ئازار 6, 2016 Diyako

لەلایەن: دیاکۆ هاشمی 

یەکەم بڵاوکردنەوە: 24-12-2003

 

زانستی وه‌رگێڕان
 

پێشەکی

وه‌رگێڕان واته وه‌رگه‌ڕاندنی ده‌قێك یان وته‌یه‌ك له زمانی ده‌ستپێكه‌وه بۆ زمانی مه‌به‌ست به جۆرێ كه كاریگه‌ریی زمانی ده‌ستپێك له خوێنه‌ر یان بیسه‌ری زمانی ده‌ستپێك بگوێزرێته‌وه بۆ خوێنه‌ر یان بیسه‌ری زمانی مه‌به‌ست.
له‌ڕاستیدا وه‌رگێڕان ده‌بێ به‌بێ بچووكترین خستنه‌سه‌ر یان لابردنێك بێت، به‌ڵام ئه‌وه ته‌نها لایه‌نی هزرییه، چونكوو پێكهاته‌ی زمانه‌كان پێكه‌وه جیاوازییان هه‌یه و وه‌رگێڕ ناچار ده‌بێ ده‌ستكاری بكا له وه‌رگێڕانه‌كاندا.

 

زمانی سەرچاوە یان زمانی مەبەست؟

ئاخۆ وه‌رگێڕان ده‌بێ له زمانی ده‌ستپێكه‌وه نزیك بێت یان له زمانی مه‌به‌ست؟ ئایا نووسه‌ر گرنگه یان گوێگر و خوێنه‌ر؟ ئایا ئه‌میندارێتی گرنگه یان خۆماڵیكردنی نووسینه‌كان؟ ئایا چ ده‌قێك زیاترین ده‌ستتێوره‌دانی تیا بكرێ؟ و كۆمه‌ڵێ پرسیاری تر
بۆ لێوردبوونه‌وه و تاووتوێكردنی هه‌موو ئه‌و كێشانه زانستی (وەرگێڕانزانی translatology) به‌دی هاتووه.
له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كاندا زۆر بایه‌خ به وه‌رگێڕان ده‌درێ و سه‌دان كۆڕ وكۆمه‌ڵ و كۆبوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌گیرێ و گۆڤار و په‌رتووك و به‌رنامه و نامیلكه و وتار و بابه‌تی له‌سه‌ر بڵاو ده‌كرێته‌وه.
كارێ كه وه‌رگێڕ ده‌یكا له كاری نووسه‌رێ كه‌متر نییه و ئه‌ركێكی زۆر گرنگ به‌ڕێوه ده‌بات.
وه‌رگێڕان ده‌بێته هۆی ئاشنابوون له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه و هاوكات كۆمه‌ڵێ وشه و زاراوه‌ی نوێ دێته ناو زمانه‌كه‌وه.
وه‌رگێڕان زانستێكی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن یاسا و ڕێسای تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی. له یه‌که‌م هه‌نگاودا ده‌توانین دابه‌شی كه‌ینه سه‌ر دوو جۆر:

1. (وه‌رگێڕانی زاری interpretation) كه دوو جۆری سه‌ره‌كیی هه‌یه:

  • وه‌رگێڕانی هاوكات.

  • وه‌رگێڕانی ناهاوكات.

2. (وه‌رگێڕانی نووسراوی translation) كه چه‌ند جۆری هه‌یه:

  • وه‌رگێڕانی وشه‌به‌وشه.

  • وه‌رگێڕانی ڕسته.

  • وه‌رگێڕانی ئازاد.

