ڕێکەوتی بڵاوبوونەوە: 2020-12-28

کورتەباسێک لەسەر جێگۆڕکێیەکی دەنگی

لەڕووی ڕێزمانەوە گوڵت بۆ دەناردم” و گوڵمت بۆ دەنارد” کامیان ڕەسەنترن؟
 
مامۆستا جەمال نەبەز لە کتێبی زمانی یەکگرتووی کوردی، لاپەڕەی ٣٤، نووسیویەتی ئەو جێگۆڕکێیە پێی دەوترێت (Agglutination). ئەو دەنووسێت بە بیروڕای هەندێک لەوانەی کە لە زمانی کوردی کۆڵیونەتەوە ڕەنگە ئەم جێگۆڕکێیە لەژێر کاریگەریی زمانی تورکییەوە گواسترابێتەوە بۆ زمانی کوردی. هەرچەند بۆ ئەم قسەیەش هیچ بەڵگەیەکیان بە دەستەوە نییە. 
مامۆستا جەمال نەبەز پێی وا بوو کە لە باتیی پارەت بۆ ناردم. باشترە بوترێت: پارەت نارد بۆم. و لە باتیی: پارەم بۆ ناردیت. بوترێت: پارەم نارد بۆت.
لە سلێمانی و زۆر ناوچەی تر بژاردەی یەکەم بەکار دەهێنرێت، لە گەرمیان لە باشوور و هەروەها لە هەندێک ناوچەی ڕۆژهەڵات کە لە تورکەوە دوورن بەو شێوەی دووەمە ڕستەکان بەکار دەهێنن.
 
وەڵامی پرۆفیسۆر وریا عومەر ئەمین:
هەردووکیان بەقەد یەک ڕەسەنن. ڕێزمانى ڕاناوى لکاو لە هەر شێوەزار و بێچوەزارێ بە جۆرێکە. نموونەکەى بەڕێزتان شێوەزارى گەرمیانە. لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوەیێکم لە گۆڤارى ڕۆشنبیرى نوێ ژمارە ١٤٦ ساڵى ٢٠٠٠ بڵاوکردۆتەوە بەناونیشانى (بەراوردییەک)، دووبارە لە کتێبى (ئاسۆیەکى ترى زمانەوانى) دا، ل٣٣٣ ـ ٣٤٢ بڵاوکراوەتەوە. ئەم لایەنە ڕوون دەکاتەوە و یاساکانى هەردوو لا دەخاتە ڕوو و بەراوردیان دەکات.
بۆ کرمانجیى ژوورووش سەیرى ئەم باسەم بکەن کە بە ناونیشانى (ڕێزمانى ڕاناو لە کرمانجیى ژووروودا) یە، لە گۆڤارى کۆڕى زانیاریى عیراق ژ ٢١ ی ساڵى ١٩٩٠ ل ٢٥٢ ـ ٢٦٢ بڵاوکراوەتەوە و دووبارە لە ل ٦٠ ـ ٧٠ ى کتێبى ئاسوویێکى تر بڵاوبۆتەوە.
ئەو بۆچوونەى زاناى پایەبەرزمان جەماڵ نەبەز مەزەندەیە و بۆچوونێکى تەقلیدییە، هیچ بنەمایێک و پێوانەیێکى زانستیى نییە.
ئەم بابەتە لە بوارى دایەکتۆڵۆجى و زمانەوانیى مێژووییدا لێى دەکۆلڕێتەوە. 
زمانى کوردى سەر بە تایپى ئەگلوتینەیڤە، وشەکانى لە ڕیزە مۆڕفیمێک پێک دێت کە بە ئاسانى لێک جیا دەکرێتەوە. ئەمە هەموو زمانى کوردى دەگرێتەوە. وەنەبێ هەر ئەم بەشەى ڕێزمانى ڕاناو. زمانى تورکى و کوردى هەردووک ئەگلوتینەیتڤن ، بەڵام زۆر جیان لە سیستەمى ڕاناوى لکاویان. بڕوا ناکەم هیچ کاریگەرییێکى ئەوتۆى بەسەر زمانى کوردییەوە هەبووبێ.
ئەم سیستەمەى ئاڵوگۆڕبوونى ئەرکى ڕاناوە لکاوەکان پاشماوەى تایپى ئێرگەتیڤیی زمانە ئاریە کۆنەکانە.