ئایا زمانی کوردی لە باشوور تێک دراوە؟

تشرینی دووه‌م 15, 2024 Diyako

ئایا زمانی کوردی لە باشوور تێک دراوە؟

جاروبار لێرە و لەوێ دەبیستین کە کورد لە باشوور زمانی کوردیی تێک داوە.
با هەڵوێستەیەک لەو بارەیەوە بکەین و بزانین تا چ ڕادەیەک ئەم قسەیە وایە یان نە.
زمان بەردەوام لە گۆڕاندایە، لە کۆمەڵگەیەکدا کە زمان ڕێپێنەدراو بێت و خەڵک بەگشتی بە زمانی باڵادەست قسە بکەن، هەموو گەشەسەندنێکی لێکۆڵینەوەیی، ڕێزمانی، زاراوەسازی، زمانەوانی و گشتاندنی زمان قەتیس دەمێنێت. کورد بە کوردی ناخوێنێت و خەڵک بەگشتی زمانەکەی لەژێر کاریگەریی زمانی باڵادەستدا تێک دەچێت. تەنیا زمانێکی ئاسایی بەکار دەهێنێت لە ئاستی قسەکردنی ڕۆژانە و گۆرانی و هەواڵ و هۆنراوە. چەمک و زاراوە زانستی و بەربڵاوەکانی بوارە جۆربەجۆرەکان هەرگیز جێگیر نابن، چونکە خوێندن بە کوردی نییە. بەڵام لەو کۆمەڵگەیەی کە زمان، زمانی قوتابخانە و ڕاگەیاندن و حکوومەت بێت، زمان لە سەدان لاوە ناچارە گەشە بستێنێت.
لە باشووردا قوتابخانەکان بە کوردین، لە زانکۆکاندا لقی زمانی کوردی لە ئاستی ئەکادیمیکدا دەخوێنرێت، دەیان پسپۆڕ و زمانەوان و شارەزای زمانی کوردی و هەزاران مامۆستا بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکەن کە زمانی کوردی بتوانێت لەو ئاستەدا گەشەسەندوو بێت تا بکرێت قوتابخانە و خوێندنگە و فێرگە بە کوردی بەڕێوە بچێت. بەردەوام کار لەسەر تاووتوێکردنی زمانی کوردی لە بنەما سەرەتایییەکانی زماندا دەکرێت، واتە لە فۆنۆلۆژی، مۆرفۆلۆژی، سینتاکس، سمانتیک، پراگماتیک و هتد. دەیان و سەدان لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە بە کوردی و لەسەر زمانی کوردی دەکرێت.
زمانی کوردی لە زمانی گێڕانەوەی دەقی فۆلکلۆری بووە بە زمانی نووسینی بابەتی زانستی و یاسایی و ئەکادیمی. لە ماوەیەکی نە زۆر درێژدا لەبەر بوونی دەزگای ڕاگەیاندن و تەلەفزیۆن و هتد، سەدان و هەزاران کتێب وەرگێڕدراونەتەوە و هەروەها فیلمێکی ئێجگار زۆر دۆبلاژ کراونەتەوە سەر زمانی کوردی. ئەمە باشترین ڕێگەیە کە زمان بگشتێنرێت و تەنانەت خەڵکی نەخوێندەوار بە زمانەکە ئاشنا بکرێت و بەبێ پێویست بە قوتابخانە فێری دەق و شێوەی قسەکردنی کوردی بکرێن.
لەو پاڵەشدا دەکرێت لەبەر لەز (پەلە، خێرایی) و زۆریی بوارەکان و بابەتەکان و لەژێر کاریگەریی زمانی عەرەبیدا کۆمەڵێک وردەهەڵە یان کەموکووڕی لێرە و لەوێ ڕووی دابێت. بێگومان ئەو هەڵانە دەبێت ڕاست بکرێنەوە، بەڵام ئەوانە لە ئاستی گەشەسەندنەکانی تری زمان لە باشووردا هەر هیچ نین و ناڕەوایە گەشەسەندنەکانی تر لەبەر چاو نەگیرێن و ئاماژەیان پێ نەکرێت و هەموو باشوور سزا بدرێن.
ئەگەر بێت و لەسەر ئەو شێوە قسەکردنەی کوردی لە پارچەکانی تر بەگشتی قسە بکەین و بەڵگەکان لەبەردەستدا بن، ئەوە دەتوانین زۆر هەڵە بخەینە بەرچاو کە لەوێش ڕوو دەدەن.
هەر بۆیە باشترین شێوە ئەوەیە کە هەرگیز لە کاتی هەڵەیەکی زمانیدا پارچەیەک لە کوردستان بەگشتی تاوانبار نەکەین. هەر نموونەیەک دەهێنینەوە با بۆ ئەوە بێت کە هەڵەیەک بخەینە بەرچاو و بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکە پێشنیارێک لە پاڵیدا دەستنیشان بکەین، نەک هەموو پارچەکە سزا بدەین و دڵی یەکتر بشکێنین.
لە هەموو لایەکدا زمانزان و کوردیزانی باشمان هەیە، بەڵام چونکە خوێندن بە زمانی کوردی ئازاد نییە، کەوا بێت زمانەوان و پسپۆڕی ئەکادیمیی زمانمان بە کوردی و لەسەر زمانی کوردی نییە، بەڵام لە باشوور بەپێچەوانەیە، زۆر دەرچووی کۆلێجی کوردیمان هەیە کە کوردییان لە زانکۆدا خوێندووە.
لە هیچ پارچەیەکدا بە ڕادەی باشوور ڕاژەی زمانی کوردی نەکراوە. لە هیچ پارچەیەکدا ڕێزمان بەو وردییە بۆ زمانی کوردی دانەڕێژراوە و بەو ڕادەیە مامۆستای شارەزا و پسپۆڕی ڕێزمانمان نییە. بۆیە ئاماژە بەو خاڵە دەکەم، چونکە ڕێزمان بنەمای زمانە. گەشە لەوێ دەکرێت.
کتێبە زانستییەکانی وەک فیزیا، کیمیا، بیرکاری، زیندەزانی، یاسا، ڕاگەیاندن، پزیشکی و هتد کراونەتە کوردی. خەڵکی پسپۆڕ کاتیک لە دیمانەیەکدا باسێکی زانستی دەکەن، زۆر بەباشی بە کوردییەکی پاراو قسە دەکەن و قسەکانیان پڕ نییە لە وشەی زمانی باڵادەست.

