شوبات 4, 2021 Diyako Hashemi

ئامادەکردنی: ناسری ڕەزازی

پێشگری وەر له زمانی کوردی‌دا

وشه‌ی پێشگری وه‌ر، وه‌کوو پاشگر و پێشگر به‌گشتی له زمانی کوردی‌دا، چه‌ندین واتای هه‌یه: 1. وه‌ر، له شێوه‌زاری که‌ڵوڕیدا واتاکه‌ی ده‌بێته: به‌ر یا پێش له سۆرانی‌دا. له فارسیشدا به ڕێنووسی خۆیان ده‌بێته: (و‌ر) که هاوکێشی (وه‌ر)ی کوردییه و به‌و وه‌زنه ده‌خوێنرێته‌وه و واتاکه‌ی ده‌بێته: به‌ر، لا، نک، کن، ته‌نیشت؛ بۆ میناک: کامبیز اون و‌ر نشسته بود. واته: کامبیز له‌و لاوه دانیشتبوو.

وه‌ر له زمانی کوردی‌دا به ته‌نیا واتا نادات و وه‌کوو پێشگر و پاشگر که له‌گه‌ڵ وشه یان ناوێک یه‌ک بگرن واتا ده‌دا؛ بۆ نموونه به که‌ڵوڕی ده‌وترێت: کاردۆخ وه‌ر جه من چییه ماڵ، وشه‌ی نیارهیی (خبری)یه که به سۆرانی ده‌بێته: کاردۆخ به‌ر له من ڕۆشته‌وه بۆ ماڵ، یا پێش من ڕۆشته‌وه بۆ ماڵ.

له ناوچه‌ی ئیلام ئووشن: له کوورهو هاتیده؟ ئه‌وانیش له وه‌ڵامدا ئووشن: وه‌ر له فلانی هاتمه. بۆ نموونه ئێمه ده‌ڵێین: گوڵه‌به‌ڕۆژه، ئه‌وان ئێژن: گوڵوهرهفتهو، یا گوڵبهرفتهو. له ڕاستیدا تا ئه‌یوان کهڵوڕه، واته ڕشته کێوی ڕنوو، وه‌لێ زانسته یان نه‌زانسته، به گشتیان ئه‌ڵێم: پاڵه‌یی و درووستهکهشی هه‌ر ئه‌وه‌یه.

وشه‌ی وه‌ر له پاڵه‌یی کۆندا که له گاتاکاندا هه‌یه، به ڤه‌ر هاتووه، که ئه‌ویش واتای سینگ و به‌ر ده‌دا، به‌ڵام وشه‌ى (ڤه‌ر) له ناو زاراوه‌ى (كوردهلی)یه‌كانی پارێزگای ئیلام، كه دانیشتوى ناوچه‌كانى پاڵه یا په‌هله و زهرینئاوان، به واتاى (بۆ یان بۆچی) دێت، بۆ وێنه ده‌ڵێن: ڤه‌ر كوو دچی؟ واته بۆ كوێ ده‌ڕوى؟ ڤهرچه نییهتییهید ئه‌ڕای بازاڕ؟ واته: بۆچی نایێی بۆ بازاڕ؟

له‌ناو سۆران و که‌لوڕی ناوچه‌ی کرماشان و شوێنانی دیکه‌ی کهڵوڕزوواندا وشه‌ی (له) وه‌کوو پێشبه‌ند یان ئامرازی به‌ستنه‌وه به‌کار ده‌چێ، به‌ڵام له ناو ئه‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌دا وشه‌ی (ئه‌ژ) هه‌ر له‌و زاراوه‌یه‌دا به‌کار ده‌برێت، بۆ وێنه: (ئه‌ژ كوو یه‌تی؟) واتا له كوێوه دێی؟ له پارێزگای ئیلام که شێوه‌زار و بنزاراوه‌ی زۆری تێدا به‌کار ده‌چێ وه‌کوو: که‌لوڕی، له‌کی، لوڕی، فه‌یلی، کورده‌لی، له جێگای پێشبه‌ندی (له)، كه ئێمه‌ش به‌كاری ده‌هێنین، ئه‌وان ئه‌م چه‌ند پێشبه‌ندی (ده ) و ( ژه) و (ئه‌ژ) له ئاخافتندا به‌كار ده‌هێنن.

