شوبات 4, 2021 Diyako Hashemi

نووسینی: ناسری ڕەزازی

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە

 

پێشەکی

له‌و رۆژه‌وه خۆنیا (طبیعت) بووه به هێڵانه‌ی مرۆڤ، ده‌یان تیره و هۆز و خێڵ و بنه‌ماڵه، سه‌ریان هەڵداوه و، له درێژه‌ی ژیانی خۆیاندا، له‌گه‌ڵ ئاڵوگۆڕه‌كانی كات و سه‌رده‌م، به لووتكه‌ی گه‌شه و شارستانییه‌ت گه‌ییشتوون و ناویان هه‌موو دنیای داگرتووه و شتی وایان ساز كردووه و داهێناوه، كه مرۆڤایه‌تی سه‌ری لێ سووڕماوه، به‌ڵام ئه‌مانه هیچیان به بوومه‌له‌رزه و ڕه‌گه‌زه سەرسووڕێنەكانی خۆنیای خۆڕسك تێدا نه‌چوونه و، به نه‌خۆشی و قاتوقڕیش سۆلانیان نه‌بڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵكوو ته‌نیا شتێك كه بووه به هۆی ئه‌وه ئه‌م نه‌ته‌وه‌گه‌له له‌ناو بچن و تۆرهمهیان ببڕێته‌وه، كپكردنی ده‌نگیان و قه‌ده‌خه‌كردنی زمانیان بووه، كه نه‌یانتوانیوه پێی بدوێن. زمان كه‌ره‌سه‌ی ده‌ربڕینی هه‌ستی هه‌ر مرۆڤێكه، به‌ڵام كاتێ كه نه‌توانێ قسه‌ی پێ بكا، هه‌ست به كه‌موكووڕی و ناته‌واوی ده‌كات و، خۆی له به‌رانبه‌ر ئه‌و نهتهوهباڵادهستهی زاڵه به سه‌ریدا، به كه‌م ده‌زانێ و، بڕوای به فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر و ئەدهب و بوونی خۆشی نامێنێت.

 

دوكتۆر سماییل بێشكچی، گهورهمرۆدۆستی تورك، له کۆپه‌ڕی: (كوردستان كۆڵۆنییێکی نێودەوڵەتی)دا ده‌ڵێ: (ئه‌گه‌ر بته‌وێ نه‌ته‌وه‌یێك سه‌رشۆڕ و كۆیله و بێناسنامه بێت، ئه‌گه‌ر بته‌وێ له ناوچهیێك یان وڵاتێك، كۆڵۆنیالیزم، به باڵاده‌ستی بمێنێته‌وه، پێویسته ئه‌لفبای ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه له‌ناو ببرێ و، ڕێگا نه‌درێ ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه به زمانی دایكیی خۆی بدوێ و، ببیته ڕێگر له نێوان خۆی و فەرهەنگەكەیدا! واته ڕێگا نه‌درێ وشیاریی نه‌ته‌وایه‌تیی ئه‌و گه‌له گه‌شه بكا! چونكه نه‌ته‌وه‌یێك وشیاریی نه‌ته‌وایه‌تی په‌یدا بكات، له ژیانی خۆی ڕاده‌مێنێ و مێژووی خۆی درووست ده‌كا و له دواییشدا دژی چهوسێنهرهكانی، شۆڕش هه‌ڵده‌گیرسێنێ.)

 

بنەمای ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک

ڕۆژی ٢١ ی فێبریوەری ڕۆژی زمانی دایکه. ئه‌م ڕۆژه، به پێشنیازی وڵاتی به‌نگلادێش و به پشتگیریی ئه‌نجومه‌نی لایه‌نگری له زمانی دایک، ساڵی ١٩٩٩، له لایه‌ن ڕێکخراوی یونێسکۆوه، ڕێکخراوی زانستی و فه‌رهه‌نگیی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان (یوو ئێن)، به ناوی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ناسراوه. له‌و کاته‌وه، له به‌شێکی زۆری وڵاتانی جیهاندا، ئه‌م ڕۆژه دەکرێ بە جەژن.

