نووسینی: د. محەمەدئەمین ڕستگار

بڵاوکردنەوە: 2015-05-24

 

تێکدانی دەموڕاوێژە ڕەوانەکەی کوردان

 

خەڵکی وڵاتە هەرە چڕوپڕەکەی عارەبان، زمانیان ناخونجێت بڵێن (ج) و دەیکەنە (گ)؛ جەماڵ دەکەنە گەماڵ؛ لەو لوبنانەیشدا دەیکەنە (ژ)؛ بەڵام تا ئێستە کەسیان هەڵنەساوە بە (گ) و (ژ)، بنووسێت؛ کۆمەڵە کوردێکی شاری و خوێنەواری زۆربە ڕۆژنامەوان’ و، زانکۆنشین پەیدا بوونە ئەوەندە (عەین) لە بنی قوڕگیانەوە دەردەبڕن دەڵێی دەیانەوێ دڵی عارەبانی پێ ڕازی بکەن! خوا هەڵناگرێ خەبات’ تاکە ڕۆژنامەیەکە کوردوکرمانجی دەنووسێ (ئێراق)، باقییەکەیان دەڵێی بەڵێنیان داوەتە ئەنفاڵچییەکان؛ (ئەنفاڵ هەر ئەنفالە)؛ جا هەر ئەو (عێراق)ـنووسانە، حەفتە دەکەنە هەفتە! کاکی ڕۆژنامەوان! خۆشکی بێژەر! ئێوە ڕووی دەمتان لە خەڵکە، کەواتە بە زمانی ئەو خەڵکە بنووسن و، وەک ئەوانیشی دەرببڕن؛ نەوەد و چەند ساڵێکە کورد ناچارە بڵێ ئێران و ئێراق و، هەر وایشی دەردەبڕێ، خێرە ئێوە دەیکەنە عێراق!

کار وا بڕوا، ماوەیەکی دی بە (ص)، (ط)، (ض)ـیش ئاوس دەبین. ئەگەر ئا وەها بە بەر چاوی خۆمانەوە و بە دەستی خۆمانە، زمانی کوردی لە بەر پێی بێگاناندا بکوژینەوە، ئیتر ئەم هەموو خەبات و پێشمەرگایەتییە بۆ چییە؟ کە زمانی کوردی بکوژێتەوە، دەردی ئەو چوارپارچەییە، هەر خۆش نابێتەوە، با هەرچوارەکەیشمان یەک بگرینەوە.

دڵی هەموومان بەوە خۆشە لە سای ئەم باشوورە ئاوەدانەی کوردستانەوە زمانی کوردی دەژیێتەوە؛ هەقە ئەوانەی جڵەوی زمانیان بە دەستەوەیە، کارێکی وا بکەن، زمان یەک بخەنەوە، نەک لە ترسی زمانی ئەرەبی (عەرەبی)ـدا دەموڕاوێژی خەڵک خوار بکەن، بە بیانووی سەیروسەمەرە! جارێ کۆمەڵێ نووسەرمان لێ پەیدا بوونە هەر چاویان بە پیتی (صاد)ی عارەبان دەکەوێت ئەژنۆیان شل دەبێت؛ وا دەزانن ئەگەر بیکەنە (س)، دنیا دەڕمێت، وەلێ قەی ناکا ئەوان (پێشمەرگە) بکەنە (البیشمرکە).

باشووری کوردستان چوارسەد ساڵێک هاوماڵی هۆسمانلی’ـیەکان بوو، بەڵام ئەوەندەی ئەم هەشتا نەوەد ساڵەی وا بووەتە کۆڵوەسی ئەم ئێراقە عارەبە، زمانەکەی کاڵ نەبووەتەوە؛ خوێنەواری چرایە، کەچی بۆ ئێمەی کورد بووەتە درز و تەڵە؛ وشەی کوردیمان لێ لەبار دەبات و، بە سەرەخۆرە، زمانەکەمان ئاوس دەکات؛ مەلای وامان لێ پەیدا بووە بە (ث) و (ذ) و (ص) و (ط) نەبێ، وتاری پێ نادرێت؛ کورد تا بووە گوتوویوتی (حەدیس)، مەلایەک لە تەلەڤیزیۆنەکەی ڕووداودا دەیگوت (حەدیث)! کوردی ئەوسا کە وشەی بێگانەی لێ دەبووە میوان، وەهایان دەکورداند، زمانەکە سەری پێ بەرز دەبوو، ئێستاکە هەندێکیان دەفەرموون وشەی بیانی چۆنە و خۆیان چۆنی ڕاوێژ دەکەن، دەبێ و دەشێ، هەر وای بنووسینەوە!

