یەکەم بڵاوکردنەوە: 2021/03/27

نوێکردنەوە: 2021-08-31

ڕێزمانی کوردی
ئامادەکردنی: ئیدریس هاشمی

🟡 وانەی ڕێزمان 🟡

  1. ڕستە
  2. وشە (وشەی سادە و ناسادە)
  3. بڕگە
  4. پیت
  5. چاوگ
  6. کار (فعل)
  7. ناو
  8. ناوی تاک – ناوی کۆ
  9. ناوی ناسراو – ناوی نەناسراو
  10. جێناو (ضمير)
  11. هاوەڵناو
  12. هاوەڵکار
  13. پێشبەند (پریپۆزیشن) / Prepositions
  14. بنچینەکانی ڕستە (بکەر و کار)
  15. بنچینەکانی ڕستە (نیهاد و گوزارە)
  16. کاری ناتەواو
  17. جۆرەکانی ڕستە لە ڕووی دەربڕینەوە
  18. تەواوکەر
  19. کاری ڕابردوو و دەمەکانی کاری ڕابردوو
  20. کاری ڕانەبردوو و ڕەگی کار
  21. کاری داخوازی
  22. کاری تێپەڕ و تێنەپەڕ/ بەرکار
  23. جێناوی لکاو
  24. جێناوی لکاو: کۆمەڵەی ١
  25. جێناوی لکاو: کۆمەڵەی ٢
  26. جێناوی لکاو: کۆمەڵەی ٣
  27. جێناوی لکاو: کۆمەڵەی ٤
  28. کاری بکەردیار و بکەرنادیار
  29. ناو لەڕووی ڕەگەز یان زایەندەوە

 

١. ڕستە

 

١) ڕستە

  1. ئیدریس هات
  2. نازه بۆ هەڵەبجە چوو.
  3. باران باری.
  4. بەفرین نامەی نووسی.

 

🟢 ڕاڤە

ئەگەر سەرنج بدەينه ئەو گوتنانەی لای سەرەوه دەبينين هەر یەکەیان

واتایەکی تەواوى خۆی هەيه و له كۆمەڵە وشەیەک پێک هاتووه، وەک: ئاخاوتنی (ئیدریس هات) کە لە وشەی (ئیدریس) و له وشەی (هات) پێک هاتووه، هەردووكیان پێکەوه واتایەکی تەواویان به دەستەوه داوه، هەروەها ئاخاوتنەکانی

دیکەش بەم شيوەيه لێک دەدرێنەوه، بۆيه پێيان دەگوترێت ڕسته.

🔵 پێناسه:

ڕسته 👈 چەند وشەیەکه پێکەوه واتایەکی تەواو دەبەخشێت و له کۆتاییدا بەپێی مەبەست هێمای بۆ دادەنرێت.

***

٢. وشە

2) وشە

  1. كاوه چوو بۆ سلێمانی.
  2. کورد بۆ ئازادی تێ دەكۆشێت.
  3. منداڵەکە نووست.
  4. گوێزى هەورامان بە دست دەشكێت.
  5. باڵنده بە باڵێک نافڕێت.

 

🟢 ڕاڤە:

ڕستەی یەکەم (كاوه چوو بۆ سلێمانی) له بێژەی (کاوه، چوو، بۆ، سلێمانی) پێک هاتووه، به هەر یەکێک لەم بێژانه، که ڕستەکەی لێ پێک هاتووه دەگوترێت (وشه). هەروەها ڕستەکانی دیکەی لای سەرەوه بەم جۆره لێک دەدرێنەوه.

🔵 پێناسە:

وشه: 👈 بێژەیەکه ڕستەی لێ پێک دێت، وەک: کاوه، کورد، منداڵەکه، بۆ، گوێز، هەورامان، چوو، باڵندە.

🟡 جۆرەکانی وشە لەڕووی داڕشتنەوە:

🌺 وشەی سادە 🌺

🌺 وشەی ناسادە 🌺

 

کۆمەڵەی 1:

وشەی سادە: خامە، چالاک، نەوت، سەفین، چیا، بەرز، بۆن.

