یەکەم بڵاوکردنەوە: 2021/03/27

نوێکردنەوە: 2022-05-23

ڕێزمانی کوردی
ئامادەکردنی: ئیدریس هاشمی

🟡 وانەی ڕێزمان 🟡

  1. ڕستە
  2. وشە (وشەی سادە و ناسادە)
  3. بڕگە
  4. پیت
  5. چاوگ
  6. کار (فعل)
  7. ناو
  8. ناوی تاک – ناوی کۆ
  9. ناوی ناسراو – ناوی نەناسراو
  10. جێناو (ضمير)
  11. هاوەڵناو
  12. هاوەڵکار
  13. پێشبەند (پریپۆزیشن) / Prepositions
  14. بنچینەکانی ڕستە (بکەر و کار)
  15. بنچینەکانی ڕستە (نیهاد و گوزارە)
  16. کاری ناتەواو
  17. جۆرەکانی ڕستە لە ڕووی دەربڕینەوە
  18. تەواوکەر
  19. کاری ڕابردوو و دەمەکانی کاری ڕابردوو
  20. کاری ڕانەبردوو و ڕەگی کار
  21. کاری داخوازی
  22. کاری تێپەڕ و تێنەپەڕ/ بەرکار
  23. جێناوی لکاو
  24. جێناوی لکاو: کۆمەڵەی ١
  25. جێناوی لکاو: کۆمەڵەی ٢
  26. جێناوی لکاو: کۆمەڵەی ٣
  27. جێناوی لکاو: کۆمەڵەی ٤
  28. کاری بکەردیار و بکەرنادیار
  29. ناو لەڕووی ڕەگەز یان زایەندەوە
  30. دەمەکان و ڕێژەکانی کار
  31. درێژەی هەیە

 

١. ڕستە

 

١) ڕستە

  1. ئیدریس هات
  2. نازه بۆ هەڵەبجە چوو.
  3. باران باری.
  4. بەفرین نامەی نووسی.

 

🟢 ڕاڤە

ئەگەر سەرنج بدەينه ئەو گوتنانەی لای سەرەوه دەبينين هەر یەکەیان

واتایەکی تەواوى خۆی هەيه و له كۆمەڵە وشەیەک پێک هاتووه، وەک: ئاخاوتنی (ئیدریس هات) کە لە وشەی (ئیدریس) و له وشەی (هات) پێک هاتووه، هەردووكیان پێکەوه واتایەکی تەواویان به دەستەوه داوه، هەروەها ئاخاوتنەکانی

دیکەش بەم شيوەيه لێک دەدرێنەوه، بۆيه پێيان دەگوترێت ڕسته.

🔵 پێناسه:

ڕسته 👈 چەند وشەیەکه پێکەوه واتایەکی تەواو دەبەخشێت و له کۆتاییدا بەپێی مەبەست هێمای بۆ دادەنرێت.

***

٢. وشە

2) وشە

  1. كاوه چوو بۆ سلێمانی.
  2. کورد بۆ ئازادی تێ دەكۆشێت.
  3. منداڵەکە نووست.
  4. گوێزى هەورامان بە دست دەشكێت.
  5. باڵنده بە باڵێک نافڕێت.

 

🟢 ڕاڤە:

ڕستەی یەکەم (كاوه چوو بۆ سلێمانی) له بێژەی (کاوه، چوو، بۆ، سلێمانی) پێک هاتووه، به هەر یەکێک لەم بێژانه، که ڕستەکەی لێ پێک هاتووه دەگوترێت (وشه). هەروەها ڕستەکانی دیکەی لای سەرەوه بەم جۆره لێک دەدرێنەوه.

🔵 پێناسە:

وشه: 👈 بێژەیەکه ڕستەی لێ پێک دێت، وەک: کاوه، کورد، منداڵەکه، بۆ، گوێز، هەورامان، چوو، باڵندە.

🟡 جۆرەکانی وشە لەڕووی داڕشتنەوە:

🌺 وشەی سادە 🌺

🌺 وشەی ناسادە 🌺

 

کۆمەڵەی 1:

وشەی سادە: خامە، چالاک، نەوت، سەفین، چیا، بەرز، بۆن.

