ئیسرائیل، میکانیزمی ماشە و کۆتاییی کۆماری ئیسلامی

ئەمڕۆ ئێران وڵاتێکە کە لە لێواری گۆڕانکارییەکی مێژووییدایە؛ گۆڕانکارییەک کە زوو یان درەنگ کۆتایی بە سیستەمی کۆماری ئیسلامی دەهێنێت. چوار دەیە سەرکوت و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و نادادپەروەری و هەڕەشەکردن لە دراوسێکانی وای کردووە ئێران ببێتە یەکێک لە گرژترین شوێنەکانی جیهان. لەم نێوەندەدا پشتیوانیی ئیسرائیل لە گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران تەنیا هەنگاوێکی ستراتیژی نییە، بەڵکوو دەرفەتێکی مێژوویییە بۆ کۆتاییهێنان بە ستەم و ستەمکاری.
بۆردومانە هەڵبژێردراو و ئامانجدارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی سەربازی و ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی، پەیامێکی ڕوونی بۆ تاران ناردووە: درێژەدان بە سیاسەتی سەرکوتگەرانە، پشتبەستن بە تیرۆر و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی تەنیا دەبێتە هۆی وێرانکاری و گۆشەگیریی زیاتر. بە پێچەوانەی ئەوەی کە میدیاکانی ڕێژیمی ئێران دەیڵێن، ئەم کردەوانە دەستدرێژی نییە، بەڵکوو بەرگریکردنە لە ئاسایشی ناوچەکە و پشتیوانی لە خەڵکی ئێران کە ساڵانێکە لەژێر فشار و ستەمدا دەژین.
هاوکات لەگەڵ کردەوەی سەربازی، میکانیزمی ماشە ئامرازێکی یاسایی و نێودەوڵەتیشە کە توانیویەتی گوشار بخاتە سەر ڕێژیمی ئێران. گەمارۆ و سنووردارکردنی نێودەوڵەتی، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی هەڵسوکەوتی مەترسیداری کۆماری ئیسلامییە. ئەگەرچی ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدات ئەم گوشارانە وەک “دەستدرێژیی دەرەکی” بخاتە ڕوو، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە میکانیزمی ماشە و پشتیوانیی نێودەوڵەتی ئامرازێکە بۆ پاراستنی خەڵک و پێشگرتن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا.
لە هەمان کاتدا دەنگی گەلی ئێران لە هەموو کاتێک بەرزترە. بزووتنەوە ناوخۆیییەکان، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و خۆڕاگریی ژنان و لاوان نیشان دەدەن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەک هەر شەرعییەتی نییە، بەڵکوو بنکەی کۆمەڵایەتیی خۆیشی لەدەست داوە. ئیسرائیل، بە کردارەکانی، شان بە شانی ئەم بەرخۆدانە ناوخۆیییە، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پێشخستنی گۆڕانکاریی ڕاستەقینەدا.
ڕووخانی ڕێژیمی ئێران خەونێکی دوور نییە، بەڵکوو پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ ئاسایشی ناوچەکە و داهاتووی گەلی ئێران. دەسەڵاتێک کە هەڕەشە لە دراوسێکانی بکات و ئازادیی خەڵکەکەی زەوت بکات و ئابووری و ژیانی ڕۆژانەی تێک بدات، ناتوانێت بەردەوام بێت. تاکە ڕێگا بۆ ئێران ئەوەیە کە کۆتایی بە تیۆکراسیی پاوانخوازیی خۆی بهێنێت و پێکهاتەیەک لەسەر بنەمای یاسا و ئازادی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ دابمەزرێنێت.
لە کۆتاییدا پشتیوانیی ئیسرائیل لە گوشارەکان لەسەر ڕێژیمی ئێران و میکانیزمی ماشە و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەیامێکی ڕوونی هەیە: زۆرداری و ملهوڕی لە ئێرانی داهاتوودا جێگەی نییە. گەلی ئێران، وەک چەندین جار نیشانیان داوە، ئامادەن بۆ وەرگرتنەوەی ئازادی و داهاتووی خۆیان؛ و هەر کارێکی نێودەوڵەتی کە ئاسانکاری بۆ ئەم ڕێگەیە بکات، نەک هەر ڕەوا، بەڵکوو ئەخلاقی و پێویستە.
کۆتاییی کۆماری ئیسلامی نزیکە؛ داهاتوویەکی ئازاد و پارێزراو چاوەڕێی ئێران و گەلەکەی دەکات.
ئیدریس هاشمی – سوید
2025 – 07 – 11