کۆمەڵەی 2:

وشەی ناسادە: پیرەمێرد، نەورۆز، کرێکار، دەرهێنان، پیرەمەگروون، نازدار

🟢 ڕاڤە:

ئەگەر بڕوانینە وشەکانی لای سەرەوە دەبینین، لە کۆمەڵەی 1 و کۆمەڵەی 2 پێک هاتوون.

🟢 لە کۆمەڵەی (1) وشەی:

خامە: وشەیەکی سادەیە، چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.

چالاک: وشەیەکی سادەیە چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.

نەوت: وشەیەکی سادەیە چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.

سەفین: وشەیەکی سادەیە چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.

چیا: وشەیەکی سادەیە چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.

بەرز: وشەیەکی سادەیە چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.

بۆن: وشەیەکی سادەیە چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.

🟢 لە کۆمەڵەی( 2)دا وشەی:

پیرەمێرد: وشەیەکی ناسادەیە/ سێ بێژەیە (پیر + ە + مێرد).

نەورۆز: وشەیەکی ناسادەیە/ دوو بێژەیە (نەو + رۆز).

کرێکار: وشەیەکی ناسادەیە/ دوو بێژەیە (کرێ + کار).

دەرهێنان: وشەیەکی ناسادەیە/ دوو بێژەیە (دەر + هێنان).

پیرەمەگروون: وشەیەکی ناسادەیە/ سێ بێژەیە (پیر + ە + مەگروون).

نازدار: وشەیەکی ناسادەیە/ دوو بێژەیە: (ناز + دار).

🟢 پێناسە:

وشە لەڕووی داڕشتنەوە دوو جۆرە:

1) وشەی سادە: وشەیەکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.

وەک: وشەی (خامە، چالاک، نەوت، چیا، بەرز، بۆن)

2) وشەی ناسادە: وشەیەکە لە بێژەیەک زیاتر پێک هاتووە، وەک: وشەی (پیرەمێرد، نەورۆز، کرێکار، دەرهێنان، پیرەمەگروون، نازدار)

 

٣. بڕگە

٣) بڕگە:

1) کورد

2) کوردستان 👈 کور/ دس/تان

3) گوڵ

4) گوڵزار 👈 گوڵ/ زار

5) باب

6) باپیر 👈 با/ پیر

7) مێروولە 👈 مێ /روو /لە

 

🟢 ڕاڤە:

ئەگەر سەرنج بدەینە وشەکانی سەرەوە دەبینین وشەی (کورد) تەنها لە یەک بڕگە پێک هاتووە چونکە به یەکجار دەگوترێت،

وشەی (کوردستان) لە سێ بڕگە پێک هاتووە، (کور، دس، تان) چوونکە به سێ جار لە زار دێتە دەرەوە و هەروەها وشەکانی دیکەش لە بڕگە پێک هاتوون.

🔵 پێناسە:

بڕگە چییە؟ ئەو پارچە وشەیە، کە بە یەکجار لە زار دێتە دەرەوە، یان بەو چەند پیتانەی کە بە یەک هەناسە لە دەم/ زار دێنە دەرێ دەگوترێ و تەنیا پیتێکی دەنگداری تێدایە و هەمیشە ئەم پیتە دووەم پیتی بڕگەیە.

***

٤. پیت

 

٤) پیت

ئەو دەنگانەیە که له زار دێنە دەرەوە گوتنیان لێ پێک دێت و بچووکترین دانەی نووسینە لە زماندا و لەوە زیاتر ناتوانرێت ورد بکرێتەوە.

(پیتی بزوێن و پیتی نەبزوێن)

🟡 پیتی بزوێن: (ا، ە، ی، ێ، و، وو، ۆ)

🟡 پیتی نەبزوێن: (ئـ، ب، پ، ت، ج، چ، ح، خ، د، ر، ڕ، ز، ژ، س، ش، ع، غ، ف، ڤ، ق، ک، گ، ل، ڵ، م، ن، هـ، ((و، ی))

(و) لەگەڵ (ی) هەم دەبنە بزوێن و هەم دەبنە نەبزوێن.