کۆمەڵەی 2:

وشەی ناسادە: پیرەمێرد، نەورۆز، کرێکار، دەرهێنان، پیرەمەگروون، نازدار

🟢 ڕاڤە:

ئەگەر بڕوانینە وشەکانی لای سەرەوە دەبینین، لە کۆمەڵەی 1 و کۆمەڵەی 2 پێک هاتوون.

🟢 لە کۆمەڵەی (1) وشەی:

خامە: وشەیەکی سادەیە، چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.

چالاک: وشەیەکی سادەیە چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.

نەوت: وشەیەکی سادەیە چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.

سەفین: وشەیەکی سادەیە چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.

چیا: وشەیەکی سادەیە چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.

بەرز: وشەیەکی سادەیە چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.

بۆن: وشەیەکی سادەیە چونکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.

🟢 لە کۆمەڵەی( 2)دا وشەی:

پیرەمێرد: وشەیەکی ناسادەیە/ سێ بێژەیە (پیر + ە + مێرد).

نەورۆز: وشەیەکی ناسادەیە/ دوو بێژەیە (نەو + رۆز).

کرێکار: وشەیەکی ناسادەیە/ دوو بێژەیە (کرێ + کار).

دەرهێنان: وشەیەکی ناسادەیە/ دوو بێژەیە (دەر + هێنان).

پیرەمەگروون: وشەیەکی ناسادەیە/ سێ بێژەیە (پیر + ە + مەگروون).

نازدار: وشەیەکی ناسادەیە/ دوو بێژەیە: (ناز + دار).

🟢 پێناسە:

وشە لەڕووی داڕشتنەوە دوو جۆرە:

1) وشەی سادە: وشەیەکە لە یەک بێژە پێک هاتووە.

وەک: وشەی (خامە، چالاک، نەوت، چیا، بەرز، بۆن)

2) وشەی ناسادە: وشەیەکە لە بێژەیەک زیاتر پێک هاتووە، وەک: وشەی (پیرەمێرد، نەورۆز، کرێکار، دەرهێنان، پیرەمەگروون، نازدار)

 

٣. بڕگە

٣) بڕگە:

1) کورد

2) کوردستان 👈 کور/ دس/تان

3) گوڵ

4) گوڵزار 👈 گوڵ/ زار

5) باب

6) باپیر 👈 با/ پیر

7) مێروولە 👈 مێ /روو /لە

 

🟢 ڕاڤە:

ئەگەر سەرنج بدەینە وشەکانی سەرەوە دەبینین وشەی (کورد) تەنها لە یەک بڕگە پێک هاتووە چونکە به یەکجار دەگوترێت،

وشەی (کوردستان) لە سێ بڕگە پێک هاتووە، (کور، دس، تان) چوونکە به سێ جار لە زار دێتە دەرەوە و هەروەها وشەکانی دیکەش لە بڕگە پێک هاتوون.

🔵 پێناسە:

بڕگە چییە؟ ئەو پارچە وشەیە، کە بە یەکجار لە زار دێتە دەرەوە، یان بەو چەند پیتانەی کە بە یەک هەناسە لە دەم/ زار دێنە دەرێ دەگوترێ و تەنیا پیتێکی دەنگداری تێدایە و هەمیشە ئەم پیتە دووەم پیتی بڕگەیە.

***

٤. پیت

 

٤) پیت

ئەو دەنگانەیە که له زار دێنە دەرەوە گوتنیان لێ پێک دێت و بچووکترین دانەی نووسینە لە زماندا و لەوە زیاتر ناتوانرێت ورد بکرێتەوە.

(پیتی بزوێن و پیتی نەبزوێن)

🟡 پیتی بزوێن: (ا، ە، ی، ێ، و، وو، ۆ)

🟡 پیتی نەبزوێن: (ئـ، ب، پ، ت، ج، چ، ح، خ، د، ر، ڕ، ز، ژ، س، ش، ع، غ، ف، ڤ، ق، ک، گ، ل، ڵ، م، ن، هـ، ((و، ی))

(و) لەگەڵ (ی) هەم دەبنە بزوێن و هەم دەبنە نەبزوێن.