وه‌ر له که‌ڵوڕیدا بێژگه له کاتی پرسیار (سئوال)، دوای هێنانی ناوی که‌س یان کۆ، دێت. وه‌کوو: ئاکۆ وه‌ر جه من سوار بی و چی ئه‌ڕای ماڵ. واته: ئاکۆ به‌ر له من سوار بوو و ڕۆییشته‌وه بۆ ماڵ. به‌ڵام له‌کاتی نیاره (خبر) و دۆخه‌کانی دیکه له ناو ڕسته‌دا به‌کار ده‌چێت.

وشه‌یه‌کی دیکه له که‌ڵوڕیدا هه‌یه که واتای به‌ر یا پێشی سۆرانی ده‌دا و ئه‌ویش وشه‌ی نوایه، که له ناوه‌ڕاست و کۆتایی وشه‌دا به‌کار ده‌چێ، وه‌کوو: به‌وه نوا برام، له‌وره نه‌وسه، واته: وه‌ره پێشه‌وه برام، له‌وێ ڕا مه‌وه‌سته؛ وشه‌ی نوا نه پاشگره نه پیشگر به‌ڵکوو بۆ خۆی وشه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیه و تا ئێستا هه‌ر وا به‌کار چووه. نوا و دمای که‌ڵوڕی به‌رانبه‌ره به پێش و پاش و به‌ر و دوای سۆرانی و پێش و پاشیی کرمانجی و (وه‌ر و دما)ی هه‌ورامی. بۆ نموونه:
له هه‌ورامیدا ده‌بێژرێ: (وه‌ر دهمو منهنه مهمدرهره)، واته: له‌به‌ر ده‌م مندا ڕامه‌وه‌سته، یان له پێش منه‌وه ڕامه‌وه‌سته؛ به‌ڵام که بوو به ڕابردوو ده‌بێته: (ئاکۆ وه‌ڵێ منهنه سوار بی لواوه‌و په‌ی یانێ). بۆ دماش، ده‌ڵێن: ئاکۆ دما و من لواوه په‌ی یانێ؛ واته: ئاکۆ دوای من چووه‌و بۆ ماڵ؛ به کهڵوڕیش بۆ دما، ده‌ڵێن: ئاکۆ له دمای منه‌وه تیاد، واته ئاکۆ له دوای منه‌وه دێت.

وه‌ر له که‌ڵوڕیدا هه‌ر هه‌مان به‌ری سۆرانییه، وه‌لێ له هه‌ندێ ڕسته‌دا پێشبه‌ند له هیچیاندا ناکه‌وێته پێش، مه‌گه‌ر پرسیار بێ؛ وشه‌ی نواش که ئه‌ویش واتای به‌ر و پێشی سۆرانی ده‌دا ته‌نیا به‌و شێوه‌یه به‌کار ده‌چێ که باسم کرد. ئه‌گه‌ر بێژی وه‌ر جه من، نابێته نوا جه من، هه‌ڵه‌یه. به‌ڵام به که‌ڵوڕی ده‌توانی بڵێی: بچوو وهرتر، بچوو نواتر، ته‌نیا ئه‌وه‌یه نوا له سه‌ره‌تای وشه‌دا به‌کار ناچێ. هه‌میشه له هه‌موویاندا وشه‌ی ناو ده‌که‌وێته پێش و ئه‌وسا واتا ده‌دا.

وه‌ر بۆ تاوێک و ماوه‌یه‌کیش له شێوه‌زاری که‌ڵوڕیدا به‌کار ده‌چێ، وه‌کوو: یه‌ی وه‌ر هات و چی؛ واته تاوێک هات و چوو؛ وه‌ر دیسان له که‌ڵوڕیدا کاتێ پێشبه‌ندی ئه‌و بکه‌وێته پێشی و ببێته ئه‌و وه‌ر، له سۆرانی‌دا واتای ئه‌و به‌ر ده‌دا، وه‌کوو: ڕسته‌ی فه‌رمانی بچوو ئه‌و وه‌ر بووسه، واته بچۆ له‌و به‌ر ڕاوه‌سته.