کاک حەسەن دەرزی کە دەنگ هەڵدێنێت و نەرموناسک دەڵێ (ئەگەر مردم وەتەن لاوانی تۆ خۆش) یان (ئەی وەتەن دیسان بەهارە و ئارەزووی سەیرانمە)، لە بیستنی وشەی وەتەن هەر تێر نابی؛ کەچی کاک دیاری قەرەداغی’، ئەوەندە عەرەبئاسا دەڵێ (زەڕڕەیەک خاکی وەطەن نادەم بە قەصری قەیصەری)، وا دەزانی لە (الوطن العربی)ـدا میوانیت! داخی (قەصری) و (قەیصەری)گوتنەکەیشی هەر هیچ؛ وەها (صاد)ەکان دەردەبڕێت، عارەبان خۆیشیان بە چ حاڵێک ڕاوێژی دەکەن.

(عقل) و (عاقل) کە هاتنە ناو کوردەواری، کورد کردنیە (ئەقڵ) و (ئاقڵ) یان (ئەقر) و (ئاقر)؛ ڕێکیش بە هەمزە دەری‌دەبڕن و، نایکەنە (ع)، بێجگە لەوانەی بەو عەرەبییەی فێری بوونە، فیزمان بەسەردا دەکەن.

لە بادینان و بنزاراوەکانی بترازێ، (ل)ـی پاش ئەلف، زۆرینە چوکڵەی لەسەرە و، کوتفرە’ی کورد، قورس و قەڵەوی دەر‌دەبڕن، هەندێک دەیکەنە (ر)؛ ئال (زەڕنەقووتە)، ئاڵ، بال (بە بادینی واتە لەکن)، باڵ، پاڵ، تاڵ، جال (بە بادینی واتە قەرەبوو)، جاڵ (جەحێڵ؛ بە بادینی جال)، چال (جەواڵ)، چاڵ، حاڵ، خاڵ، دال (بە بادینی واتە داڵەکەرخۆر، بەردی نیشانە)، داڵ، زاڵ، ژاڵ، سال (بە بادینی واتە ساڵ، بەردی دریژی گونجاوی کێلەگۆڕ)، ساڵ، شال (بە بادینی واتە شاڵ، چەتانی کوڵۆش‌ڕاگوێزتن بۆ سەر خەرمان)، شاڵ، فال (قولاپ‌وداوی ڕاوەماسی)، فاڵ، ڤال (بە بادینی واتە دانەخراو)، قال (دەمەجاوێک بنێشت)، قاڵ، کال (ددان‌لەدەمدانەماو، کول،  پیرەپیاو)، کاڵ، گاڵ (هەرزنەتاڵە، هوکردن(فارسی)؛ لێرە، گاڵیان‌ دا)، لال (بە بادینی واتە لەکن؛ کیسکا من لال تەیە)، لاڵ (زمانبەستە، میوەی زۆرگەییشتوو)، ماڵ، نال (پرزەی بریکی دوڕقەڵەمی قامیش)، ناڵ، واڵ و، هال (درم، نەمام)، هاڵ (تراویلکە)، یاڵ.

لەو نموونانەی هێناومنەتەوە، سووکە’لام’ـی زەننەداری پاش ئەلفیشیان تێدایە، بەڵام یان گشتگیر نینە و دەگمەنن، یانیش بادینی؛ خۆی لە بەری بادیناندا بە (دڵ) دەڵێن (دل) و، بە (گوڵ)ـیش دەڵێن (گول)، وەک چۆن لە دەشتی هەولێریشدا، دەیکەنە (ر) و دەرێن در، گور.

