نووسینی: ناسری ڕەزازی

زاراوەکانی زمانی کوردی

بەشی یەکەم، پێشەکی


پێشەکی
لەو ڕۆژەوە خۆنیا (طبیعت) بووه به هێلانەی مرۆڤ، دەیان تیره و هۆز و خێڵ و بنەماڵە، سەریان هەڵداوە و، له درێژەی  ژیانی خۆیاندا، لەگەڵ ئاڵوگۆڕەكانی كات و سەردەم، به لووتکەی گەشە و شارستانییەت گەیشتوون و نێویان هەموو دنیای داگرتووە و شتی وایان ساز كردووە و داهێناوە، كه مرۆڤایەتی سەری لێ سووڕماوە، بەڵام ئەمانە هیچیان بە بوومەلەرزە و ڕەگەزە سەرسووڕێنەكانی سروشتی خۆڕسك تێدا نەچوونە و، بە نەخۆشی و قاتوقڕیش سۆلانیان نەبڕاوەتەوە، بەڵكوو تەنیا شتێك كە بووه‌ بە هۆی ئەوە ئەم نەتەوەگەلە لەناو بچن و تۆرەمه‌یان ببڕێتەوە، كپكردنی دەنگیان و قەدەخەكردنی زمانیان بووە، كە نەیانتوانیوە پێی بدوێن.

زمان كەرەسەی دەربڕینی هەستی هەر مرۆڤێكە، بەڵام كاتێ كە نەتوانێ قسەی پێ بكا، هەست بە كەموكووڕیی و ناتەواوی دەكا و، خۆی لە بەرانبەر ئەو نەتەوە باڵادەستەی زاڵە بە سەریدا، بە كەم دەزانێ و، بڕوای بە فەرهەنگ و هونەر و ئەدەب و بوونی خۆشی نامێنێت.

دوكتۆر سماییل بێشكچی، گەورەمرۆدۆستی تورك، لە کۆپەڕی: (كوردستان كۆڵۆنییێکی نێودەوڵەتی)دا دەڵێ: (ئەگەر بتەوێ نەتەوەیێك سەرشۆڕ و كۆیلە و بێناسنامە بێت، ئەگەر بتەوێ لە ناوچەیێك یان وڵاتێك، كۆڵۆنیالیزم، بە باڵادەستی بمێنێتەوە، پێویستە ئەلفبای ئەو نەتەوەیە لەناو ببرێ و، ڕێگا نەدرێ ئەو نەتەوەیە بەزمانی دایكیی خۆی بدوێ و، ببیتە ڕێگر لە نێوان خۆی و فەرهەنگەكەیدا! واتە ڕێگا نەدرێ وشیاریی نەتەوایەتیی ئەو گەلە گەشە بكا! چونكە نەتەوەیێك وشیاریی نەتەوایەتی پەیدا بكات، لە ژیانی خۆی ڕادەمێنێ و مێژووی خۆی درووست دەكا و لە دواییشدا دژی چەوسێنەرەكانی شۆڕش هەڵدەگیرسێنێ.)

لە وڵاتانی فرەنەتەوە و فرەزماندا، هەمووکاتێک، زمان، فەرهەنگ و وێژەی کەمەنەتەوەکان، لەژێر هەڕەشە و مەترسیدایە و، کەمبایەخ یان بێبایەخ دەکرێن. بە هەموو چەشنێک، ڕێگای پێشکەوتن و گەشەکردنیان لێ دەگیرێت. تەنانەت، ئەو کەسانەی کە خاوەنی زمانە ناوارەیی” (غیر رسمی/ نافەرمی)یەکانن، لە دەرەوەی شوێنی ژیانیان، بە کەمڕوویی، یان بەشەرمەوە، زمانی دایکییان لە ئاخاوتن لەگەڵ یەکدا بەکار دێنن. هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە بڕوای بەخۆی نەمێنێ و، خۆی بەکەم بزانێ. لە ڕاستیشدا وایە، مرۆڤێك كە خۆی نەناسێ و زمان و وێژە و هونەر و دیاردەخۆڕسكەكانی نەتەوەكەی خۆی خۆش نەوێ، ئەو مرۆڤە ناتوانێ بەرگری لە بوون و مانی خۆی بكا، چوونكە باوەڕی بە خۆی نییە. لەبەر ئەوەش كە كۆیلە و بندەست بووە و لەژێر كارتێكەریی زمان و فەرهەنگی نەتەوەی داگیركەر و باڵادەستدا پەروەردە بووە، قێزوبێزی لە هەموو شتێكی خۆی دێتەوە.

