ڕێزمانی کوردی
ئامادەکردنی: ئیدریس هاشمی
- پیت
- بڕگە
- وشە (وشەی سادە و ناسادە)
- ڕستە
- چاوگ
- کار (فعل)
- ناو
- ناوی تاک – ناوی کۆ
- ناوی ناسراو – ناوی نەناسراو
- جێناو (ضمير)
- هاوەڵناو
- هاوەڵکار
- پێشبەند (پریپۆزیشن) / Prepositions
- بنچینەکانی ڕستە (بکەر و کار)
- بنچینەکانی ڕستە (نیهاد و گوزارە)
- کاری ناتەواو
- جۆرەکانی ڕستە لە ڕووی دەربڕینەوە
- تەواوکەر
- کاری ڕابردوو و دەمەکانی کاری ڕابردوو
- کاری ڕانەبردوو و ڕەگی کار
- کاری داخوازی
- کاری تێپەڕ و تێنەپەڕ/ بەرکار
- جێناوی لکاو
- جێناوی لکاو: کۆمەڵەی ١
- جێناوی لکاو: کۆمەڵەی ٢
- جێناوی لکاو: کۆمەڵەی ٣
- جێناوی لکاو: کۆمەڵەی ٤
- کاری بکەردیار و بکەرنادیار
- ناو لەڕووی ڕەگەز یان زایەندەوە
- دەمەکان و ڕێژەکانی کار
- درێژەی هەیە
ئەو دەنگانەیە که له زار دێنە دەرەوە گوتنیان لێ پێک دێت و بچووکترین دانەی نووسینە لە زماندا و لەوە زیاتر ناتوانرێت ورد بکرێتەوە.
🟡 پیتی بزوێن: (ا، ە، ی، ێ، و، وو، ۆ)
🟡 پیتی نەبزوێن: (ئـ، ب، پ، ت، ج، چ، ح، خ، د، ر، ڕ، ز، ژ، س، ش، ع، غ، ف، ڤ، ق، ک، گ، ل، ڵ، م، ن، هـ، ((و، ی))
✅ (و) لەگەڵ (ی) هەم دەبنە بزوێن و هەم دەبنە نەبزوێن.
✅ بزوێنکی زۆر کورت هەیە کە بەو پیتانە وێنەی بۆ دانەنراوە بەڵام بە پیتی لاتینی نیشانەی (i) بۆ دانراوە وەک لە وشەی (birdin) یان (jin).
✅ پیتە بزوێنی (و – ی) لە ناو وشەدا هەندێک جار دەبنە پیتی نەبزوێن و هەندێک جاریش دەبنە بزوێن، ئینجا بۆ جیاکردنەوەی پیتی (و – ی)ی نەبزوێن لە پیتی (و – ی)ی بزوێن پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەین:
– پیتی (و – ی) کەوتە نێوان دوو پیتی نەبزوێن ئەوا ئەم (و – ی)یە دەبنە پیتی بزوێن، وەک: (کــورد، شــیــر) لێرەدا بزوێنن.
– هەرکاتێک لە پێش یان لە پاش پیتی (و – ی) پیتێکی بزوێن هەبێت، ئەوا بێگومان ئەم (و – ی)یە دەبن بە پیتی نەبزوێن، وەک: (داو، وار، دیــار، دایــک).
✅ هیچ کات دوو پیتی بزوێن لە زمانی کوردی بە دوای یەک نایەن، واتە: (بە تەنیشت یەکەوە نابن) وەک: [سێو، پیاو، یانە، یاری].
☑️ پیتی بزوێن: ئەو پیتانەن، کە دەنگدارن و یارمەتیی پیتە نەبزوێنەکان دەدەن لەکاتی دەربڕینیاندا.
☑️ پیتی نەبزوێن: ئەو پیتانەن، کە بەبێ یارمەتیی پیتی بزوێن، دەنگەکانیان بەئاسانی لە دەمەوە نایەتە دەرەوە.
ئەگەر سەرنج بدەینە وشەکانی سەرەوە دەبینین وشەی (کورد) تەنها لە یەک بڕگە پێک هاتووە چونکە به یەکجار دەگوترێت،
وشەی (کوردستان) لە سێ بڕگە پێک هاتووە، (کور، دس، تان) چوونکە به سێ جار لە زار دێتە دەرەوە و هەروەها وشەکانی دیکەش لە بڕگە پێک هاتوون.
بڕگە چییە؟ ئەو پارچە وشەیە، کە بە یەکجار لە زار دێتە دەرەوە، یان بەو چەند پیتانەی کە بە یەک هەناسە لە دەم/ زار دێنە دەرێ دەگوترێ و تەنیا پیتێکی دەنگداری تێدایە و هەمیشە ئەم پیتە دووەم پیتی بڕگەیە.
- كاوه چوو بۆ سلێمانی.
- کورد بۆ ئازادی تێ دەكۆشێت.
- منداڵەکە نووست.
- گوێزى هەورامان بە دست دەشكێت.
- باڵنده بە باڵێک نافڕێت.
ڕستەی یەکەم (كاوه چوو بۆ سلێمانی) له بێژەی (کاوه، چوو، بۆ، سلێمانی) پێک هاتووه، به هەر یەکێک لەم بێژانه، که ڕستەکەی لێ پێک هاتووه دەگوترێت (وشه). هەروەها ڕستەکانی دیکەی لای سەرەوه بەم جۆره لێک دەدرێنەوه.
وشه: 👈 بێژەیەکه ڕستەی لێ پێک دێت، وەک: کاوه، کورد، منداڵەکه، بۆ، گوێز، هەورامان، چوو، باڵندە.
🟡 جۆرەکانی وشە لەڕووی داڕشتنەوە:
وشەی سادە: خامە، چالاک، نەوت، سەفین، چیا، بەرز، بۆن.
وشەی ناسادە: پیرەمێرد، نەورۆز، کرێکار، دەرهێنان، پیرەمەگروون، نازدار
ئەگەر بڕوانینە وشەکانی لای سەرەوە دەبینین، لە کۆمەڵەی 1 و کۆمەڵەی 2 پێک هاتوون.
خامە: وشەیەکی سادەیە، چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.
چالاک: وشەیەکی سادەیە چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.
نەوت: وشەیەکی سادەیە چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.
سەفین: وشەیەکی سادەیە چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.
چیا: وشەیەکی سادەیە چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.
بەرز: وشەیەکی سادەیە چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.
بۆن: وشەیەکی سادەیە چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.
پیرەمێرد: وشەیەکی ناسادەیە/ سێ بێژەیە (پیر + ە + مێرد).