 

(وه‌رگێڕانی زاری interpretation)

وه‌ك له ناوه‌كه‌یه‌وه دیاره وه‌رگێڕانی زاری وه‌رگێڕانێكه كه به شێوه‌ی زیندوو و به په‌له ده‌كرێت. هاوكات كه وته‌ر قسه ده‌كات وهرگێڕهكه ده‌بێ وتهكان وه‌رگێڕێته‌وه. به‌پێچه‌وانه‌ی وه‌رگێڕانی نووسراوی، له وه‌رگێڕانی زاریدا كات كه‌مه، هه‌موو شته‌كان به‌خێرایی ده‌چنه پێشه‌وه و به‌كارهێنانی ئامێره یارمه‌تیده‌ره‌كان وه‌كوو فه‌رهه‌نگنامه ئه‌سته‌مه.
به‌سته به‌وه‌ی كه له چ زمانێكه‌وه وه‌رگێڕان ده‌كرێت، شێوه‌ی وه‌رگێڕانه‌كه دابه‌ش ده‌كرێ به‌سه‌ر:

  • وه‌رگێڕانی هاوكات
  • وه‌رگێڕانی ناهاوكات

بۆ ڕوونكردنه‌وه سه‌یری پێكهاته‌ی ڕێزمانیی زمانی ئینگلیزی بكه‌ن:
 


كه لێره‌دا (S = بكه‌ر)، (V = كار) و (O = به‌ركار)ه.
ده‌بینین كه زمانی ئینگلیزی ڕیزبوونی بنه‌ماییی (SVO) ی هه‌یه، واته له پێشدا بكه‌ر، پاشان، كار و دوایی به‌ركار ده‌نووسرێت.
له زمانی كوردیدا ڕیزبوونی بنه‌مایی وه‌كوو زمانی ئینگلیزی نییه و به‌ڵكوو به‌شێوه‌ی (SOV)ه واته له‌پێشدا بكه‌ر، پاشان به‌ركار و دوایی كار دێت:
 


زمانی فارسیش ڕیزبوونی بنه‌ماییه‌كه‌ی وه‌كوو زمانی كوردی واته (SOV)ه.
 


 

ئێسته ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕێك بێت و بییه‌وێ به‌شێوه‌ی زاری و خێرا له زمانی ئینگلیزییه‌وه وته‌یه‌ك بكاته كوردی، بۆ ئه‌وه‌ی ڕسته‌یه‌كی ته‌واو بداته ده‌سته‌وه ده‌بێ بوه‌ستێ تا قسه‌بێژه‌كه ڕسته‌كه‌ی ته‌واو بكا كه زۆرجار پتر له ڕسته‌یه‌كه و ده‌بێ له مه‌به‌سته‌كه به‌ته‌واوی تێ بگا، ئینجا ده‌ست بكاته وه‌رگێڕان. واته ئه‌و كاته به‌شێوه‌ی ناهاوكات وه‌رگێڕان ده‌كات و پاش وه‌ستانێكی قسه‌بێژه‌كه وه‌رگێڕانه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كات.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و له زمانی فارسییه‌وه وه‌ری بگێڕێ ده‌توانێ هاوكات وه‌رگێڕان بكات، چونكوو ڕیزبوونی دوو زمانی فارسی و كوردی له‌سه‌ر یه‌ك شێوه ڕیزبوونه و پێویست ناكات چاوه‌ڕوان بێت تا له ته‌واوی مه‌به‌سته‌كه تێ بگات، ته‌نها به تۆزێ جیاوازیی كات وه‌رگێڕانه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كات.

 

به‌مجۆره ده‌بینین ئه‌گه‌ر پێكهاته‌ی ڕیزبوونی زمانی ده‌ستپێك و زمانی مه‌به‌ست وه‌كوو یه‌ك بن، وه‌رگێڕانی زارییه‌كه به‌شێوه‌ی (وه‌رگێڕانی هاوكات) ده‌كرێت.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێكهاته‌ی ڕیزبوونی زمانی ده‌ستپێك و زمانی مه‌به‌ست وه‌كوو یه‌ك نه‌بن، وه‌رگێڕانی زارییه‌كه به‌شێوه‌ی (وه‌رگێڕانی ناهاوكات) ده‌كرێت.

