كانونی یه‌كه‌م 14, 2022 Diyako
نووسینی دیاکۆ هاشمی
2022-12-14
 @ ئالوول

 

هێمای @ = at sign، کاتێک بۆ نموونە دەکەوێتە ناو ئیمەیلێکەوە لە ئینگلیزیدا پێی دەڵێن (ئەت at). لە، لای= at.
لە زۆربەی زمانە ئەورووپییەکاندا ئەو چەمکە ئینگلیزییە بەکار ناهێنن، بەڵکوو هاتوون بەپێی شێوازی ئەو @یە، وشەیەکیان بۆ داناوە. بۆ نموونە:
سویدی پێی وایە هێمای ئەو ئایە لە لووتەفیل دەچێت و وتنی ئەو وشەیە لە زمانەکەیاندا ئاسانترە، بۆیە پێی دەڵێن: (ئای لووتەفیل = snabel-a).
ئیتالیایییەکان/ئیتالییەکان پێیان وایە لە لووپێچ/حەلەزوون دەچێت و وتنی ئەو وشەیە لە زمانەکەیاندا ئاسانترە، بۆیە بە زمانی خۆیان پێی دەڵێن ئای لووپێچ = chiocciola .
سپانیایی و پورتوگالی: Arroba کە یەکەیەکی کۆنی کێشە، نزیکەی ١٦ کیلۆگرام.
فەرەنسایی/فەرەنسی: Arobase.
تورکی: ئای کلکدار = kuyruklu a
هۆلەندی: ئای کلکەمەیموون apenstaartje .
***
لە کوریدا:
زانستپەروەرانی کورد کە گرووپێکی ئایتیی کوردییە و خاوەنی فەرهەنگی ئایتییە، گەلێک ساڵ پێش لە ئێستە هاتن هەموو ئەو چەمکانەیان لە زمانە جۆربەجۆرەکاندا، تاووتوێ کرد.
هەر لە کلکەمەیموونەوە بگرە هەتا لووتەفیل و سەگی گرمۆڵە و ئای کلکدار و ئای لوولپێچ و کۆمەڵێک وشەی تریش وەک لە، گۆچان، گۆچانی و هتد.
پاشان بەپێی توانای زمانی کوردی، هاتن لەسەر بنەمای قژلوول بە کۆدەنگی، بڕیاریان دا پێی بڵێن ئالوول و هەر لەو کاتەشەوە کەوتە ناو فەرهەنگی ئایتی و دۆخی بەکارهێنانەوە.
کەوا بێت ناونیشانێکی ئیمەیل، بۆ نموونە ئیمەیلی پەرلەمانی کوردستان کە بریتییە لە:
info@parl.krd
بەم جۆرە دەخوێنرێتەوە:
ئینفوو، ئالوول، پارل، خاڵ، کرد
***
لە فارسی و عەرەبیدا هەر وەک ئینگلیزی دەوترێت و وشەیان بۆ دانەناوە

info@parl.krd
info, at, parl, dot, krd

 ***