بزوێنکی زۆر کورت هەیە کە بەو پیتانە وێنەی بۆ دانەنراوە بەڵام بە پیتی لاتینی نیشانەی (i) بۆ دانراوە وەک لە وشەی (birdin) یان (jin).

پیتە بزوێنی (و ی) لە ناو وشەدا هەندێک جار دەبنە پیتی نەبزوێن و هەندێک جاریش دەبنە بزوێن، ئینجا بۆ جیاکردنەوەی پیتی (و ی)ی نەبزوێن لە پیتی (و ی)ی بزوێن پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەین:

پیتی (و ی) کەوتە نێوان دوو پیتی نەبزوێن ئەوا ئەم (و ی)یە دەبنە پیتی بزوێن، وەک: (کــورد، شــیــر) لێرەدا بزوێنن.

هەرکاتێک لە پێش یان لە پاش پیتی (و ی) پیتێکی بزوێن هەبێت، ئەوا بێگومان ئەم (و ی)یە دەبن بە پیتی نەبزوێن، وەک: (داو، وار، دیــار، دایــک).

هیچ کات دوو پیتی بزوێن لە زمانی کوردی بە دوای یەک نایەن، واتە: (بە تەنیشت یەکەوە نابن) وەک: [سێو، پیاو، یانە، یاری].

🟢 ڕاڤە:

پیتی بزوێن: ئەو پیتانەن، کە دەنگدارن و یارمەتیی پیتە نەبزوێنەکان دەدەن لەکاتی دەربڕینیاندا.

پیتی نەبزوێن: ئەو پیتانەن، کە بەبێ یارمەتیی پیتی بزوێن، دەنگەکانیان بەئاسانی لە دەمەوە نایەتە دەرەوە.

***

٥. چاوگ

٥) چاوگ

  • گریان
  • فڕین
  • خوێندن
  • فرۆشتن
  • چوون

ڕاڤە

ئەگەر سەرنج بدەينه وشەکانی (گریان، فڕین، خوێندن، فرۆشتن، چوون) هەر یەکەیان مانایەکی سەربەخۆی هەیه، هەروەها له شوێنی خۆیان ڕوودانێک یا کردەوەیەک دەردەخات، بەڵام نەدراوەتە پاڵ کەسێک یا شتێک و کاتی تێدا نییە، بەم جۆره وشانه دەگوترێت چاوگ.

🟢 پێناسه:

چاوگ وشەیەکه ڕوودانێک یا کردەوەیەک نیشان دەدات بەڵام ئەم کردەوەیە نەخراوەته پاڵ کەسێک یا شتێک کاتیشی تێدا نییه. به پیتی (ن) کۆتایی دێت.

تێبینی:

نيشانەكانی چاوگ ئەمانەن:

🟢 (أ، یـ ، د، ت، وو)

جۆرەکانی چاوگ پێنجن:

  1. چاوگی ئەلفی: (گریان سووتان)
  2. چاوگی یائی: (کڕین فڕین)
  3. چاوگی دالی: (خوێندن بردن)
  4. چاوگی تائی: (فرۆشتن گرتن)
  5. چاوگی واوی: (چوون دروون)

***

٦. کار

 

٦) کار

  1. منداڵەکە گريا.
  2. دانا کۆمپیوتەرەکەی فرۆشت.
  3. ئازاد وانەکەی خوێند.
  4. سەیران چوو بۆ بازاڕ.
  5. چرۆ ملوانکەیەکی کڕی.

 

ئەگەر سەرنج بدەینە ڕستەکانی لای سەرەوە دەبینین

١. لە ڕستەی 👈 (منداڵەکە گریا)دا وشەی (گریا) کارە و له كاتی ڕابوردوودا ڕووی داوە و لە چاوگی گریان وەرگیراوه.