 

شارەزایی لە بوارەکە

وەرگێڕانی زاری یان ڕاستەوخۆ یەکێک لە سەختترین شێوازەکانی وەرگێڕانە، چونکوو وەرگێڕ دەبێ بێ گتکردن و وەستان، خێرا خێرا بۆ هەر دوو زمانەکە وەرگێڕان بکات. بۆ ئەم کارە وەرگێڕەکە پێویستە شارەزاییی باشی لە هەر دوو زمانەکە هەبێت و هەروەها شارەزاییی باشیشی لە بابەتەکە هەبێت کە وەرگێڕانی لێ/ بۆ دەکات. بوارەکان و پسپۆڕییەکان زۆر سنووردارن و کەسێ کە لە بوارێکی گشتیدا وەرگێڕان دەکات ڕەنگە نەتوانێ لە دادگایەک یان لە نەخۆشخانەیەک وەرگێڕان بکات، چونکوو بۆ نموونە ئەو دوو شوێنە کۆمەڵێک چەمک و وشە و دەستەواژەی تایبەت بە بواری خۆیان هەیە کە ئەگەر کەسێک لەوانە شارەزاییی نەبێ، ڕەنگە ئەو وشانەی هەر بەر گوێ نەکەوتبێت، بۆیە گرنگە لە پێشدا لە بوارەکەدا شارەزاییی هەبووبێ.

جاری وایە لە زمانێکدا ڕەنگە زاراوەیەک یان چەمکێک بۆ مەبەستێکی تایبەتی بوونی هەبێت، بەڵام بەرانبەرەکەی لە زمانێکی تردا هەر نەبێت، بۆیە گرنگە وەرگێڕ چێژی زاراوەسازی و وشەسازیی هەبێت تا بتوانێ لە کاتی پێویستدا وشەیەک یان زاراوەیەک یان چەمکێک بەرانبەر بەوەی لە زمانی سەرچاوەدا هەیە دابنێت، کە بتوانێ بۆ خێراییی کارەکەی لە وەرگێڕانەکەیدا بەکاری بهێنێ و وشەداهێنراوەکەش نابێ هێندە لای گوێگری زمانی مەبەست نامۆ بێت کە بحەپەسێت.

بۆ نموونە لە دەزگای کۆچبەریی سویددا، کۆمەڵێ چەمک و زاراوەی تایبەت بە کۆچبەری بەکار دەچن کە ڕەنگە لە کوردستان یان تەنانەت لە ئێران و ئێراقیشدا بەرانبەرەکەیان بوونیان نەبێت، وەرگێڕ دەبێ هێندە بەتوان و بەسەلیقە بێت کە چەمکی پڕبەپێستیان بۆ بدۆزێتەوە. جاری واشە لە وشە داهێنراوەکە کەس تێ ناگات، چونکوو بوارەکە هێندە تایبەتە ڕەنگە لە زمانی سەرچاوەشدا کەسێکی ئاسایی کە سەرقاڵی ئەو بوارە نەبێت لێی تێ نەگات، بەڵکوو پێویستی بە لێکدانەوەیەک هەیە، نموونەی ئەو چەمکانە ئەو زاراوانەن کە بۆ بواری پەنابەری بەکار دەچن کە تەنانەت هەندێ جار سویدییەکی ئاسایی لە وشە سویدییەکە تێ ناگات، چ نەخوازەڵڵا وەرگێڕێک بیەوێ خۆی وشەیەک بەرانبەریان دانێ و چاوەڕێ بێت پەناخوازێکی کورد لەوانە تێ بگات. نموونەی ئەو چەمکانە ئەمانەن:

جاڕی پلەی پەنابەری / ڕاگەیاندنی پلەی پەنابەری flyktingstatusförklaring                   
جێگرەوەی جاڕی داڵدە / جێگرەوەی ڕاگەیاندنی پاراستن

Alternativ skyddsstatusförklaring

 

