نووسینی: شاسوار هەرشەمی

زمان و ئەرکەکانی سەردەم

زمان، جاران ھۆکارێکی گرنگ و چارەنووسساز و بڕیاردەر و یەکلاکەرەوە بوو، لەسەر مان و خۆپاراستن و گەشەکردنی ھەر نەتەوەیەک. زمان جاران گەورەترین سەرمایەی ھەر نەتەوەیەک بوو.
ئەمڕۆ، زمان دەبێ ئەو ئەرکە مێژوویییەکەی خۆی بەسەرکەوتوویی بردبێتە سەر، تا خۆی بۆ سەردەمێکی دیی گرنگ و یەکلاییخەرەوە، له‌ ژیانی میلله‌ت ئامادە کردبێت.
ئەمڕۆ، ئەرکی ھەرە گرنگی زمان، گەشەسەندن و چوونەپێش و پێشکەوتنێکی ھاوتەریبە، لەگەڵ گەشەسەندن و چوونەپێش و پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیادا. ئەو زمانەی ناتوانێت وەڵامدەرەوەی ویست و خواست و داواکارییەکانی قسەپێکەرانی بێت، لە ئاست زانست و تەکنەلۆژیای سەردەم، ئەوا بێگومان، لە کاروانی زمانانی زیندوو و چالاک دادەبڕێت. مرۆڤی کورد، وەکوو گشت مرۆڤەکانی دی، ناتوانێ لە دنیای پێشکەوتوو، دابڕێ و خۆی دوورەپەرێز بگرێت. خۆگونجاندن لەگەڵ کاروانی زانست و تەکنەلۆژیا، پێویستی هەموو تاکێکە. ئەگەر زمانێک نەتوانێ ئەو داخوازییانەی تاک و کۆمەڵەکەی بەجێ بهێنێ، ئەوا ئەو زمانە وەکوو ھۆکارێکی گه‌شه‌کردن و گه‌شه‌به‌خۆدان، پەکی دەکەوێت و مەیدان بۆ زمانێکی دی چۆڵ دەکات. ھەر ئێستا چەندان زمانی جیھان، لەناو ئەو پرۆسێسە مەرگبارەدان و لە گیانەڵادان.
دەبێ ئێمە لە خەوی خۆشی، ھێشتا زیندوومانی زمانەکەمان، بەئاگا بێینەوە. هەموو ئەو زمان و زاراوانەی کە توانیویانە تا کۆتاییی سەدەی بیست زیندوو بمێنن، ئیدی دەکرێ گفتی ئەوەیان پێ بدرێت کە بۆ ھەمیشە بەزیندوویی دەمێننەوە، بەڵام زیندوومانێکی تەکنیکی. واتا ئەمڕۆ بواری تەکنەلۆژیا، بۆ ھەموو زمانێکی سەر گۆی زەوی ڕەخساوە، تا وشە و ڕستە و دەق و دەنگ و ئیدیۆمەکانی، بە تۆمارکراوی بخاتە سەر میکرۆفیلم، یان خەپلەیەکی بچووکی ئەلەکترۆنی و، لە نەمان و لەناوچوون بیپارێزێ. بۆیە نابێت دڵمان بەوە ئۆقرە بگرێت و بڵێین، ئۆخەی زمانەکەمان چیتر ھەڕەشەی لەناچوونی لەسەر نەماوە و، ئەو قۆناغە مەترسیدارەی بڕیوە.
ئەمڕۆ نەوەی نوێ، چاوەڕوانیی گەورەی لە زمان ھەیە. بۆ ئەوەی زمانەکەمان بەو ئەرکەی ھەڵبستێ و بتوانێ وەڵامی خواستەکانی سەردەم بداتەوە، دەبێ چەندان کۆڕی زمانەوانی، شەو بخەنە سەر ڕۆژ و، خەریکی کاری ورد و بەردەوام بن، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و، ھەڵبژاردنی وشە و زاراوەی پێویست، بۆ هەموو دیاردە زانستی و، تەکنەلۆژی و، کۆمەڵایەتییە تازەکان. ئەگەر ئەم کارەمان بۆ نەکرا، ئەوا ئیدی خۆشەویستیی ڕووت و، ھەست و سۆزی نەتەوایەتی بەس نین بۆ لەسەرپێڕاگرتن و چالاککردنی زمانەکەمان.
خەڵک، ھەروەک چۆن لەگەڵ مەرگی نزیکان و خۆشەویستانی خۆی ڕادێ و، ناچار دەبێ بە دوای ژیانی پڕ لە جەنجاڵی خۆی بکەوێ، ئاواش ڕۆژانێک دێ، ناچار دەبن پشت بکەنە زمانە خۆشەویستەکەیان، تا بتوانن پێویستییە زانستی و تەکنۆلۆژییەکانی خۆیان، لە ڕێگای زمانێکی دییەوە دابین بکەن.