نەورۆز: وشەیەکی ناسادەیە/ دوو بێژەیە (نەو + رۆز).
کرێکار: وشەیەکی ناسادەیە/ دوو بێژەیە (کرێ + کار).
دەرهێنان: وشەیەکی ناسادەیە/ دوو بێژەیە (دەر + هێنان).
پیرەمەگروون: وشەیەکی ناسادەیە/ سێ بێژەیە (پیر + ە + مەگروون).
نازدار: وشەیەکی ناسادەیە/ دوو بێژەیە: (ناز + دار).
وشە لەڕووی داڕشتنەوە دوو جۆرە:
1) وشەی سادە: وشەیەکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.
وەک: وشەی (خامە، چالاک، نەوت، چیا، بەرز، بۆن)
2) وشەی ناسادە: وشەیەکە لە بێژەیەک زیاتر پێک هاتووە، وەک: وشەی (پیرەمێرد، نەورۆز، کرێکار، دەرهێنان، پیرەمەگروون، نازدار)
ئەگەر سەرنج بدەينه ئەو گوتنانەی لای سەرەوه دەبينين هەر یەکەیان
واتایەکی تەواوى خۆی هەيه و له كۆمەڵە وشەیەک پێک هاتووه، وەک: ئاخاوتنی (ئیدریس هات) کە لە وشەی (ئیدریس) و له وشەی (هات) پێک هاتووه، هەردووكیان پێکەوه واتایەکی تەواویان به دەستەوه داوه، هەروەها ئاخاوتنەکانی
دیکەش بەم شيوەيه لێک دەدرێنەوه، بۆيه پێيان دەگوترێت ڕسته.
ڕسته 👈 چەند وشەیەکه پێکەوه واتایەکی تەواو دەبەخشێت و له کۆتاییدا بەپێی مەبەست هێمای بۆ دادەنرێت.
🟢 پێناسەی چاوگ/ سەرچاوە یان ژێدەر (مصدر):
✔️ وشەیەکە ڕوودانێک نیشان دەدات بەڵام نەخراوەتە پاڵ کەسێک یان شتێک.
✔️ کاتی ڕوودانیشی دیار نییە.
✔️ گەردان نەکراوە.
✔️ سەرچاوەیە بۆ دروستکردنی دەمەکانی کار (ڕابردوو، ڕانەبردوو و داخوازی).
✔️ لە ڕستەدا وەکوو ناو بەکار دێت و هەموو تایبەتییەکانی ناو وەردەگرێت و ئەرکەکانی ناویش دەبینێت.
🔴 چەند نموونە چاوگ: 👈🏿 (بردن، خواردن، سەرکەوتن، هەڵفڕین، سووتان، بڕین، کڕین، سەرهەڵبڕین، خوێندنەوە، خولانەوە…)
🟣 ڕاڤـــــــەی زیاتری چاوگ:
✔️ مەبەست چییە کە دەڵێین: ڕوودانێک نیشان دەدات؟ 👈🏿 بۆ نموونە کە دەڵێین: (بردن) واتە بردنی شتێک. یان دەڵێین: (خواردن) واتە خواردنی شتێک، ڕوودانی شتەکە نیشان دەدات.
✔️ مەبەست چییە کە دەڵێین: نەخراوەتە پاڵ کەس؟ واتە لە ڕستەدا نایخەینە پاڵ کەسێک چونکە ئەگەر بخرێتە پاڵ کەسێک ئەوە دەبێتە کار “فعل”. بۆ نموونە:
(خواردن) بەسوودە. (خواردن لێرە چاوگە.) بەڵام ئەگەر بڵێین ئیدریس نانەکەی خوارد. (لێرە خوارد چاوگ نییە بەڵکوو کاری ڕابردووە.)
✔️ مەبەست چییە کە دەڵێین: کاتی ڕوودانیشی دیار نییە؟ 👈🏿 واتە نە ڕابردووە و نە ڕانەبردوو. چونکە ئەگەر کاتەکەی دیار بێت ئیتر چاوگ نییە و کارە.
✔️ بۆ دەڵێین: گەردان نەکراوە؟ 👈🏿 چاوگ چون (ن)ی چاوگی پێوەیە، بەچاوگی (واتە کاتێک هێشتا چاوگە) گەردان ناکرێت و جێناوە لکاوەکان ناگرێت. بۆ نموونە: (هاتن) 👈🏿 هاتنیت، هاتنن ❌
کەواتە دەبێت سەرەتا لە چاوگ، قەد (بُن ماضی) و ڕەگی کار (بُن مضارع) بەدەست بهێنین، ئەو کاتە دەتوانین کاری ڕابردوو، ڕانەبردوو و داخوازیی لێ دروست بکەین.
✔️ مەبەست چییە کە دەڵێین: سەرچاوەیە بۆ دروستکردنی دەمەکانی کار؟ 👈🏿 واتە: (کاری ڕابردوو، ڕانەبردوو و داخوازیی) لێ دروست دەکرێت.
✔️ بۆ دەڵێین: چاوگ وەکوو ناو بەکار دێت؟ 👈🏿 چونکە هەم تایبەتییەکانی ناو و هەم ئەرکەکانی ناو وەردەگرێت.
===========================
🟣 گرنگیی چاوگ لە زمانی کوردیدا چییە؟
دەتوانین بڵێین: چاوگ وەک هەویرە. هەر بەو جۆرەی کە لە هەویر، نان، کێک، پیتزا و زۆر شتی تر دروست دەکەین، لە زمانی کوردیشدا، لە چاوگ زۆر شت دروست دەکرێت.
1⃣. چاوگ، سەرچاوەیە بۆ دروستکردنی دەمەکانی کار (ڕابردوو، ڕانەبردوو، داخوازی). لە چاوگ، قەدی چاوگ و ڕەگی کار بەدەست دەهێنین هەروەها لە قەدەکەی کاری ڕابردوو و لە ڕەگەکەی کاری ڕانەبردوو، داخوازی و کاری ڕابردوو و ڕانەبردووی بکەرنادیار دروست دەکەین.
2⃣. چاوگ لە ڕستەدا ئەرکەکانی ناو دەبینێت و تایبەتییەکانی ناو وەردەگرێت.
– ناو 7⃣ ئەرک و 5⃣ تایبەتمەندیی هەیە کە چاوگ هەمووی وەردەگرێت.
کەواتە چاوگ، بابەتێکی زۆر زۆر گرنگی زمانی کوردییە.
===========================
🟣 تێبینیی 1: هەموو چاوگێک لە زمانی کوردیدا بە پیتی (ن) کۆتایی پێ دێت.