دیارە نە سویدییەک و نە کوردێکیش کە یەکەم جار ئەوانە ببیسن لە مەبەستەکان تێ ناگەن، مەگەر ئەوەی کە کاربەدەستەکەی دەزگای کۆچبەری مەبەستەکە ڕوون بکاتەوە. چونکوو ئەوانە زاراوەی بواری کۆچبەرین لە وڵاتی سویددا و ئەو وشانە هەرچەندیش بەدروستی بە فارسی یان عەرەبی یان کوردی بەدوای یەکدا ڕیز بکرێن و وەربگێڕدرێنەوە، هێشتاش هەر لەلای گوێگرەکان نامۆن، بەڵام وەرگێڕ لە کاتی وەرگێڕانی ڕاستەوخۆدا دەبێ بەرانبەر بەوانە وشەی هەبێ تا وەرگێڕانەکەی پەکی نەکەوێت، جا ئەگەر گوێگرەکە تێ نەگەیی ئەرکی سەرشانی خۆیەتی داوا لە کاربەدەستەکە بکات کە ئەو چەمکانە ڕوون بکاتەوە تا ئەو تێ‌یان بگات.

بۆ دانانی وشەی بەرانبەر ئەو چەشنە دەستەواژانە، وەرگێڕەکە دەبێ بەباشی لە یاسا و ڕێساکانی پەنابەریی سوید تێ گەیشتبێ و بەباشی بزانێ مەبەست چییە تا بتوانێ بەرانبەری گونجاو بدۆزێتەوە و لە کارەکەیدا بەکاری بهێنێ.

لە وڵاتە ئورووپایییەکان بۆ نموونە لە سویددا، کۆمەڵێ بنکەی جۆربەجۆری وەرگێڕان هەیە کە گەلێ وەرگێڕ لەو شوێنانەدا کار دەکەن، جاری وایە وەرگێڕەکان لەلای بەکارهێنەران ئامادەن و جاری واشە لە دوورەوە، لە ڕێی تەلەفۆن یان ڤیدیۆوە وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ یان زاری دەکەن، چاو لەم بەستەرە بکەن کە نموونەی بنکەیەکی وەرگێڕانە لە سوید کە وەرگێڕەکانی لەنێو نووسینگەیەکی گەورە دانیشتوون و تەنیا لەڕێی تەلەفۆن یان ڤیدیۆوە کاری وەرگێڕان دەکەن لە نێوان زمانی سویدی و کۆمەڵێ زمانی تر بۆ وێنە عەرەبی، کوردی، فارسی، دەری، ڕووسی، سۆمالیایی و هتد:

وەرگێڕی ڕاستەوخۆ TolkDirekt

 

چڕیی هزر

لە وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ یان زاریدا، وەرگێڕ دەبێ تەنانەت بۆ چرکەیەش هزری لە بابەتەکە دانەبڕێ، چونکوو هەر کە شیرازەی بابەتەکەی لێ بپچڕێت کاری وەرگێڕانەکەی تێک دەچێت و بگرە وەرگێڕانێکی بەپێچەوانە بداتە دەستەوە. جاری وایە وەرگێڕەکە  ناچارە گوێ لە جەند ڕستەیەک بگرێ پێش ئەوەی بتوانێ دەست بکات بە وەرگێڕان، بۆیە دەبێ توانای چڕیی هزر و وەبیرهێنانەوەی خۆی گەشە پێ بدات، جاری واشە دەتوانێ کەڵک لە وشەی کلیلی وەرگرێ و لە کاتی گوێ‌گرتن‌دا ئەو وشە کلیلییانە بنووسێتەوە و بۆ ئەوەی ڕستەکانی بێتەوە بیر. لەم ڤیدیۆیەدا ڕوونکردنەوەی باش لەسەر ئەو مەبەستە دراوە:

خولی فێرکاری بۆ وەرگێڕانی زاری، بە ئینگلیزی

 

