كانونی دووه‌م 4, 2020 Edris Hashemi

تیرۆریستی جیهانی و بکوژی هەزاران کەس کوژرا

نووسین: ئیدریس هاشمی

قاسم سولەیمانی فەرماندەی سپای قودسی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیی ئێران بوو کە لە نزیک کاتژمێر ١ی سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ٣ی جەنیوەریی ٢٠٢٠ بە هۆی هێرشی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکەی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژرا.
لەم هێرشەدا ئەبومەهدی موهەندیس یەکێک لە فەرماندەکانی گروپی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی عێراق لەگەڵ ٩ کەسی تر کوژران.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، فەرمانی ئەم هێرشە ئاسمانییە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی وڵاتەوە دەرچووە.
سپای قودس بە سەرکردایەتیی قاسم سولەیمانی بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ تیرۆری هەناردە دەکرد، حکوومەتەکانی لاواز کرد و بەرپرسیار بوو لە کوژرانی هەزاران کەس و پەرەی بە هۆزخوازی دەدا. هێزی قودسی سوپای پاسداران ناوەندی تێکدانەکانە لە ناوچەکەدا. قاسم سولەیمانی و سپای قودسی سوپای پاسداران لە ناوەندی ململانێی پڕتێچوو و دەسەڵاتخوازانەی چالاکیی تێکدەر بوون لە ناوچەکەدا، بۆ نموونە: لە سوریا، عێراق، لوبنان، ئەفغانستان، بەحرەین و یەمەن.
تێرۆریست قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران، هەموو پایتەختی وڵاتی لە تەیارکردن و بارهێنانی تاقمە تیرۆریستییەکان و بنیاتنانی حوسێنییە لە لوبنان و وڵاتانی دیکە خەرج کرد و پشتیوانیی لە نیمچە سەربازییە تیرۆریستییەکان کرد کە ڕێژیمی ئێران پاڵپشتییانی دەکرد و بڵاوبوونەوەی ناسەقامگیری و نائەمنیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرە پێ دەدا.
پاسداری تێرۆریست قاسم سولەیمانی یەکێک بوو لەو توخمانەی کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە تیرۆر لە وڵاتانی ئەوروپادا هەبوو. فەیلەقی قودسی تیرۆریستی پاسداران بەرپرسیار بوو لە تیرۆرکردنی سەرکردەکانی کورد دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی لە دەرەوەی وڵات. لە سەردەمی قاسم سولەیمانیدا، سپای تیرۆریستی قودس، چەندین تاوانی دژ بە کورد و کوردستان ئەنجام دابوو.
بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، تیرۆریست قاسم سولەیمانی خودی خۆی چووەتە سەروئاباد و فەرمانی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی فسفۆڕ لە دژی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەرکردووە.
لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٧٨ و هێرشی سەر زانکۆ و لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٨٨ بە فەرمانی پاسداری تیرۆریست قاسم سولەیمانی، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بێتاوانی ئێران کوژران.
کوشتنی سولەیمانی یەکێکە لەو ڕووداوانەی ساڵانێک چێژی لێ وەربگیرێت و جیهان لە گەورەترین تیرۆریست ڕزگاری بوو.

نووسینی وتار: ئیدریس هاشمی
2020 01 04