بە پیتی (ن)ی کۆتایی چاوگ، دەگوترێت: 👈🏿 (نوونی چاوگ). وەک: خواردن، بردن، هاتــن، مردن…
===========================
🟠 تێبینیی 2:
بە پیتی (ن) لەگەڵ پیتەکەی پێشی، دەڵێین: نیشانەی چاوگ.
✅ نیشانەکانی چاوگ بریتین لە: (ان، تن، ین، وون، دن)
🟡 (ان) 👈🏿 برژان، ترســان، خنکــان، هێنــان…
🟢 (تن) 👈🏿 خەوتن، بەســتن، پاراســتن، گەیشــتن…
🟣 (ین) 👈🏿 بارين، تەزین، خزین، کڕین، ماڵــین…
🔴 (وون) 👈🏿 بــوون، چــوون، دروون..
🔵 (دن) 👈🏿 بردن، خوێنــدن، کردن، خواردن…
===========================
🟡 تێبینیی 3:
لە زمانی کوردیدا، هەم چاوگ بە پیتی (ن) کۆتایی پێ دێت و هەم هەندێ ناویش هەن کە بە پیتی (ن) کۆتاییان پێ دێت.
⚠️ ئاگادار بن کە هەر وشەیەک بە پیتی (ن) کۆتایی هاتبوو، چاوگ هەژمار ناکرێت تەنانەت ئەگەر هەڵگری یەکێک لە نیشانەکانی چاوگیش بێت، وەک: هەورامان، نازەنین، نەسرین… 👉 ئەمانە چاوگ نین.
بۆ جیاکردنەوەی ناو و چاوگ، پیتی (ن) لادەدەین ئەگەر وشەکە واتای هەبوو و کاری (ڕابردووی نزیک)مان دەست کەوت ئەوە چاوگە، بەڵام ئەگەر واتای نەبوو، ئەوە ناوە. وەک:
✔️ خواردن – ن 👈🏿 خوارد (واتای هەیە و کاری ڕابردووی نزیکە کەواتە “خواردن” چاوگە.)
✔️ سووتان – ن 👈🏿 سووتا (واتای هەیە و کاری ڕابردووی نزیکە کەواتە “سووتان” چاوگە.)
✔️ کاروان – ن 👈🏿 کاروا (واتای نییە و چاوگ نییە)
✔️ کوردستان – ن 👈🏿 کوردستا (واتای نییە و چاوگ نییە.)
✔️ هەورامان – ن 👈🏿 هەوراما (واتای نییە و چاوگ نییە.)
===========================
🔵 جۆرەکانی چاوگ:
لە زمانی کوردیدا 5⃣ جۆر چاوگمان هەیە:
1⃣. (چاوگی ئەلفی): ئەو چاوگەیە کە پیتی پێش (ن)، 👈🏿 (ا)یە، وەک: “سووتــان، گریــان، برژان…”
2⃣. (چاوگی واوی): ئەو چاوگەیە کە پیتی پێش (ن)، 👈🏿 (وو)یە، وەک: “چــوون، جــوون، بــوون، دروون…”
3⃣. (چاوگی تایی): ئەو چاوگەیە کە پیتی پێش (ن)، 👈🏿 (ت)یە، وەک: “فرۆشــتن، گرتــن، ڕۆیشــتن…”
4⃣. (چاوگی دالی): ئەو چاوگەیە کە پیتی پێش (ن)، 👈🏿 (د)یە، وەک: “بردن، مردن، خواردن، خوێنــدنــەوە…”
🟡 تێبینی: چاوگی خوێندنەوە 👈🏿 چاوگی (دالی)یە کە پیتی پێش “ن”، (د)یە. ئێمە تەنها پاشگری “ەوە”مان پێ زیاد کردووە. 👈🏿 خوێنــدن + ەوە = خوێندنەوە
5⃣. (چاوگی یایی): ئەو چاوگەیە کە پیتی پێش (ن)، 👈🏿 (ی)یە، وەک: “کڕیــن، فڕیــن، لەرزیــن…”
تێبینیی 4:
🟣 لە زمانی کوردیدا، هەندێ چاوگی سادەمان هەیە بەبێ پاشگری (ەوە/ اندن)، مانایان تەواو نابێت. بۆ نموونە:
(خولان، ڕشان، کولان، پاڕان، حەسان، دۆزین، بەشین، پرخان، پرژان) لەگەڵ پاشگری (ەوە/ اندن) دەبنە: 👈🏿 (خولانەوە، ڕشانەوە، کولانەوە، پاڕانەوە، حەسانەوە، دۆزینەوە، بەشینەوە، پرخاندن، پرژاندن)
نموونە لە ڕستەدا:
کولانەوەی برینەکە بەئازار بوو.
ناڵێین: 👈🏿 کولان بەئازار بوو.
حەسانەوە بۆ مرۆڤ بەسوودە.
ناڵێین: 👈🏿 حەسان بۆ مرۆڤ بەسوودە.
پاڕانەوە هەموو کات بۆ مرۆڤ پێویستە.
ناڵێین: 👈🏿 پاڕان هەموو کات بۆ مرۆڤ پێویستە.
پرخاندن لە خەودا هۆكاری پچڕانی ئۆكسیژێنە لە مرۆڤەکان.
ناڵێین: 👈🏿 پرخان لە خەودا هۆكاری پچڕانی ئۆكسیژێنە لە مرۆڤەکان.
بەشینەوەی سامان لەسەر ئاستی جیهان، بووەتە جێی دڵەڕاوكێی ناوەندە جیهانییەكان.
ناڵێین: 👈🏿 بەشینی سامان لەسەر ئاستی جیهان، بووەتە جێی دڵەڕاوكێی ناوەندە جیهانییەكان.
🟣 هەندێ چاوگیش هەن بەبێ پێشگر، واتا ناگەیەنن، بۆ نموونە:
🔴 پسکان 👈🏿 (ڕاپسکان)
ژیان تێ دەپەڕێ وەک ڕاپسکانی مشکێکی کێوی.
ناڵێین: 👈🏿 ژیان تێ دەپەڕێ وەک پسکانی مشکێکی کێوی.
هەڵپڕووزانی ڕوخساری جوان و شیرینی پەپوولەکانی شیناوێ لەیاد ناکەین.
ناڵێین: 👈🏿 پڕووزانی ڕوخساری جوان و شیرینی پەپوولەکانی شیناوێ لەیاد ناکەین.
مەرگ و هەڵپڕووزانی “گوڵاڵە” وەک ترۆپکی توندوتیژی دژ بە ژنانە.