لە کورتی ببڕێنمەوە، کورد لەوەتی وشەی (کمال) و (جمال)ـی لێ بووەتە میوان، کردوویانیەتە کەماڵ و جەماڵ؛ کارم بەم بیست ساڵەوە نییە کە لە بواری زماندا بووینەتە دۆی دەستی عارەبان؛ کەماڵ لە کیس چوو، فریای فازیل کەون! نووسەرێکی بەناوبانگ هەیە لە فەزڵی خواوە ناوی (فازڵ)ـە بەڵام خۆی دەڵێت (فازیل)! ئیتر نازانم دەموڕواێژی کوردانی پێ خوارە، یان لەوچەی عارەبانی پێ شیرینە؟ مامۆستا محەمەدعەلی قەرەداغی’ـیش لە ساغکردنەوەی دیوانەکەی عەزیزدا زۆر لەو هەڵانەی کردووە و، بەندە لێرەدا با هەر باسی تێکدانی وشەی (قاتڵ) و (عادڵ)ـەکەی بکەم وا کردوونیەتە (قاتیل) و (عادیل)!

 سوڵتان عادیل، سەرحەدنشینەن

جەللاد قاتیل، پڕ قار و قینەن

دیوانی عەزیز، ل٩٣، مامۆستا قەرەداغی ساغی کردووەتەوە. 

ئێستەیش ئەوەی کەماڵ و جەماڵ و فازڵ و قاتڵ و عادڵی پێ ڕاست نییە، فەرموو با پێکەوە سەرێک بە گوندەکانی ئەم باشوورەی کوردستاندا بکەین، بزانین وایە یام نە؟

ناوێرم بە شیعرەکانی مامۆستامەلا محەمەد ڕەبیعی و، مامۆستا هەژار و، مام هێمن قسەکەم بسەلمێنم، نەکا هەندێکم لێ راست ببنەوە بڵێن ئێرە باشوورە کاکە! مادامەکینێ دەستەوداوێنی سێکوچکەکەی بابان و مەحوی و مەولەوی دەبم، بزانین ئەوان چۆنی دەفەرموون:

ئەی دوڕی تاجی سەری شاهانی ئیقلیمی جیهان

شەمسی ئەفلاکی کەماڵ و، شەمعی بەزمی عاریفان

کوردی ــ ل ٣٤

سەر کە جۆشێکی نەبێ، من زرکەتاڵم بۆ چییە!

دڵ کە هۆشێکی نەبێ، شیشەی بەتاڵم بۆ چییە!

دەرد و داخێکی دەروونی گەر ببێ، با ڕەنگ و ڕوو

سیس و موغبەڕ بێ، کەماڵ’ـم بوو جەماڵ’ـم بۆ چییە!

مەحوی ــ ل ٣٣٤

جەمین قەمەرێ، سیمین سیمبەرێ

موویی کەمەرێ، شیرین دڵبەرێ

مشکینە خاڵێ، یۆسف جەماڵێ

مەحبووب جەلالێ، لەیل‌ئاسا حاڵێ

دیدە غەزاڵێ، نازک خەیاڵێ

دوڕدانە لاڵێ، ساحیب کەماڵێ

مەولەوی ــ ل ٥٥٩

لە وشەی (جەلال) بترازێ باقییەکەیان بە لامی قەڵەون؛ کەماڵ، جەماڵ، خەیاڵ و غەزاڵ و…؛ جەلال’ـەکەیش چونکە دوو لامی تێدایە، یان دەشێ هەردووکیان بکەینە قەڵەو وەک (حەڵاڵ)، یان ئەوەتا هەردووکیان سووک دەرببڕین، ئەگینا زۆر قورسە بڵێین (جەلاڵ)؛ کەڵهوڕەکانی کرماشان هەردوو لامەکەی قەڵەو دەکەن و، وەک حەڵاڵ’ـەکە دەری‌دەبڕن و، دەڵێن (جەڵاڵ).

خاوەن بەیت و فەرد، کانگای کەماڵ بوو

بەیزم و نەزم و تەڕ، خاوەن خەیاڵ بوو

شیوەنی ڕەنجووری بۆ وەلی دێوانە

هەرچی بێبەهرەیە لە کەسبی کەماڵ

دەبێتە دەروێش و مارگیر و حەمماڵ

حاجی قادر کۆیی