هەڵسەنگاندنی “بە تێرۆریستی ڕاگەیاندنی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی”
بابەتێک کە لەم دواییانەدا لە ڕۆژنامەی “ئێکسپرێسن Expressen”ی سویدی بڵاو کرایەوە (Publicerad 13 okt 2024 kl 17.08)، باس لە لێدوانەکانی ئۆلاف کریستێرشۆن، سەرۆکوەزیرانی سوید سەبارەت بە داواکارییەکەی بۆ ناساندنی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیی ئێران وەک تیرۆریست کرد. ئەم کارە کە لەبەر چەند هۆکارێک ڕوو دەدات، لەوانە زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل لە سوید و پەیوەندیی ئێران بە چەتە ناوخۆیییەکانەوە، لە سیاسەتە ئەمنییەکانی ئەوروپادا، گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
سەرۆکوەزیرانی سوید پشتڕاستی کردەوە کە سوپای پاسداران وەک هەڕەشەیەکی بەهەند بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی ناسراوە. ناوبراو ڕایگەیاند کە “ئەمە پێکهاتەیەکی مەترسیدارە کە دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت” و جەختی لەسەر پێویستیی مامەڵەکردن لەم بوارەدا کردەوە. هێرشەکانی ئەم دوایییە بۆ سەر باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل و بەکارهێنانی باندە ناوخۆیییەکان وەک نوێنەری ئێران بنەمای ئەم بڕیارە بووە.
گرنگیی بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران
ناساندنی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەتوانێت بۆ پێشگرتن لە سەرچاوە دارایییەکانی ئەم ڕێکخراوە و سنووردارکردنی چالاکییەکانی، ئامرازی کاریگەرتر بۆ وڵاتانی ئورووپایی دابین بکات. ئەم کارە نەک تەنها بۆ ئاسایشی سوید، بەڵکوو بۆ هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا کە ڕووبەڕووی هەڕەشەی هاوشێوە دەبنەوە، زۆر گرنگ دەبێت. کریستێرشۆن ئاماژە بەوە دەکات کە “تەنها لە ڕێگەی پۆلێنکردنێکی هاوبەشەوە دەتوانرێت کردەوەی کاریگەرتر ئەنجام بدرێت”.
لە سوید ئەم داوایە نەک تەنها لەلایەن حکوومەتەوە، بەڵکوو لەلایەن لایەنە جیاوازەکان و کۆمەڵگەی سیاسیشەوە پاڵپشتییەکی بەهێزی وەرگرتووە. لە ئێستادا زۆرینەی پەرلەمانی سوید پشتیوانیی ئەم سیاسەتە دەکەن و پێشبینی دەکرێت ئەم پرسە وەک یەکێک لە ئەولەویەتەکان لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی یەکێتیی ئەوروپادا بورووژێنرێت.
لە کۆتاییدا، کارەکەی ئۆلاف کریستێرشۆن بۆ ناساندنی سوپای پاسداران وەک تیرۆریست، نەک هەر هەنگاوێکە بە ئاراستەی بەهێزکردنی ئاسایشی نەتەوەییی سوید، بەڵکوو یارمەتیدەر دەبێت بۆ دروستکردنی سیاسەتێکی هاوبەش و هاواهەنگ لە دژی هەڕەشەکانی ئێران. لە هەلومەرجی ئێستادا، کاتێک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیرانی ئەمنی بووەتەوە، گرنگیدان بەم بابەتە لە میدیا و بازنەی سیاسیدا گرنگتر بووە و دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە ڕێباز و سیاسەتەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
لەم پێوەندییەدا پێشبینی دەکرێت گفتوگۆ و دانوستان لە دەوری ئەم پرسە ئەنجامێکی کۆنکرێتیتری لە سیاسەتە ئەمنییەکانی ئەوروپادا بەدواوە بێت.
ئامادەکردن و نووسین: ئیدریس هاشمی، سوید
2024-10-15
***
بابەتەکانی تری: ئیدریس هاشمی