تەکنیکی وەرگێڕان

وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ تەکنیکی تایبەتی خۆی هەیە، بۆ نموونە پێش لە دەستپێکردنی وەرگێڕانەکە، وەرگێڕەکە دەبێ بە هەر دوو زمانەکە خۆی بە لایەنەکان بناسێنێ، باسی بێلایەنیی خۆی لە وەرگێڕانەکە بکات و هەروە باسی ئەرکە گرنگەکەی خۆی بکات کە ڕازپارێزی و نەدرکاندنی باسەکانیان لەملا و لەولایە بۆ ئەوەی هەر دوو لایەنەکە دڵنیا بکاتەوە کە بێلایەنی و ڕازپارێزی لای ئەم گرنگە و بایەخی تایبەتیی پێ دەدرێت، کە وا بێت، وەرگێڕەکە دەبێ پێش لە دەستپێکردنی وەرگێڕانەکەی، ئەم خاڵانە بە هەر دوو زمانەکە، دووپات بکاتەوە:

١. خۆناساندن.
٢. دەربڕینی بێلایەنیی خۆی.
٣. ئاگادارکردنەوە لەوەی کە ڕازپارێزە و ئەرکی نەدرکاندنی لەسەر شانە.
٤. دەستنیشانکردنی ئەوەی کە هەمیشە لە زمانی یەکەم کەسەوە قسە دەکات.

هەروەها وەرگێڕەکە لە کاتی وەرگێڕاندا دەبێ جۆرێک دانیشێ کە دوو کەسەکە بەباشی یەکتر ببینن، هەروەها وەرگێڕەکە نابێ لە وەرگێڕاندا سەرنجی کەسەکان بۆ لای خۆی ڕابکێشێ، بەڵکوو دەبێ تەنیا دەنگێک بێت لەوێ وەک کەسێکی نادیار. واتە وا هەڵسوکەوت بکات کە دوو لایەنەک بەس چاو لە یەکتر بکەن و ڕوو بکەنە یەکتر نەک وەرگێڕەکە.

هەروەها وەرگێڕەکە دەبێ لە کاتی وەرگێڕاندا هەمیشە لە زمانی یەکەم کەسەوە وەرگێڕان بکات و بۆ نموونە نابێ لە کاتی وەرگێڕاندا بڵێ: ئەم دەڵێ: ناوت چییە؟ بەڵکوو لە زمانی پرسیارەکەرەکەوە ڕاستەوخۆ پرسیار دەکات و دەبێ بڵێ: ناوت چییە؟

ئەگەر وەرگێڕەکە پیاو بێت و وەرگێڕان بۆکراوەکە ژن بێت و بڵێ: دوکتۆر، من دووگیانم.، وەرگێڕەکە نابێ بڵێ: دوکتۆر، ئەم دەڵێ دووگیانم، بەڵکوو دەبێ ڕاستەوخۆ لە زمانی ژنە سکپڕەکەوە بڵێ: دوکتۆر، من دووگیانم.

لەم ڤیدیۆیەدا باس لە تەکنیکی وەرگێڕان و چۆنێتیی دانیشتن و قسەکردنی وەرگێڕەکە دەکرێت لە نێوان وەرگێڕان بۆکراوەکاندا:

نموونەی تەکنیکی وەرگێڕان، ئینگلیزی ـ سپانیایی

 

وه‌رگێڕانی نووسراوی translation

وه‌رگێڕ له وه‌رگێڕانی نووسراویدا كاتێكی زۆری به‌ده‌سته‌وه‌یه و ده‌توانێ له ئامێره یاریده‌ده‌ره‌كانیش كه‌ڵک وه‌رگرێ.
 

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
وه‌رگێڕ له كاتی وه‌رگێڕاندا بڕگه‌یه‌ك له‌و بابه‌ته‌ی ده‌یه‌وێ وه‌ری گێڕێ له‌به‌رچاو ده‌گرێ و به تێگه‌یشتن له‌وه كه پێی ده‌وترێ (یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان) خێرا ده‌ست ده‌كات به وه‌رگێڕان. یهکهیهكی وه‌رگێڕان ده‌توانێ وشه، ڕسته یان ده‌سته‌واژه (عبارة) بێت و لانی كه‌م پێك هاتووه له‌و سێ قۆناغه‌ی خواره‌وه:

