بانگەواز بۆ خۆپیشاندانی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو

تشرینی دووه‌م 15, 2022 Edris Hashemi

2022-11-15

بانگەواز بۆ خۆپیشاندانی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو

نووسین: ئیدریس هاشمی

خەڵکی بەشەرەفی سەرپێڵی زەهاو و دەوروبەر!

وەک دەبینن لە تەواوی ئێران و بەتایبەت شارە کوردەکان زۆر لە گەنجەکانمان شەهید دەکرێن؛ باوکەکان و دایکەکان جەرگسووتاو دەبن. کۆماری ئیسلامی ڕۆژ بە ڕۆژ خەریکی تاوان و کوشتار لە هەموو ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان.

زۆربەی زۆری شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە بە پارچەیەک لە گڕ و ڕق و خۆپیشاندان دژ بە کۆماری ئیسلامی. لە هەموو شوێنێک دروشمی مەرگ و نەمان دژ بە خامنەیی و کۆماری ئیسلامی بەرز بووەتەوە.

دیارە حکوومەت لەبەر بچووکیی شاری سەرپێڵ دەسەڵاتێکی زیاتری بەسەر ناوچەکەدا هەیە. هەر ئەمە وای کردووە کە هەر سەرهەڵدانێک بەزوویی سەرکوت دەکرێت. بەڵام بەوەشەوە نابێت بێدەنگ بین، نابێت کەمتەرخەمی شارە کوردییەکانی تر بین. هەر بۆیە داوا لە ئێوە خەڵکی ئازادیخوازی سەرپێڵ و هەموو دەوروبەری دەکەم، تکایە بە هانای ئەو خەڵکە بڕۆن، تاکوو دڵگەرمی بێت بۆیان، دڵگەرمی بێت بۆ ئەو دایکانەی جەرگیان سووتاوە و کاتێک کە منداڵەکانیان دەنێژن دەڵێن ڕۆڵەکەمان پێشکەشی کوردستان کردووە.

وەک کەسێکی خەڵکی ئەو شارە، چاوەڕوانیم لە خەڵکی سەرپێڵی زەهاوە کە بە خۆپیشاندان لە ناو شار، یارمەتیی شارە کوردەکان بدەن. بڕژێنە شەقامەکان و دەزگا دەوڵەتییەکان و پێگەکانی سپا و بەسیج داگیر بکەن و چەک و پێداویستییان لێ بستێنن.
ئەگەر بۆ نموونە 50 کەس لەناو شار خۆپیشاندان بکەن دڵنیام خەڵکی شاریش دێن و لەگەڵتان هاوڕا دەبن.
تکایە کەمێ زیاتر بیر بکەنەوە ئەو گەنجانەی لە شارە کوردەکان شەهید کران، برا و هاوزوانی ئێوەن. بە هانایانەوە بڕۆن چونکە لەم دنیای مەجازییە دەنگ و ڕەنگتان بە گوێیان دەگات و ورەیان بەرزتر دەبێت و دەڵێن خەڵکی سەرپێڵیش هاوڕامانن.
خۆپیشاندان بکەن.
شەوانە لە ماڵەکانتان دروشم دژ بە دیکتاتۆر بدەن.
هەموو کوردستان و خەڵکی کوردی دەرەوەی وڵاتیش چاویان لە شاری سەرپێڵە.
بێدەنگ مەبن.

🖋 ئیدریس هاشمی، سوید 2022-11-15