٢. لە ڕستەی 👈 (دانا کۆمپیوتەرەکەی فرۆشت)دا، وشەی (فرۆشت) کاره و له کاتی ڕابوردوودا ڕوویداوە و لە چاوگی فرۆشتن وەرگیراوه.

٣. لە ڕستەی 👈 (ئازاد وانەکەی خوێند) وشەی (خوێند) کارە و لە کاتی ڕابردوودا ڕوویداوە و له چاوگی خوێندن وەرگیراوە.

٤. لە ڕستەی 👈 (سەیران چوو بۆ بازاڕ) وشەی (چوو) کارە و له کاتی ڕابردوو ڕووی داوە و له چاوگی چوون وەرگیراوه.

٥. لە ڕستەی 👈 (چرۆ ملوانکەیەکی کڕی)، وشەی (کڕی) کارە و لە كاتی ڕابردوودا ڕوویداوە و له چاوگی کڕین وەرگیراوە.

 

🟣 پێناسە:

کار: 👈 وشەیەکە کردەوەیەک دەداتە پاڵ کەسێک یان شتێک لە تافێکی دیاریکراودا.

 ***

٧. ناو

٧) ناو:

  1. شێرکۆ نوست.
  2. بەرخەکەم فرۆشت.
  3. هەنارەکەم خوارد.
  4. من لە کەلار بووم.
  5. دەرگای ژوورەکەم داخست.

 

🔴 ڕاڤە :

ئەگەر بڕوانینە ڕستەکانی سەرەوە، دەبينين: (شێرکۆ، بەرخەکەم، هەنارەکەم، کەلار، دەرگا) هەموویان ناون.

🔶 لە ڕستەی (شێرکۆ نوست)دا، وشەی (شێرکۆ) پێی دەگوترێت (ناو)، چونکه بۆ ناولێنانی (کەسێک) بەکار هاتووە.

🔶 لە ڕستەی (بەرخەکەم فرۆشت)دا وشه‌ی (بەرخەکە) پێی دەگوترێت (ناو)، چونکه بۆ ناولێنانی (گیانلەبەرێک) بەکار هێنراوە.

🔶 لە ڕستەی (هەنارەکەم خوارد)دا وشه‌ی (هەنارەکە) پێی دەگوترێت (ناو)، چونکه بۆ ناولێنانی (ڕووەکێک) بەکار هێنراوه.

🔶 لە ڕستەی (من لە کەلار بووم)دا وشەی (کەلار) پێی دەگوترێت (ناو)، چونکە بۆ ناولێنانی (شوێنێک) بەکار هێنراوه.

🔶 لە ڕستەی (دەرگای ژوورەکەم داخست)دا، وشەی (دەرگا) پێی دەگوترێت (ناو) چوونکه بۆ ناولێنانی (شتێکی) بێ گیان بەکار هێنراوە.

 

🟢 پێناسەی ناو:

ناو: بۆ دەستنیشانکردن و جیاکردنەوەی ئەو مەبەستەیە کە ناوی بۆ داتاشراوە.

🔶 ناو: وشەیەکە بۆ ناولێنانی (کەسێک، گیانلەبەرێک، ڕوەکێک، جێيەک یان شتێک) بەکار دەهێنرێت. وەک: (شێرکۆ، بەرخ، هەنار، کەلار، پێنووس).

🟣 ناو بۆ  5⃣  مەبەست بەکار دێت:

1) ناوی شت 👈 ئۆتۆمبێلەکە ڕۆیشت.

2) ناوی مرۆڤ 👈 نەوزاد هات.

3) ناوی شوێن 👈 من لە باخچەکە بووم.

4) ناوی گیانلەبەر 👈 ئەو مەڕەکەی کڕی.

5) ناوی ڕووەک 👈 پرتقاڵەکەم خوارد. 