ئهلف: وه‌رگێڕانی وشه‌به‌وشه
یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان له‌م قۆناغه‌دا وشه‌یه و بۆ هه‌ر وشه‌یه‌كی ده‌قی زمانی ده‌ستپێك، وشه‌یه‌ك له زمانی مه‌به‌ست ده‌هێنرێته‌وه. ئه‌م قۆناغه بۆ وه‌رگێڕانی گه‌لێك وشه‌ی لێكدراو و نیمچهوشه به‌كار ده‌برێت كه هاوتایه‌كی كوتومتیان له زمانی مه‌به‌ستدا نییه.
بۆ نموونه:
قووڵه پێكهاته deep structure
ڕووه پێكهاته surface structure

له‌و نموونانه ده‌بینین كه وه‌رگێڕانی وشه‌به‌وشه گونجاو و له‌باره، به‌ڵام له ڕسته‌یه‌كی وه‌كوو: (He gave me a book to read) ئه‌گه‌ر بێت و وشه‌به‌وشه وه‌ری گێڕین ده‌بێ بنووسین: (ئه‌و دای به من كتێبێك بۆ خوێندن) كه دیاره ئه‌مه داسه‌پاندنی ڕیزبوونی وشه‌ی زمانی ده‌ستپێكه به‌سه‌ر زمانی مه‌به‌ستدا (كه لێره كوردییه)، چونكوو له زمانی كوردیدا ئێمه وا وشه‌كان ڕیز ناكه‌ین به‌ڵكوو ده‌ڵێین: (ئه‌و كتێبێكی دا به من بۆ خوێندن).
یان ئه‌گه‌ر بێت وشه‌به‌وشه ڕسته‌ی (He kicked the bucket) وه‌رگێڕین ده‌بێ بڵێین: (ئه‌و له‌قه‌ی دا له سه‌تڵه‌كه) كه بێگومان ئه‌م ڕسته‌یه ڕسته‌یه‌كی نوێی تره كه مه‌به‌ستی نووسه‌ر نییه، نووسه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌مه بووه: (ئه‌و مرد).
یان ئه‌گه‌ر بۆ (اكتب الرسالة) بنووسین (ده‌نووسم نامه‌که) ئه‌وه شێوه‌ی ڕیزبوونی زمانی عه‌ره‌بیمان سه‌پاندووه به‌سه‌ر زمانی كوردیدا چونكوو ئێمه ده‌ڵێین: (نامه‌كه ده‌نووسم).
بۆیه ده‌بێ وریا بین چ شێوه وه‌رگێڕانێ هه‌ڵده‌بژێرین.

ب: وه‌رگێڕانی ڕسته
یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان له‌م قۆناغه‌دا ڕسته‌یه. له‌م وه‌رگێڕانه‌دا ڕێزمان و شێوه‌ی ڕیزبوونی وشه‌ی زمانی مه‌به‌ست (واته ئه‌و زمانه‌ی وه‌رگێڕانی بۆ ده‌كه‌ین) له‌به‌رچاو ده‌گیرێ. چه‌مك (مفهوم)ی ڕسته‌ی به‌رانبه‌ر به‌گوێره‌ی چه‌مكی ڕسته‌ی زمانی ده‌ستپێك له‌به‌رچاو ده‌گیرێ.
به‌مجۆره ڕسته‌كانی ده‌قی زمانی ده‌ستپێك به پاراستنی واتای دانه‌به‌دانه‌ی وشه‌كان وه‌رده‌گێڕدرێته‌وه سه‌ر ڕسته‌یه‌ك له زمانی مه‌به‌ستدا.

پ: وه‌رگێڕانی ئازاد یان سه‌ربه‌ست
له‌م قۆناغه‌دا یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان ده‌سته‌واژه یان پاراگرافه. په‌یامی ده‌قی زمانی ده‌ستپێك له كۆمه‌ڵێ ڕسته له زمانی مه‌به‌ست ده‌خرێته به‌رده‌ست. له‌م وه‌رگێڕانه‌دا خستنه‌سه‌ر و لابردن و ده‌ستتێوه‌ردان به‌و په‌ڕی خۆی ڕێپێدراوه.

