ژینا ئەمینی

تشرینی یه‌كه‌م 25, 2022 Narges Hashemi

2022-10-25

ژینا ئەمینی

ژن، ژیان، ئازادی

نووسین: نەرگس هاشمی

ژینا ئەمینی، کچەکوردیکی ٢٢ ساڵان کە بوو بە ڕەمزێک بۆ ژن، ژیان، ئازادی.

ژینا بووە ناوێکی گەورە و مەزن و بەناوبانگ لە مێژوودا، نەک لە مێژووی کوردستان، نەک لە مێژووی ئێران، بەڵکوو لە مێژووی هەموو جیهان. وەک نوێنەری هەموو ژنان، نوێنەری هەموو ئازادیخوازان. هیچ کەسایەتییەکی سیاسی بە قەد ناوی کەسایەتیی ژینا ناوبانگی بۆ ئازادیخوازی دەرنەکرد.

کارێک کە بە حیزبە بەرهەڵستکارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی خەباتیاندا دژ بەو حکوومەتە دڕندەیە نەکرا، بە ژینا کرا. ورەی خەڵکی بەرز کردەوە، خەڵکی ورووژاند، شەقام و گەڕەک و شار و وڵات وزەیان وەرگرت بۆ ڕاپەڕین، بۆ شۆڕش، بۆ داڕووخانی حکوومەت.

ناوە پیرۆزەکانی ناو ئێرانی لە پیرۆزی خست. خومەینی، خامنەیی، قاسم سلێمانی، حکوومەتی ئیسلامی، ولایەتی فەقیهـ، ئاخوند، جەماران، سپای پاسداران، عەمامە و هتد. هەموویان بێڕێز کران. ئابڕوویان چوو. لە مێژوودا بوون بە زبڵ و بەزوویی لە زبڵدانی مێژوودا بۆ هەمیشە دەنێژرێن.

دڕندەترین حکوومەتی ملهوڕی مێژووی هێناوەتە لەرزە و چۆکی پێ داداون. ترسی خستووەتە دڵی هەموو دەسەڵاتدارانی گەندەڵی خاوەن پلە و پایە و لە ترسا خەریکن پەیتا پەیتا دەستی ماڵ و منداڵیان دەگرن بۆ ئەوەی نەکەونە بەر ڕق و تۆڵەی خەڵکی ڕاپەڕیو.

ژینا ناوی کوردی زیاتر پەرە پێ دا لە جیهاندا. جیهانی تێ گەیاند کە جوانترین و ناسکترین کچە کوردەکان لە کۆماری ئیسلامیدا پارێزراو نین. لێیان دەدرێت، ئەشکەنجە دەکرێن و لەسەر سادەترین و بێبایەخترین شت دەکوژرێن.

ژینا جیهانی تێ گەیاند کە ناوێکی کورتی کوردیی چوارپیتی، لە کۆماری ئیسلامی تاوانە. کارتی پێناس و ناسنامەی پێ نادرێت، پەساپۆرتی پێ نادرێت، دانامەزرێت، ڕێگە نادرێت بەو ناوەوە بچێتە قوتابخانە. هەر بۆیە ناچارن ناوێکی فارسییش هەڵبژێرن، بۆ ئەوەی بەو ناوە خوازراوە، زۆرەملێیە، ناکوردییە بتوانێت بژی، هەناسە بکێشێت، سەفەر بکات. بەڵام ژینا نەیزانی نەک تەنها ناوەکەی بڤەیە، بەڵکوو خاوەنی ناوەکەش کە کوردە بڤەیە، بە تاوانبار چاوی لێ دەکرێت، زوو دەخرێتە بەر هێرشی مەرگاوی. لەسەر چی؟

لەسەر چەند تاڵە بسک کە دەرکەوتووە. بسک لای شاعیری کورد هەوێنی جوانترین و ناسکترین هۆنراوەیە:

ئەسیری بسکی ئاڵۆزی کچەکوردێکی نەشمیلم

تەماشا کەن چە سەیرێکە، بە دەستی دیلەوە دیلم.

مامۆستا هێمن

ژینا بووە بە ڕەمزێک بۆ ژن، بۆ ژیان، بۆ ئازادی، بۆ ناوی کوردی، بۆ ڕاپەڕین، بۆ  شۆڕش، بۆ داڕووخان، بۆ دەیان شتی گرنگی تر

ڕۆژێک دەبێت گەورەترین پەیکەری بەرز لە ژینا دروست بکەن کە لە هەموو لایەکەوە دیار بێت. چونکە ژینا ژینی بۆ کۆیەلایەتی هێنا.

***

نووسین: نەرگس هاشمی، سوید،

 2022-10-25