مامۆستا هێمن لە هۆنراوەی (شەوگاری تەنیایی)دا بەمەبەست لە خۆشیی گوشینی “مەم”دا ڕەدیف یا پاشسەروا تێک دەدات و خۆشی باش دەزانێت و یەکسەر ئاماژەی پێ دەکات کە لەبەر “گوشینی مەم” ڕەدیفی تێک داوە، نەکا وشکەڕەخنەگر وا بزانێ کە ئەم نازانێت، خۆی دان بە لادانەکەیدا دەنێت. ئەمە پێی دەڵێن ئەوین و جوانپەرستی. ❤️
لەو هۆنراوەیەدا “نابێ” ڕەدیفە، چونکە لە کۆتاییی هەموو دێڕەکاندا دووپات بووەتەوە، کەوا بێت نابێتە سەروا، بەڵکوو دەبێتە “ڕەدیف” کە بە کوردی دەبێتە “پاشسەروا”.
بەڵام کێشی پاراستووە و سەروای دروست کردووە لە وشەکانی پێش لە “ڕەدیف”دا. بۆ نموونە: نەم – کەم – خەم – ستەم – تەم و هتد.
ڕەدیف کە لە هەموو هۆنراوەکەیدا “نابێ”یە، تەنیا یەک جار بووە بە “دابێ”، لەوێ ڕەدیف تێک چووە بەڵام بەمەبەست ئەو کارەی کردووە.
ھەتا نێڵەی نەیە ئاورگی دڵ، چەم پڕ لە نەم نابێ
ھەتا نەم دانەبارێ تینی ئەم ئاورگە کەم نابێ
لەناو ئاورینگ و ئاونگا شەوم ڕادەبرێ بێ ھەمدەم
بەڵێ شەوگاری تەنیایی بەبێ فرمێسک و خەم نابێ
ستەمکاری منی دوور خستەوە لەو یارە شیرینەم
ئیتر من چۆن ڕقی زۆرم لە ئازار و ستەم نابێ؟
ئەوی سەربەرزە لەم وێرانەدا تووشی خەم و دەردە
چیای سەرکەش ببینە قەت سەری بێ ھەور و تەم نابێ
لەناو دەریای خەیاڵم دیمەوە من گەوھەری نایاب
ھەمە گەوھەر، ئیتر چاوم لە دینار و درەم نابێ
وەرە ناو باوەشی گەرم و گوڕ و پڕ تاسە و مەیلم
ڕەدیفیش تێک بچێ پێم خۆشە من دەستم لە مەم دابێ
وەرە با ھەڵمژم ئەو لێوە شیرینە بە کەیفی خۆم
لەپاش ئەو تاڵییە با من دەمێک شەکرم لە دەم نابێ
پەلەت بێ، چاوەڕێتم، زوو وەرە، بەس خۆت بخافڵێنە
ھەزار جار ھێمنیش بم بۆ ویساڵت چۆن پەلەم نابێ؟