بزوێنکی زۆر کورت هەیە کە بەو پیتانە وێنەی بۆ دانەنراوە بەڵام بە پیتی لاتینی نیشانەی (i) بۆ دانراوە وەک لە وشەی (birdin) یان (jin).

پیتە بزوێنی (و ی) لە ناو وشەدا هەندێک جار دەبنە پیتی نەبزوێن و هەندێک جاریش دەبنە بزوێن، ئینجا بۆ جیاکردنەوەی پیتی (و ی)ی نەبزوێن لە پیتی (و ی)ی بزوێن پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەین:

پیتی (و ی) کەوتە نێوان دوو پیتی نەبزوێن ئەوا ئەم (و ی)یە دەبنە پیتی بزوێن، وەک: (کــورد، شــیــر) لێرەدا بزوێنن.

هەرکاتێک لە پێش یان لە پاش پیتی (و ی) پیتێکی بزوێن هەبێت، ئەوا بێگومان ئەم (و ی)یە دەبن بە پیتی نەبزوێن، وەک: (داو، وار، دیــار، دایــک).

هیچ کات دوو پیتی بزوێن لە زمانی کوردی بە دوای یەک نایەن، واتە: (بە تەنیشت یەکەوە نابن) وەک: [سێو، پیاو، یانە، یاری].

🟢 ڕاڤە:

پیتی بزوێن: ئەو پیتانەن، کە دەنگدارن و یارمەتیی پیتە نەبزوێنەکان دەدەن لەکاتی دەربڕینیاندا.

پیتی نەبزوێن: ئەو پیتانەن، کە بەبێ یارمەتیی پیتی بزوێن، دەنگەکانیان بەئاسانی لە دەمەوە نایەتە دەرەوە.

***

٥. چاوگ

٥) چاوگ

🟢 پێناسەی چاوگ/ سەرچاوە یان ژێدەر (مصدر):

وشەیەکە ڕوودانێک نیشان دەدات بەڵام نەخراوەتە پاڵ کەسێک یان شتێک.
کاتی ڕوودانیشی دیار نییە.
گەردان نەکراوە.
سەرچاوەیە بۆ دروستکردنی دەمەکانی کار (ڕابردوو، ڕانەبردوو و داخوازی).
لە ڕستەدا وەکوو ناو بەکار دێت و هەموو تایبەتییەکانی ناو وەردەگرێت و ئەرکەکانی ناویش دەبینێت.
🔴 چەند نموونە چاوگ: 👈🏿 (بردن، خواردن، سەرکەوتن، هەڵفڕین، سووتان، بڕین، کڕین، سەرهەڵبڕین، خوێندنەوە، خولانەوە…)

🟣 ڕاڤـــــــەی زیاتری چاوگ:
مەبەست چییە کە دەڵێین: ڕوودانێک نیشان دەدات؟ 👈🏿 بۆ نموونە کە دەڵێین: (بردن) واتە بردنی شتێک. یان دەڵێین: (خواردن) واتە خواردنی شتێک، ڕوودانی شتەکە نیشان دەدات.
مەبەست چییە کە دەڵێین: نەخراوەتە پاڵ کەس؟ واتە لە ڕستەدا نایخەینە پاڵ کەسێک چونکە ئەگەر بخرێتە پاڵ کەسێک ئەوە دەبێتە کار فعل”. بۆ نموونە:
(خواردن) بەسوودە. (خواردن لێرە چاوگە.) بەڵام ئەگەر بڵێین ئیدریس نانەکەی خوارد. (لێرە خوارد چاوگ نییە بەڵکوو کاری ڕابردووە.)

مەبەست چییە کە دەڵێین: کاتی ڕوودانیشی دیار نییە؟ 👈🏿 واتە نە ڕابردووە و نە ڕانەبردوو. چونکە ئەگەر کاتەکەی دیار بێت ئیتر چاوگ نییە و کارە.

