ئاب 26, 2021 Diyako Hashemi

ئامادەکردنی دیاکۆ هاشمی 

2021-08-25

نوێکردنەوە: 2021-08-27

 

وشەی (جوانترین) چەند بڕگەیە؟

 

ئەم وشەیە لە بنەڕەتدا لە سێ بەش پێک هاتووە (جوان + تر + ین).

 

(جوان):  

پیتی ج و و واتە جو پێکەوە هێشوو دروست دەکەن، واتە هیچ بزرۆکەیەک لە نێوانیاندا نییە، کەوا بێت هەموو وشەکە تەنها یەک بزوێنی تێدایە (جوان CCVC). واتە وشەی (جوان cwan) یەک بڕگەیە.

بێگومان هەست بە نیمچەبزرۆکەیەک لە نێوان ج و ودا دەکرێت، بەڵام ئەوە ئەوەندە کورتە کە زمانەوانانی کورد بە بزوێنێکی تەواو هەژماری ناکەن و پێی دەڵێن هێشوو، واتە بزوێن لەنێوانیاندا نییە.

بۆ زانیاریی زیاتر  لەسەر: هێشوو.

(تر):

(تر) هەم دەتوانێت وەک ئامرازی بەراورد بەکار بهێنرێت و هەمیش وەک وشە بەکار بهێنرێت بە واتای (دیکە). بۆ نموونە: لە ڕۆژێکی تر

هیچ وشەیەک لە کوردیدا ناتوانێت بەبێ بزوێن بێت کەوا بێت (تر tir) یەک بزوێنی هەیە کە لێرەدا پێی دەوترێت بزرۆکە. کەوا بێت وشەی (تر CVC) یەک بڕگەیە: (تر tir).

ین:

فونێمی ینیش بێگومان بزوێنێکی تێدایە. 

 

دەرەنجام:

(جوانتر) دوو بڕگەیە (جوان + تر).

(جوانترین) دوو بۆچوون هەیە:

 

بۆچوونی یەکەم (سێ بڕگەیە): 

(جوان ت رین، سێ بڕگەیە. چونکە تر tir هەر بزرۆکەی هەیە و بزرۆکەکەشی تێک ناچێت.)


بۆچوونی دووەم (دوو بڕگەیە): 

(جوان ترین، دوو بڕگەیە چونکە کاتێک ترین پێکەوە بلکێنرێت بە وشەکەوە و بزرۆکەی (تر tir) دەتوێتەوە و دەبێتە هێشوویەک و دەبێتە (ترین trîn).

بۆچوونی دووەم ڕێزمانی ترە.

 

***