***

🟣 نیشانەکانی نێر و مێ بۆ دۆخی بانگکردن

لە زاری کوردیی ناوەڕاستدا، ئەم نیشانانە دەخرێنە سەر ناو، بۆ جوداکردنەوەی ناوی نێر و مێ لە دۆخی (بانگکردندا)، کە بریتین لە:

🟣 (ە) 👉 بۆ (نێر) بەکار دێت، وەک:
کوڕ + ە = (کوڕە)

🟢 (ێ) 👉 بۆ (مێ) بەکار دێت، وەک:
کچ + ێ = (کچێ)

🟡 (ینە) 👉 بۆ ناوی (کۆی نێر و مێ)، بەکار دێت، وەک:
کوڕ/ کچ + ینە = (کوڕینە، کچینە)

***

🟡 شرۆڤەی نیشانەکانی نێر و مێ لە دۆخی بانگکردندا:

1⃣. کوڕە، ئەم کارە مەکە.
2⃣. کچێ، وانەکانت چاک بخوێنە.

ئەگەر چاو لەم دوو ڕستەیە بکەین، دەبينين لە ڕستەی 1⃣ پەیڤی کوڕ” لە دۆخی بانگکردندا، نیشانەی (ە)ی خراوەتە سەر و بووە بە (کوڕە).

لە ڕستەی 2⃣، وشەی (کچ)یش، هەر لەم دۆخەدا، (ێ)ی پێوە نووساوە و بووە بە (کچێ).

ئەم دوو نیشانەیە 👈 (ە) (ێ)، لە زاری کوردیی ناوەڕاستدا، بۆ دۆخی (بانگکردن) بەکار دێن.

🟣 ئەگەر ناوە بانگکراوەکە (کۆ) بوو، نیشانەکە بۆ هەردوو ڕەگەز دەبێتە: 👈 (ینە). وەکوو ئەم ڕستەیە:
🟢 کوڕینە/ کچینە، ئەم کارە مەکەن.
***
🟣 تێبینییەکی گرنگ:
لە دۆخی بانگکردندا، ئەگەر ناو، کۆتایی بە (بزوێن) بێت، ئەوە نیشانە وەرناگرێت.
نموونە:
ئەی مەلا، تۆبی خودا لەم فیکرە کۆنە لابدە
باسی قەبر و مار بگۆڕە، بێرە سەر باسی وەتەن
🌸 بێکەس 🌸

لێرەدا وشەی مەلا لە دۆخی بانگکردندایە و کۆتایی بە بزوێنی (ا) هاتووە و نیشانەی (ە)، تێداچووە.
کەواتە چونکە مەلا، بە پیتی بزوێنی (ا) کۆتایی هاتووە، لە دۆخی بانگکردندا ناڵێین ئەی مەلاە

نموونەیەکی تر:
🟡 بووکــێ لەگەڵ تۆمە، خەسوو گوێت لێ بێ.

وشەی (خەسوو) ناوی جنسی (مێ)یە و لە دۆخی بانگکردندایە و چونکە بە پیتی بزوێنی (وو) کۆتایی پێ هاتووە، نیشانەی (ێ)ی پێوە نالکێت کەواتە ناڵێین 👈 خەسووێ گوێت لێ بێ.

***
تێبینی:
لێرەدا سەرنجتان بۆ ئەوە ڕادەکێشین کە لە هەندێ لە ناوچەکان، (ە)ی نیشانەی بانگهێشتن، بەزۆری بێ‌جیاوازی بۆ هەردوو جنس بەکار دێت. بۆ نموونە:

پوورە/ پوورێ، بۆ کوێ دەچیت؟
خوشکــە/ خوشکــێ، وەرە بخوێنە.

بەڵام بەپێی ڕێسای زمانی کوردی، بۆ زاری کوردیی ناوەڕاست، لە دۆخی بانگکردندا،
🔴 (ە) 👉 بۆ نێر بەکار دێت. (بابــە، مامــە، کوڕە )
🔴 (ێ) 👉 بۆ مێ بەکار دێت. (پوورێ، کچــێ )
***
🟢 تێبینی
ناو لە دۆخی بانگکردن لە ڕستەدا:

لە دۆخی بانگکردندا، ناو، زیاتر لەگەڵ کاری داخوازی یان ڕستەی پرسیاری یان لە دوای ئامرازی بانگکردنی (ئەی) دێت.

