كانونی یه‌كه‌م 25, 2022 Diyako Hashemi

چۆنێتیی نووسینی چاوگی لێکدراو،

دوو بۆچوونی جیاواز

چاوگی لێکدراو وەک دروستکردن و چاوگی داڕێژراوی ناسادە وەک پێکهێنان لە کاتی گەردانکردن (تصریف) واتە ئەو کاتەی کە پێی دەوترێت کار/فرمان، شێوازی جۆربەجۆری هەیە:

١. هەندێک چاوگ هەن سادەن و بە خۆیان گەردان دەکرێن:

دزین: دەدزم، دەدزیت، دەدزێت، دەدزین، دەدزن.

هەندێک وشە هەن بۆ ئەوەی بکرێنە چاوگ پێویستیان بە وشەی تری  وەک کردن، ڕژان، بوون و هتد هەیە. وەک:

کار + کردن = کارکردن: کار دەکەم، کار دەکەیت، کار دەکات.

کارم کرد، کارت کرد، کاری کرد.

نان + کردن = نانکردن: نان دەکەم، نان دەکەیت، نان دەکات.

نانم کرد، نانت کرد، نانی کرد.

سەوز + بوون = سەوزبوون: سەوز دەبێت، سەوز دەبن، سەوز بوو، سەوز نەبوو.

لە ڕستەدا دەردەکەوێت کە مەبەست لە سەوزبوون چییە، گەشکردنە یان ڕەنگی سەوز؟

بۆ نموونە:

گوڵێک لە ئینجانەکەدا سەوز بوو. (گەشەی سەند).

گوڵی گوڵدانەکەی ئێمە ڕەنگی سەوز بوو.

هەندێک چاوگیش هەن لەگەڵ پێشگری ناسادەدا یەک دەگرنەوە، وەک:

پێک + هێنان = پێکهێنان: پێک دەهێنم، پێک دەهێنیت، پێک دەهێنێت، پێکم هێنا، پێکت هێنا، پێکی هێنا.

***

ئەم چاوگانە دەتوانن تێپەڕ بن یان تێنەپەڕ بن، واتە دەتوانن پێویستیان بە بەرکار بێت یان پێویستیان بە بەرکار نەبێت. بۆ نموونە: 

کردن تێپەڕە چونکە پێویستی بە بەرکارە، دەتوانێت بە کۆمەڵێک شێوەی جۆربەجۆر لەگەڵ وشەیەکی تردا، چاوگێکی لێکدراو پێک بهێنێت، وەک:

کارکردن، شەڕکردن، پارێزگاریکردن، نوێژکردن، نانکردن، یاریکردن.

ئەو چاوگانە واتاکەیان بە خۆیان تەواو دەبێت. کاتێک گەردان بکرێن ڕەنگە جێناو بکەوێتە نێوانیان ڕەنگیشە بەبێ جێناو گەردان بکرێن. بۆ نموونە:

یاری دەکەم، یاری دەکەیت، یاری دەکات، یاریم کرد، یاریت کرد، یاریی کرد.

***

کێشەکە لێرەدا دەست پێ دەکات کە بۆ گەردانکردنی دوو بۆچوونی جیاواز هەیە:

١. ئەکادیمیای کوردی هەر لە کۆنەوە، هەر چەند ساڵ جارێک نامیلکەی ڕێنووسی بڵاو کردووەتەوە. بۆ نموونە لە نامیلکەی ڕێنووسەکانیدا لە ساڵی ٢٠٠٤ لە لاپەڕەی ١٥ و لە ساڵی ٢٠١٠ لە لاپەڕەی ١٠، سەبارەت بە کێشەی وشەی لێکدراو بڕیاری داوە کە: ئەگەر وشەی دووەم فرمان بوو بەجیا بنووسرێن:
(ئەوان) ڕێک کەوتن. پێش کەوتن. پێک کەوتن. تێک ڕژان.

ڕێک دەکەوین. پێکیان هێنایەوە. پێک نەهاتین. ڕێک کەوتن، پێش کەوتن.

هەڵبەت لە دۆخی ناو یان چاوگدا هەر پێکەوە دەنووسرێن وەک:

ڕێککەوتن، پێشکەوتن، پێککەوتن، تێکڕژان. وەک:

من ڕێککەوتن بە باشترین چارەسەر دەزانم.

پێشکەوتن ئاواتی هەر کەسێکە.

هەروەها دیارە بەپێی ئەو بڕیارە چاوگی لێکدراوی وەک یاریکردن کە لە وشەیەک و چاوگێکی سادە پێک هاتوون، دەبێت بەجیا بنووسرێن. بۆ نموونە:

یاریکردن: یاری دەکەم، یاری دەکەیت، یاری دەکات، یاریم کرد، یاریت کرد، یاریی کرد.

دروست دەکەم، دروست دەکەیت، دروست دەکات، دروستم کرد، دروستت کرد، دروستی کرد.