ناڵێین: 👈🏿 مەرگ و پڕووزانی “گوڵاڵە” وەک ترۆپکی توندوتیژی دژ بە ژنانە.
🔴 پڵۆسین 👈🏿 (داپڵۆسین)
خەڵک بە هاتنیان بۆ سەر شەقام، ترسیان لە داپڵۆسینی داگیرکەران ڕەویوەتەوە.
ناڵێین: 👈🏿 خەڵک بە هاتنیان بۆ سەر شەقام، ترسیان لە پڵۆسینی داگیرکەران ڕەویوەتەوە.
⚪️ تێبینیی 5:
گوتمان 5⃣ جۆر چاوگمان هەیە. بەڵام لە کوردیی ژووروودا واتە کوردیی کرمانجی، لە چاوگی (دالی) پیتی (د) دەرناکەوێت. وەک: 👈🏿 بردن، مردن، خواردن… کە ئەوان دەڵێن: (برن، مرن، خوارن…)
ئەو کاتە نابێت وا بیر بکەینەوە چونکە لە چاوگەکانی (برن، مرن، خوارن) 👉 پیتی پێش (ن)، (ر)یە، چاوگی (ر)یە. ❌❌
لە کوردیی کرمانجیدا (برن، مرن، خوارن) چاوگی (دالی)ن.
===========================
🔴 پوختەی باسی چاوگ:
چاوگ واتە سەرچاوە یان ژێدەر. بۆیە دەڵێین سەرچاوە چونکە سەرچاوەی دروستکردنی کارە.
چاوگ 5⃣ جۆری هەیە، جۆرەکانی بەپێی ئەو پیتە دیاری دەکرێت کە دەکەوێتە پێش پیتی “ن” چاوگ. وەکوو:
برژان 👉 چاوگی ئەلفییە.
چوون 👉 چاوگی (واوی)یە.
کڕین 👉 چاوگی (یایی)یە.
خواردن 👉 چاوگی (دالی)یە.
فرۆشتن 👉 چاوگی (تایی)یە.
===========================
🟣 چاوگ لە ڕووی پێکهاتنەوە 2⃣ جۆرە:
1⃣. چاوگی سادە
2⃣. چاوگی ناسادە
چاوگی ناسادەش دەبێتە دوو بەشەوە:
(داڕێژراو و لێکدراو)
🟡 پێناسەی (چاوگی سادە):
ئەو چاوگەیە کە لە یەک وشەی سادەی واتادار پێک دێت. واتە هیچ پێشگر و پاشگرێکی پێوە نییە. وەک:
(بردن، نووسین، نووستن، خوێندن، کردن، کێڵان، سووتان، بوون، چوون، گریان، هاتن، ڕۆیشتن…)
🟢 چاوگی ناسادە دەکرێتە دوو جۆر: 👈🏿 (داڕێژراو و لێکدراو)
🔵 پێناسەی چاوگی داڕێژراو:
ئەو چاوگەیە کە لە (چاوگێکی سادەی واتادار) لەگەڵ پێشگرێک یان پاشگرێک یان هەردووکیان پێک دێت. وەک:
(ڕاکێشان) 👈🏿 ڕا + کێشان
(هەڵبژاردن) 👈🏿 هەڵ + بژاردن
(ڕاپەڕین) 👈🏿 ڕا + پەڕین
(خوێندنەوە) 👈🏿 خوێندن + ەوە
(سووتاندن) 👈🏿 سووتان + اندن
(داشکاندن) 👈🏿 دا + شکان + اندن
🔴 ئەو پێشگرانەی چاوگی (داڕێژراو) دروست دەکەن 2⃣ جۆرن: (پێشگری سادە – پێشگری ناسادە)
نموونەی ئەو (پێشگرە سادانە) کە دەچنە سەر چاوگی سادە و چاوگی داڕێژراو دروست دەکەن بریتین لە: 👈🏿 (ڕا، هەڵ، دا، ڕۆ، وەر، ڕێ، پێ، تێ، لێ، وێ…)
(ڕا) 👉 ڕاخستن، ڕاکێشان، ڕادان، ڕاگرتن، ڕابوون، ڕاپەڕین…
(هەڵ) 👉 هەڵــفڕین، هەڵــگرتن، هەڵــکردن، هەڵــبوون، هەڵــدان، هەڵــبڕین، هەڵــچوون، هەڵــهاتن…
(دا) 👉 داکەوتن، داخستن، داهاتن، داگرتن…
(وەر) 👉 وەرگرتن، وەرگێڕان، وەرگەڕان، وەردان، وەرچەرخان، وەرگەڕاندن…
(پێ) 👉 پێــزانین، پێــکەنین، پێــناسین، پێــگەیشتن، پێــکەوتن…
(تێ) 👉 تێــکردن، تێــگرتن، تێــخستن، تێــکەوتن، تێــگەیشتن…
(لێ) 👉 لێــپرسین، لێــبڕین، لێــستاندن، لێــکەوتن، لێــدان، لێــنان، لێــخوڕین…
پێشگری ناسادە 2⃣ جۆرە:
ئەوانەی لە ئەنجامی تێکەڵبوونی پێشگری سادەی (پێ، تێ، لێ لەگەڵ پاشبەندی 👈🏿 دا، ڕا، وە) دروست بوون. وەک:
🟣 پێ + دا = (پێدا)
(پێداهاتن، پێدابردن، پێداخستن، پێداچوون)
🟣 پێ + وە = (پێوە)
(پێوەبوون، پێوەچوون…)
🟣 تێ + دا = (تێدا)
(تێداچوون، تێدامان، تێدابوون، تێداکردن…)
🟣 تێ + وە = (تێوە)
(تێوەچوون، تێوەگلان…)
🟣 پێ + ڕا = (پێڕا)
(پێڕاهاتن، پێڕاگەیشتن، پێڕاچوون…)
🟣 تێ + ڕا = (تێڕا)
(تێڕابردن، تێڕاکردن، تێڕاچوون…)
🟣 لێ + ڕا = (لێڕا)
(لێڕابردن، لێڕاهاتن…)
هەروەها (پێک، تێک، لێک، وێک، ڕێک)یش، پێشگری ناسادەن.
🟣 (وێک)
وێکــکەوتن، وێکــخستن…)
🟣 (ڕێک)
ڕێکــخستن، ڕێکــبوون…)
***
🟡 ڕێگاکانی دروستکردنی چاوگی داڕێژراو:
چاوگی داڕێژراو، بەم 3⃣ ڕێسایە دروست دەبێت.
