ئایار 18, 2021 Diyako Hashemi

ئامادەکردنی: دیاکۆ هاشمی

بڕگەکانی زمانی کوردی 

 

(بڕگە syllable) یەکەیەکی بنەڕەتیی ڕیتمی و هەروەها بچووکترین یەکەی دەربڕینە. بڕگە لە یەک فۆنیم یان زیاتر پێک دێت. هەر بڕگەیەک یەک بزوێنی تێدایە، بەڵام دەتوانێت زیاتر لە یەک دەنگی کپ یان نەبزوێنی تێدا بێت. بڕگە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر جیاوازە. لە زمانی کوردیدا لە یەک تا چوار کپ دەر دەکەوێت و هەرگیز لە دوو نەبزوێن زیاتر ناکەوێتە لایەکی بزوێنەکەوە. بڕگەبەندی بەپێی ڕێسا دەنگییە جیهانییەکان دەکرێت.

خشتەی بڕگەکانی زمانی کوردی:

1 من و تۆ 
ئەخۆم
V min u to

e-xom

2 ئاش VC aş
3 ئەرک VCC erk
4 تۆ CV to
5 شەو CVC şew
6 دەست CVCC dest
7 برا CCV bra
8 ژوان CCVC jwan
9 خوارد CCVCC xward

دوو بۆچوونی جیاواز: 

هەر ڤاوڵێک بکەوێتە سەرەتای وشە یان سەرەتای بڕگەوە دەنگێکی گەڕووییی وەستاو (glottal stop) پێشی دەکەوێت کە بە عەرەبی پێی دەوترێت هەمزە، بۆ نموونە لە وشەی ئاشدا دەبینرێت، لە لاتینیدا بە پێویست نازانرێت دیاری بکرێت. هەندێک لە زمانەوانان نموونەیەکی وەک ئاش بە سێ فۆنیم هەژمار دەکەن و لەسەر بنەمای (CVC) بڕگەبەندیی دەکەن، هەندێ کەسیش بە دوو فۆنیم لەسەر بنەمای (VC) بڕگەبەندیی دەکەن، چونکە پێیان وایە بڕگەبەندی لەسەر دەنگ دەکرێت تا لەسەر نیگاری دەنگەکان، بۆیە چاوپۆشی لە هەمزەکە دەکەن، خۆ ئەگەر بێت و هەمان وشە بە ئەلفبێی لاتین بنووسین ئەو کاتە هەمزە هەژمار ناکرێت و دەبێتە دوو فۆنیم. لەبەر ئەوەیە کە زۆر زمانەوان دەنگی ئا = A  بە یەک فۆنیم هەژمار دەکەن و بە یاسای (V) دەینووسن.

لە زمانی ئینلگیزیدا وشەکانی (free)، (fire) و (eat) هەر کامەیان بە یەک بڕگە هەژمار دەکرێن هەر چەند دوو بزوێنیشیان تێدایە چونکە لە دەربڕیندا هەر بە یەک بڕگە دەردەبڕدرێن، کەچی (bio) بە دوو بڕگە هەژمار دەکرێت. هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ چۆنێتی و چەندێتیی بڕگەکان.

بڕگەی (V): بڕگەیەکی تایبەتە چونکە کەمترین فۆنیمی تێدایە و لە زۆر نموونەدا بەدی دەکرێت: وەک (ئە) لە ئەخۆم، وەک (ئا a) لە ئاوارە aware، وەک (و u) لەنێوان من و تۆ. هەروەها لە زۆر شوێنی تریشدا بەدی دەکرێن. وەک:

(ئە e)، (ئا a)، (ئو u)، (ئوو û)، (ئۆ o)، (ئی î)، (ئێ ê). هەروەها لە (و u)، (وو û).

١. بۆچوونی یەکەم:

هەموو ئەوانە هەر بە یەک پیتی (V) نیشان بدرێن و لە کاتی پیشاندانیاندا بە سیستەمە جیهانییەکە، چاوپۆشی لە نیشاندانی (هەمزە) بکرێت، چونکە بڕگە لەسەر بنەمای دەنگە نەک پیت. بۆ نموونە: (ئەرک erk) بە CCV پیشان بدرێت.

٢. بۆچوونی دووەم:

ڕاستە بڕگە لەسەر دەنگە، بەڵام بۆ ڕوونکردنەوەی پیتەکان باشترە هەمزەکەش بە پیتی (C) پیشان بدەین. بۆ نموونە (ئەرک erk) بە CVCC پیشان بدرێت.

***

بڕگەکردن لە زۆر بواری ڕێزمانیدا گرنگە.

دەتوانن هەر بڕگەیەک بەپێی ئەم خشتەیە بڕگە بکەن، بۆ نموونە شوان، جوان، گوان، گیان، خواست دەچێتە ڕیزی برگەی ژمارە (8)ەوە. خوا، کوا دەچێتە ڕیزی ژمارە (7)ەوە.

زانینی بڕگە نەک تەنیا لە ڕێزماندا زۆر گرنگە، بەڵکوو بۆ تێگەیشتنی کێشیش گرنگیی سەرەکیی خۆی هەیە. شاعیر دەبێت شارەزای بڕگە و جۆرەکانی بڕگە بێت و بزانێت چۆن بڕگەکان لێک دەدرێن و چۆن گرێ پێک دەهێنن و چۆن ئەم گرێیانە باڵ پێک دەهێنن، بۆ ئەوەی بتوانێت شیعرێکی سەرکەوتووی بڕگەیی دابنێت. 

تێبینی: دوو پیتی یەکەمی دەستپێکی وشەی وەک برا، ژوان، خوارد، پێکەوە هێشوو دروست دەکەن و بزوێن ناکەوێتە نێوانیانەوە. بۆ زانیاری لەسەر هێشوو.

بڕگەکانی زمانی کوردی، کورت و پوخت:

کورتەبزوێن (ە، و، i)

نەبزوێن + کورتەبزوێن: بە، لە، ئە، تو، چ (çi)

نەبزوێن + کورتەبزوێن + نەبزوێن: دەر، کون، بن (bin)

نەبزوێن + کورتەبزوێن + نەبزوێن + نەبزوێن: دەرد، کورد، بست (bist)

بزوێنی درێژ (ا، ێ، ۆ، وو، ی)

نەبزوێن + بزوێنی درێژ: ئا، ئێ، ئۆ، ئوو، ئی، با، سێ، نۆ، موو، بی

نەبزوێن + بزوێنی درێژ + نەبزوێن: ئاش، ئێش، ئۆل، ئووت، ئیش، بار، سێو، خۆر، سوور، شیر

نەبزوێن + بزوێنی درێژ + نەبزوێن + نەبزوێن: ماست، چێشت، شۆرد، نووست، بیست

هێشوو

دوو نەبزوێن + بزوێنێک

خوا، کوا، جوان، سوێند، شوێن، خوار، شوان، ژوان، جوێن

***

بەشێک لە سەرچاوەکان:

پیتۆکەکانی زمانی کوردی، پرۆفیسۆر وریا عومەر ئەمین

فۆنەتیک و فۆنۆلۆجی، غازی عەلی خورشید