كانونی یه‌كه‌م 28, 2019 Narges Hashemi

ئاوڕێک لە ئێعدامەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران

نووسین: نەرگس هاشمی

کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبەر تیربارانکردن و هەڵواسین و ئێعدامکردنی خەڵک، چ بە دزییەوە چ لەبەرچاوی خەڵک، چ گەورەساڵ و چ کەمتەمەن، چ پیاو، چ ژن، بە شێوەی جۆربەجۆری وەک ئەشکەنجە و بەردباران و هتد تاوانکارترین وڵاتی جیهانە.

وەک بۆ هەمووان ڕوونە پلەی کوشتوبڕ و داپڵۆساندن لە ئێراندا بەردەوام بۆ سەرەوە هەڵدەکشێت. ئێعدام لە ئێراندا چ بە شێوەی تاکەکەسی و چ بەکۆمەڵ هەبووە. بۆ نموونە خەڵخاڵی لە ساڵی ١٣٥٨ (١٩٧٩) جەولەیەکی لە کوردستاندا کرد و زیاتر لە ٥٨ کەسی تیرباران کرد.

کوشتنی نادادپەروەرانە و بەکۆمەڵ لە کوردستاندا دابی کۆماری ئیسلامییە.

بۆ نموونە بەپێی IRANGLOBAL دەتوانین ئاماژە بکەینە ئەم تیربارانە بەکۆمەڵانە کە بە دەستی خەڵخاڵی و لەلایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دژ بە کورد کراون:

١. تیربارانکردنی ١٨ کەس لە خەڵکی شاری پاوە، سەرلەبەیانیی ٢٨ و ٢٩ی گەلاوێژ (مرداد)ی ساڵی ١٣٥٨ (١٩٧٩/٠٨/١٩) و (١٩٧٩/٨/٢٠) لە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان.

٢. تیربارانکردنی ٩ کەس لە شاری مەریوان لە ئێوارەی ١٣٥٨/٦/٣ (١٩٧٩/٨/٢٥).

٣. تیربارانکردنی ١١ کەس لە فڕۆکەخانەی سنە لە ١٣٥٨/٦/٥ لە کاتژمێر پێنجی ئێوارە کە لە هەموو لایەکی دنیا دەنگی دایەوە و بوو بە هەوێنی سروودی ئەی شەهیدان:

٤. تیربارانکردنی ٢٠ کەس لە شاری سەقز، کاتژمێر حەوتی بەیانیی ١٣٥٨/٦/٦ (١٩٧٩/٨/٢٨).

کۆماری ئیسلامی نەک تەنها لە کوردستان، بەڵکوو لە هەموو ئێراندا تاوانکارە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، ئێران لە ساڵی ٢٠١٧دا بە شێوەیەکی مامناوەندی هەموو ڕۆژێک کەسێکی ئێعدام کردووە. ئەوە وا دەکات کە ئێران لەو ساڵەدا لە ڕیزی یەکەمی ئەو وڵاتانەدا بێت کە خەڵکیان هەڵواسیوە. (بێگومان ساڵەکانی تریش هەر بەردەوام بووە و تەنانەت زیاتریش بووە).

نەک بە شێوەیەکی کۆڤییانە (وەحشییانە) مرۆڤەکان دەکوژن بەڵکوو ڕەوتی دادگایییەکانیشیان زۆر نادادپەروەرانەیە. تەنانەت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش ئەو ڕەوتەیان بە نادادپەروەرانە پێناسە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی حەنیف حەیدەرنژاد لە کارنامەی ٤٠ ساڵەی کۆماری ئیسلامی لە بواری ئێعدامدا تەنیا لەنێوان بەفرانباری ١٣٥٧ تا سەرماوەزی ١٣٩٧ ژمارەی کوژراوان بە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لانی کەم بریتین لە ٢٦٣٢٥ کەس. هەڵبەت ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو ژمارەیە زۆر لەوەش دەتوانێت زیاتر بێت.

ڕێژەی کوشتوبڕ و تیرباران لە ئێراندا بەردەوام بۆ سەرەوە هەڵدەکشێت.

ئامادەکردنی نەرگس هاشمی، سوید، 2019-12-28