كانونی دووه‌م 8, 2025 Zana Nafea

باسکردنی بنچینەکانی ڕێزمان

نووسینی: زانا نافع کەمال

حەوت ئەرکەکەی ناو:

یەکەم: بکەر

بکەر: ئەو ناوەیە، یان ئەو جێناوەیە، کە لە ڕستەکەدا کارێک ئەنجام دەدات.

نموونە (ناو) :  ئازاد خەوت.              نەوزاد ڕۆیشت.                 نەسرین چێشت لێ دەنێت.

هەریەک لە ئازاد و نەوزاد و نەسرین بکەری ڕستەکانی سەرەوەن چونکە لە ڕستەکەدا کارێکیان ئەنجام داوە.

نموونە (جێناو):    من خەوتم.            تۆ یاریی تۆپی پێت کرد.                ئەو نانی دەخوارد.

هەریەک لە جێناوەکانی (من، تۆ، ئەو) بکەری ڕستەکانی سەرەوەن، چونکە لە ڕستەکانی سەرەوە کارێکیان ئەنجام داوە.

ــــــــــــــــــــــــــ

تێگەیشتن لە دەستەواژەی بکەر زۆر ئاسانە: ب + ڕەگی کاری چاوگی (کردن) + ەر

ب + کە + ەر

بۆ کەسێک یان شتێک بەکار دێت، کە لە ڕستەکەدا کارێک (دەکات)

***

دووەم: بەرکار

بەرکار: ئەو ناوەیە، یان ئەو جێناوەیە کە دەکەوێتە بەر کاریگەریی کارەکە، بۆیەش بە بەرکار ناسراوە.

هەڵبەتە هەموو ڕستەیەک مەرج نییە کارەکەی پێویستی بە شتێک بێت کە کاریگەرییەکەی بکەوێتە سەر.

واتا هەموو ڕستەیەک مەرج نییە بەرکاری تێدا بێت.

بەرکار لەگەڵ ئەو ڕستانە دێت، کە کاری ڕستەکە تێپەڕە.

لە بابەتی بەرکارەوە دەچم بۆ جیاوازیی کاری تێپەڕ و کاری تێنەپەڕ.

  • کاری (تێپەڕ): ئەو کارەیە کە کاریگەرییەکەی لە بکەر (تێ دەپەڕێت) و پێویستی بە وشەیەکی ترە بۆ ئەوەی واتای ڕستەکە تەواو بکات.

ئەو وشەیەش بەرکارە، کەواتا بۆمان ڕوون بووەوە کە کارە تێپەڕەکان جگە لە بکەر پێویستیان بە بەرکاریشە بۆئەوەی ڕستەکە واتای تەواو ببەخشێ.

نموونە:    

ئازاد خوارد. هەڵەیە

چونکە ئازاد پێویستی بە شتێکە بۆئەوەی بیخوات.

ئازاد نانـــی خوارد.

ئازاد بکەری ڕستەکەیە و کارێکی کردووە لە ڕستەکە.

نان: بەرکاری ڕستەکەیە و کەوتووەتە بەر کاریگەریی کارەکە.

  • کاری تێنەپەڕ: ئەو کارەیە کە کاریگەرییەکەی لە بکەر تێ (ناپەڕێت)، واتا پێویستی بە وشەیەکی تر (بەرکار) نییە بۆ تەواوکردنی واتای ڕستەکە.

نموونە:      ئازاد خەوت.              ئازاد ڕۆیشت.                 ئازاد هات.

لە ڕستەکانی سەرەوە ئازاد بریتییە لە بکەر و لەگەڵ کارەکان واتای تەواوی بەخشیوە بەبێ بوونی بەرکار.

کەواتا بۆمان ڕوون بووەوە کە بەرکار لەگەڵ کاری تێپەڕ دێت و واتای کارەکە تەواو دەکات و دەکەوێتە بەر کاریگەریی کارەکە.

چەند نموونەیەکی تر لەو ڕستانەی کە کارەکانیان تێپەڕە. (ڕاهێنانی لەسەر بکەن)

من وانەکەم خوێند.              نەسرین چێشتەکەی ئامادە کرد.                 ئازاد نەسرینی بانگ کرد.

چەند نموونەیەکی تر لەسەر کاری تێنەپەڕ:

ئازاد کەوت.                کۆترەکە فڕی.

***

سێیەم: جێگری بکەر

لە ئەرکی بەرکاردا ئاماژەم بەوە دا، کە بەرکار ئەو ناوەیە یان ئەو جێناوەیە دەکەوێتە بەر کاریگەریی کارەکە

وە تەنها کارە تێپەڕەکانیش پێویستیان بە بەرکار هەیە.

سەبارەت بە جێگری بکەر:

بریتییە لە ئەو ناوەی یان ئەو جێناوەی جێی بکەر دەگرێتەوە، دوای لادانی بکەر لە ڕستەکە و گۆڕینی ڕستە بکەردیارەکە بۆ بکەرنادیار.

