ئه‌یلول 4, 2022 Diyako Hashemi

نووسینی دیاکۆ هاشمی

2022-09-04

نووسینی ییی:

سێ ی (ییی)، بەگشتی لەم دۆخانەدا بەکار دەهێنرێن:

 

دۆخی یەکەم:

١. کاتێ کە یەکێکیان مۆرفیمە، ئەرکێکی سینتاکسی و ڕێزمانیی هەیە. واتە وەک ئامرازی دانەپەڵ هەژماری بۆ دەکرێت.

بەرزایی + ی + چیا = بەرزاییی چیا.

قووڵاییی دەریا.

پاوەییی زیرەک.

یی سێیەم مۆڕفیمە، ئەرکێکی سینتاکسی و ڕێزمانیی هەیە. لێرەدا ئامرازی دانەپاڵ (خستنەسەر)ە. هەرگیز نابێت لە نووسیندا لەبیر بکرێت.

 

دۆخی دووەم:

٢. لێرەشدا یی سێیەم مۆڕفیمە، ئەرکێکی سینتاکسی و ڕێزمانیی هەیە. لێرەدا ئامرازی دانەپاڵ (خستنەسەر) نییە، بەڵکوو جێناوی لکاوی سێیەم کەسی تاکە. هەرگیز نابێت لە نووسیندا لەبیر بکرێت. وەک لە:

ئەو ڕەنگی پەمەییی پێ جوانە.

پەمەیی + ی = پەمەییی

واتە جێناوی لکاوی سێیەم کەسی تاکە لە (م، ت، ی):
پەمەییم
پەمەییت
پەمەییی

کەوا بێت لەوێشدا ئەرکێکی سینتاکسی و ڕێزمانیی هەیە و نابێت لە نووسیندا لەبیر بکرێت.

***

٣. لێرەشدا یی سێیەم مۆڕفیمە، ئەرکێکی سینتاکسی و ڕێزمانیی هەیە. جێناوی لکاوی سێیەم کەسی کۆیە. هەرگیز نابێت لە نووسیندا لەبیر بکرێت. وەک لە:
ئەوان ڕەنگی پەمەیییان پێ جوانە.

پەمەیی + یان = پەمەیییان.

واتە جێناوی لکاوی سێیەم کەسی کۆیە لە (مان، تان، یان):

پەمەییمان
پەمەییتان
پەمەیییان

کەوا بێت لێرەشدا ئەرکێکی سینتاکسی و ڕێزمانیی هەیە و هەرگیز نابێت لە نووسیندا لەبیر بکرێت.

 

دۆخی سێیەم:

١. کاتێ کە یەکێکیان مۆرفیم نییە، ئەرکێکی فۆنۆلۆژیی هەیە، نەک ئەرکی سینتاکسی یان ڕێزمانی: وەک: بەرزایییەکان.

بەرزایی + ی + ەکان: بەرزایییەکان.

یی سێیەم مۆڕفیم نییە. ئەرکێکی ڕێزمانی و سینتاکسیی نییە. تەنیا ناوبەندێکە و ئەرکی ڕێنووسیی هەیە کە ناهێڵێت دوو بزوێن بەدوای یەکتردا بنووسرێن.

 

پوختە:

ییی

 

١. لە نموونەی وەک بەرزاییی چیا، قووڵاییی دەریا، لاکێشەییی جوان. یی سێیەم ئەرکی سینتاکسی و ڕێزمانیی هەیە. ئامرازی دانەپاڵ (خستنەسەر)ە. مۆڕفیمێکی جیا و سەربەخۆیە. بۆ جوانکاری دەلکێت بە وشەی پێش خۆیەوە. هەرگیز نابێت لەبیر بکرێت.

٢. لە نموونەی وەک: ئەو ڕەنگی پەمەییی پێ جوانە. ئەوان ڕەنگی پەمەیییان پێ جوانە. یی سێییەم جێناوی لکاوە لە (م، ت، ی) و (مان، تان، یان). ئەرکی سینتاکسی و ڕێزمانییان هەیە. هەرگیز نابێت لەبیر بکرێت.

 

٣. لە نموونەی وەک بەرزایییەکان، ڕەشایییەکان، ڕۆژاوایییەکان. یی سێیەم ئەرکی فۆنۆلۆژیی هەیە. ئەرکی سینتاکسی و ڕێزمانیی نییە. ناوبەندێکە کە تەنیا ئەرکی ڕێنووسیی هەیە بۆ ئەوەی نەهێڵێت دوو بزوێن بەدوای یەکتردا بنووسرێن. 

ئەمە لە بڕیارەکانی ڕێنوسی ئەکادیمیادا هەر بە ییی نووسراوە. بەڵام پرۆفیسۆر وریا عومەر ئەمین لە وتاری “کێشەی (ی) لە ڕێنووسی کوردیدا” پێشنیار دەکات کە لەم دۆخەدا هەر بنووسرێت بەرزاییەکان، ڕەشاییەکان و هتد، چونکە ئەرکی سینتاکسی و ڕێزمانیی نییە. 

***
زانیاریی زیاتر: کێشەی (ی) لە ڕێنووسی کوردیدا. پرۆفیسۆر وریا عومەر ئەمین

 

***