ئایار 11, 2023 Narges Hashemi

ڕاگەیاندن و دەزگا فەرمییەکانی ئورووپا و کۆماری ئیسلامی

نووسین: نەرگس هاشمی 11-05-2023

لەسەر توندوتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا، لە چاپەمەنی و ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکانی سویددا، بەردەوام وتاری جۆربەجۆر بڵاو دەکرێتەوە. ئەو تاوانانەی کە لەوێ دەکرێن، بەردەوام دەخرێنە بەرچاو. ئەمە لەلایەکەوە گرنگە بۆ ئەوەی لە جیهانی دەرەوەی ئێران بزانن چی ڕوو دەدات و لەلایەکی تریشەوە بۆ خەڵکی ناوخۆی ئێران گرنگە کە ئاگادار بکرێنەوە کە لە دەرەوەی ئێران چۆن باس لە شۆڕشی ناوخۆی ئێران دەکرێت و چۆن تاوانەکانی حکوومەتە ملهوڕە دیکتاتۆرەکەی ئێران ڕووڕەش دەکرێت.

بێگومان لە هەموو وڵاتە ئورووپایییەکاندا لەلایەن ڕاگەیاندنەوە ئەو لەقاودانی تاوانانەی حکوومەتی دڕندەی ئێران بەردەوامە و هەمیشە لەسەریان دەنووسرێت.

باس لەسەر کوشتوبڕ، سەرکوتکردنی ناڕازییەکان، ستەم لەسەر ژنان، بەندیخانەکان، نابەرابەرییەکان بەردەوام دەکرێت. باس لە پێشێلکردنی مافی نەتەوەکانی ناو ئێران بۆ نموونە نەتەوەی کورد دەکرێت. باس لەوە دەکرێت کە کورد چۆن بەردەوام ڕووبەڕووی کوشتوبڕ دەبێتەوە لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە.

لە هەموو ئورووپا بەتایبەت لە پەرلەمانی ئورووپا باس لەوە کراوە کە سپای پاسدارانی شۆڕشی ئێسلامیی ئێران بخرێتە لیستی تیرۆریستییەوە. ئەم تاوانانە ئەوەندە دڕندانە بوون کە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لە ژانڤییەدا دەنگی دا کە سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەبێت مۆرکی تیرۆری لێ بدرێت. سپای پاسدارانیان بە گرووپێکی چەکدار پێناسە کرد کە ناوەندی ستەمی ڕژێمی ئێرانە دژ بە خەڵک.

ئەمە بڕیارێکی هاوبەشی یەکێتیی ئورووپا بوو دژ بە حکوومەتی ئێران وەک وەڵامێک بۆ ئەو کوشتوبڕ و هەڵواسینانە لە ئێراندا. ئەوان ئاماژەیان بەوە کرد کە سپای پاسدارانی ئێران کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، بەشدارە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە ئێران و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەگوازێتەوە بۆ ڕووسیا. ئەوان ڕایان گەیاند کە سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لقێکی سەربەخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە و بە ڕۆڵی ناوەندی لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و ڕێکخستنی تیرۆری نێودەوڵەتی وەسف دەکرێت.

زۆری پێ نەچوو کە ئەو بڕیارە بڕیاری بەربڵاوتری لێ کەوتەوە. نموونەی ئەوانە بڕیاری پەرلەمانی سویدە کە لە ١١/٠٥/٢٠٢٣ لە بڕیارێکی هاوبەشدا داوای کرد کە سپای پاسداران لە ئێراندا بخرێتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی یەکێتیی ئەورووپاوە. پەرلەمانی سوید بەڵێی وت بەو داوایە کە سپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە. سپای پاسداران دەمێکە لەلایەن هەندێک وڵاتەوە، وەک ئەمریکا، خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.

بابەتەکانی دیکەی: نەرگس هاشمی