کێیەتی یان ناسنامە؟ چارەسەرێک بۆ گێژاوێکی زمانی و فیکری

دیاکۆ هاشمی

پێشەکی: کێشەی یەک وشە بۆ دوو جیهان
زمانی کوردی، وەک هەر زمانێکی زیندووی تر، لە گەشتی مێژووییی خۆیدا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و گێژاوی واتایی بووەتەوە. یەکێک لەو گێژاوە قوڵانەی کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بیرکردنەوەی فەلسەفی، کۆمەڵایەتی و یاساییمان داناوە، تێکەڵکردنی دوو چەمکی تەواو جیاوازی (Identity) و (Identification/ID Card) ە لەژێر یەک وشەی ناسنامەدا. ئەم کێشەیە، کە زۆرجار لەژێر کاریگەریی زمانەکانی دراوسێ (وەک عەرەبی و فارسی) سەری هەڵداوە، بووەتە هۆی دروستبوونی لێڵی و ناتەواوی لە دەربڕینەکانماندا. بۆ نموونە، ئەو زمانانە بۆ دوو چەمکی جیاوازی (hour) و (oclock) تەنها یەک وشەی (ساعة/ساعت)یان هەیە؛ بە هەمان شێوە، بۆ ئەم دوو چەمکە گرنگەش تووشی هەمان کەموکوڕی بوون.
ئامانج لەم نووسینە، پێشنیازکردنی چارەسەرێکی ڕوون و لۆژیکییە بۆ ئەم کێشەیە، لە ڕێگەی جیاکردنەوەی ئەرک و واتای وشەکان و دانانی ستانداردێکی نوێ کە زمانی کوردیمان وردتر و دەوڵەمەندتر بکات.
شیکاریی وشە باوەکان: بۆچی بەدیلەکان بەس نین؟
پێش ئەوەی بگەینە چارەسەرەکە، با بەکورتی سەیری ئەو وشانە بکەین کە لە ئێستادا بەکار دێن و بزانین بۆچی هیچ کامیان ناتوانن بەتەواوی جێگەی چەمکی فەلسەفیی (Identity) بگرنەوە:
ناسنامە و پێناس: ئەم دوو وشەیە لە زمانی کوردیدا بە شێوەیەکی باو و جێگیر ئاماژە بە بەڵگەنامەیەکی فیزیکی (document) دەکەن کە بۆ سەلماندنی زانیاریی کەسی بەکار دێت. پاسپۆرت، کارتی نیشتمانی و مۆڵەتی شۆفێری هەموویان ناسنامەن. کەواتە، ناتوانین بڵێین: چ ناسنامەیەکت پێیە بۆ سەلماندنی ناسنامەکەت؟؛ ئەم ڕستەیە پووچ و بێواتایە.
1. شوناس: ئەم وشەیە ڕاستەوخۆ لە شناسی فارسییەوە وەرگیراوە. بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتیی زمانی کوردی، باشتر وایە پشت بە وشە و پێکهاتەی ڕەسەنی خۆمان ببەستین.
2. کەسایەتی: ئەم وشەیە بەرانبەری چەمکی دەروونناسیی (Personality)یە، کە ئاماژەیە بە کۆی سیفات و ڕەفتار و هەستەکانی تاک. ئەمە چەمکێکی تەواو جیاوازە لە (Identity).
چارەسەرە لۆژیکییەکە: کێیەتی وەک بەرانبەری (Identity)
دوای تاوتوێکردن و شیکارییەکی ورد، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە گونجاوترین و لۆژیکیترین وشە بۆ چەمکی (Identity)، وشەی کێیەتییە. هۆکارەکانیش ڕوونن:
بنەمایەکی ڕێزمانیی پتەو: وشەی کێیەتی لە ڕێگەیەکی ستانداردی وشەسازیی کوردییەوە دروست بووە:
کێ (جێناوی پرسیار) + -یەتی (پاشگری ناو دروستکەر) کێیەتی
ئەمە ڕێک هاوشێوەی وشەی چۆنێتییە کە لە چۆنەوە دروست بووە، یان وەک: ڕێبەر ڕێبەرایەتی؛ پیاو پیاوەتی.
واتایەکی فەلسەفیی ڕاستەوخۆ: کێیەتی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەڵامی پرسیاری ئەو کەسە کێیە؟ دەداتەوە، کە ئەمەش کرۆک و ناوەکی چەمکی (Identity) پێک دەهێنێت. ئەو کۆمەڵە سیفات و باوەڕ و پێوەرەیە کە وا دەکات تاکێک یان گرووپێک ئەوە بێت کە هەیە.
ستانداردی پێشنیازکراو
لەسەر بنەمای ئەم شیکارییە، پێشنیاز دەکەین ئەم ستانداردە ڕوونە بۆ نووسینی فەرمی و ئەکادیمی پەیڕەو بکرێت:
1. کێیەتی = Identity (چەمکە فەلسەفی، کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی و کەسییەکە)
2. ناسنامە / پێناس = Identification / ID Card (بەڵگەنامە فیزیکییەکە)
دە نموونە بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر (لەگەڵ بەرانبەری ئینگلیزی):
1. (یاسایی/پەنابەرێتی): پەناخوازەکان دەبێت هەوڵ بدەن بە ناسنامەیەکی وەک پاسپۆرت (an identification like a passport)، کێیەتیی خۆیان بسەلمێنن (prove their identity).
2. (نەتەوەیی): کورد لە ڕێگەی پاراستنی زمانەکەیەوە توانیویەتی کێیەتیی نەتەوەییی خۆی بپارێزێت (preserve its national identity).
3. (دەروونناسی): قۆناغی هەرزەکاری، قۆناغی گەڕانە بەدوای کێیەتیی تاکەکەسی و دروستبوونی قەیرانی کێیەتی (the search for personal identity and the creation of an identity crisis).
4. (کۆمەڵایەتی): کێیەتیی چینایەتی (class identity) ڕۆڵێکی گرنگ لە دیاریکردنی هەڵوێستی سیاسیی تاکەکاندا دەگێڕێت.
5. (دیجیتاڵی): لە جیهانی مۆدێرندا، پاراستنی کێیەتیی دیجیتاڵیی مرۆڤەکان (protecting peoples digital identity) بووەتە ئاستەنگێکی گەورە.
6. (فەلسەفی): فەیلەسووفان هەمیشە لەسەر پرسیاری ئەوەی کە ئایا کێیەتیی مرۆڤ جێگیرە یان گۆڕاو (whether human identity is fixed or fluid)، مشتومڕیان کردووە.
7. (جێندەری): کێیەتیی جێندەریی تاک (an individuals gender identity)، پەیوەستە بە هەستی خودی کەسەکەوە بۆ جەستە و ڕۆڵی کۆمەڵایەتیی خۆی.
8. (هونەری): ئەم تابلۆیە دەربڕینێکی ڕاستەقینەی کێیەتیی پڕ لە ئازاری هونەرمەندەکەیە (the artists tormented identity).
9. (مێژوویی): گەلانی ژێردەستە هەمیشە لە خەباتدان بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی کێیەتیی مێژوویی و کولتووریی خۆیان (reconstructing their historical and cultural identity).

بۆ ڕێنووسێکی باشتر چاو لێرە بکەن. بە پی.دی.ئێف PDF:
***

Scroll to Top