1⃣. پێشگر + چاوگی سادە
دا + خستن = داخستن
ڕا + کێشان = ڕاکێشان
ڕۆ + چوون = ڕۆچوون
هەڵ + بوون = هەڵبوون
2⃣. چاوگی سادە + پاشگر
خوێندن + ەوە = خوێندنەوە
نووسین + ەوە = نووسینەوە
برژان + اندن = برژاندن
شکان + اندن = شکاندن
لەرزین + اندن = لەرزاندن
3⃣. پێشگر + چاوگی سادە + پاشگر
هەڵ + فڕین + ەوە = هەڵفڕینەوە
تێ + کردن + ەوە = تێکردنەوە
دا + شکان + اندن = داشکاندن
وەر + گەڕان + اندن = وەرگەڕاندن
🟢 تێبینی
ئەو پێشگرانەی دەچنە سەر چاوگێکی سادە، (دیمەن و واتایان) دەگۆڕن. واتە:
1⃣. لە ڕووی پێکهاتنەوە دەبنە داڕێژراو.
2⃣. لە ڕووی واتاشەوە، گۆڕانێک دروست دەبێت. بۆ نموونە:
⚫️ چاوگی سادەی (دان) 👉 واتە: (بەخشینی شتێک بە کەسێک). بەڵام چاوگی داڕێژراوی (دادان) 👉 واتە: (تیژکردنی سەری دار و قەڵەم، چوونەخوارەوە و لێچوونی شتی شل.
نموونە لە ڕستەدا: 👈🏿 “کووپەکە ڕۆن دادەدا.”
🔴 چاوگی سادەی (کردن)، واتە: (بەجێهێنانی کارێک)، بەڵام
🔴 چاوگی داڕێژراوی (هەڵکردن) واتە:
بەرزکردنەوەی ئاڵا یان داگیرساندنی چرا.
🟡 چاوگی سادەی (گەڕان)، واتای (هاتوچۆکردن) دەدات. بەڵام کە پێشگری (لێ)ی پێوە دەلکێت، (لێگەڕان) دروست دەبێت و واتای (وازهێنان) دەدات.
***
🟡 تێبینییەکی گرنگ:
⚠️ نیشانەکانی ناسراوی (ەکە) و نەناسراوی (ێ، ێک، ەک) و کۆ (ان)، چاوگی سادە ناکەنە چاوگی داڕێژراو. بۆ نموونە: 👈🏿 “نووسینەکان”
🔴 نووسینەکان کاریگەرن. (نووسینەکان 👉 نیشانەی کۆی پێوەیە بەڵام هەر چاوگی سادەیە.)
نموونەی تر: 👈🏿 “مردنەکە”
🟢 مردنەکەی دایکم، بووە مایەی خەم و پەژارەی ئێمە.
(مردنەکە 👉 چاوگی مردن، نیشانەی ناسراوی (ەکە)ی پێوەیە بەڵام هەر چاوگی سادەیە.)
نموونەی تر: 👈🏿 “هاتنێک”
🟣 ئەوە چۆن هاتنێک بوو؟
(هاتنێک 👉 چاوگی هاتن، نیشانەی نەناسراویی (ێک)ی پێوەیە بەڵام هەر چاوگی سادەیە.)
***
🟡 لە زمانی کوردیدا 2⃣ پاشگر هەن، کە دەچنە سەر چاوگی سادە و چاوگی داڕێژراو دروست دەکەن:
🔴 پاشگری (ەوە):
خواردن + (ەوە) 👈🏿 خواردنــەوە
گەڕان + (ەوە) 👈🏿 گەڕانــەوە
ئەم پاشگرە، دەورێکی گەورە و گرنگ دەبینێت و گەلێک واتا دەگەیەنێت و وشەی نوێ پێک دێنێت.
🟡 واتا سەرەکییەکانی پاشگری (ەوە):
(دووبارەبوونەوە – گۆڕینی واتای وشە، گەڕانەوە، گۆڕینی مەفهوومی وشە)
1⃣. دووبارەبوونەوە:
نووستن + ەوە 👈🏿 نووستنەوە
2⃣. گۆڕینی واتای وشە:
بەربوون + ەوە 👈🏿 بەربوونەوە
لێکدان + ەوە 👈🏿 لێکدانەوە
(بەربوون واتە: بەرەڵابوون بەڵام بەربوونەوە واتە: کەوتنەخوارەوە.)
(لێکدان واتە: لەیەکتریدانی دوو شت یان تێکەڵکردنی دوو شت بەیەکا بەڵام لێکدانەوە واتە بیرکردنەوە.)
3⃣. گەڕانەوە
ڕۆیشتن + ەوە 👈🏿 ڕۆیشتنەوە
چوون + ەوە 👈🏿 چوونەوە
(کاتێک پاشگری “ەوە” دەچێتە سەر “ڕۆیشتن” و “چوون” دەبنە “ڕۆیشتنەوە” و “چوونەوە” و واتای (گەڕانەوە بۆ هەمان شوێن بەدی دەکرێت.)
4⃣. گۆڕینی مەفهوومی وشە:
کردن + ەوە 👈🏿 کردنەوە
خواردن + ەوە 👈🏿 خواردنەوە
بۆ نموونە:
کردن 👈🏿 بەجێهێنانی کارێک.
کردنەوە 👈🏿 (باز کردن)
خواردن 👈🏿 جاوین و وردکردن و قووتدانی شت، (خوردن).