هەستی ناسک و پاکی دایکێک، کە کۆرپەکەی دەلاوێنێتەوە، هەستی منداڵێکی ساوا کە تازە زمانی گرتووە و لەکاتی برسییەتیدا هاوار دەبا بۆ دایکەکەی، هەستی ئەویندارێک کە بە بەژن و باڵای خۆشەویستەکەیدا هەڵدەڵێ، هەستی دایکێکی جەرگسووتاو، کە بەسەر لاوی لەدەستچوویدا شین و ڕۆڕۆ دەکا، هەستی دووربوون لە خۆشەویستێک کە بەساڵان نەیدیوە و دەیلاوێنێتەوە، هیچ زمانێک، جگە لە زمانی دایک، ناتوانێت ئەم سۆزە دەرونییە، بە شێوازێکی پاراو و جوان، ئەو جۆرەی کە پێویستە، دەرببڕێت. ئەگەر کەسێک گومانی هەبێ لەم پاودانە، لەگەڵ هەست و سۆز و بوونی خۆیدا ناڕاستە و خۆی فریو دەدات. ئەو کەسانەی کە بواری خوێندن و نووسین بە زمانی کوردییان نەبووە، یان بندەستن و نەیانتوانیوە بەو زمانە بخوێنن و بنووسن، لە کاتێکدا کە نووسراوێکی کوردییان لە بەردەستە و توانای خوێندنەوەیان نییە، یان ئەوەی کە ناتوانن بیرکردنەوەی سیاسی و هەستی دەروونیی خۆیانی پێ دەرببڕن، لە ناخی دەروونی خۆیاندا دەڕووخێن و، لەباری ڕەوانییەوە تووشی کێشەی گەورە دەبن. نموونەی بەرچاوی ئەم کێشەیە، ئەو کەسانەن کە پەڕیوەی دەرەوەی کوردستان بوونە و، بە ساڵانە لە (هەندەران) دەژین، کەچی هەست بەوە دەکەن ناتوانن بە زمانی ئەو وڵاتەی لێی نیشتەجێن، قسەی دڵی خۆیان بکەن و ئەو جۆرەی کە دڵیان دەیەوێ، ناتوانن هەستی دەروونی خۆیان دەرببڕن. کە وابوو هەر شتێک پێوەندیی بە هەستەوە هەبێت، تەنیا زمانی دایک دەتوانێ دەری ببڕێ و هیچی دیکە.

ئەم پاودانە، دەری دەخا کە: زمانێک ئەگەر زمانی دایک نەبێت، لەمپەری گەورە درووست دەکا و، کاردانەوەی نەرێنی / نادار” (نیگاتیڤ) لە مرۆڤدا بەجێ دەهێڵێ. کاتێک کە زمان لە گەل و نەتەوەیێک قەدەخە کرا و نەیانهێشت پێی بدوێ، لەکاتی قسەکردن و نووسین بەو زمانە، کە زمانی ئەو نییە و، بە ئارەزووی خۆی فێری نەبووە و، بە زۆر بەسەریاندا سەپاندووە، هەمیشە بۆ وشە دادەمێنێ و ناتوانێ مەبەستی ڕاستەقینەی خۆی بەو زمانە دەر ببڕی، ئەو زمانە ئیتر نابێ بە زمانێکی خۆکار (ئۆتۆماتیک) کە هەموو کاتێ بتوانێ ڕەوان قسەی پێ بکا. نموونەشمان زۆرە و نموونەی هەرە بەرچاویش نەتەوەی کوردە لە چوارپارچەی کوردستان.

کۆتاییی بەشی یەکەم