بەروار یان ڕێکەوت؟

حوزه‌یران 2, 2023 Diyako

بەروار یان ڕێکەوت؟

نووسین: دیاکۆ هاشمی

 جاری وایە وشەیەک بەهەڵە بڵاو دەبێتەوە، لای خەڵک جێگیر دەبێت و هەندێک جار لابردنی ئاسان نییە، بەڵام بەوەشەوە دەبێت کاری لەسەر بکەین کە دروستەکەی بەکار بهێنین. 

یەکێک لەو وشانە، وشەی (بەروار)ە کە بەهەڵە بەرانبەر بە (مورخه/تاریخ/ date) دانراوە.

بەرواری تەنیا ناوی ناوچەیەکە لە باکوور و باشووری کوردستان. دروستەکەی دەبێتە: ڕێکەوت.

عەبدولڕەحمانی زەبیحی کە یەکەم جار وشەی بەرواری بەکار هێنا، لە پێشەکیی قامووسی زبانی کوردیدا دەڵێت:
وشەی بەرواری بێ دایک و بابە، دایکی (جەهل و نەزانین) و باوکی (تعصبی کوێرانە)یە و خۆم لەو ڕۆژەوە کە هەستم پێ کردووە، وازم لە بەکارهێنانی هێناوە.

بەختەوەرانە زۆر لایەن بەکارهێنانی بەرواریان بەرانبەر بە ڕێکەوت بەهەڵە زانیوە. بۆ نموونە ئەکادیمیای کوردی، پەرلەمانی کوردستان. هەروەها لەسەر سایتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وشەی ڕێکەوت بەکار دەهێنرێت.
***
ڕێکەوت = (تاریخ، مورخه، date)

نابێت ڕێکەوت و مێژوو تێکەڵ بکەین. نموونەی بەکارهێنانی وشەی ڕێکەوت و مێژوو لە ڕستەدا:
پەرلەمانی کوردستان لە هەولێر، لە ڕێکەوتی (2004/6/19) بڕیاری دا کە ڕێکەوتی 12ی دیسامبەری هەموو ساڵێک بکرێتە ڕۆژی ئاڵای کوردستان.
ڕۆژی ئاڵای کوردستان، ڕێکەوتی: ١٧ی دیسامبەر.
***
مێژوو، دیرۆک = (تاریخ، history).
سەرەتای مێژووی کورد دەگەڕێتەوە بۆ چاخی کەونارا.
***
چاخی کەونارا = عصر باستان
***

دەرەنجام:

وشەی بەروار بەهەڵە لە باتیی ڕێکەوت بەکار هێنراوە. ئێستە وشەی گونجاوی ڕێکەوتمان بۆی هەیە. ئەکادیمیا و پەرلەمانیش پەسەندیان کردووە. لە سایتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەکار دەهێنرێت. زۆر کەسی تریش پەسەندیان کردووە و بەکاری دەهێنن. لە پرۆگرامی دیجیتالیی زۆریشدا جێگیر کراوە. لە فەرهەنگی ئایتیدا جێگیر کراوە. ئەمە ڕەوتێکە بۆ جێگیرکردنی وشە ڕێکەوت لە باتیی بەروار. باشترە هەموو کەسێک واز لە بەکارهێنانی بەروار بهێنێت و تەنیا ڕێکەوت بەکار بهێنێت.

***

بابەتە جۆربەجۆرەکانی تر لەسەر زمان