشەی سەروادار: فرۆش، خەمۆش.

سەروا: ۆش.

ڕەوی: ش.

پیتەلکاو: م. 

***

هەروەها دەتوانن چاو لەم پرۆگرامە بکەن بۆ دیاریکردنی کێش لە شیعری عەرووزیدا.