 

وه‌رگێڕانی پێوه‌ندی و وه‌رگێڕانی واتایی

له ڕه‌وتی وه‌رگێڕاندا وه‌رگێڕ له‌گه‌ڵ دوو زمانی ده‌ستپێك و مه‌به‌ست تووشه. هه‌وڵی ئه‌وه‌یه‌تی خوێنه‌ر له وه‌رگێڕانه‌كه‌ی تێ بگا و هاوكات په‌یامی نووسه‌ره‌که‌ش ده‌ستی تێ وه‌رنه‌درێ.

وه‌رگێڕ جارێك به لای زمانی ده‌ستپێك با ده‌داته‌وه كه پێی ده‌وترێ (وه‌رگێڕانی واتایی semantic translation). له‌م شێوه وه‌رگێڕانه‌دا هه‌وڵ ده‌دا تا بۆی ده‌كرێ په‌یامه‌كه ده‌سكاری نه‌كا و وه‌ك خۆی بیهێڵێته‌وه، ئه‌و كاته ئه‌و مه‌ترسییه هه‌یه كه زاراوه و پێكهاته‌ی وا بێنێته ناو زمانی مه‌به‌سته‌وه كه خوێنه‌ر لێی تێ نه‌گا و پێی نامۆ بێت.

جارێكیش به لای زمانی مه‌به‌ست با ده‌داته‌وه كه پێی ده‌وترێ (وه‌رگێڕانی پێوه‌ندیcommunicative translation). له‌م شێوه وه‌رگێڕانه‌دا هه‌وڵی ئه‌وه‌یه‌تی تا بۆی ده‌كرێ ده‌قه‌كه بۆ خوێنه‌ری زمانی مه‌به‌ست هۆگر و خۆماڵی بكا، ئه‌و كاته ئه‌و مه‌ترسییه هه‌یه كه ده‌قه وه‌رگێڕدراوه‌كه به‌ته‌واوه‌تی وته‌ی نووسه‌ره‌كه نه‌بێ.

بۆ ڕوونكردنه‌وه سه‌یری ئه‌م نموونانه بكه‌ن:

(She looks like a red rose.)

وه‌رگێڕانی واتایی: (له گوڵی سوور ده‌چێ.)، لێره بیر له زمانی ده‌ستپێك كراوه.

وه‌رگێڕانی پێوه‌ندی: (ده‌ڵێی مانگه.)، لێره بیر له زمانی مه‌به‌ست كراوه.

 

(More catholic than the pope)

وه‌رگێڕانی واتایی: (كاتۆلیكتر له پاپ). لێره بیر له زمانی ده‌ستپێك كراوه.

وه‌رگێڕانی پێوه‌ندی: (باوكمردوو دهسوكنا، نان و گۆشتخۆر ده‌یوت سه‌ری ده‌كه‌مه كونا). لێره بیر له زمانی مه‌به‌ست كراوه.

 

 ئه‌و نموونانه گوڵچنێكن له ده‌سته‌واژه‌ی چوێنراوی (تشبیهی) و زاراوه‌ی وا كه ده‌توانن كاربردی وه‌رگێڕانی پێوه‌ندی پاسا بده‌نه‌وه. هه‌رچه‌ند وه‌ها پاسادانهوهیهك ڕه‌به‌ق نییه. چونكوو زێده‌ڕۆیی له وه‌رگێڕانی پێوه‌ندی ده‌توانێ ببێته هۆی سڕینه‌وه‌ی بۆنوبه‌رامه‌ی فه‌رهه‌نگیی زمانی ده‌ستپێك.

 

تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی وه‌رگێڕ

  1. له ناخه‌وه خاوه‌نی به‌هره و چێژی وه‌رگێڕان بێت كه به ڕاهێنان و فێربوونی یاسا و ڕێساكانی وه‌رگێڕان زیاتر گه‌شه ده‌ستێنێ.

  2. شاره‌زاییی له زمانی ده‌ستپێك و زمانی مه‌به‌ستدا هه‌بێت و هه‌روه‌ها لێهاتوو بێت له بواری ڕێزمان و واژه‌گۆڕی و ڕۆنانی وشه.

