ڕووبڕکێ challenge

ئایار 5, 2023 Diyako Hashemi

بڕکێ

پاشگرێکی بەهێز لە وشەسازیی کوردیدا

نووسینی دیاکۆ هاشمی

بڕکێ پاشگرێکی چالاکە بۆ چێکردنی وشەی نوێ وەک وشەی کێبڕکێ، چێژبڕکێ، پرسبڕکێ و هتد. هەروەها لە شێوازی بەرکێ دەردەکەوێت، وەک: کێبەرکێ.

ئەگەر چاو لە هەموویان بکەین دەزانین کە ئەو پاشگرانە وشەی وا دروست دەکەن کە دۆخی خەباتکردن و ململانێکردن و ڕووبەڕووبوونەوەیان تێدایە.

وشەی تەحەدی (تحدی چالش challenge) یەکێک لەو وشانەیە کە وەها ناوەڕۆکێکی هەیە.

لە فەرهەنگی

https://dictionary.cambridge.org/dictionary/english/challenge

وشەی (challenge) وا پێناسە کراوە:

(the situation of being faced with) something that needs great mental or physical effort in order to be done successfully and therefore tests a persons ability.

ڕووبڕکێ واتە:
(دۆخی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ) شتێک کە پێویستی بە هەوڵێکی گەورەی دەروونی یان جەستەیی هەیە بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت و بەو هۆیەوە توانای مرۆڤ تاقی دەکاتەوە.

هەڵبەت پێشتریش هەوڵی وشەی بۆ دراوە وەک: ئالینگاری، بەرەنگاربوونەوە، بەرەنگارخوازی، بەگژداچوون، تێخوڕین، دژایەتی، ناکۆکی.

من پێم وایە کە ئەو چەمکە چەمکێکی زۆر تایبەتە و هەر بۆیە بەبێ ئەوەی دژایەتیی ئەو وشانەی سەرەوە بکەم، پێم وایە ڕووبڕکێ بژارەیەکی جوان بێت بۆ ئەو چەمکە.

نموونە:

مەلا شاهۆ تەحەدای دوکتۆر سیروان دەکات.
مەلا شاهۆ ڕووبڕکێی دوکتۆر سیروان دەکات.

(واتە داوای لێ دەکات کە بێت ڕووبەڕووی یەک ببنەوە.

دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە یەکێکە لە گەورەترین ڕووبڕکێکانی ئەمڕۆی زانایان.

من داوای ڕووبڕکێت لێ دەکەم.

کاروان و سیروان لەسەر بابەتەکە ڕووبڕکێیەکیان کرد.

***