خواردنەوە 👈🏿نۆشین، (آشامیدن)
🟣 پاشگری (اندن)
دەوری هەرە سەرەکیی ئەم پاشگرە ئەوەیە کە چاوگی تێنەپەڕ دەگۆڕێت بۆ تێپەڕ. بە واتایەکی تر
پاشگری (اندن) بخرێتە سەر چاوگی تێنەپەڕ، دەیکاتە تێپەڕ. ئەم پاشگرە (ند، اند، دن) نییە، ❌ بەڵکوو (اندن)ـە. ✅
بۆ نموونە:
شکان (تێنەپەڕ) + اندن 👈🏿 شکاندن (تێپەڕ)
تەزین (تێنەپەڕ) + اندن 👈🏿 تەزاندن (تێپەڕ)
مردن (تێنەپەڕ) + اندن 👈🏿 مراندن (تێپەڕ)
سووتان (تێنەپەڕ) + اندن 👈🏿 سووتاندن (تێپەڕ)
ئەو چاوگەیە کە لە (چاوگێکی سادە یان داڕێژراو)، لەگەڵ (وشەیەكی واتادار یان زیاتر) پێک دێت. یان چاوگی لێکدراو (چاوگێکە کە لە دوو وشە یان زیاتر پێک دێت بە مەرجێک وشەیەکیان “چاوگ” بێت.) وەک:
(خۆشویستن، یارمەتیدان، جوانکردن، لەبیرکردن، لەناوبردن، سەرکەوتن، لەخۆچوون، بەهێزکردن، دەستبڕین…)
***
🟣 ڕێگاکانی دروستکردنی (چاوگی لێکدراو):
1⃣. ناوی سادە + چاوگی سادە
یارمەتی + دان = یارمەتیدان
دەست + گرتن = دەستگرتن
دەست + کەوتن = دەستکەوتن
شەڕ + کردن = شەڕکردن
2⃣. ناوی داڕێژراو + چاوگی سادە
گەرما + بوون = گەرمابوون
ڕێگا + گرتن = ڕێگاگرتن
بەخێو + کردن = بەخێوکردن
3⃣. ناوی لێکدراو + چاوگی سادە
ماستاو + خواردن = ماستاوخواردن
چڵکاو + خواردن = چڵکاوخواردن
ماڵاویی + کردن = ماڵاواییکردن
4⃣. ناوی سادە + چاوگی داڕێژراو
دەست + هەڵگرتن = دەستهەڵگرتن
دەست + هەڵبڕین = دەستهەڵبڕین
سەر + هەڵبڕین = سەرهەڵبڕین
چاو + پێکەوتن = چاوپێکەوتن
5⃣. ناوی داڕێژراو + چاوگی داڕێژراو
جێگە + کردنەوە = جێگەکردنەوە
بەبیر + هاتنەوە = بەبیرهاتنەوە
6⃣. هاوەڵناوی سادە + چاوگی سادە
بڵند + کردن = بڵندکردن
خۆش + کردن = خۆشکردن
گەورە + کردن = گەورەکردن
گەرم + بوون = گەرمبوون
7⃣. هاوەڵناوی داڕێژراو + چاوگی سادە
بەهێز + کردن = بەهێزکردن
نەخۆش + کەوتن = نەخۆشکەوتن
بەئاگا + هاتن = بەئاگاهاتن
8⃣. هاوەڵناوی لێکدراو + چاوگی سادە
دڵخۆش + کردن = دڵخۆشکردن
دڵشاد + بوون = دڵشادبوون
ڕووڕەش + کردن = ڕووڕەشکردن
9⃣. هاوەڵناوی سادە + چاوگی داڕێژراو
نوێ + کردنەوە = نوێکردنەوە
تیژ + کردنەوە = تیژکردنەوە
ڕاست + کردنەوە = ڕاستکردنەوە
چاک + بوونەوە = چاکبوونەوە
🔟. هاوەڵناوی داڕێژراو + چاوگی داڕێژراو
بەهێز + بوونەوە = بەهێزبوونەوە
1⃣1⃣. هاوەڵناوی لێکدراو+ چاوگی داڕێژراو
دڵسارد + کردنەوە = دڵساردکردنەوە
دڵخۆش + کردنەوە = دڵخۆشکردنەوە
2⃣1⃣. هاوەڵکاری سادە + چاوگی سادە
دەر + کردن = دەرکردن
پێش + خستن = پێشخستن
دوا + کەوتن = دواکەوتن
3⃣1⃣. هاوەڵکاری داڕێژراو + چاوگی سادە
لەناو + چوون = لەناوچوون
لەناو + بردن = لەناوبردن
4⃣1⃣. دووبارەکردنەوەی ناو + چاوگی سادە
کونکون + کردن = کونکونکردن
کونکون + بوون = کونکونبوون
5⃣1⃣. دووبارەکردنەوەی هاوەڵناو + چاوگی سادە
وردورد + کردن = وردوردکردن
وردورد + بوون = وردوردبوون
6⃣1⃣. وشەیەک مانای سەربەخۆی نەبێت + چاوگی سادە
واز + هێنان = وازهێنان
نقووم + بوون = نقوومبوون
7⃣1⃣. ئامرازی سەرسوڕمان + چاوگی سادە
داخ + خواردن = داخخواردن
ئاخ + خواردن = ئاخخواردن
8⃣1⃣. ئامرازی سەرسوڕمان + چاوگی داڕێژراو
ئاخ + هەڵکێشان = ئاخهەڵکێشان
9⃣1⃣. پارتیکلی خۆزگە + چاوگی سادە
خۆزگە + خواردن = خۆزگەخواردن
خۆزگە + خواستن = خۆزگەخواستن
خۆزگە + بردن = خۆزگەبردن
🟣 تێبینی
هەندێ لەو وشانەی کە لە زمانی کوردیی ئەمڕۆدا، واتای سەربەخۆیان نییە، دەتوانن لە پێکهێنانی (چاوگی لێکدراو) بەشدار بن. وەک:
(تووش، فڕێ، بەخێو، نقوم، تووڕ، پەک، واز، هان…)
تووش + بوون = (تووشبوون)
فڕێ + دان = (فڕێدان)
بەخێو + کردن = (بەخێوکردن)
نقووم + بوون = (نقوومبوون)
تووڕ + هەڵدان = (تووڕهەڵدان)
پەک + کەوتن = (پەککەوتن)
واز + هێنان = (وازهێنان)
هان + دان = (هاندان)
ئەگەر چاوگی (کردن) لە ڕووی پێکهاتنەوە، بە سادە، داڕێژراو و لێکدراو دابەش بکەین، بەم شێوەیە دەبێت:
🟠 داڕێژراو 👈🏿 (هەڵکردن) 👈🏿 هەڵ + کردن
(کردنەوە) 👈🏿 کردن + ەوە
🟢 لێکدراو 👈🏿 (جوانکردن) 👈🏿 جوان + کردن
🟡 تێبینی
چاوگی سادەی (کردن – بوون)، لە پێکهێنانی چاوگی “لێکدراو” دەورێکی گەورە دەبینن. وەک:
🟡 چاوگی کردن 👈🏿 (گاڵتەکردن، شەڕکردن، بڵاوکردن، گەرمکردن، ماچکردن…)
🟡 چاوگی “بوون”، لەگەڵ “ناو، هاوەڵناو، هاوەڵکار و ژمارەدا ڕێک دەکەوێت، بەڵام زیاتر لەگەڵ “هاوەڵناو” دەگونجێت. وەک: (گەرمابوون، سەرمابوون، ڕەشبوون، زلبوون، تێربوون، هەژاربوون، دەربوون، یەکبوون…)
***
بەکارهێنانی چاوگ وەکوو ناو
***
🟣 بەکارهێنانی چاوگ وەکوو ناو
ناو، لە ڕستەدا کۆمەڵێک ئەرک و تایبەتمەندیی هەیە کە (چاوگ) هەمووی وەردەگرێت واتە: (چاوگ)، هەمان ئەرک و تایبەتمەندییەکانی ناو، لە ڕستەدا دەبینێت.