  3. شاره‌زاییی له‌و بابه‌ته‌دا هه‌بێت كه وه‌ری ده‌گێڕێ، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بابه‌تێكی فیزیا وه‌رده‌گێڕێ ده‌بێ شاره‌زاییی له بواری فیزیادا هه‌بێ و ئه‌گه‌ر بابه‌تێكی كۆمپیۆته‌ر وه‌رده‌گێڕێ ده‌بێ شاره‌زای بواری كۆمپیۆته‌ر بێت.

  4. هه‌ر ده‌م هه‌وڵ بدات نوێترین فه‌رهه‌نگ و وشه‌نامه جۆربه‌جۆره‌كان گیر بێنێ و تا بۆی ده‌كرێ تێكه‌ڵی كه‌س و كۆڕی وا بێت كه شاره‌زایی یان حه‌زیان له كورده‌وانی هه‌یه.

  5. له هه‌موو بواره جۆربه‌جۆره‌كاندا بابه‌ت بخوێنێته‌وه و واتای هه‌موو وشه‌یه‌ك به‌وردی تێ بگات و هه‌وڵ بدات به كوردی واتاكه‌ی بدۆزێته‌وه، به‌تایبه‌ت خوێندنه‌وه‌ی ڕۆژنامه و گۆڤار و گوێگرتن له ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن زۆر به‌سووده، چونكوو له‌و شوێنانه‌دا زیاتر هه‌ست به ئاڵوگۆڕی زمان ده‌كرێ و وشه‌ی نوێ ده‌خرێته به‌رده‌ست.

  6. له ته‌جروبه و ئه‌زموونی نووسه‌ران و وه‌رگێڕان چ كورد و چ بێگانه كه‌ڵك وه‌رگرێ. گه‌لێك وتار و نووسراوه و په‌رتووك له بواری وه‌رگێڕان به زمانه جۆربه‌جۆره‌كان نووسراوه كه ده‌كرێ سه‌رچاوه‌یه‌كی باش بن بۆ وه‌رگرتنی ئه‌زموون.

  7. هه‌وڵ بدات به‌راوردی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی وه‌رگێڕدراونه‌ته كوردی له‌گه‌ڵ زمانی ده‌ستپێكیاندا بكات. زۆر به‌رهه‌م له ئینگلیزی، ئه‌ڵمانی، فه‌ره‌نسایی، سویدی، نه‌رویجی، دانیماركی، ئیتالی، ڕووسی، توركی، عه‌ره‌بی، فارسی و هتد كراونه‌ته كوردی كه ده‌كرێ ته‌جروبه‌ی باشیان لێ وه‌رگیرێ.

  8. له سه‌ره‌تادا هه‌وڵ بدات ده‌قی كورت وه‌ربگێڕێ. زۆر ئاساییه كه وه‌رگێڕانه‌كه‌ی كرچوكاڵ بێت. بێگومان ورده‌ورده باشتر و باشتر و به‌پێزتر و پاراوتر ده‌بێت.

  9. هه‌وڵ بدات له كاتی نووسیندا ڕه‌چاوی یه‌ك شێوه ڕێنووس بكات. وشه‌یه‌ك له چه‌ند شوێندا به چه‌ند جۆری جیاواز نه‌نووسێت.

  10. بێگومان زانینی زمانی زیاتر ئاستی لێهاتوویی و كارامه‌ییی مرۆڤ له زمانه‌وانیدا ده‌باته سه‌ره‌وه.

 

ژێده‌ره‌كان:

  1. هفت گفتار درباره ترجمه، چاپ چهارم 1380، كورش صفوی.
  2. وه‌رگێڕان هونه‌ره، د. جه‌مال نه‌به‌ز، چاپخانه‌ی ژین، 1958 سلێمانی.
  3. پڕۆژه‌ی زاراوه‌ی زانستیی كوردی، كه‌مال جه‌لال غه‌ریب، سوید 1991

 

تەواو