١. بۆ زانین، له هه‌ورامان گوندێکمان هه‌یه که جێگای ژیانی یارسانه‌کان بووه و ناوی (پردیوه‌ر)ه، که واتای پردی ئه‌وبه‌ر ده‌دات و ئایینی یارسان له‌وێ ژیاوه‌ته‌وه.
٢. له ئهنبانهبۆرینهدا نووسراوه: وه‌ر واتای: ته‌ته‌ڵه و ته‌خته‌ی له‌سه‌رنووسراو ده‌دات. ئه‌گه‌ر وا بێ، جیاواز له‌وه‌ی که بۆ پێشگر و پاشگر به‌کار ده‌چێ، وشه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆشه و ناوه؛
٣. وه‌ر ئه‌گه‌ر ببێته پاشگری ناوێک، ناوێکی دیکه‌ی تاک درووست ده‌کات و پاشگره‌که نه‌خشی خاوه‌ن ده‌گێڕێ، وه‌کوو: گیانه‌وه‌ر؛ په‌له‌وه‌ر؛ هونه‌روه‌ر. ئه‌م پاشگره له فارسیشدا هه‌یه و هه‌مان ده‌ور ده‌بینێ که له کوردی‌دا هه‌یه و ده‌کرێ بوترێ پاشگرێکی هاوبه‌شه به هه‌مان واتاوه. هه‌روه‌ها وه‌ر وه‌کوو پێشگر له فارسیشدا هه‌یه و هه‌ر هه‌مان ده‌ور ده‌بینێ که له کوردی‌دا هه‌یه. دیاره وه‌ر به ڕینووسی فارسی ئاوه‌ها ده‌نووسرێ: (و‌ر).

٤. وه‌ر له کوردی‌دا هه‌ندێ جار ده‌بێته پاشگر به‌ڵام دوو واتا له خۆ ده‌گرێ، واتایه‌کی ده‌بێته خاوه‌ن و ئه‌وی دیکه‌شی ده‌بێته پاشگری بکه‌ر، وه‌کوو: خه‌زه‌ڵوه‌ر، خه‌زه‌ڵ واته: گه‌ڵا و، وه‌ریش واته: وه‌رین و داکه‌وتن و داڕێزان. که وابوو، وه‌ر له سۆرانی و کرمانجیدا به ته‌نیا واتا نادا و له‌گه‌ڵ وشه‌ی دیکه واتا ده‌گرێته خۆ، وه‌کوو: وه‌رکه‌وتن، وه‌رسووڕان، وه‌ربوون و هی تر.

ئه‌م وشه‌یه هه‌ر له کۆنه‌وه ڕیشه‌ی له‌ناو زمانی کوردی‌دا هه‌بووه و خه‌ڵک به شێوه‌ی جیاواز که‌ڵکیان لێ وه‌رگرتووه و هاتۆته ناو زمانه‌که‌مان و جێی گرتووه و وشه‌ی لێ درووست کراوه وه‌کوو: وه‌ردێنه یا وهردێنک که واتای تیرهنان ده‌دات و وشه‌ی ناوه، دووریش نییه له ڕیشه‌ی وشه‌ی (وه‌رد)ه‌وه که بۆ کێڵانی زه‌وی و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و ئاماده‌کردنی بۆ چاندن به‌کاری ده‌به‌ن وه‌رگیرابێ و وشه‌ی دیکه‌ی لێ که‌وتبێته‌وه، وه‌کوو:
وه‌رگرتن: چاوگ، سه‌ندن و وه‌رگرتن له که‌سێک.
وه‌ربوون: چاوگ، به‌کۆمه‌ڵ خه‌ریکی کارێکبوون.
وه‌ربوون: چاوگ، به‌گه‌ل ڕژان به سه‌ر شتێک یان که‌سێکدا.
وه‌رکه‌وتن: چاوگ، ڕاکشان و ڕازان بۆ خه‌و، که زیاتر بۆ سه‌گ و گا و مانگا و ئاژه‌ڵ به‌کار ده‌چێ و دۆخی نه‌رێن (منفی) له خۆ ده‌گرێ. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین که زۆر وشه‌مان له کوردی‌دا هه‌یه که هه‌م ناوه، هه‌میش پاشگره، که ئه‌وه تا ڕاده‌یه‌ک کێشه‌ی بۆ درووست کردووین له وشه‌ڕۆناندا.

٥. وشه‌ی وه‌ر له کرمانجیدا هه‌ر وه‌کوو سۆرانی به‌کار ده‌چێ وه‌کوو:
وهرئانین: له ده‌ور خۆ ئاڵاندن، لحێف دۆرا خوه وهرانی.
وهرڤین: ته‌پین و داڕووخان و له‌ناوچوون.
وهرئافتن: تێکههڵگوشین و گوڵۆڵهکردنی شتێک.

