زمانی نەتەوە

لە زمانی ماڵەوە بۆ زمانی نەتەوە و حکوومەت

 

زمانی کوردی لای من لە سەرووی «زمانی دایک»ـەوەیە؛ زمانی نەتەوەیە و دەمەوێت وەک زمانی نەتەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت. هەر لەبەر ئەوەش، تەنیا لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا بیری لێ ناکەمەوە.
بۆ تێگەیشتن لە دۆخی زمانەکەمان، دەتوانین دابەشی سێ ئاستی بکەین:
١. زمانی دایک یان زمانی ماڵەوە (بۆ نموونە کوردانی هەندەران):
ئەو زمانەی تەنیا لە ماڵدا قسەی پێ دەکرێت. تەنیا لە ئاستی لەبیرنەچوونەوە هێزی هەیە و بنەمایەکی بێهێز و لاوازی هەیە. هەندێک جار تەنیا وەک بۆنەیەکی فەرهەنگی، ساڵانە یادی دەکرێتەوە و هیچی تر.
٢. زمانی دەرەوەی ماڵ (وەک لە هەندێک لە پارچەکانی کوردستان):
لە بازاڕ و دووکان و میوانی و چاوپێکەوتندا بەکار دەهێنرێت. پڕە لە کێشە، هەم لە ڕووی ڕێزمانی و هەم لە ڕووی پاراوی. پڕە لە وشەی زمانی باڵادەست و تەنیا لە ئاستی وشە ئاسایییەکانی ڕۆژانەدا گەشەی کردووە. لە ئاستێکی زۆر بەرتەسکدا بەکار دەهێنرێت و بۆ سادەترین وشە، پەنا دەباتە بەر زمانی باڵادەست (فارسی، تورکی، عەرەبی).
٣. زمانی نەتەوە (لەو شوێنەی کورد وەک نەتەوە دانی پێدا نراوە، وەک باشوور):
ئەو کاتە زمانەکە لە قاڵبی ماڵ و کۆڵان دێتە دەرەوە و دەبێتە:
🏛 زمانی حکوومەت و فەرمانگە
🎓 زمانی زانکۆ و قوتابخانە
زمانی یاسا و دادگا
📺 زمانی ڕاگەیاندن و میدیا
📚 زمانی چاپ و توێژینەوەی زانستی
📊 بارودۆخی زمانی کوردی لە پارچەکانی کوردستاندا:
باشووری کوردستان:
زمانی کوردی فەرمی و ئازادە، بەڵام کێشەی چۆنایەتیی هەیە:
پاشاگەردانی و هەڵەی ڕێنووس.
نەبوونی ستانداردی یەکگرتوو.
لاوازیی زمانی ڕاگەیاندن و تابلۆکان.
(لێرە کێشەکە سیاسی نییە، بەڵکوو کێشەی خەمساردی و زمانەوانییە. دەبێت بە بڕیاری پەرلەمان، ئەکادیمیای کوردی و وەزارەتی پەروەردە ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن).
🚫 باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان:
لەو ناوچانەدا زمانی کوردی پێگەی فەرمیی نییە یان زۆر سنووردارە.
(لێرە کێشەکە سیاسی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤە، بەهۆی مێژووی قەدەغەکردن و سیاسەتی توانەوە و یەکدەستکردنەوە).
🎯 دەرەنجام:
دەبێت خەبات بکەین بۆ ئەوەی وەک نەتەوە دان بە کورددا بنرێت، تەنیا ئەو کاتە دەتوانین باس لە زمانێکی کوردی بکەین کە جێگیر و دەوڵەمەند و گەشەسەندووە لەناو کۆمەڵگادا.
لە باشووریشدا یەکگرتوو بین، هەڵەکان دەستنیشان بکەین و پێکەوە بە یارمەتیی یەکتر زمانەکەمان پاراوتر بکەین. زمان مڵکی هەموومانە و تەنیا بە هەموومانەوە دەکەوێتە سەر ڕاستەڕێی خۆی.
هیچ زمانێک نییە کێشەی نەبێت، هیچ زمانێک نییە وشەکانی نەکرێت بە چەند جۆر نەنووسرێن. بەڵام ئەوەی نەتەوەکانی تر کردوویانە یەک ستانداردیان هەڵبژاردووە. ئێمەش بە یارمەتیی پەرلەمان و حکوومەت و ئەکادیمیا و وەزارەتی پەروەردە و ڕاگەیاندن و هەموو پێنووسبەدەستان، دەتوانین یەک ستاندارد جێگیر بکەین.
#دیاکۆ_هاشمی