بۆ دەڵێین: گەردان نەکراوە؟ 👈🏿 چاوگ چون (ن)ی چاوگی پێوەیە، بەچاوگی (واتە کاتێک هێشتا چاوگە) گەردان ناکرێت و جێناوە لکاوەکان ناگرێت. بۆ نموونە: (هاتن) 👈🏿 هاتنیت، هاتنن
کەواتە دەبێت سەرەتا لە چاوگ، قەد (بُن ماضی) و ڕەگی کار (بُن مضارع) بەدەست بهێنین، ئەو کاتە دەتوانین کاری ڕابردوو، ڕانەبردوو و داخوازیی لێ دروست بکەین.

مەبەست چییە کە دەڵێین: سەرچاوەیە بۆ دروستکردنی دەمەکانی کار؟ 👈🏿 واتە: (کاری ڕابردوو، ڕانەبردوو و داخوازیی) لێ دروست دەکرێت.

بۆ دەڵێین: چاوگ وەکوو ناو بەکار دێت؟ 👈🏿 چونکە هەم تایبەتییەکانی ناو و هەم ئەرکەکانی ناو وەردەگرێت.
===========================

🟣 گرنگیی چاوگ لە زمانی کوردیدا چییە؟

دەتوانین بڵێین: چاوگ وەک هەویرە. هەر بەو جۆرەی کە لە هەویر، نان، کێک، پیتزا و زۆر شتی تر دروست دەکەین، لە زمانی کوردیشدا، لە چاوگ زۆر شت دروست دەکرێت.
1⃣. چاوگ، سەرچاوەیە بۆ دروستکردنی دەمەکانی کار (ڕابردوو، ڕانەبردوو، داخوازی). لە چاوگ، قەدی چاوگ و ڕەگی کار بەدەست دەهێنین هەروەها لە قەدەکەی کاری ڕابردوو و لە ڕەگەکەی کاری ڕانەبردوو، داخوازی و کاری ڕابردوو و ڕانەبردووی بکەرنادیار دروست دەکەین.
2⃣. چاوگ لە ڕستەدا ئەرکەکانی ناو دەبینێت و تایبەتییەکانی ناو وەردەگرێت.
ناو 7⃣ ئەرک و 5⃣ تایبەتمەندیی هەیە کە چاوگ هەمووی وەردەگرێت.

کەواتە چاوگ، بابەتێکی زۆر زۆر گرنگی زمانی کوردییە.
===========================

🟣 تێبینیی 1: هەموو چاوگێک لە زمانی کوردیدا بە پیتی (ن) کۆتایی پێ دێت.
بە پیتی (ن)ی کۆتایی چاوگ، دەگوترێت: 👈🏿 (نوونی چاوگ). وەک: خواردن، بردن، هاتــن، مردن…
===========================

🟠 تێبینیی 2:
بە پیتی (ن) لەگەڵ پیتەکەی پێشی، دەڵێین: نیشانەی چاوگ.
نیشانەکانی چاوگ بریتین لە: (ان، تن، ین، وون، دن)
🟡 (ان) 👈🏿 برژان، ترســان، خنکــان، هێنــان…
🟢 (تن) 👈🏿 خەوتن، بەســتن، پاراســتن، گەیشــتن…
🟣 (ین) 👈🏿 بارين، تەزین، خزین، کڕین، ماڵــین…
🔴 (وون) 👈🏿 بــوون، چــوون، دروون..
🔵 (دن) 👈🏿 بردن، خوێنــدن، کردن، خواردن…
===========================

🟡 تێبینیی 3:
لە زمانی کوردیدا، هەم چاوگ بە پیتی (ن) کۆتایی پێ دێت و هەم هەندێ ناویش هەن کە بە پیتی (ن) کۆتاییان پێ دێت.
ئاگادار بن کە هەر وشەیەک بە پیتی (ن) کۆتایی هاتبوو، چاوگ هەژمار ناکرێت تەنانەت ئەگەر هەڵگری یەکێک لە نیشانەکانی چاوگیش بێت، وەک: هەورامان، نازەنین، نەسرین… 👉 ئەمانە چاوگ نین.