***

٢. وەزارەتی پەروەردە هێشتا تا ئەم کاتە هیچ نامیلکەیەکی ڕێنووسی بڵاو نەکردووەتەوە، تا کێشەکان یەکلایی بکاتەوە. لە کتێبەکانیدا کۆمەڵێک جیاوازی دەبینرێن. لەم دوایییانەدا هەڵمەتی پێداچوونەوەی وردی داوە، بەڵام بەزۆری ئەو جۆرە گەردانانەی پێکەوە نووسیوە:

یاریدەکەم، یاریمانکرد، یاریتانکرد.

دروستدەکەم، دروستمکرد، دروستتکرد، دروستیانکرد، دروستمانکردووە.

لە ڕێنووسی وادا، هەندێک جار ڕستەیەک بە وشەیەک دەنووسرێت و وشەکانیش بەشێوەیەکی سەیر درێژ دەبنەوە، خۆ ئەگەر نەرێش بکرێن و پێکەوە بنووسرێن هەر زۆر سەیر دێنە پێش چاو:

دروستناکەم، دروستمنەکرد، دروستتنەکرد، دروستیاننەکرد، دروستماننەکردووە.

پاساویش ئەوەیە کە ئەو جۆرە فرمانانە واتاکەیان بە خۆیان تەواو دەبن و نابێت جیا بکرێنەوە.

ئەکادیمیا هەمووی ئاسان کردووەتەوە و بەتایبەت باش دەزانن کە خەڵک هێندە سەرقاڵی ڕێزمان نین تا بیر لە وردەکاریی ڕێزمان بکەنەوە. هەر بۆیە لەڕاستیدا مەبەستەکەی ئەوەیە کە گرنگ نییە واتاکەی چۆن تەواو دەبێت، تێپەڕە یان تێنەپەڕە، واتاکەی بە خۆی تەواو دەبێت یان تەواو نابێت: لە وشەی لێکدراودا، ئەگەر وشەی دووەم فرمان بوو، بەجیا دەنووسرێت. هەروەها ئەوەش باشە کە وشەکان زۆر درێژ نابنەوە.

لە زمانێکی وەک فارسییشدا کە پێکهاتەکەی وەک کوردییە، هەرگیز گوێ نادرێتە تێپەڕبوون یان تێنەپەڕبوون و لە گەرداندا جیا دەکرێتەوە. بازی میکنم. کەس نانووسێت بازیمیکنم.

***

کێشەی ڕێنووس

ئەکادیمیا هاوکات کە هەمیشە لەڕێی ڕێککەوتنی ئەندامانی ئەو لێژنەیە، بڕیاری بۆ یەکلاییکردنەوەی ڕێنووس داوە، لە دوا نامیلکەیدا لە ساڵی ٢٠١٣ سەبارەت بە ڕێنووس ئاماژە بەوە دەکات کە کێشەی ڕێنووس کێشەیەکی جیهانییە و هەموو زمانەکان کێشەی ڕێنووسیان هەیە. زمانی کوردییش لەوە بێبەش نییە. هەروەها دەڵێت زمانی کوردی لەڕووی مۆرفۆسینتاکسییەوە زۆر چالاکە و دەکرێت بە چەند شێوە بنووسرێت و چەند نموونەیەکی هێناوەتەوە:

هەڵم گرت/هەڵمگرت، هەڵی ناگرین/هەڵیناگرین، ڕایان کرد/ڕایانکرد، لایان نەدا/لایاننەدا، جێ بە جێ کردن/جێبەجێ کردن/جێبەجێکردن، بێ بەش/بێبەش.

ئەکادیمیا لەو بارەوە دەڵێت هیچ پێوانەیەکی زمانەوانی نییە کە بڵێت کام لەو داڕشتنانە ڕاستە. ڕێنووس لە ژوور دەسەڵاتی زمانەوانییەوەیە. کەوا بێت باشترین چارەسەر ئەوەیە بە ڕێککەوتن ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن.

ئێمە لەم سایتەدا و لە وانەکانمان وەک هەمیشە ئەو کێشانە بەپێی بڕیارەکان ئەکادیمیای کوردی بە چارەسەرێکی باش دەزانین و لەوە باشترە کە هەر کەس بە شێوەیەک بنووسێت. هەر بۆیە بنەمای ڕێنووسی ئەکادیمیا بۆ نموونە ئەمانە بەکار دەهێنین:

ڕێنووسی یەکگرتووی زمانی کوردی، ٢٠٠٤

هەوڵۆچکەیەکی تر

هەمووو ئەمانەش بە شێوەیەکی نوێتر و هەندێ شتی تر کە لەوێدا باس نەکراون بەڵام بەپێی بەراورد لەگەڵ زمانە جیهانییەکان نووسراونەتەوە لێرە ئامادە کراونەتەوە بە شێوەی سەرهێڵ خراونەتە بەردەست:
ڕێنووسی زمانی کوردی، دیاکۆ هاشمی
هەروەها بە پیدئێفیش لێرە هەیە:
ڕێنووسی زمانی کوردی، دیاکۆ هاشمی

دەرەنجام: ڕێنووس بابەتێکە بەدەر لە زانستی زمانەوانی، زیاتر ڕێککەوتنە. ڕێککەوتنیش باشترە بە ڕای تاکەکەس نەبێت،