🟢 چاوگ، 5⃣ تایبەتمەندی و 7⃣ ئەرکی ناو دەبینێت.
🔴 (تایبەتمەندییەکانی چاوگ):
1⃣. تاکی ناسراو
2⃣. کۆی ناسراو
3⃣. تەواو دەکرێت بە ناو
4⃣. تەواو دەکرێت بە جێناو
5⃣. تەواو دەکرێت بە هاوەڵناو
🔴 (ئەرکەکانی چاوگ):
1⃣. بکەر
2⃣. نیهاد
3⃣. بەرکار
4⃣. دیارخەری ناو
5⃣. تەواوکەری بەیاریدە
6⃣. تەواوکەری کاری ناتەواو
7⃣. جێگری بکەر
🟣 تێبینی
چاوگ، هەموو ئەرکەکان و تایبەتییەکانی ناو لە ڕستەدا وەردەگرێت و جێبەجێی دەکات، لەبەر ئەوە، چاوگ وەکوو ناوە.
***
🟣 (چاوگ) دەتوانێت (تایبەتمەندییەکانی ناو) وەربگرێت:
1⃣. (تاکی ناسراو)
کاتێک نیشانەی ناسراوی (ەکە) لە دوای چاوگ بێت، چاوگەکە دەبێتە تاکی ناسراو. وەک:
🔴 نووسین + ەکە = نووسینەکە
(نووسینەکە بەسوودە.)
2⃣. (کۆی ناسراو)
چاوگ دەکرێت بە کۆی ناسراو بەهۆی ئامرازی کۆ (ان) کە دەخرێتە دوای ئامرازی پێناسین (ەکە) 👈🏿 [ەکان]. وەک:
🔴 نووسین + ەکە + ان = نووسینەکان
(نووسینەکانــم هێناوە).
3⃣. (تەواو دەکرێت بە ناو، واتە: لە دوای چاوگەکە ناو دێت).
🔴 نووسینــی ئیدریس کاریگەر بوو.
🔴 نووسینــی هێمنــم خوێندەوە.
4⃣. (تەواو دەکرێت بە جێناو، واتە: لە دوای چاوگەکە، جێناو دێت).
🔴 نووسینــی ئێوەم خوێندەوە.
🔴 هاتنــی ئەوان بۆ ئێرە باش بوو.
5⃣. (تەواو دەکرێت بە هاوەڵناو، واتە: لە دوای چاوگەکە، هاوەڵناو دێت).
🔴 نووسینــی جوانــم خوێندەوە.
🔴 نووسینــی باش دڵخۆشکەرە.
***
🟢 (چاوگ) دەتوانێت هەموو (ئەرکەکانی ناو) ببینێت:
1⃣. (بکەر):
چاوگ دەتوانێت ببێتە بکەر. بکەر هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی کار، واتە: ئەنجامدەری کارەکەیە. بە مەرجێک کاری ڕستەکە کارێکی (تەواو) بێت.
🟡 خوێندن، وڵات پێش دەخات.
(خوێندن بکەرە.)
🟡 ڕاکردن جەستەمان بەهێز دەکات.
(ڕاکردن: بکەرە.)
🟡 گەشتکردن چاوی مرۆڤ دەکاتەوە.
(گەشتکردن: بکەرە.)
2⃣. (نیهاد):
چاوگ دەتوانێت ببێتە نیهاد. هەر کاتێک کاری ڕستەکە، کاری ناتەواوی “ە، بوو، دەبێت” بوو، یان وەسفێکی دراوە پاڵ، ئەو کاتە ئەرکی چاوگەکە دەبێتە نیهاد.
🟡 خوێندن بەسوودە.
(خوێندن نیهادە.)
🟡 بژارکردن بۆ کشتوکاڵ بەسوودە.
(بژارکردن: نیهادە.)
3⃣. (بەرکار):
چاوگ دەتوانێت ببێتە بەرکار. هەر کاتێک چاوگ، لە ڕستەدا، بەر ئەنجامی کارەکە بکەوێت، ئەرکەکەی دەبێتە بەرکار. پێویستە لەو کاتەدا، کاری ڕستەکەمان لە ڕووی هێزەوە، کارێکی تێپەڕ بێت.
🟡 ئەوان خوێندنــیان تەواو کرد.
ئەوان چییان تەواو کرد؟ (خوێندن).
کەواتە (خوێندن) 👈🏿 بەرکارە.
4⃣. (دیارخەری ناو):
چاوگ دەتوانێت ببێتە دیارخەری ناو. هەر کاتێک چاوگ، لە دوای ئامرازی دانەپاڵی (ی) هات، ئەو کاتە دەبێتە دیارخەری ناو.
🟡 بەرهەمــی ڕاپەڕین دیارە.
(ڕاپەڕین: دیارخەری ناوە.)
5⃣. (تەواوکەری بەیاریدە):
چاوگ دەتوانێت ببێتە تەواوکەری بەیاریدە. هەر کاتێک چاوگ لە دوای ئامرازی (بە، لە، بۆ) هات، دەبێتە تەواوکەری بەیاریدە.
🟡 بە خوێندن سەر دەکەوین.
(خوێندن: تەواوکەری بەیاریدەیە.)
🟡 وڵات بە خوێندن پێش دەکەوێت.
(خوێندن: تەواوکەری بەیاریدەیە.)
🟡 ئەوان مەلە دەکەن، بەڵام ئێمە بۆ فێربوون هاتووین.
(فێربوون: تەواوکەری بەیاریدەیە.)
6⃣. (تەواوکەری کاری ناتەواو):
چاوگ دەتوانێت ببێتە تەواوکەری کاری ناتەواو. هەر کاتێک چاوگ، (لە پێش کاری ناتەواوی “ە، بوو، دەبێت”) هات، دەبێتە تەواوکەری کاری ناتەواو.
🟡 ئامانجمان خوێندنــە.
(خوێندن: تەواوکەری کاری ناتەواوە.)
🟡 کاری فێرخواز خوێندنــە.
(خوێندن: تەواوکەری کاری ناتەواوە.)
🟡 سەرکەوتن بەرهەمی تێکۆشانــە.
(تێکۆشان: تەواوکەری کاری ناتەواوە.)