🟢 کچێ، دانیشە. (داخوازی)
🟢 کچێ، بۆ وانەکەت ناخوێنی؟ (پرسیاری)
ئەی کچێ، وەرە بۆ فێرگە. (پاش ئامرازی بانگکردنی ئەی) 

***

ناوی بچووککراو (اسم تصغير)
🟡 ناوی بچووککراو:
ناوێکە کە بچووکی/ وردیی شتێک پیشان دەدات.
🔴 ناوی بچووککراو بۆ 3⃣ مەبەست دێتە دەربڕین یان نووسین:
1⃣. ناوەکە خۆی لە بنەڕەتدا بچووکە، وەک: (ڕێچکە)
2⃣. بۆ نازهەڵگرتن و خۆشویستن، وەک: (خەپۆکە، شەکرۆکە)
3⃣. بۆ تێکشکاندنی بەها و نرخی کەسێک یان شتێک، وەک: (منداڵۆچکە)

🟣 کۆمەڵێک پاشگرمان هەیە کە لە بنەڕەتدا لە پیتەکانی وشەی (چکۆڵە) چـ کـ ۆ ڵ ە” دروست کراون، دەچنە سەر ناو و ناوەکە بە بچووکی نیشان ئەدەن.
ئەو ناوانەی کە بمانەوێت لە گەورەکانیان جودایان بکەینەوە، بەهۆی ئەم پاشگرانەی خوارەوە، بچووکیان دەکەینەوە.
ئەو پاشگرانەی کە ئەم ناوانە بچووک دەکەنەوە، بریتین لەم پیتانەی کە لە پەیڤی (چکۆڵە)دا دەبینرێن، چـ کـ ۆ ڵ ە”.
بۆ بچووککردنەوەی ناوێک، پیتێک یان زیاتری وشەی (چکۆڵە) لەگەڵ بزوێنێک کە لەگەڵیدا بگونجێت، بەکار دەهێنین. جارجاریش بزوێنەکان بەپێی پەیڤە تازەکە دەگۆڕێن.
============================
🟢 هەندێک لەو پاشگرانەی کە ناوەکە بچووک دەکەنەوە بریتین لە: (ۆکە، ڵە، ۆڵە، یلە، وولە، وولکە، چە، چکە، ۆچکە، ۆڵکە، ۆک، ۆشک، لە، یلکە…)

🟣 ۆکە 👉 کەپر + ۆکە = کەپرۆکە

🔴 ڵە 👉 گۆزە + ڵە = گۆزەڵە

🔵 ۆڵە 👉 کیژ + ۆڵە = کیژۆڵە

🟢 ۆڵ 👉 کرم + ۆڵ = کرمۆڵ

🟡 یلە 👉 کار + یلە = کاریلە

وولە 👉 مێش + وولە = مێشوولە

وولکە 👉 جام + وولکە = جاموولکە

🟤 چە 👉 دەریا + چە = دەریاچە

🟢 چکە 👉 ڕێ + چکە = ڕێچکە

🟣 ۆچکە 👉 منداڵ + ۆچکە = منداڵۆچکە

🔴 ۆڵکە 👉 گرد + ۆڵکە = گردۆڵکە

🟡 ۆک 👉 گوند + ۆک = گوندۆک

لە 👉 برا + لە = برالە

🟢 یلکە 👉 جام + یلکە = جامیلکە
============================
تێبینی
هەندێ جار لە ناوی بچووککراو پیتی (چ)ی (چکۆڵە)، دەبێتە (ژ) بۆ نموونە لە وشەی (مژە موژە) کە لە بنەڕەتدا (مووچە)یە واتە: (مووی بچووک).
============================
🟣 تێبینی
بۆ بچووککردنەوەی ناوی تایبەتی، هیچ پاشگرێکی دیاریکراو نییە کە بیخەیتە سەر ناوەکە تا بەشێوەی بچووککراو خۆی نیشان بدات. لێرەدا (شێوەناوچەکان) دەور دەبینن و هەندێک جار بۆ (شۆخیکردن)، ناوەکان بە بچووکی دەردەبڕن. بە واتایەکی تر ناوی تایبەتی، ڕێسای دیاریکراوی نییە، بۆ بچووککردنەوەی ناوەکە و بەپێی ناوچە و شێوەزمان دەگۆڕێت. نموونە:

