ئامادەکردنی: دیاکۆ هاشمی

 

بڕگەکانی زمانی کوردی 

 

(بڕگە syllable) یەکەیەکی بنەڕەتیی ڕیتمی و هەروەها بچووکترین یەکەی دەربڕینە. بڕگە لە یەک فۆنیم یان زیاتر پێک دێت. هەر بڕگەیەک یەک بزوێنی تێدایە، بەڵام دەتوانێت زیاتر لە یەک دەنگی کپ یان نەبزوێنی تێدا بێت. بڕگە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر جیاوازە، لە زمانی کوردیدا لە یەک تا چوار کپ دەردەکەوێ و هەرگیز لە دوو نەبزوێن زیاتر ناکەوێتە لایەکی بزوێنەکەوە. بڕگەبەندی بەپێی ڕێسا دەنگییە جیهانییەکان دەکرێت.

 

خشتەی بڕگەکانی زمانی کوردی:

1 من و تۆ

ئەخۆم

V  min u to

e-xom

2 ئاش VC
3 ئەرک VCC erk
4 تۆ CV to
5 شەو CVC şew
6 دەست CVCC dest
7 برا CCV bra
8 ژوان CCVC jwan
9 خوارد CCVCC xward

***

(بزوێن، ڤاوڵ = V)، (نەبزوێن، کپ = C)

 

تێبینی: هەر ڤاوڵ”ێک بکەوێتە سەرەتای وشە یان سەرەتای بڕگەوە دەنگێکی گەڕووییی وەستاو (glottal stop) پێشی دەکەوێت کە بە عەرەبی پێی دەوترێت هەمزە”، بۆ نموونە لە وشەی ئاش”دا دەبینرێت، لە لاتینیدا بە پێویست نازانرێت دیاری بکرێت. هەندێک لە زمانەوانان نموونەیەکی وەک ئاش” بە سێ فۆنیم هەژمار دەکەن و لەسەر بنەمای (CVC) بڕگەبەندیی دەکەن، هەندێ کەسیش بە دوو فۆنیم لەسەر بنەمای (VC) بڕگەبەندیی دەکەن، چونکە پێیان وایە بڕگەبەندی لەسەر دەنگ دەکرێت تا لەسەر نیگاری دەنگەکان، بۆیە چاوپۆشی لە هەمزەکە دەکەن، خۆ ئەگەر بێت و هەمان وشە بە ئەلفبێی لاتین بنووسین ئەو کاتە هەمزە هەژمار ناکرێت و دەبێتە دوو فۆنیم. لەبەر ئەوەیە کە زۆر زمانەوان دەنگی ئا = A  بە یەک فۆنیم هەژمار دەکەن و بە یاسای (V) دەینووسن.

لە زمانی ئینلگیزیدا وشەکانی (free)، (fire) و (eat) هەر کامەیان بە یەک بڕگە هەژمار دەکرێن هەرچەند دوو بزوێنیشیان تێدایە چونکە لە دەربڕیندا هەر بە یەک بڕگە دەردەبڕدرێن، کەچی (bio) بە دوو بڕگە هەژمار دەکرێت. هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ چۆنێتی و چەندێتیی بڕگەکان.

بڕگەی (V): بڕگەیەکی تایبەتە چونکە کەمترین فۆنیمی تێدایە و لە زۆر نموونەدا بەدی دەکرێت: وەک (ئە) لە ئەخۆم”، وەک (ئا a) لە ئاوارە aware”، وەک (و u) لەنێوان من و تۆ”. هەروەها لە زۆر شوێنی تریشدا بەدی دەکرێت.

دەتوانن هەر بڕگەیەک بەپێی ئەم خشتەیە بڕگە بکەن، بۆ نموونە شوان”، جوان”، گوان”، گیان”، خواست” دەچێتە ڕیزی برگەی ژمارە (8)ەوە. خوا”، کوا” دەچێتە ڕیزی ژمارە (7)ەوە.

زانینی بڕگە نەک تەنیا لە ڕێزماندا زۆر گرنگە، بەڵکوو بۆ تێگەیشتنی کێشیش گرنگیی سەرەکیی خۆی هەیە. شاعیر دەبێت شارەزای بڕگە و جۆرەکانی بڕگە بێت و بزانێت چۆن بڕگەکان لێک دەدرێن و چۆن گرێ پێک دەهێنن و چۆن ئەم گرێیانە باڵ پێک دەهێنن، بۆ ئەوەی بتوانێت شیعرێکی سەرکەوتووی بڕگەیی دابنێت.

***

سەرچاوە:

پیتۆکەکانی زمانی کوردی، پرۆفیسۆر وریا عومەر ئەمین

فۆنەتیک و فۆنۆلۆجی، غازی عەلی خورشید