شوبات 16, 2023 Diyako Hashemi

کێیەتی

(هویت identity)

نووسین: دیاکۆ هاشمی

وشەی (identification) لە عەرەبیدا هویةی پێ دەوترێت، جاری واشە وەکوو بەڵگەنامەیەک بەکار دەهێنرێت، بەڵام ئەوەی کە من باسی دەکەم بە ئینگلیزی پێی دەوترێت (identity) ئەمە جیاوازە لەوە، ناتوانین ئەمە وەکوو بەڵگەنامە بەکار بهێنین. حەز دەکەم بۆ هەموو مەبەستەکان وشەی تایبەتی دروستمان هەبێت یان لانی کەم وشەیەک کە زۆر لە مەبەستەکە نزیک بێت. کێشەی من ئەوەیە لە سویدیدا هەموو ڕۆژێ ئەو وشەیەم بۆ دێتە پێشەوە، لە پەناخوازەکە پرسیار دەکرێت ئایا چ ناسنامەیەکت پێیە بۆ سەلماندنی (identity )یەکەت؟ ناتوانین بڵێین چ ناسنامەیەکت هەیە بۆ سەلماندنی ناسنامەکەت؟ یان ناتوانین بڵێین چ پێناسێکت پێیە بۆ سەلماندنی پێناسەکەت؟ نزیکترین وشە بەو مەبەستە کێیەتی، کەسێتی، ناسێتییە.

وشەی ناسنامە نابێت چونکە بەڵگەنامەیە.
وشەی پێناس نابێت چونکە ئەویش بەڵگەنامەیەکە شتی پێ دەناسێنیت واتە شتێکە بۆ ناساندن واتە بەڵگەنامەیە.

وشەی شوناس نابێت، چونکە شوناس لە شناسی فارسی وەرگیراوە کە ئەویش لە بنەی ڕانەبردوو (بن مضارع) کرداری شناختنی فارسییەوە وەرگیراوە، کەوا بێت کوردی نییە.
وشەی کەسایەتی = شخصیت = personality نابێت چونکە واتایەکی تر دەدات.
وشەی ناسێنە، ناسێتی زۆر لە مەبەستەکە نزیکە، بەڵام لەسەر زار قورسن.

وشەی کێیەتی، کەسێتی باشن، چونکە لە مەبەستەکە نزیکن بەڵام بە مەرجێک کە کەسێتی واتای کەسایەتی نەدات.

ڕاستە کێیەتی لە وشەی پرسی کێ ساز کراوە، بەڵام پێشتریش لە کوردیدا لە وشەی پرس ناوی واتا درووست کراوە: چۆن بووە بە چۆنێتی جگە لەوە کێ ناوە، لە ناویش ناوی واتا چێ کراوە: وەکوو: ڕێبەر = ڕێبەرایەتی، دوژمن: دوژمنایەتی/دوژمنێتی، پیاو: پیاوەتی، پیاوێتی.
ڕاستتان دەوێت پاش هەموو تاووتوێکردنێک هێشتا هەر کێیەتی، کەسێتی گونجاوترینە.
بێگومان ڕای ئێوەش گرنگە. چ باش دەبێت وشەیەک بە پاڵپشتیی زۆرینە بڕیاری لەسەر بدرێت. 

کێیەتی، ناسێتی = (هویت identity).

ناسنامە = بەڵگەی سەلماندنی کێیەتی، پێناس.


نموونە:
پەناخوازەکان دەبێت هەوڵ بدەن بە ناسنامەیەکی وەک پاسپۆرت کێیەتیی خۆیان بسەلمێنن.

کورد لە ڕێگەی پاراستنی زمانەکەیەوە توانیویەتی کێیەتیی نەتەوەییی خۆی بپارێزێت.

کێیەتی = هویت، کیستی.
ناسنامە: مدرک شناسایی.

پناهجویان باید سعی کنند با یک مدرک شناسایی مانند پاسپورت هویت خود را اثبات نمایند.

پەناخوازەکان دەبێت هەوڵ بدەن بە ناسنامەیەک وەک پاسپۆرت کێیەتیی خۆیان بسەلمێنن.