ڕستەی بکەردیار:

ئازاد نانەکەی خوارد. نانەکە (بەرکار)

ڕستەی بکەرنادیار:

نانەکە خورا.  نانەکە (جێگری بکەر)

واتا دوای لادانی بکەر لە ڕستەکە و گۆڕینی لە ڕستەی بکەردیارەوە بۆ ڕستەی بکەرنادیار، (بەرکار) چیی تر پێی ناوترێت بەرکار، بەڵکوو دەبێت بە جێگری بکەر.

هەندێک نموونە بۆ ڕاهێنانکردن:

نەسرین وانەکەی خوێند.                   نازەنین فەرشەکەی شوشت.

دەتوانین بڵێین، کە کاری بکەرنادیار تەنها لە کارە تێپەڕەکان دروست دەکرێت.

چونکە لە کارە تێنەپەڕەکان بەرکارمان نییە، تاکوو ببێتە جێگری بکەر.

نموونە:          ئازاد هات.

ناتوانین بیکەینە بکەرنادیار

پرسیار:

کاری بکەرنادیار خۆی لە کاری تێپەڕ دروست دەکرێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا خۆی کە بوو بە بکەرنادیار هەر تێپەڕە؟

وەڵام:

نەخێر، هەر لەگەڵ بوونی بە بکەرنادیار دەبێت بە تێنەپەڕ چونکە جگە لەوەی بکەر لە ڕستە لا برا، بەرکاریش لە ڕستە نەما بوو بە جێگری بکەر.

کەواتا گەر لێتانیان پرسی: (ئازاد وانەکەی خوێند.)

کاری ڕستەکە تێپەڕە یان تێنەپەڕ؟

دەبێت بڵێن تێپەڕە چونکە بەرکار هەیە و کاریگەرییەکەی لە بکەر تێ پەڕیوە.

ئەی گەر وتیان: (وانەکە خوێنرا.)

کاری ڕستەکە تێپەڕە یان تێنەپەڕ؟

دەبێت بڵێن تێنەپەڕە، چونکە بە جێگری بکەر و کار واتای تەواوی بەخشیوە و پێویستی بە بەرکار نییە.

پوختە:

  • بەرکاری ڕستەی بکەردیار، دەبێتە جێگری بکەری ڕستە بکەرنادیارەکە.

بکەردیار:

نەسرین ئازادی بانگ کرد.

بکەرنادیار:

ئازاد بانگ کرا.

  • کاری بکەرنادیار لە تەنها لە کارە تێپەڕەکان دروست دەکرێت، بەڵام کە بوو بە بکەرنادیار دەبێتە تێنەپەڕ.

***

چوارەم: نیهاد

لە بابەتی بکەردا ئاماژەم بەوە دا، کە ئەوەی کارێک لە ڕستەدا بکات یان ئەنجام بدات دەبێت بە بکەری ڕستە.

دوو جۆر کارمان هەیە:

۱ ـ کاری تەواو

۲ ـ کاری ناتەواو (ە، بوو، دەبێت)

بکەر تەنها بۆ کارە تەواوەکانە

واتا بۆ کاری ناتەواو باسی بکەر ناکرێت، لەجیاتیی بکەر نیهادمان هەیە لە ڕستەکە.

نموونە بۆ کاری تەواو: (دووبارەی بابەتی بکەر)

ئازاد خەوت.

خەوت کارێکی تەواوە و مادام کارەکە تەواوە، ئازاد بریتییە لە بکەری ڕستەکە.

ـــــــــــــــــــــــــــ

نموونە بۆ کاری ناتەواو:

ئازاد مامۆستایە.                   نەوزاد بەهێز بوو.                    ئەو بەهێز بوو.

مادام لەم دوو ڕستەیەی سەرەوە کاری ناتەواو (ە، بوو) کاری ڕستەکەن، کەواتا (ئازاد، نەوزاد، ئەو) بریتین لە نیهادی دوو ڕستەکەی سەرەوە.

  • کاری ناتەواو بۆیە ناوی ناتەواوی لێ نراوە، چونکە تەنها کاتی تێدایە و ڕوودانی تێدا نییە.

نیهادی ڕستەکان دیاری بکە (ڕاهێنان)

  • توانا قوتابییەکی زیرەکە.
  • من ئەندازیار بووم.
  • تۆ مامۆستا بوویت
  • ئەو خەباتکەرە.
  • پێشمەرگەکە بەهێزە.
  • تۆ شۆڕشگێڕیت.

***

پێنجەم: تەواوکەری کاری ناتەواو

ڕێک ناوی خۆی بە خۆیەوە

کاری ناتەواو ناتەواوە و پێویستی بە تەواوکەرێک هەیە.

لە بابەتی نی