مەبەستی سەرەکیی من لەم نووسینە ئەمەیە، تا خوێنەر وشیار بکەمەوە کە، زمانیش دیاردەیەکی مێژووکردی دەستی مرۆڤە. ئێمە خۆمانین چارەنووسی زمانەکەمان دیاری دەکەین. مەبەستم لە ئێمە، تاکەکەس، کۆڕ و کۆمەڵ، دامەزراوە ئەکادیمییەکان و زانکۆ و ئامۆژگاکان، پارتە سیاسییەکان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دامەزراوەکانی حکوومەت و دەستەڵات ھەمووە. هه‌ر لایه‌ن و که‌س و کۆڕێک، به‌ ئه‌ندازه‌ی گه‌وره‌یی و، سه‌نگی و، ڕاده‌ی ده‌سته‌ڵات و بەپرسیارەتیی خۆی ئه‌رکی ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ. دەبێ هەموومان وشیاریی زمانەوانیمان، لە ئاستێکی بەرزدا بێت و، ھەست بە لێپرسراویی سەر شانمان بکەین. ئەگەر نەمانتوانی زمانێکی پاراو و گونجاو لەگەڵ پێویستی و داخوازییە زۆر و زەوەندەکانی سەردەم، بێنینە کایەوە، ئەوا سەردەستەی کۆمەڵ، بەناچاری پەنا بۆ زمانانی دی دەبەن، یاخود لە کاروانی پێشکەوتن دادەبڕێین.
زمانێکی لە کاروان بەجێماو، شایانی میللەتێکی لە کاروان بەجێماوە. ئەوانەی ئەمڕۆ جگە لە زمانی کوردی، ئاشنایییان بە زمانی دیی زیندوو و ھاوچەرخ نییە، ناتوانن سەر لە زۆر تێرمی تازە و ھاوچەرخ دەربکەن، بەمەش تاکی ناو کۆمەڵ، نەک ھەر ناتوانێ وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی چەرخی خۆی بێت، بەلکوو کاریگەریی چالاکیشی لەسەر دەوروبەری خۆی نابێت.

ئاگاتان لە زمانەکەتان بێت، دڵتان بەوە خۆش نەبێت کە زمانی کوردی تا ئێستا زیندووە. ھێشتا کاروانێکی سەخت و درێژمان لەپێش ماوە. بڕیاری چارەنووسساز و گرنگ دەبێ لەسەر دەستی نەوەی ئێستا بدرێت. بڕیاری گرنگ ئەوەیە کە ئێوە لە خۆتان ڕادەپەڕموون تەکانێک بە زمانەکەتان بدەن؟ ئەگەرنا زمانەکەمان دەخرێتە سەر خەپلەیەکی ئەلەکترۆنی، تا دوای چەند سەد ساڵی دی، لێکۆلەرەوان بێن و چیرۆکەکەی بنووسنەوە.