شیعری باش

ئایار 31, 2023 Diyako

شیعری باش

نووسین: دیاکۆ هاشمی

من زیاتر لە شیعری شاعیرانی کلاسیک چێژ دەبینم، یان ئەو شیعرانەی کە بۆنوبەرامەی هۆنراوەی کلاسیکیان لێ دێت، شاعیری کلاسیک ئاماژەیە بۆ شاعیرێک کە بە پەیڕەوکردنی یاسا و ڕێساکانی شیعر، بەرهەمەکانی لە شێوەی شیعری نەریتی و فۆرماڵیدا دروست دەکات. شاعیرانی کلاسیک بەگشتی بۆ خستنەڕووی ناوەڕۆکی شیعرەکانیان بە شێوەیەکی جوان و هونەری، سەروا و تەکنیکە جۆراوجۆرەکان و قورساییی شیعری بەکار دەهێنن.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شاعیرانی کلاسیک، بەکارهێنانی لێهاتووانەی زمانی شیعرییە. بۆ دروستکردنی وێنەی شیعری و گەیاندنی هەست بە خوێنەر، وشەی ورد و هەروەها تێکەڵەی شیعری بەکار دەهێنن. هەروەها شاعیرانی کلاسیک توانای بەرزیان هەیە لە دروستکردنی گۆڕانکاری و هاوسەنگی لە نێوان وشە و بیرۆکەکاندا.
لە ڕووی بابەتییەوە، شاعیرانی کلاسیک بەزۆری سەرنجیان لەسەر پرسە گشتییەکان، خۆشەویستی، سروشت، مردن و ڕۆح و خەیاڵ دەبێت. لەوانەیە هێما و وێنە بەکار بهێنن بۆ وێناکردنی چەمکە ئاڵۆزەکان بە شێوەیەکی شیعری و مەجازی.
ئەگەر ئاماژە بە ناوی شاعیرانی کلاسیکی کورد بکەین بێگومان لیستەکە زۆر زۆر دروورودرێژ دەبێت، بەڵام نموونەی شاعیرانی کلاسیک لە ئەدەبیاتی کوردیدا بریتین لە نالی، سالم، کوردی، مەحوی، حەریق، حەمدی، بێخود و هتد. بەرهەمەکانی ئەم شاعیرانە لەسەر خەڵک کاریگەرییەکی بەرچاویان هەبووە و تا ئەمڕۆش خەڵک پێی سەرسامن و هۆنراوەکانیان بەردەوام بەکار هێنراون.
لەم سەردەمەشدا شاعیری توانای وامان هەن کە هۆنراوەکانیان تامی هۆنراوە کۆنە کلاسیکییەکان دەدەن. بۆ نموونە مامۆستا عومەر:

شـەو بـە یادی چاوەکانی تـا سەحەر مــــن حەی دەکەم
ڕۆژ لـە تـاو دووریی نیگاهی ڕوو لـە بۆسەی مەی دەکەم
وا دەزانــێ عـومـری نـۆحـە و سەرلەبەر نووسراوە بـــۆم
بــێ خەبـەر وا دڵ دەسـووتــێ و واری ژینم تەی دەکەم
دابـــڕاو و پــەڕگـر و بــێ یــار و بــێ دەس کەوتـــووم
شینی مەرگی خـۆم دەگێڕم، مەشقی ناڵەی نەی دەکەم
ڕوو لـە سـابـاتـی خـەیـاڵ و پشت لـە ئەندێشە و ئەوین
باسی شەقڵی خوێنی فەرهاد، کەیقوباد و کەی دەکەم
وارســـی مـەرگـی مەمێکم ژەهــری ژیــنـی خـــواردووە
تـەی دەکــەم چیرۆکی زیـن و نەقڵی خومخانەی دەکەم
هـەرچـی بــوو بـــردی زەمــانــە و دڵـبـەتـاڵ لێی مامەوە
ئێستە دێوانەم لـە دەیرا حەی حەی و هەی هەی دەکەم
چــەنــد لــەزەتــدار و بــەچـێـژە تـیـری دەستی دڵـبـەرم
چەشنی لێوخەندی مەسیحە و مـن بە دڵ تاسەی دەکەم
چــاو دەپۆشم مــن لــە نەخشی جێگەتیری سـەر دڵـــم
پەی بـدا گۆماوی جەرگم، چـش لـە خوێنی پەی دەکەم
تەخت و تاراجم لـە بــن هــات خەندەیەک کاریی نەبوو
خەستەبۆی سیپاڵی یـــارم، خـوایـە کەی ئۆخەی دەکەم

هۆنراوەی: مامۆستا عومەر
***
وار = ١. جێی ژیانی تاوسانی لە ئێلاخ ٢. جێگە و شوێن.
خوم = جۆرە ڕەنگێکی شینی لاجیوەردییە بەن و کاڵای پێ ڕەنگ دەکرێت.
خومخانە = جێگایەکە شتی تێدا لە خوم بدرێت.
بۆسە: بەکارهێنانی بۆسە لێرە جوانییەکی تایبەتیی بە هۆنراوەکە داوە، چونکە بۆسە واتە حەشارگە یان شوێنی داوی ڕاوچییان.