ملهوڕان جێیان زبڵدانی مێژووە

نیسان 5, 2023 Narges Hashemi

ملهوڕان جێیان زبڵدانی  مێژووە

نووسین: نەرگس هاشمی

 

کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ ئەوەی گوێ لە دەنگی خەڵک بگرێت و بزانێت چییان دەوێت، بێ ئەوەی بایەخێک بۆ خەڵک دابنێت، هەموو دەنگە ناڕازییەکانی کپ کردەوە. یا هەموویانی خستە بەندیخانە یان لەژێر ئەشکەنجەدا، ناچاریانی کرد کە بە درۆ دان بە تاواندا بنێن، بەئاشکرا و بە نهێنی خەڵکی هەڵواسی و تیرباران کرد.

خەڵکێکی زۆر لە ترسی گیانیاندا هەڵاتن و هەوڵیان داوە خۆیان بگەیەنن دنیای ڕۆژاو. ئەو دنیایەی کە لە دیدی ئەواندا کافرن. کەچی هەر ئەم وڵاتانە بوونەتە پشت و پەنا و پەناگە بۆ هەڵاتووانی مەرگ و تۆقاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

خەڵکێکی زۆر لە ئێراندا داخدارن. بریندارن، لە بەندیخانەکاندا بە دڕندانەترین شێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکرێت. ئەوانەش لە ناوخۆی ئێراندان کەوتوونەتە بەر هەڕەشە و پاڵپەستۆی حکوومەت.

بەو جۆرە دەیانەوێت دەنگی خەڵک کپ بکەنەوە. بەڵام خەڵک بێگومان هەرگیز پاشگەز نابنەوە. هەرگیز کۆڵ نادەن و ڕۆژێک دێت کە زۆریش درەنگ نییە، حکوومەتی دڕندە و ملهوڕی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڕووخێت و خەڵک ئازاد دەبن. خەڵک هەرگیز کۆڵ نادەن و ورەیان ناڕووخێت. سبەینێ لە ئەمڕۆ بەخرۆشتر دەبن. ئەمە جەبری مێژووە، جێی ملهوڕان و دیکتاتۆران بنی زبڵدانی مێژووە.

 

نووسین: نەرگس هاشمی

2023-04-05