7⃣. (جێگری بکەر):
چاوگ دەتوانێت ببێتە جێگری بکەر.
وشەیەکە لە ڕستەدا، ئەرک و شوێنی دەگۆڕێت لە “بەرکار”ەوە بۆ “جێگری بکەر” و دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕستەی بکەرنادیار.
ئەو خوێندنی تەواو کرد. (بکەردیار)
🟡 خوێندن تەواو کرا. (بکەرنادیار)
(خوێندن: جێگری بکەرە.)
🟡 خوێندن دواخرا. (بکەرنادیار)
(خوێندن: جێگری بکەرە.)
***
(گۆڕینی چاوگی تێنەپەڕ بۆ چاوگی تێپەڕ):
پاشگری (اندن) بخرێتە سەر چاوگی تێنەپەڕ، دەیکاتە تێپەڕ. ئەم پاشگرە (ند، اند، دن) نییە، بەڵکوو (اندن)ـە. ✅
بۆ نموونە:
🟠 شکان (تێنەپەڕ) + اندن 👈🏿 شکاندن (تێپەڕ)
شووشەکە شکا. (تێنپەڕ)
ئەو شووشەکەی شکاند. (تێپەڕ)
🟠 تەزین (تێنەپەڕ) + اندن 👈🏿 تەزاندن (تێپەڕ)
دڵم تەزی. (تێنەپەڕ)
ئەو دڵمی تەزاند. (تێپەڕ)
***
🔴 بە چ شێوەیەک چاوگی تێنەپەڕ بگۆڕین بۆ چاوگی تێپەڕ؟
لە چاوگەکانی (ان، ین، دن، تن)،
نیشانەکانی چاوگ (ان، ین، دن، تن) لەسەر چاوگەکە لادەدەین و پاشان پاشگری (اندن) دەخەینە سەر بناغەی چاوگەکە. بۆ نموونە:
⚫️ گەڕان (نیشانەی چاوگەکە “ان” دەسڕینەوە چ دەمێنێتەوە؟ (گەڕ)
پاشان پاشگری (اندن)ی پێ زیاد دەکەین دەبێتە: (گەڕاندن).
گەڕان (تێنەپەڕ) 👈🏿 گەڕاندن (تێپەڕ)
لە نموونەکانی خوارەوە، چاوگی تێنەپەڕی (ان، ین، دن، تن) دەگۆڕین بۆ چاوگی تێپەڕ:
👇👇👇👇👇👇👇👇👇👇👇👇
🟣 شکان – ان = (شک) 👈🏿 + اندن = شکاندن
شووشەکە شکا. (تێنەپەڕ)
کاروان شووشەکەی شکاند. (تێپەڕ)
🟣 ترسان – ان = (ترس) 👈🏿 + اندن = ترساندن
مرۆڤەکە ترسا. (تێنەپەڕ)
مرۆڤەکەیان ترساند. (تێپەڕ)
🟣 بەزین – ین = (بەز) 👈🏿 + اندن = بەزاندن
لەشکری دوژمن بەزی. (تێنەپەڕ)
لەشکری دوژمنیان بەزاند. (تێپەڕ)
🟣 پەڕین – ین = (پەڕ) 👈🏿 + اندن = پەڕاندن
گەنجەکە پەڕی. (تێنەپەڕ)
مين قاچی گەنجەکەی پەڕاند. (تێپەڕ)
🟣 مردن – دن = (مر) 👈🏿 + اندن = مراندن
ڕێوییەکە مرد. (تێنەپەڕ)
ڕێوییەکە خۆی مراند. (تێپەڕ)
🟣 خەوتن – تن = (خەو) 👈🏿 + اندن = خەواندن
منداڵەکە خەوت. (تێنەپەڕ)
ئەو منداڵەکەی خەواند. (تێپەڕ)
***
🟢 تێبینی/
ئەگەر چاوگێکی تێنەپەڕ بە (وون) کۆتایی پێ بێت و بمانەوێت بیکەینە تێپەڕ، سەرەتا (ن) لادەبەین و بزوێنی (وو)ی پێشی دەبێتە (و w) پاشان پاشگری (اندن)ی پێ زیاد دەکەین.
🟢 چوون 👈🏿 چوو 👈🏿 چو + اندن= (چواندن)
هەڵبەت چاوگی تێنەپەڕی چوون، بەرانبەریشی هەیە لە تێپەڕ 👈🏿 “بردن”.
چوون 👈🏿 چواندن/ بردن
ئەو چوو. (تێنەپەڕ)
ئەویان چواند/ برد. (تێپەڕ)
***
🟡 تێبینی/
ئەگەر چاوگێکی تێنەپەڕ بە (تن) کۆتایی پێ بێت، سەرەتا نیشانەی چاوگەکە (تن) دەسڕینەوە هەروەها ئەگەر دەنگی پێش (تن)، “س” یان “ش” بێت،
ئەوە (س) و (ش) تێ دەچن، پاشان پاشگری (اندن)ی پێ زیاد دەکەین دەبێتە تێپەڕ.
🟡 نووستن + اندن 👈🏿 (نوواندن)
🟡 گەیشتن + اندن 👈🏿 (گەیاندن)
***
🔵 تێبینی/
هەندێ چاوگی تێنەپەڕ هەن کە بە یارمەتیی پاشگری (اندن) لە دەنگە سروشتییەکان دروست کراون وەک (ناڵاندن، بۆڕاندن، باڕاندن، قیژاندن، نووزاندن…) کە هەر بەو جۆرەی دەیانبینن پاشگری (اندن)یان وەرگرتووە بەڵام هێشتا تێنەپەڕن.
🔵 ئەم چاوگانە چۆن بکەینە تێپەڕ؟
✅ وەڵام: بە یارمەتیی کاری یاریدەدەری (هێنایە) – (دەهێنێتە) کە دەخرێتە پێش چاوگی تێنەپەڕ، دەکرێن بە تێپەڕ. وەک:
🔴 ناڵە + اندن (چاوگی تێنەپەڕی ناڵاندن)
هێنایە + ناڵاندن = هێنایە ناڵاندن (تێپەڕ)
نەخۆشەکە ناڵاندی. (تێنەپەڕ)
نەخۆشەکەی هێنایە ناڵاندن. (تێپەڕ)
نەخۆشەکە دەهێنێتە ناڵاندن. (تێپەڕ)
🔴 باڕە + اندن = (چاوگی تێنەپەڕی باڕاندن)
هێنایە + باڕاندن = هێنایە باڕاندن (تێپەڕ)
بەرخەکە باڕاندی. (تێ