هەڵبەت ئەوەش مانای ئەوە نییە کە لە پارچەکانی تردا کار بۆ زمانی کوردی نەکرابێت یان پسپۆڕ و شارەزای زمانی کوردیمان نەبووبێت یان نەبێت. کەسی وامان هەبووە کە بەتەنیا قوتابخانەیەک بووە بۆ زمانی کوردی. بەڵام ئەو کارانە ئەگەر لە کۆمەڵگادا جێگیر نەکرێن، ئەگەر پسپۆڕەکانمان سوودی لێ وەرنەگرن، ئەگەر خەڵک بەکاری نەهێنن، دەنگدانەوەی نییە و کاریگەرییەکی گشتیی نابێت.
ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە کۆمەڵێک هەڵەی ڕێزمانی لەژێر کاریگەریی زمانی عەرەبیدا بڵاو بوونەتەوە کە ڕەنگە گۆڕانیشی ئاسان نەبێت، بەڵام نەلواو نییە. بوار هەبووە و دەبوا لەمێژە ڕاست کرابانەوە. بەوەشەوە ئەو هەڵانە لە ئاستی ئەو هەموو کارە باشەی کە بۆ زمانی کوردی کراون هەر هیچ نییە.

کەوا بێت با وەبیرمان بهێنینەوە کە لە باشوورێکی بچووکدا زۆر کار بۆ زمانی کوردی کراوە و بووە بە بنەمایەکی پتەو بۆ هەموو زمانەکە. هەروەها کەموکووڕییش هەیە، بەڵام هەڵەی هەموو پارچەکە نییە. هەڵە هی تاکێک یان بەشێکمانە، بەڵام زمان هی هەموومانە.
با لە کاتی بینینی هەڵەیەکی زمانەوانی، پارچەیەک سزا نەدەین. خراپەکانی بدۆزینەوە و بژاری بکەین و باشەکانی بکەینە بنەما بۆ کاری بەپێزتر.
ئەگەر بێت و لە باشوور، بە فەرمانێکی فەرمی هەموو خوێندنگەکان و قوتابخانەکان و فەرمانگە حکوومییەکان ناچار بکرێن یەک ڕێنووس بەکار بهێنن و هەڵەی تایپۆلۆجیی ناوەکان و تابلۆکان ڕاست بکرێنەوە، ئەوە زۆر کارمان کردووە. هەروەها دەتوانین ئەو هەموو کارە باشەی تر کە لەسەر زمان کراون، بکەینە بنەما و لەم دنیا دیجیتاڵییەدا کاری هەرە باشتر و گەورەتری پێ بکەین. بۆ نموونە وەک پرۆژەکانی ناوەندی ڤەژین.
فەرمانگە ئایتییە زەبەلاحە جیهانییەکان هان بدەین کە زمانی کوردی بخەنە ناو ژیریی دەستکردەوە و لەو شۆڕشە تەکنۆلۆجیاییەدا بەشدار بین و زمانەکەمان نەمر و دەوڵەمەند بکەین.
دیاکۆ هاشمی، مامۆستای ڕێنوێنی زمان لە سوید
وێنە: ئەمین شکوور