نووسینی: ناسری ڕەزازی

بڵاوکردنەوە: 2013-12-29

 

کاتکۆ یان کاژێر؟

ماوەیەکە چەند تەلەفزیۆنێک لە تەلەڤزیۆنەکانی باشووری کوردستان، وشەی (کاژێر)یان گرتووە بە دەمەوە و وەک بڵێی دوو کەروێشکیان لە هێلانەیەکدا دیبێتەوە و بەکاری دێنن. دیارە ئەم وشەیە کورتکراوەی واژەی (کاتژمێر)ە و لە جێگای پەیڤی (ساعە) دانراوە، لە کاتێکدا وشەیەکی هەڵەیە و کاژێر لە زمانی کوردیدا واتای سەعات نادا و واتایەکی دیکە دەگەیەنێت کە لە خوارەوە لە سەری دەدوێم.

کاتژمێریش دێریکەکەی زۆر کۆن نییە و نەگەییشتۆتە سەد ساڵ لە کوردستان کە ئەم وشەیە هاتۆتە بەر کار. وەک من بزانم ئەم وشەیە لە سەردەمی کۆڕی زانیاریدا ڕۆنراوە و بەکار براوە.

ئامێری کاتژمێر (سه‌عات)، له ئینگلیزیدا ده‌بێته‌: واچ Watch . سەعات (ساعة)، وشه‌یەکی عه‌ره‌بییه، که له فارسی و زۆر زمانی دیکه‌ی وه‌کوو ئه‌رمه‌نی و ئازه‌ری و تاجیکی و به‌لووچی و تاڵشی و تورکمانی و هی دیکه‌دا به‌کار ده‌چێت. کە وابوو کاتژمێر” له جێگای مه‌کینه‌ی سه‌عات (ساعة) که به ئینگلیزی ده‌بێته‌: واچ Watch دانراوه‌ و له نووسیندا به‌کار ده‌چێت و وشه‌یه‌کی جوانه و جێی خۆی گرتووه‌، به‌ڵام کاتژمێر وه‌ک له سه‌ره‌وه‌ باسم کرد، بۆ ده‌زگای سه‌عات یان ئه‌و ئامێره‌ی که کات (Time)ه‌که‌ ده‌ژمێرێت به‌کار ده‌برێت.

کاتژمێر، زه‌مان یان تایم یا کاتت بۆ ده‌ژمێرێت‌. ئه‌و کات”ه‌ی که مه‌کینه‌که ده‌یژمێرێت و کۆ ده‌بێته‌وه و ده‌بێته‌٦٠ خوله‌ک، به‌و ٦٠ خوله‌که که هه‌ر خوله‌کێک ٦٠ چرکه (ثانیه‌)یه‌، ده‌وترێت: کاتکۆ، نەک کاژێر. واته‌ کاتکۆ، کۆی ئه‌و چرکه‌ و خوله‌کانه‌یه‌ که له کاتژمێر (سەعات)ێک پێک دێ و کۆ ده‌بێته‌وه‌. 

به‌کورتی، وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد، کاتژمێر ده‌بێته‌: ئامێری سەعات کە بە ئینگلیسی (واتچ)ی پێ دەڵێن؛ بەڵام کاتکۆ، کە کۆکراوەی کاتەکەس، کۆی ٦٠ خوله‌ک (٦٠ ده‌قیقه‌)یە کە هه‌ر خوله‌کێکی دەبێتە: ٦٠ چرکه‌ (٦٠ ثانیه‌). کە وابوو، کاتکۆ درووستە نەک کاژێر.

کاتکۆ: ناوە؛ ناوی به‌رکارە؛ کاتکۆ واته کۆی ٦٠ خوله‌ک (د‌قیقه) که کۆی ئه‌م کاته دەبێته سه‌عاتێک. له زمانی ئینگلیزیشدا تایم (Time) ده‌بێته‌: کات و کۆی ئه‌و کات (تایم)انه ده‌بێته: هاور (hour). به‌ڵام ئامێری کاتژمێر (سه‌عات)، له ئینگلیزیدا ده‌بێته‌: واچ Watch .

سەعات (ساعة)، وشه‌یه‌کی عه‌ره‌بییه که له فارسی و زۆر زمانی دیکه‌ی وه‌کوو ئەرمەنی و ئازه‌ری و تاجیکی و به‌لووچی و تاڵشی و تورکمانی و هی دیکه‌دا به‌کار دەچێت. له کوردستان به سه‌عات ده‌ڵێن (کاتژمێر)، وه‌لێ کاتژمێر” له جێگای مه‌کینه‌ی سه‌عات (ساعة)؛ له نووسینیشدا کاتژمێر به‌کار ده‌چێت و وشه‌یه‌کی جوانه و جێی خۆی گرتووه‌، به‌ڵام کاتژمێر وه‌ک له سه‌ره‌وه‌ باسم کرد، بۆ ده‌زگای سه‌عات یان ئه‌و ئامێرەیە که کات (Time)ه‌که‌ ده‌ژمێرێت. کاتکۆ، کۆی ئه‌و چرکه‌ و خوله‌کانه‌یه‌ که له کاتژمێر (سه‌عات)ێک پێک دێ و کۆده‌بێته‌وه‌.  به‌کورتی، کاتژمێر ده‌بێته‌: ئامێری سەعات؛ کاتکۆ ده‌بێته‌: کۆی ٦٠ خوله‌ک (٦٠ ده‌قیقه‌)؛ هه‌ر خوله‌کێکیش ٦٠ چرکه (٦٠ ثانیه‌)یه‌.

