ڕەنووس

جیاوازیی نێوان «ڕەنووس» و «ژمارە»: پیت بنەمای وشە، ڕەنووس بنەمای ژمارە

دیاکۆ هاشمی
بابەت:
بۆ تێگەیشتن لە جیاوازیی وردی نێوان دوو چەمکی بنەڕەتیی «ڕەنووس» (digit) و «ژمارە» (number)، دەتوانین پشت بە هاوشێوەیییەک لەگەڵ زماندا ببەستین: پێوەندیی نێوان «پیت» و «وشە».
شیکاری و ڕێنمایی:
لە زماندا، وشەکان لە یەکەی بچووکتر پێک دێن کە پێیان دەوترێت «پیت» (letter). بۆ نموونە، وشەی «خۆر» لە سێ پیت پێک هاتووە: (خ، ۆ، ر).
بە هەمان شێوە، ژمارەکانیش لە یەکەی بچووکتر پێک دێن کە پێیان دەوترێت «ڕەنووس» (digit). ڕەنووسەکان ئەو هێما تاکانەن کە سیستەمی ژمارەیی پێک دەهێنن (٠, ١, ٢, ٣, ٤, ٥, ٦, ٧, ٨, ٩). کاتێک ئەم ڕەنووسانە بە تەنیا یان پێکەوە دادەنرێن، «ژمارە»یەک دروست دەکەن کە بەها یان بڕێک دیاری دەکات.
«هەر وەک چۆن یەک پیت دەتوانێت وشەیەکیش بێت (وەک: «و» یان «چ» لە: من و تۆ، تۆ چ دەکەیت؟)، یەک ڕەنووسیش دەتوانێت نوێنەرایەتیی ژمارەیەک بکات (وەک: «٧» لە: ٧ لیتر ئاو). بەڵام ئەمە بنەما گشتییەکە ناگۆڕێت: وشە لە پیت پێک دێت و ژمارەش لە ڕەنووس.»
ڕێسای پوخت:
پیتەکان «یەکەی بنیاتنانی» وشەن؛ ڕەنووسەکانیش «یەکەی بنیاتنانی» ژمارەن. وشە واتایەک دەگەیەنێت و ژمارەش بەهایەک.
نموونە:
پیتەکان: (ئـ، ب، پ، ت) وشەکان: (کوردستان، ئازادی، پێنووس)
ڕەنووسەکان: (٠, ١, ٢, ٣) ژمارەکان: (١٧, ٢٩, ٣٥٦, ٤٠١)
زاراوەکان:
وشە: word | کلمة
پیت: letter | حرف
ژمارە: number | عدد
ڕەنووس: digit | رقم