بۆ جیاکردنەوەی ناو و چاوگ، پیتی (ن) لادەدەین ئەگەر وشەکە واتای هەبوو و کاری (ڕابردووی نزیک)مان دەست کەوت ئەوە چاوگە، بەڵام ئەگەر واتای نەبوو، ئەوە ناوە. وەک:
خواردن ن 👈🏿 خوارد (واتای هەیە و کاری ڕابردووی نزیکە کەواتە خواردن” چاوگە.)
سووتان ن 👈🏿 سووتا (واتای هەیە و کاری ڕابردووی نزیکە کەواتە سووتان” چاوگە.)
کاروان ن 👈🏿 کاروا (واتای نییە و چاوگ نییە)
کوردستان ن 👈🏿 کوردستا (واتای نییە و چاوگ نییە.)
هەورامان ن 👈🏿 هەوراما (واتای نییە و چاوگ نییە.)
===========================

🔵 جۆرەکانی چاوگ:
لە زمانی کوردیدا 5⃣ جۆر چاوگمان هەیە:

1⃣. (چاوگی ئەلفی): ئەو چاوگەیە کە پیتی پێش (ن)، 👈🏿 (ا)یە، وەک: سووتــان، گریــان، برژان…

2⃣. (چاوگی واوی): ئەو چاوگەیە کە پیتی پێش (ن)، 👈🏿 (وو)یە، وەک: چــوون، جــوون، بــوون، دروون…

3⃣. (چاوگی تایی): ئەو چاوگەیە کە پیتی پێش (ن)، 👈🏿 (ت)یە، وەک: فرۆشــتن، گرتــن، ڕۆیشــتن…

4⃣. (چاوگی دالی): ئەو چاوگەیە کە پیتی پێش (ن)، 👈🏿 (د)یە، وەک: بردن، مردن، خواردن، خوێنــدنــەوە…
🟡 تێبینی: چاوگی خوێندنەوە 👈🏿 چاوگی (دالی)یە کە پیتی پێش ن”، (د)یە. ئێمە تەنها پاشگری ەوە”مان پێ زیاد کردووە. 👈🏿 خوێنــدن + ەوە = خوێندنەوە

5⃣. (چاوگی یایی): ئەو چاوگەیە کە پیتی پێش (ن)، 👈🏿 (ی)یە، وەک: کڕیــن، فڕیــن، لەرزیــن…

===========================

تێبینیی 4:
🟣 لە زمانی کوردیدا، هەندێ چاوگی سادەمان هەیە بەبێ پاشگری (ەوە/ اندن)، مانایان تەواو نابێت. بۆ نموونە:
(خولان، ڕشان، کولان، پاڕان، حەسان، دۆزین، بەشین، پرخان، پرژان) لەگەڵ پاشگری (ەوە/ اندن) دەبنە: 👈🏿 (خولانەوە، ڕشانەوە، کولانەوە، پاڕانەوە، حەسانەوە، دۆزینەوە، بەشینەوە، پرخاندن، پرژاندن)
نموونە لە ڕستەدا:
کولانەوەی برینەکە بەئازار بوو.
ناڵێین: 👈🏿 کولان بەئازار بوو.

حەسانەوە بۆ مرۆڤ بەسوودە.
ناڵێین: 👈🏿 حەسان بۆ مرۆڤ بەسوودە.

پاڕانەوە هەموو کات بۆ مرۆڤ پێویستە.
ناڵێین: 👈🏿 پاڕان هەموو کات بۆ مرۆڤ پێویستە.

پرخاندن لە خەودا هۆكاری پچڕانی ئۆكسیژێنە لە مرۆڤەکان.
ناڵێین: 👈🏿 پرخان لە خەودا هۆكاری پچڕانی ئۆكسیژێنە لە مرۆڤەکان.

بەشینەوەی سامان لەسەر ئاستی جیهان، بووەتە جێی دڵەڕاوكێی ناوەندە جیهانییەكان.
ناڵێین: 👈🏿 بەشینی سامان لەسەر ئاستی جیهان، بووەتە جێی دڵەڕاوكێی ناوەندە جیهانییەكان.