🔴 ئامینە= (ئامە، ئامێ، ئامۆ) بۆ نموونە:
ئامەی گوڵچین
ئامێ زێبا
ئامۆی پیزە

🟢 فاتیمە= (فاتە، فاتێ، فاتم) بۆ نموونە:
فاتە تەماتە
فاتێ خازە
فاتم کوێستانی

🟡 محەمەد = (حەمە، محە، مەمەد، حەمەدۆک) بۆ نموونە:
حەمە دەمبڵ
محە جووجک
مەمەد کوولەکە
حەمەدۆک کەچەڵ

🔵 ئەحمەد = (ئەحە، ئەحمۆ، ئەحۆک) بۆ نموونە:
ئەحە نۆکە
ئەحمۆی فاتە
ئەحۆک ڕۆژباش

🟠 مەحموود = (مەحموو، مەخۆلە، خولە) بۆ نموونە:
مەحموو قیرتاو
مەخۆلە خێل
خولە چەخماخە

عەزیز = (عەزە، عەزک، عەزۆ) بۆ نموونە:
عەزە تەڵەمشک
عەزک بازە
عەزۆ چەقەڵ

قادر = (قایر، قاور، قالە، قالک) بۆ نموونە:
قایر دەمانچە
قاور کەروێشک
قالە قەوچەڵ
قالک قوڕاوی

🟤 فەتاح = (فەتە، فەتک، فەتۆل) بۆ نموونە:
فەتە خڕە
فەتک تەنەکە
فەتۆل جنۆکە

🟡 ئیسماعيل = (سمە، سمایل، سمک) بۆ نموونە:
سمە قەمەرە
سمایل عەرەبانە
سمک حیلکە

🔴 ئیبراهيم = (ئیبە، ئیبۆ، برایم) بۆ نموونە:
ئیبە برسی
ئیبۆ تۆڵە
برایم شەل

🟢 عەبدوڵڵا = (عەبە، عەبۆ، عەولا، عەوڵا، ئەوڵا، عەبک) بۆ نموونە:
عەبەی فاتە کوێستانی
عەبۆ چل دەم
عەولا سێ خەت
عەوڵا میترۆ
ئەوڵا ڕەشبەڵەک
عەبکی خازە

🔵 موستەفا = (مچە، مچۆل) بۆ نموونە:
مچە بەلاش
مچۆلی سەعە کەڕ
============================

 

***

٨. ناوی تاک / ناوی کۆ

 

8) ناوی تاک ناوی کۆ:

ناو لە ڕووی ژمارەوە لە زمانی کوردیدا دوو جۆرە:

🔷 ١. ناوی تاک: ئەو ناوەيە کە تاکێک پیشان دەدات. تەنها کەسێک یان شتێک پیشان دەدات، هیچ واتایەکی کۆ پیشان نادات لە ڕووی ڕووخساری وشەکەدا. وەک: (منداڵ، بەهار، كۆتر، ژن، فێرخواز، کرێکار)

🔷 ٢. ناوى كۆ: ئەو ناوەيە کە لە تاکێک پتر پیشان دەدات، نیشانەی کۆکردنەوەی ناو لە زمانی کوردیدا (ان)ـە، بە مەرجێک (ان)، بەشێک نەبێت لە ئەسڵی وشەکە، بۆ نمونە:

منداڵ + ان = منداڵان

بەهار + ان = بەهاران

کۆتر + ان = كۆتران

کرێکار + ان = کرێکاران

قوتابی + ان = قوتابییان

ژن + ان = ژنان

=========================

ئەگەر سەرنج بدەينە ئەم وشانە:

(كچ، باخ، ماڵ،