هۆی ئه‌وه‌ی، که ڕاست ئه‌م ڕۆژه به ناوی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ناسراوه، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ڕووداوێک که له وڵاتی به‌نگلادێشی ئێستادا هاته ئاراوه. ساڵی ١٩٤٧، وڵاتی پاکستان له دوو به‌شی ڕۆژاوا و ڕۆژهه‌ڵات پێک هاتبوو. محه‌مه‌د عه‌لی جیناح، که خاوهندهستهڵاتی ئه‌وکاته بوو، هه‌وڵی دا که هه‌موو بنه‌ماکانی زمان، فه‌رهه‌نگ و مێژووی به‌شی ڕۆژهه‌لات، که به‌نگالی بوو، له‌ناو ببات. زمانی (ئوردوو)ی، که زمانی به‌شی ڕۆژاوا بوو، وه‌ک زمانی ڕه‌سمی ڕاگه‌یاند. ئه‌وه له کاتێکدا هاته ئاراوه که زمان، وێژه و فه‌رهه‌نگی به‌نگالی، مێژوویه‌کی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌یان هه‌بوو و ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه به مافی خۆیان ده‌زانی، که وه‌ک به‌شه‌که‌ی تری پاکستان، گه‌شه به زمانه‌که‌یان بده‌ن. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه، خه‌ڵکی پاکستانی ڕۆژهه‌ڵات، به‌تایبه‌تی خوێندکاران و ڕۆشنبیران، هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌کان و ناڕه‌زاییی خۆیان دژ به‌م سیاسه‌ته، که به هیوای له‌ناوبردنی زمانی به‌نگالی بوو، ده‌ڕبڕی. هێزه چه‌کداره‌کانی حکوومه‌ت هێرشیان کرده سه‌ر ئه‌م ڕێپێوانه هێمنانه‌یه و له ئاکامدا چه‌ند که‌سێک کوژران و بریندار بوون. له ساڵی ١٩٥٢ وه، که به‌شی ڕۆژهه‌ڵات به ناوی بهنگلادێشەوە، سه‌ربه‌خۆیی به ده‌ست هێنا، ئه‌م ڕوژه‌ی کرده ڕۆژی نه‌ته‌وه‌ییی خۆی.

 

خۆبەکەمزانین

له وڵاتانی فره‌نه‌ته‌وه و فرهزماندا، هه‌موو کاتێک، زمان و فه‌رهه‌نگ و وێژه‌ی که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کان، له‌ژێر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیدایه و، که‌مبایه‌خ یان بێبایه‌خ ده‌کرێن. به هه‌موو چه‌شنێک، رێگای پێشکه‌وتن و گەشهکردنیان لێ ده‌گیرێت. ته‌نانه‌ت، ئه‌و که‌سانه‌ی که خاوه‌نی زمانه ناوارەیی (غیر رسمی)یەکانن، له ده‌ره‌وه‌ی شوێنی ژیانیان، به کهمڕوویی، یان به‌شه‌رمه‌وه، زمانی دایکییان له ئاخاوتن له‌گه‌ڵ یه‌کدا به‌کار دێنن، هه‌ر ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه بڕوای به خۆی نه‌مێنێ و، خۆی به‌که‌م بزانێ. ڕاستییەکەشی وایه، مرۆڤێك كه خۆی نه‌ناسێ و زمان و وێژه و هونه‌ر و دیاردهخۆڕسكهكانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی خۆش نه‌وێ، ئه‌و مرۆڤه ناتوانێ به‌رگری له بوون و مانی خۆی بكا، چونكه باوه‌ڕی به خۆی نییه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه كۆیله و بنده‌ست بووه و له‌ژێر كارتێكه‌ریی زمان و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌ی داگیركه‌ر و باڵاده‌ستدا په‌روه‌رده بووه، قێز و بێزی له هه‌موو شتێكی خۆی دێته‌وه.

 

لە ڕووی دەروونییەوە

هه‌ستی ناسک و پاکی دایکێک، که کۆرپه‌که‌ی ده‌لاوێنێته‌وه، هه‌ستی منداڵێکی ساوا که تازه زمانی گرتووه و له‌کاتی برسییه‌تیدا هاوار ده‌با بۆ دایکه‌که‌ی، هه‌ستی ئه‌ویندارێک که به به‌ژن و باڵای خۆشه‌ویسته‌که‌یدا هه‌ڵده‌ڵێ، هه‌ستی دایکێکی جه‌رگسووتاو، که به‌سه‌ر لاوی لهدهستچوویدا شین و ڕۆڕۆ دەکا، هه‌ستی دووربوون له خۆشه‌ویستێک که به ساڵان نه‌یدیوه و ده‌یلاوێنێته‌وه، هیچ زمانێک، جگه له زمانی دایک، ناتوانێت ئه‌م سۆزه دهروونیییه، به شێوازێکی پاراو و جوان، ئه‌و جۆره‌ی که پێویسته، ده‌رببڕێت. ئه‌گه‌ر که‌سێک گومانی هه‌بێ له‌م پاودانه، له‌گه‌ڵ هه‌ست و سۆز و بوونی خۆیدا ناڕاسته و خۆی فریو ده‌دات. ئه‌و که‌سانه‌ی که بواری خوێندن و نووسین به زمانی کوردی‌یان نه‌بووه، یان بندەستن و نه‌یانتوانیوه به‌و زمانه بخوێنن و بنووسن، له کاتێکدا که نووسراوێکی کوردی‌یان له بەردەستە و توانای خوێندنه‌وه‌یان نییه، یان ئه‌وه‌ی که ناتوانن بیرکردنه‌وه‌ی سیاسی و هه‌ستی دەروونیی خۆیانی پێ ده‌رببڕن، له ناخی خۆیاندا ده‌ڕووخێن و، له‌باری ڕه‌وانییه‌وه تووشی کێشه‌ی گەورە ده‌بن. نموونه‌ی به‌رچاوی ئه‌م کێشه‌یه، ئه‌و که‌سانه‌ن که په‌ڕیوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان بوونه و، به ساڵانه له (هه‌نده‌ران) ده‌ژین، که‌چی هه‌ست به‌وه ده‌که‌ن نات