🟣 هەندێ چاوگیش هەن بەبێ پێشگر، واتا ناگەیەنن، بۆ نموونە:
🔴 پسکان 👈🏿 (ڕاپسکان)

ژیان تێ دەپەڕێ وەک ڕاپسکانی مشکێکی کێوی.
ناڵێین: 👈🏿 ژیان تێ دەپەڕێ وەک پسکانی مشکێکی کێوی.

🔴 پڕووزان 👈🏿 (هەڵپڕووزان)

هەڵپڕووزانی ڕوخساری جوان و شیرینی پەپوولەکانی شیناوێ لەیاد ناکەین.
ناڵێین: 👈🏿 پڕووزانی ڕوخساری جوان و شیرینی پەپوولەکانی شیناوێ لەیاد ناکەین.

مەرگ و هەڵپڕووزانی گوڵاڵە” وەک ترۆپکی توندوتیژی دژ بە ژنانە.
ناڵێین: 👈🏿 مەرگ و پڕووزانی گوڵاڵە” وەک ترۆپکی توندوتیژی دژ بە ژنانە.
🔴 پڵۆسین 👈🏿 (داپڵۆسین)

خەڵک بە هاتنیان بۆ سەر شەقام، ترسیان لە داپڵۆسینی داگیرکەران ڕەویوەتەوە.

ناڵێین: 👈🏿 خەڵک بە هاتنیان بۆ سەر شەقام، ترسیان لە پڵۆسینی داگیرکەران ڕەویوەتەوە.

===========================

تێبینیی 5:
گوتمان 5⃣ جۆر چاوگمان هەیە. بەڵام لە کوردیی ژووروودا واتە کوردیی کرمانجی، لە چاوگی (دالی) پیتی (د) دەرناکەوێت. وەک: 👈🏿 بردن، مردن، خواردن… کە ئەوان دەڵێن: (برن، مرن، خوارن…)

ئەو کاتە نابێت وا بیر بکەینەوە چونکە لە چاوگەکانی (برن، مرن، خوارن) 👉 پیتی پێش (ن)، (ر)یە، چاوگی (ر)یە.
لە کوردیی کرمانجیدا (برن، مرن، خوارن) چاوگی (دالی)ن.
===========================

🔴 پوختەی باسی چاوگ:
چاوگ واتە سەرچاوە یان ژێدەر. بۆیە دەڵێین سەرچاوە چونکە سەرچاوەی دروستکردنی کارە.
چاوگ 5⃣ جۆری هەیە، جۆرەکانی بەپێی ئەو پیتە دیاری دەکرێت کە دەکەوێتە پێش پیتی ن” چاوگ. وەکوو:
برژان 👉 چاوگی ئەلفییە.
چوون 👉 چاوگی (واوی)یە.
کڕین 👉 چاوگی (یایی)یە.
خواردن 👉 چاوگی (دالی)یە.
فرۆشتن 👉 چاوگی (تایی)یە.
===========================
🟣 چاوگ لە ڕووی پێکهاتنەوە 2⃣ جۆرە:
1⃣. چاوگی سادە
2⃣. چاوگی ناسادە

چاوگی ناسادەش دەبێتە دوو بەشەوە:
(داڕێژراو و لێکدراو)
🟡 پێناسەی (چاوگی سادە):
ئەو چاوگەیە کە لە یەک وشەی سادەی واتادار پێک دێت. واتە هیچ پێشگر و پاشگرێکی پێوە نییە. وەک:
(بردن، نووسین، نووستن، خوێندن، کردن، کێڵان، سووتان، بوون، چوون، گریان، هاتن، ڕۆیشتن…)
🟢 چاوگی ناسادە دەکرێتە دوو جۆر: 👈🏿 (داڕێژراو و لێکدراو)

🔵 پێناسەی چاوگی داڕێژراو:
ئەو چاوگەیە کە لە (چاوگێکی سادەی واتادار) لەگەڵ پێشگرێک یان پاشگرێک یان هەردووکیان پێک دێت. وەک:

(ڕاکێشان) 👈🏿 ڕا + کێشان
(هەڵبژاردن) 👈🏿 هەڵ + بژاردن
(ڕاپەڕین) 👈🏿 ڕا + پەڕین
(خوێندنەوە) 👈🏿 خوێندن + ەوە
(سووتاندن) 👈🏿 سووتان + اندن
(داشکاندن) 👈🏿 دا + شکان + اندن