له زمانی کوردی‌دا و له زۆربه‌ی زمانانی جیهاندا، هه‌ندێ جار پیتێک داده‌که‌وێ و کاتێ پێشگر یان پاشگری وه‌رگرت، وشه‌که واتایه‌کی دیکه ده‌دا. وه‌کوو: وه‌ر ده‌بێته: ڤه و واتاکه ده‌گۆڕدرێت. ئه‌م وه‌ره‌ی که ئێمه لێره‌دا باسی ده‌که‌ین، له کرمانجیدا ده‌بێته: ڤه و ده‌بێته پێشبه‌ند و وه‌رگێڕانی سۆرانی ده‌بێته: ڤهگهڕاندن و وهرژماردن ده‌بێته: ڤهبژارتن.

دیسان ئه‌م (ڤه)یه له کرمانجیدا جێگای خۆی ده‌دا به پاشگری دووپاتبوونه‌وه (ه‌وه) و، گه‌ڕانه‌وه ده‌بێته: ڤهگهڕیان؛ ئه‌م ڤه‌گه‌ڕیانه واتای (ئێمه گه‌ڕاینه‌وه)ی سۆرانی نادا چوونکه له شێوه‌زاری کرمانجیدا پاشگری گه‌ڕانه‌وه‌مان نییه، تۆزێک له بادینان نه‌بێ.

دیسان له زمانی کوردی‌دا که سه‌ره‌تای هه‌ندێ وشه و ناو به پیتی (ب) ده‌ست پێ ده‌کا، ده‌گۆڕدرێ بۆ پیتێکی تر، بۆ میناک له پاڵه‌یی کۆندا پیتی (ب) به (ڤ) به‌کار هاتووه و له هه‌ورامی و له که‌ڵوڕی و ته‌نانه‌ت له بنزاراوه‌ی سنه‌یییانه‌شدا گۆڕدراوه بۆ (و)، بۆ نموونه: باران له که‌ڵوڕیدا ده‌بێ به واران و بینه‌ر له هه‌ورامیدا ده‌بێ به وینه‌ر و ده‌بینم له سنه‌ییدا ده‌بێ به ئه‌وینم.

نووسه‌رانی ئێمه چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌وانه‌ی که زمان‌زان و زمانه‌وان بوون، که‌وتنه وشه‌دانان یان وشه‌ڕۆنان و هاتن له چاوگی وشه‌ی (وه‌رگه‌ڕان)، وشه‌ی (وه‌رگێڕان)یان داڕشت و بۆ کاری (ترجمه)ی زمانێک بۆ سه‌ر زمانی کوردی، ده‌کاریان کرد؛ هه‌روه‌ها له چاوگی وشه‌ی وه‌رسووڕان، وشه‌ی وه‌رچه‌رخانیان هێنایه به‌ر کار و له کاری سیاسی‌دا که‌ڵکیان لێ وه‌ر گرت. منیش له‌و باوه‌ڕه‌دام هه‌رچه‌ند (هه‌مدیسان و له‌سه‌رڕا و چه‌ندجاره و چهنکهشه)مان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وشه‌ی وه‌ر بکه‌ینه پێشگر بۆ هه‌ندێ وشه‌ی دیکه و واتای تازه‌ی لێ درووست بکه‌ین وه‌کوو: وه‌رپاته، واته: دیسان لێدانه‌وه‌ی سی دی و فیلم و گۆرانی و له جێگای وشه‌ی (دووباره)ی فارسی که ته‌له‌ڤزیۆنه‌کان بۆ (ڕێپید)ی ئینگلیسی به‌کاری ده‌هێنن دابنرێ، شتێکی باشه، چوونکه ئه‌م وشه‌یه ده‌توانێ بۆ چه‌ندین جار لێدانه‌وه‌ش به‌کار بچێت.

وشه‌ی دووباره ئه‌گه‌ر بۆ دووجار له شاشه‌ی تهلهڤزیۆنهکانیاندا دای ده‌نێن، به‌ڵام (وه‌رپاته) ده‌کرێ بۆ هه‌ر چه‌ند جارێک که لێده‌درێته‌وه، به‌کار ببرێت. وه‌رپاته: چاوگه‌که‌ی له دوو دۆخدا ده‌بێته وهرپاتهکردن و وه‌رپاته‌بوون؛ ئه‌وه‌ش چه‌ند نموونه‌ی دیکه:
وهرکێڵه، واته: دیسان کێڵانه‌وه که چاوگه‌که‌ی ده‌بێته وهرکێلان.
وهرچانده، واته: دیسان چاندنه‌وه، که چاوگه‌که‌ی ده‌بێته: وهرچاندن.

 

ناسری ڕه‌زازی ستۆکهۆڵم

 

تەواو