ناوی قوتابخانە

شوبات 6, 2023 Diyako Hashemi

خشتەیەک بۆ نووسینی ناوی قوتابخانە

نووسین: دیاکۆ هاشمی

ناوی قوتابخانەکانمان لەژێر کاریگەریی تایپۆلۆجیی عەرەبیدا نووسراون.
زمانی کوردی تایپۆلۆجیی خۆی هەیە.

با هەڵمەتی داڕشتنەوەی ناوی قوتابخانەکان بە تایپۆلۆجیی کوردی دەست پێ بکەین.

کورد لە کۆنەوە وتوویەتی:
هەناری سووری شیرینی هەورامان
کەس نەیوتووە:
هەناری هەورامانی سووری شیرین.

بەم پێیە دەتوانین ناوەکان بە کوردی بنووسین:

١. جۆری قوتابخانە: قوتابخانەی بنەڕەتی.
٢. جۆری قوتابخانە: کچانە/کوڕانە
٣. جۆری قوتابخانە یان جۆری خوێندن: زانستی، نموونەیی، حکوومی
٤. جۆر: تێکەڵ
٥. ناوی قوتابخانەکە: نالی، هەولێر، کۆیە، زەهرا، سۆران، قەدەمخێر

تێبینی: هەروەها وشەی تێکەڵ بەسە، پێویست ناکات بوترێت تێکەڵاو.

***

تایپۆلۆجیی کوردی بپارێزین
کورد لە کۆنەوە بە پاشگری (انە) وشەی نوێی داڕشتووە، بۆ نموونە، پیاو + انە = پیاوانە.
پیاوانە واتە ئەو شت/شتانەی کە تایبەت بە پیاو بن، وەک جل، کار، قسە، بەڵێن، حەمام و هتد.
دەشتوانێ بۆ هەر کەسێکی تر بێت وەک: ژنانە، کوڕانە، کچانە، منداڵانە، گەنجانە، پیرانە، و هتد.
قسەیەکی پیاوانەی کرد.
کارێکی منداڵانەی کرد.
جلی ژنانەی کوردی زۆر جوانە.
دەتوانین ئەوڕۆکەش لەسەر هەمان پێوەر وشە نوێیەکانمان ساز بکەین وەکوو:
قوتابخانەی کوڕانە، قوتابخانەی کچانە
واتە قوتابخانەیەک کە تایبەتە بە کوڕان، قوتابخانەیەک کە تایبەتە بە کچان.
لە فارسیشدا (کە سیستەمی تایپۆلۆجییەکەی وەک کوردییە) دەوترێت: مدرسە پسرانە، مدرسە دخترانە.
جا ئەگەر ئەو قوتابخانە کوڕانە یان کچانە ناوێکیشی هەبێت ناوەکە پاش ئەو دوو وشەیە دەنووسین، بۆ نموونە:
قوتابخانەی کوڕانەی قانع، واتە قوتابخانەکە کوڕانەیە و تایبەتە بە کوڕان و ناویشی قانعە، ناکرێ بنووسین: قوتابخانەی قانعی کوڕان، ئەوە وەکوو ئەوەیە کە بڵێین قوتابخانەکە قانعە و هی کوڕانە، یان قوتابخانەکە هی قانعە و قانعیش هی کوڕانە، بۆیە دەبێت بنووسین: قوتابخانەی کوڕانەی قانع.
تایپۆلۆجیی فارسی و کوردی وەک یەکن (بەپێی SOV)ن، بەڵام لەگەڵ عەرەبیدا جیاوازن (داڕشتنەکەی بەپێی VSO)ە.
لە عەرەبیدا بۆ نموونە دەوترێت: (مدرسة مريم الأبتدائية للبنات) ئەگەر بێت بنووسین (قوتابخانەی مریەمی بنەڕەتی بۆ کچان) ئەوە بێگومان داڕشتنێکی عەرەبیمان کردووە. بە کوردی دەبێتە: (قوتابخانەی بنەڕەتیی کچانەی مریم).
تێبینی: بێگومان ساڵانێکی زۆر لە باشوور ئەو داڕشتنە عەرەبییە بەکار هێنراوە. لە هزر و بیری خەڵکدا جێی گرتووە و زۆر ئاسایی بووەتەوە. بەڵام بێگومان ئەوە داڕشتنێکی ناکوردییە و هیوادارم ڕۆژێک بێت و زمانەکەمان بەپێی زمانی کوردی دابڕێژینەوە.

زانیاریی زیاتر لەسەر تایپۆلۆجی: