(هەوێن) لە شیرەوە بۆ ژیریی دەستکرد
لە جیهانی تەکنەلۆژیای سەردەمدا، ڕۆژانە ڕووبەڕووی لێشاوی زاراوەی بیانی دەبینەوە، کە زۆر جار وەرگێڕانە سەرەتایییەکانیان ناتوانن مانا قووڵەکەی بپێکن. یەکێک لەو وشە باوانە (پڕۆمپت)ـە. هەرچەندە زۆر کەس وشەی وەک “فەرمان” یان “داواکاری” بۆ بەکار دەهێنن، بەڵام هەڵبژاردنی وشەی “هەوێن” وەک جێگرەوەیەک، نەک هەر داهێنانێکی زمانەوانییە، بەڵکوو گەڕانەوەیە بۆ قووڵاییی زمانی کوردی بۆ وەسفکردنی تەکنەلۆژیای داهاتوو.
وشەی هەوێن لە کلتووری ئێمەدا بەو ماددەیە دەگوترێت، کە دەکرێتە ناو شیرەوە، بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی کیمیاییی گەورە دروست بکات و بیکاتە ماست. نەک هەر ئەوە بەڵکوو لە کلتووری ئێمەدا هەوێن تەنها گۆڕانکارییەکی کیمیایی نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکی بایۆلۆژییە (بەکارهێنانی بەکتریا)، ئەمەش مانا تەکنەلۆژییەکە جوانتر دەکات؛ چونکە ژیریی دەستکرد وەک بوونەوەرێکی “زیندووی دەستکرد” مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە هەوێنەکە (پرۆمپتەکە) گەشەی پێ دەدات، ئەم گۆڕانکاری و پڕۆسانە چەند تایبەتمەندییەک بە (هەوێن) دەدات، کە ڕێک لەگەڵ (پرۆمپت) بگونجێت:
١ – کاریگەریی گەورە بە بڕێکی کەم:
تۆ کاتێک هەوێن دەدەیت لە شیر، بڕێکی زۆر کەم بەکار دەهێنیت، بەڵام هەموو مەنجەڵە شیرەکە دەگۆڕێت. پرۆمپتیش ڕێک وایە، تۆ چەند وشەیەکی کەم دەنووسیت (مەبەستم لە چەند وشەیەک واتە پڕۆمپتەکە)، بەڵام ژیریی دەستکرد کۆمەڵێک لە زانیاری و وێنە و ڤیدیۆت بۆ بەرهەم دەهێنێت.
هەوێن شتێک لە دۆخێکی شلەوە دەگۆڕێت بۆ دۆخێکی خەست و بەسوودتر. پرۆمپتیش زانیارییەکانی ناو مۆدێلی ژیریی دەستکرد دەگۆڕێت بۆ وەڵامێکی ڕێکخراو و تێگەیشتوو.
٣ – هەبوونی ڕووی لێکچوونی زیاتر:
هەوێن بنەمای کارەکەیە. بەبێ هەوێن، شیر هەر بە شیری دەمێنێتەوە. بە هەمان شێوە، مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد بەبێ “پرۆمپت”ـی مرۆڤ، تەنها کۆدێکی بێدەنگن و هیچ بەرهەمێکیان نابێت. مرۆڤ لێرەدا ڕۆڵی “هەوێنکەر” دەبینێت.
هەوێن و مانا نوێیەکەی لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا:
بە پشتبەستن بەم زانیاری و تێڕوانینانەی باس کران، دەتوانین ئەم زاراوە کوردییانە جێگیر بکەین:
١ – هەوێن (پڕۆمپت – ناو): Prompt
ئەو دەق یان وێنەیەیە کە دەیدەیت بە سیستەمەکە.
نموونە: “ئەم وێنەیە زۆر ناوازەیە، هەوێنەکەی چی بوو کە بەکارت هێنا؟”
٢ – هەوێنکاری (پڕۆمپتینگ – کردار): Prompting
بریتییە لە هونەری نووسین و داڕشتنی باشترین هەوێن (پرۆمپت) بۆ دەستکەوتنی باشترین ئەنجام.
نموونە: “بۆ ئەوەی وەڵامی باش لە ژیریی دەستکرد وەربگریت، دەبێت هونەری هەوێنکاری فێر ببیت.”
نموونە: “ئەم وێنەیە ئەنجامی هەوێنکارییەکی زیرەکانەیە.”
بەکارهێنانی “هەوێن” بۆ (پڕۆمپت) تەنها گۆڕینی وشەیەک نییە بە وشەیەکی تر، بەڵکوو کورداندنی چەمکێکی جیهانییە بە شێوەیەک کە لەگەڵ عەقڵیەتی کۆمەڵایەتی و مێژووییی ئێمەدا بگونجێت. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە زمانی کوردی زمانێکی زیندووە و دەتوانێت قورسترین زاراوە تەکنەلۆژییەکان لەناو خۆیدا هەرس بکات و مانا و ڕەنگی نوێیان پێ ببەخشێت.