محاربه، بغی و افساد فی الارض

كانونی دووه‌م 1, 2023 Narges Hashemi

سێ تاوانە ترسناکەکە

محاربه، بغی و افساد فی الارض

نووسین: نەرگس هاشمی

لە یاساکانی ئێراندا تاوانی زۆر هەن کە سزاکەی دەبێتە هۆی کوشتن و بڕینی ئەندام و سزای جەستەیی، بۆ ئەو کەسانەی لە دیدی یاساوە هەڵەکار و تاوانکارن، بۆ وێنە مرۆڤکوژ یان دەستدرێژیکەری جنسی و هتد.

هاوکات سزای زۆری تریش هەن کە ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازن و بە تاوانی ئەوەی دژی حکوومەت وەستاون سزای بەندیخانەی کورتخایەن و درێژخایەنیان بەسەردا دەسەپێنرێت.

بەڵام زۆر جار ئەو تاوانانەی کە سزاکەیان بەپێی یاسا چەند ساڵ بەندیخانەیە، دەتوانێت بگۆڕدرێت بۆ سزای مەرگ، بۆ نموونە:

ماده ۴۹۸

هر کس با هر مرامی، دسته، جمعیت یا شعبه جمعیتی بیش از دو نفر در داخل یا خارج از کشور تحت هر اسم یا عنوانی تشکیل دهد یا اداره نماید که هدف آن بر هم زدن امنیت کشور باشد و محارب شناخته نشود به حبس از دو تا ده سال محکوم میشود.

مادەی ٤٩٨

هەرکەسێک بە هەر بۆچوونێکەوە، دەستە، کۆڕ یان لقەئاپۆرەیەکی زیاتر لە دوو کەس لە ناوخۆ یان دەرەوەی وڵات بە هەر ناوێک یان ناونیشانێک پێک بهێنێت یان بەڕێوەی ببات کە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی وڵات بێت و بە موحارب نەناسرێت، سزای دوو تا دە ساڵ بەندیخانەی بەسەردا دەسەپێنرێت.

واتە گرنگە نییە سزاکەی بەندیخانە بێت یان نە، چونکە نووسراوە ئەگەر بە موحارب نەناسرێت، ئەوە سزای بەندیخانەی هەیە. واتە ئەگەر کەسەکە بە موحارب بناسرێت ئیتر سزای بەندیخانەکە فریای ناکەوێت و بە موحارب دەکرێت دەستبەجێ سزای مەرگی بەسەردا بسەپێنرێت.

هەروەها سزای واش هەن کە شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازانی پێ دەچێتە سەر دار و لەسێدارە دەدرێن یان تیرباران دەکرێن. هەڵبەت ئەگەر لە کاتی دەستبەسەربووندا، نەبووبنە بەر تەقە و گوللە و دەستڕێژ و بەبێ دادگاییکردن نەکوژرابن یان لە کاتی لێپرسینەوە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست نەدابێت.

لێرەدا باسی سێ تاوانە ترسناکەکە دەکەین کە ساڵانێکە خەڵکی قارەمان و شۆڕشگێڕی پێ دەکوژن، بەتایبەت لەم دوایییانەدا لە سەردەمی شۆڕشی ژینا ئەمینی، سزای کوشتنی زۆر کەسیان پێ جێبەجێ کردووە. ئەویش سێ تاوانی ترسناکە کە سزای مەرگی لەسەرە، هەرگیز هەڵناوەشێتەوە، وەدوا ناخرێت و بە سزای تر ناگۆڕدرێت، چونکە جۆری سزاکان پێی دەوترێت حەد (حد):

 سێ تاوانی گەورە هەن کە سزای قۆڵبڕین، پێبڕین، شاربەدەرکردن و کوشتنیان لەسەرە. ئەمانە بریتین لە:

محاربه، بغی و افساد فی الارض

محاربە تاوانەکەیە و بە تاوانبارەکە دەوترێت: محارب.

بغی تاوانەکەیە و بە تاوانبارەکە دەوترێت: باغی.

افساد فی الارض تاوانەکەیە و بە کەسەکە دەوترێت: مفسد فی الارض.

 با بزانین جیاوازییەکانیان چین:

محارب

به کسی اطلاق می شود که با در دست داشتن سلاح و استفاده از آن به قصد جان، مال و ناموس مردم و یا برای ترساندن آنها موجب برهم زدن امنیت عمومی جامعه گردد.

موحارب (شەڕکەر)

موحارب بە کەسێک دەگوترێت کە چەک لە دەست و بە بەکارهێنانی بە مەبەستی کوشتنی گیان و ماڵ و شەرەفی خەڵک، یان ترساندنیان، ببێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی گشتیی کۆمەڵگە.

باغی 

به کسی گفته می شود که در مقابل اساس نظام جمهوری اسلامی ایران به نحو مسلحانه قیام کند.

باغی (یاخیبوو)

بە کەسێک دەگوترێت کە دژی بنەمای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەی چەکدارانە ڕاپەڕێت.

مفسد فی الارض 

کسی است که به نحو وسیع مرتکب جرائمی علیه جان افراد، امنیت کشور، برهم زدن نظم اقتصادی، پخش مواد سمی و میکروبی و ایجاد مراکز فساد و فحشا به طوری که موجب برهم زدن امنیت عمومی، ورود خسارت به جان و مال افراد و موجب اشاعه فحشا گردد اطلاق می شود.

مفسد فی الارض (گەندەڵ لە زەوی)

کەسێکە بە شێوەیەکی بەرفراوان تووشی تاوانی دژ بە گیانی کەس، ئاسایشی وڵات، تێکدانی تەکووزیی ئابووری، بڵاوکردنەوەی مادەی ژەهراوی و میکرۆبی و پێکهێنانی ناوەندی گەندەڵی و لەشفرۆشی دەبێت بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی گشتی، گەیاندنی زیان بە گیان و ماڵی خەڵک و بڵاوبوونەوەی لەشفرۆشی.

بەم جۆرە دەبینین کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕێگەی یاسایی زۆر هەیە بۆ کوشتنی ئازادیخوازان و نەیارانی حکوومەت. کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو ڕۆژەوە هاتووەتە سەر کار دەیان هەزار خەڵکی ئازادیخوازی کوشتووە و یەک چرکەش لە تاوانە قێزەونەکانی سڵی نەکردووە.

***

نووسین: نەرگس هاشمی، سوید