کاتێک چانیله‌ی کاتژمێر (عقربه ساعت‌)، له خاڵی هیچ (صفر)ه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات و به‌ گه‌وه‌ی ژماره‌کانی ئامێره‌که‌دا ده‌سووڕێت و دێتەوه‌ جێگای خۆی، هه‌ر چرکه‌یه‌کی (ثانیه‌)یه‌که و هه‌ر سووڕێکیشی خوله‌ک (دقیقه‌)یه‌که‌؛ ئه‌و چانیله‌یه‌ به‌هۆی ئامێره‌که‌وه‌ یه‌که‌ی کات ده‌پێوێت، ئه‌و ده‌مه‌ی که‌ ئه‌و چانیله‌یه‌ به‌ سووڕانه‌وه‌ به‌ بازنه‌ی ژماره‌کاندا دیاری ده‌کات، ده‌بێته‌: ده‌م یان کات و کاتکۆی لێ وەدی دێت.

وەک لە سەرەوە وتمان: له زمانی ئینگلیزیدا به‌ کاتژمێر وه‌ک وتمان ده‌وترێت: واچ Watch و به کۆی تایم یان ئه‌و کاته‌ی که ئامێره‌که‌ ده‌یپێوێت، ده‌وترێت: هاور (hour)، به‌ڵام کاته‌که‌ یان زه‌مانی پێوانه‌که ده‌بێته‌ تایم (Time). ئێمه‌ش ده‌بێت به سەعات یان واچ بڵێین: کاتژمێر و به هاور یان زه‌مانی سه‌عاته‌که بێژین: کاتکۆ، نەک کاژێر. کاژێر هه‌ڵه‌یه و، کاژێر بۆ ئێرزابوون واته ڕه‌حه‌تبوون به‌کار ده‌چێت و وشه‌یه‌که هیچ پێوه‌ندییه‌کی به‌ کاتژمێر و کاتکۆوه‌ نییه‌. جگە لەوە ئەگەر وشەی کاژێر” لێک بدەینەوە کا” + ژێر” = کاژێر”، هیچ واتایەک نابەخشێت، بۆیە وشەیەکی گونجاوتر لەوە پێویستە کە بە ڕای ئێمە کاتکۆ” گونجاوە.

ئێمه‌کاتێک که‌ کاتژمێرمان پێ نه‌بێت یان ده‌ستمان به کارێکه‌وه‌ به‌ند بێ و دوور بین له ئامێری کاتژمێر، له‌ یه‌کێک ده‌پرسین: کاتژمێر چه‌نده‌؟ ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: کاتژمێر پێنجی ئێواره‌یه‌؛ یان کاتژمێر سێ و نیوی دوای نیوه‌ڕۆیه‌؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر بپرسین: چه‌ند سەعات ئیمڕۆ کارمان کردووه یان خه‌ریکی کارین، ده‌ڵێین: چه‌ند کاتکۆ ئیمڕۆ کارمان کردووه‌؟ یان چه‌ند کاتکۆیه خه‌ریکی کارین؟ له‌وه‌ڵامدا که‌سی به‌رانبه‌ر که‌ پرسیارمان لێ کردووه ده‌ڵێت: هه‌شت کاتکۆیه‌ خه‌ریکی کارین؛ یان هه‌شت کاتکۆیه له‌ سه‌ر کار ماوینه‌ته‌وه‌.

لە فۆلکلۆری کوردیشدا هاتووە:

چه‌ند کاتکــۆ چاوه‌ڕوان بووم

به تـه‌مـای کـاتی ژووان بووم

هه‌ر نه‌هـــات و له گــــۆ چووم 

له‌ نــــاو خـه‌فه‌تـــــدا رۆ چووم    هۆنراوه‌ی گه‌لێری

 

بۆ ئاگاداری:

له زمانی فارسیدا، به‌ ئامێره‌که و به یەکەی پێوانی کاتەکەش هه‌ر ده‌وترێت ساعت”، بەڵام لە زۆربەی زمانە ئورووپایییەکاندا بۆ هەر دوو مەبەستەکە دوو وشە هەیە بۆ نموونە لە زمانی سویدیدا بە ئامێرەکە دەوترێت (klocka) و بە یەکەی پێوانی کاتەکە دەوترێت (timme).

  • ئامێری ژماردنی کات: کاتژمێر = watch, clock, period = ساعت
  • یەکەی پێوانی کات: کاتکۆ = hour, o’clock, time, timepiece = ساعت

نموونە لە ڕستەدا:

کاتژمێر ١٨ فڕۆکەکەم دەفڕێت و پاش ٦ کاتکۆ دەگەینە کوردستان.

لە کۆتاییدا وەک ئەندامانی (یاگەی زمانی کوردی)، وەکوو دڵسۆزی، داوا لە تەلەڤزیۆنەکان دەکەین، وشەی کاژێر لابەرن و وشەی کاتکۆی لە جێگا دابنێن، یان وەکوو فارس کە بۆ هەر دوو دۆخەکە، وشەی (سەعات)ی بۆ کار دێنن، ئێوەش بڵێن: کاتژمێر و ئیتر دەست لە بەرۆکی کاژێر بەردەن.