🔴 ئەو پێشگرانەی چاوگی (داڕێژراو) دروست دەکەن 2⃣ جۆرن: (پێشگری سادە پێشگری ناسادە)

🟢 پێشگری سادە

نموونەی ئەو (پێشگرە سادانە) کە دەچنە سەر چاوگی سادە و چاوگی داڕێژراو دروست دەکەن بریتین لە: 👈🏿 (ڕا، هەڵ، دا، ڕۆ، وەر، ڕێ، پێ، تێ، لێ، وێ…)

(ڕا) 👉 ڕاخستن، ڕاکێشان، ڕادان، ڕاگرتن، ڕابوون، ڕاپەڕین…

(هەڵ) 👉 هەڵــفڕین، هەڵــگرتن، هەڵــکردن، هەڵــبوون، هەڵــدان، هەڵــبڕین، هەڵــچوون، هەڵــهاتن…

(دا) 👉 داکەوتن، داخستن، داهاتن، داگرتن…

(ڕۆ) 👉 ڕۆنان، ڕۆکردن، ڕۆچوون…

(وەر) 👉 وەرگرتن، وەرگێڕان، وەرگەڕان، وەردان، وەرچەرخان، وەرگەڕاندن…

(ڕێ) 👉 ڕێــخستن…

(پێ) 👉 پێــزانین، پێــکەنین، پێــناسین، پێــگەیشتن، پێــکەوتن…

(تێ) 👉 تێــکردن، تێــگرتن، تێــخستن، تێــکەوتن، تێــگەیشتن…

(لێ) 👉 لێــپرسین، لێــبڕین، لێــستاندن، لێــکەوتن، لێــدان، لێــنان، لێــخوڕین…

(وێ) 👉 وێــکەوتن، وێــچوون…

پێشگری ناسادە 2⃣ جۆرە:
ئەوانەی لە ئەنجامی تێکەڵبوونی پێشگری سادەی (پێ، تێ، لێ لەگەڵ پاشبەندی 👈🏿 دا، ڕا، وە) دروست بوون. وەک:
🟣 پێ + دا = (پێدا)
(پێداهاتن، پێدابردن، پێداخستن، پێداچوون)

🟣 پێ + وە = (پێوە)
(پێوەبوون، پێوەچوون…)

🟣 تێ + دا = (تێدا)
(تێداچوون، تێدامان، تێدابوون، تێداکردن…)

🟣 تێ + وە = (تێوە)
(تێوەچوون، تێوەگلان…)

🟣 پێ + ڕا = (پێڕا)
(پێڕاهاتن، پێڕاگەیشتن، پێڕاچوون…)

🟣 تێ + ڕا = (تێڕا)
(تێڕابردن، تێڕاکردن، تێڕاچوون…)

🟣 لێ + ڕا = (لێڕا)
(لێڕابردن، لێڕاهاتن…)
هەروەها (پێک، تێک، لێک، وێک، ڕێک)یش، پێشگری ناسادەن.

🟣 (پێک)
پێکــهاتن، پێکــهێنان

🟣 (تێک)
تێکــشکان، تێکــچوون…

🟣 (لێک)
لێکــبوون، لێکــدان…

🟣 (وێک)
وێکــکەوتن، وێکــخستن…)

🟣 (ڕێک)
ڕێکــخستن، ڕێکــبوون…)
***
🟡 ڕێگاکانی دروستکردنی چاوگی داڕێژراو:
چاوگی داڕێژراو، بەم 3⃣ ڕێسایە دروست دەبێت.

1⃣. پێشگر + چاوگی سادە
دا + خستن = داخستن
ڕا + کێشان = ڕاکێشان
ڕۆ + چوون = ڕۆچوون
هەڵ + بوون = هەڵبوون

2⃣. چاوگی سادە + پاشگر
خوێندن + ەوە = خوێندنەوە
نووسین + ەوە = نووسینەوە
برژان + اندن = برژاندن