دانەپاڵ یان نیسبەت

شوبات 20, 2023 Diyako Hashemi

ناوی دانەپاڵ یان نیسبەت

نووسین: دیاکۆ هاشمی

هەندێک شتی کوردی کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی زمانەکانی دەوروبەریەوە. 
زۆر گرنگە ئەوەی پێوەندیی بە ڕێزمانەوە هەیە لەسەر زمانی کوردی چێ بکرێت.
مەسەلەی نیسبەت یان دانەپاڵ، بەپێی ڕێزمانی کوردی یاسای خۆی هەیە.
بە زیادکردنی ی بە ناوی شوێنێک ناوی نیسبەت دروست دەکرێت:
هەولێر، هەولێری
تاران، تارانی
سوید، سویدی
ئەگەر ناوەکە بە بزوێنەکانی ا، ە، ۆ، وو، ێ کۆتاییی هات، ئەوە ناوبەندی یـ دەکەوێتە نێوانیان و دەبێتە: یی:
چوارتا: چوارتایی
میراوا: میراوایی.
پاوە: پاوەیی
شنۆ: شنۆیی
سەرگەڵوو: سەرگەڵوویی.
***
ئەگەر ناوەکە بە ی کۆتاییی بێت، ئەوە هیچی پێ زیاد ناکرێت:
سلێمانی = سلێمانی
ئامێدی = ئامێدی.
کاک نەبەز سلێمانی لەوێ دانیشتووە.
***
لەژێر کاریگەریی زمانەکانی تر:
هەندێک داڕشتنیش ڕاستەوخۆ لە زمانەکانی ترەوە بەسەر زمانی کوردیدا سەپێنراون. ڕەنگە لابردنیشیان کارێکی ئاسان نەبێت، بەڵام باسکردنیان گرنگە و ڕەنگ لە داهاتوودا دەزگا ڕاگەیاندنەکان بتوانن دروستەکەی جێگیر بکەن. نموونە:
ئەمریکی. چونکە وڵاتەکە ناوی ئەمریکایە، کەوا بێت ناوی دانەپاڵەکەشی دەبێتە ئەمریکایی.

باشترە بگەڕێینەوە بۆ زمانەکەی خۆمان کە لە کۆنەوە کورد چۆن ناوی دانەپاڵی دروست کردووە: بۆ نموونە:

کەسێک کە خەڵکی چوارتا بێت پێی وتراوە: چوارتایی. هەروەها:

سەرقەڵا: سەرقەڵایی. ئەحمەدئاوا: ئەحمەدئاوایی.

کەوا بێت: ئەمریکا: ئەمریکایی (ئەمریکی: عەرەبییە).